ئاریان ڕەشید: مرۆڤ وەکو دروستکراوێکی سیستم ـ بەشی سێیەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرمایەداری بە بەردەوامی لە ڕیگەی هێشتنەوەی مەودایەک لە نێوان خواستەکان و توانای تێرکردنیان، نا‌‌هێڵێ مرۆڤ بپەرژێتە سەر تێڕامان لە کۆی سیستم و هەوڵدان بۆ دەربازبوون لێی. لەگەڵ زیادبوونی کاڵاو کەلوپەلەکانی بازاڕ خواست و ئارەزوەکانی مرۆڤیش پەرەدەسێنێت، بەمەش مرۆڤ بە بەردەوامی سەرقاڵی هەوڵدان دەبێت بۆ تێرکردنی خواستە لە کۆتا نەهاتوەکانی، لیرەشەوە دەرفەتی تێگەیشتن لە وەهمی سیستم بە تەواوی لەبەین دەچێت و مرۆڤ لە بری بیرکردنەوە لە تێپەڕاندنی سیستم بیر لە تێرکردنی پێداویستە زۆرو زەبەندەکانی دەکاتەوە.

مرۆڤ لە سەرمایەداری نوێدا بۆ کڕیارێکی هەمیشەیی دەگۆڕیت و تاکە ئەرکی خۆی لە ژیاندا لە دەستڕاگەیشتن بە نوێترین و نایابترین مۆدێلەکانی بازاڕ دەبینێتەوە کە بە بەردەوامی لە زیادبوندان. ئەمەش ئەو فریوەیە کە سەرمایەداری نوێ ئەنجامی دەدات کە لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیا خۆسەپێنەکەیی و ڕیکلامە بازرگانیە هەژموونخوازەکەیەوە دەیەوێت ئەو بڕوایە لە ناخی مرۆڤی نوێدا بچەسپێنیت کە تاکە ئەرکی پیرۆز لە ژیاندا کە وەکو ئاینێکی نوێی لێهاتوە بریتیە لە کڕینی باشترین و نوێترین کاڵاو کەلوپەلەکانی بازاڕ. تاوەکو مرۆڤیش زیاتر و زیاتر خەریکی پارە خەرجکردن و کڕینی کاڵاکانی بازار بێت، کەمتر لە ناخی ڕاستەقینەی خۆی بە ئاگا دیتەوەو کەمتر قودرەتی درککردن بەو چوارچیوەیەی دەبێت کە سیستم بە دەوریدا کێشاوە، بەمەش ئەگەری دەرباز بوون زیاترو زیاتر ئاستەم دەبێت.

مرۆڤ بەتەواوی ئەو ڕوانگەیەی لە لا دەچەسپێت کە خۆشبەختی و ئاسودەیی ئەو لە ژیاندا تەنیا لە ڕێگەی بەدەستهێنانی کاڵای زیاترەوە بەدەستدێت، هەر بۆیەش هەموو هەوڵێکی لە پێناوی ئەوەدا دەبێت کە بتوانێت زۆرترین بڕی کاڵاو کەلوپەل بەدەستبێنیت. سەرئەنجامیش لە ژێر سایەی ئەم سیستمەدا مرۆڤ لە بوونەوەرێکی فرە ئەدگار و فرە ڕەهەندەوە بۆ بوونەوەرێکی یەکڕەهەند دەگۆڕێت، لە بوونەوەرێکەوە کە سەرباری ڕەهەندە مادی و جەستەییەکەی خاوەنی ڕەهەندێکی مەعنەوی و ڕۆحی قووڵە، لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا دەبێتە بوونەوەرێکی مادی پەتی. سەرمایەداری هەر تەنیا گیرفانی مرۆڤ هەڵناتەکێنێت بەڵکو ڕۆح و ویژدانیشی لێزەوت دەکات، دەیکاتە بوونەوەرێکی پارە پەرست، بوونەوەرێکی بەرژەوەندیخوازی چاوچنۆک کە تاکە خەمی لە ژیاندا پڕکردنی گیرفانی خۆی دەبێت و هەموو شتێک لە پێناوی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەی بەڕەوا دەبینێت.

سیستم لە شێوەی کۆیەکی یەکپارچەدا دەردەکەوێت و بریتی دەبێت لە یەک ڕەنگ و یەک ئاراستەو یەک شێواز، هەموو دەنگ و ڕەنگێکی جیاواز، هەموو بیرکردنەوەیەکی جیاواز، تێڕوانینێکی جیاواز، قسەکردن و گفتوگۆیەکی جیاواز لەوەی سیستم بە شیاوی دەزانێت، بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سیستم لە قەڵەم دەدرێت. سیستم لە پێناوی بەردەوامی بەخشین بەخۆی، هەموو جیاوازیەکان و لێکنەچونەکان ڕەتدەکاتەوەو وەکو حەرامی گەورە سەیریان دەکات. لە دیدی سیستمەوە ژیان یەکپارچەو یەکڕەنگەو لەسەر بنەمای ڕێسایەکی ئەقڵانی باڵا کە وەکو حەقیقەتێکی سەرو سروشتی سەیری دەکات بیناکراوەو هەر دژایەتی و بەرەنگاریەکی سیستمیش وەکو دژایەتی ئەقڵ و لۆجیک لە قەڵەم دەدات. مرۆڤیش لە چوارچێوەی سیستمدا تەنیا یەک بژاردەی لەبەردەستدایە کە ئەویش بریتیە لە قبوڵکردنی سیستم و توانەوە لە نێو ئەو شێوازە هەڵسوکەوت و ژیانکردنەی کە سیستم فەراهەمی دەکات و دەیسەپێنیت، وە خۆڕاهێنان لەسەر فەرامۆشکردنی هەر جۆرە تیڕوانین و بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتێک کە لەگەڵ سیستم ناکۆک و نەیار بێت. کێشەی سەرەکیش لەوەدایە کە هەر تاکێکی مرۆڤ بوویەکی سەربەخۆیەو جیاوازە لەوی تر، ڕوانگە زانستی و سایکۆلۆژیەکانیش پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە هەر مرۆڤێک خۆی لە خۆیدا هەڵگری خەسڵەت و بیرو خەیاڵ و دنیابینی تایبەت بەخۆیەتی و جیاوازە لەسەرجەم مرۆڤەکانی تر. کاتێکیش سیستم وەکو بونیادێکی یەکپارچە و یەکڕەنگ سەیری کۆی مرۆڤایەتی دەکات، ئەوا مرۆڤ لە حەقیقەتی خۆی دادەماڵێت و لە ڕەسەنایەتی و ڕاستەقینەیی خۆی دووری دەخاتەوەو دەیکاتە پارچەیەکی بێئەهمیەت کە بەبێ پارچەکانی تر هیچ بەهاو گرنگیەکی نیە. ئەو تاکانەش کە ناکەونە ژێر هەژموونی سیستم و هاوشێوەی سیستم ڕەفتارو هەڵسوکەوت ناکەن و دەیانەوێت ڕەسانەیەتی و تاکایەتی خۆیان بپارێزن لە دیدی سیستمەوە وەکو مرۆڤی نامۆو قێزەون و بێزراو لە قەڵەم دەدرێن، لە لایەن سیستمەوە فڕێ دەدرێنە دەرەوەو لە چاوی کۆمەڵگاشەوە وەکو مرۆڤی تاوانبار سەیر دەکرێن.

سەرمایەداریش وەکو سیستمێکی باڵادەست و خۆسەپێن کە لە ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا بەتەواوی پێگەو هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی گەردووندا سەپاندوە، مرۆڤی بۆ بوونەوەرێکی دەستەمۆو گوێڕایەڵ و ملکەچ گۆڕیوە، مرۆڤی لەوە خستوە بیر لە ڕەهەندە جیاوازەکانی مرۆڤبوون بکاتەوە، ئەم مرۆڤە بەدەر لەو ڕەهەندە مادیەی کە خواستی سیستم سەپاندویەتی بەهەر شێوازێکی تری ژیانکردن نامۆیە. لە ژێر هەژموونی ئەم شێوازە ژیانەی سەرمایەداری مرۆڤ لە مرۆڤبوون خراوەو سەرجەم ڕەهەندە ڕۆحی و ئیستاتیکی و مەعنەویەکانی لەدەستداوەو بۆ ئاستیکی نزمی ژیانکردن و هەڵسوکەوت و مامەڵەی وەحشیگەرانە دابەزیوە.

سەرمایەداری کە ئایدۆلۆژیایەکی تەواو ماتریالیستیە وەکو مادەیەکی بێڕۆح و بێگیان لە دنیا دەڕوانێت، وا سەیری ژیان دەکات کە تەنیا لە چێژە جەستەیی و پێداویستیە مادیاکاندا بەرجەستە دەبێت، ئەرکی مرۆڤیش لە دنیادا بۆ بەدەستهێنانی پێداویستیە مادیەکان و دەستگیربوون لە چێژە جەستەییەکان کورت دەکاتەوە. مرۆڤیش لە ژێر هەژموونی ئەو خواست و دنیابینیەی کە سیستم دەیسەپێنێت هەڵگری هەمان بیرو بۆچون دەبێت و خواست و تێڕوانینەکانی سیستم وەکو حەقیقەتێکی حەتمی سەیرورەی مرۆڤایەتی سەیر دەکات، لای ئەو مرۆڤە ژیان بەدەر لەوەی سیستم وێنەی کێشاوە هیچ شتێکی تر نیە. لە سایەی ئەم جۆرە تێڕوانینە ماتریالیستیەدا کە هەموو شتێک بێڕۆح و بێگیان دەبینێت، مرۆڤیش دەبێتە شتێکی نێو شتەکانی جیهان و دەبێتە کاڵایەکی بێگیان و بێڕۆح کە هاوشێوەی سەرجەم شتەکانی تری دنیا شایانی مامەڵە پێوەکردنە. لە سیستمی سەرمایەداریدا مرۆڤ لەوە دەکەوێت کە مرۆڤ بێت، دەبێتە کاڵایەکی بازرگانی کە هاوشیوەی سەرجەم کاڵاکانی تری بازاڕ بازرگانی پێوە دەکرێت، دەبێتە ئامرازێکی بێگیان و بێڕۆحی بەدیهێنانی ئامانجێکی مەزن کە پارە پەیدا کردنە.

هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر پێمان وابێت سەرمایەداری تەنیا سیستمێکی ئابوری پەتیە یاخود جۆرێک لە سیستمی فەرمانڕەواییە کە تیایدا زۆرینەیەکی کرێکار لە لایەن کەمینەیەکی سەرمایەدارەوە فەرمانڕەوایی دەکرێن، کەلێنی گەورەی نێوان سەرمایەداران و کرێکارانیش لە داهاتودا بەشێوەیەکی حەتمی زەمینەی بەرپاکردنی شۆڕشێکی پڕۆلیتاری فەراهەم دەکات، دەرئەنجامیش کۆمەڵگای سۆسیالیستی بێ ململانێ لەسەر داروپەردووی بەبابووی سەرمایەداری جێگیر دەبێت و بۆ هەمیشە ستەم زۆرداری و نامۆبونی مرۆڤ لە بەین دەچێت. ئەمە ڕاڤەی مارکسیزمی ئارسۆدۆکسیە بۆ سیستمی سەرمایەداری کە دەکرێت بڵێین ئەم ڕاڤەیە بەتەواوی لەگەڵ قۆناخی پیشەسازیانەی سەرمایەداری سازو هەماهەنگ بوو، بەڵام بۆ سەرمایەداری ئەمڕۆ کە هەڵگری خەسڵەتی جیاواز و سیماو ئەدگاری فرەڕەهەندە دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکاریە قەبەو خێرایانەی لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا ڕویان داوەو ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و پۆست تەکنەلۆژیەی کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێ وێنەیە، ئەم ڕاڤە کۆنە ناتەواوو خەوشدارە. بەهەمان شێوەش ناکرێت ژێرخانی ئابوری بە بنەمای ڕاستەقینەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لەقەڵەم بدەین و ڕۆڵی سەرخانی فیکری و ئایدۆلۆژی و کولتوری بێئەهمیەت سەیر بکەین، هەروەک چۆن گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری لە رێگەی چینی کارگەران و بە بەکارهینانی ئامرازی توندوتیژی نامومکین و نەشیاوە.

ئەو پێناسە کۆنەی سەرمایەداری ناتوانێت تێگەیشتنێکی تەواومان لەهەمبەر ئەو دنیا چڕو ئاڵۆزو داڕماوە پێ ببەخشێت کە سەرمایەداری دەیخوڵقێنێت، هەروەک چۆن لە ناسین و ئاشنابوون بە میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی سەرمایەداری و تێپەڕاندنی هیچ کۆمەکێکمان ناکات. ڕەنگە پێشنیارکردن بە سیستمێکی جێگرەوە بۆ سەرمایەداری لە لایەن مارکسیزمەوە ئەو هەڵە گەورەیە بێت کە توانای تێپەڕاندنی خودی سیستم ئاستەم دەکات، نیشاندانی سۆسیالیزم وەکو سیستمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە هەڵگری ڕێساو خەسڵەت و دیسیپلینی تایبەت بەخۆیەتی تەنیا گۆڕینی چوارچێوەیەکە بە چوارچیوەیەکی تر. سەرمایەداری لەناو دەچێت بەڵام عەقڵیەت و دنیابینی سەرمایەداری لەژێر سایەی سیستمێکی تری ژیانکردن بەردەوام دەبێت، بەمەش مرۆڤ دیسانەوە لە ژێر ستەم و جەوری سیستم بە ژێردەستەیی دەمێنێتەوە.

سەرمایەداری لە تێڕوانینی مارکسیزمی ئەرسۆدۆکسیدا بۆ سیستمێکی ئابووری پەتی کورت دەبێتەوە کە بەشێوەیەکی حەتمی لە ڕێگەی گۆرانکاری لە ژێرخانی کۆمەڵگا (ئامرازەکانی بەرهەم هێنان و هێزەکانی بەرهەم هێنان) گۆڕانکاری بەسەردا دێت. مرۆڤیش لەم نێوەندەدا ڕۆڵێکی ئەوتۆ ناگێڕێت، مرۆڤ تەنیا ئەکتەرێکی پاسیڤی ژێر هەژموونی ئەو یاسا باڵادەستانەی سروشتە کە بەشێوەیەکی حەتمی گۆڕانکاری لە سەرمایەداریدا شیاو دەکەن و سۆسیالیزم وەکو بەرئەنجامێکی حەتمی مێژوویی بێ ئەملاو ئەولا لەسەر کەلاکی مردووی سەرمایەداری دادەمەزرێت. ئەم تێڕوانینەش تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای تێنەگەیشتن لە مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی ئاڵۆز و پڕ گێرمەو کێشە دادەمەزرێت، مرۆڤێک کە چەندەها ناکۆکی و ئاڵۆزی و تەمومژی لە خۆیدا هەڵگرتوەو تێگەیشتن لێی تا ڕادەی ئەوپەڕی توانای درککردن و پێزانین ئەستەم و مەحاڵە.

لێرەشەوە دەکرێت خوێندنەوەیەکی تر بۆ سەرمایەداری بێنینە ئاراوە، خوێندنەوەیەکی جیاواز لەوەی تا ئیستا بە ئێمە گەیشتوەو پێی ئاشنا بووین. سەرمایەداری لەم پێناسەیەدا بریتیە لە گشتێکی گەورە یاخود کۆیەکی تێکچڕژاو کە سەرجەم کولتورو داب ونەریت و تێڕوانین و دنیابینی و هزر و بیرکردنەوەو هەڵسوکەوت و ڕەفتارێکی مرۆڤ دەگرێتەوە. سەرمایەداری بەرهەمهێنەری تەواوی ئەو دنیایەیە کە ئێمە تیایدا دەژین و هەناسە دەدەین و کار دەکەین و دەخۆین و هەڵسوکەوت دەکەین و بڕیار دەدەین و کردە ئەنجام دەدەین و هتد.. کاتێک سەرنجێکی ووردی دنیاکەمان دەدەین درک بەوە دەکەین کە دنیایەکە بە تەواوی بەپێی پێوەری سەرمایەداری بونیاد نراوەو هەستیش بە قەبەیی و کاریگەری ئەو ڕوانینە سەرمایەداریە لە دروستکردنی مرۆڤدا دەکەین، دەبینین کە مرۆڤ جگە لە مەخلوقێکی دروستکراوی سیستم شتێکی تر نیە. کێشەی مرۆڤی ئەمڕۆ تەنیا ئەوە نیە کە لە ژێر جەورو ستەمی سەرمایەداریدا پشتی چەماوەتەوەو توانای خۆڕزگارکردنی نیە، بەڵکو کێشەی ڕاستەقینەی ئەم مرۆڤە ئەوەیە کە مرۆڤێکی سەرمایەداریەو بەتەواوی بەپێی خواست و مەیلی سەرمایەداری بەرهەم هێنراوە. مرۆڤێکە هەموو خەسڵەت و سیماو ئەدگارەکانی سەرمایەداری تێدا بەرجەستە بوەو هیچ مەیلێکی ناڕەزایی و بەرەنگاری تێدا بەدیناکرێت، لە دیدی ئەم مرۆڤەوە ژیان بەدەر لەوەی کە هەیەو لە ئارادایە هیچ شتێکی تر نیە و تاکە ئەرکی ئەویش لە ژیاندا پەسەندکردن و پیرۆزکردنی دنیاکەیەتی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت