عیماد عەلی: با رۆشنبیرانیش لە ئاست قۆناغە هەستیارەکەدا بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم کاتەدا، کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستان لە پاڵ عیراقدا بە تایبەتی بە قۆناغێکی یەکجار هەستیاردا تێدەپەرێت، ئا کتومت لەم کاتەدا، زۆر پێویست و ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە کە سەرجەم چین و توێژەکان لە ئاست پێداویستی و قورسی و هەستیاری ئەم کات و ئانوسات و قۆناغەدا بن و، بەرپرسیارێتی گەورە هەڵگرن . کەچی تەماشا دەکەیت خەڵک بە شتی لابەلاوە خەریک دەکەن و هەر یەکەو، چ حزب یان نوسەر و رۆشنبیر و هە ندێک سیاسەتەمداریش بە تەسکبینی و کورتبینیشەوە خەرکی شتی لاوەکین، بەمەبەستی هەمەجۆر و هەندێک ئامانجی تەسکیش کە لەم کاتەدا پێویست ناکات ئەم بابەتە بچوکانە بوروژێنرێنن و ململانێی نابەجێی تەسک بکەن و زەرەر بە کۆی گشتی یەکریزی و یەکێتی و یەکبونی زۆر پێویستی ئەم کاتەی خەڵک بدەن و، لە جیاتی ئەوەی کونوکەلەبەرەکان بگرن کەچی کەلێنی تر لە جەستەی نەخۆشی ئەم گەلە ستەمدیدە دەکەنەوە و لە ئامانجی سەرەکی گەلی کوردستان دەدەن .
ئەوە روونە و هیچ شاراوە نیە کە هەموو تاکێکی کورد ئاگاداری سیاسەت و رەفتاری پارتی دیموکراتی کوردستانە و دەزانێت بەناوی ئامانجی کەلی کوردستانەوە هەموو چەواشەکاریەک بەکاردێنێت و، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات سوپای دەرەکیش پەلکێش دەکات، وەک پێشتر لەوبارەوە قسوری نەکردووە، بەڵام لەم کاتەدا، خوێندنەوەی بەرژەوەندی باڵای کوردستانیش وا فەرز دەکات کە رۆشنبیران و نوسەران و رۆژنامەنوسان بە تایبەتی چاوکراوەتر و خوێنەرێکی باڵاتر و وردتری وەزعی گشتی کوردستان بن و بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی یان شەخسی تایبەت بە خۆیان دەزگاکانیان، لەم کاتەدا دار نەکەن بە کونی زەردەواڵەکەوە، کە قۆناغێکی گواستراوەیە و وەرچەرخانی گەورەی بەدواوەیە و هەر هەنگاوێکیان لە هەر لایەکەوە بێت دەرئەنجامی تایبەتی خۆی دەبێت و، تەنانەت هەڵوێستێکی بچوکی هەر لایەک و کەسێک کاریگەری و قورسایی خۆی لە سەر رەوتی قۆناغە کە دەبێت و، لە دەرئەنجامدا جگە لە زەرەر و زیان بۆ سەرجەم گەلی کوردستان هیچی لێ ناکەوێتەوە . ئەوەی پێویستە لەم کاتەدا پێ لەسەر راستکردنەوەی دابنرێت نەک وروژاندن و ملهوری و رەخنەی دووبارە و خۆ لەقەرەدانی پرس و بابەتێک کە بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات و هیچ دەرئەنجامێکی ئەرێنیی نەبێت و تەنانەت قازانج بە لایەنی بەرامبەر و رەخنەلێگیراو بگەیەنیت و پاڵپشتی جێبەجێ کردن و سەرکەوتنی مەرام و ئامانجە تەسکبین و کارە نارەواکانی بکات . بەڵی لەم کاتەدا هەمان رەخنە هەمیشەییەکانی پێشوو دوبارە بکەیتەوە و قۆناغەکە وەک پێشتر بخوێنیتەوە، بەقەد حزبە کار نابەجێکان، تۆش دەکەویتە سەنگەری زەرەرگەیاندن بە گەل و نیشتمانەکەش .
پێم سەیرە، کە دەزانین تەنها لەم کاتەدا نیە پارتی وەزعەکە لە روانگەی قازانجە تەسک و حزبی و شەخس پەرستیەکەی بەکاردێنێت و دەجوڵێتەوە و مامەڵە لەگەڵ پرسی کەلی کوردستاندا دەکات و زەرەیەک بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان ناخوێنێتەوە، کەچی نوسەران و رۆشنبیرانیش بەهەمان بۆچون و رەفتاری ئەم حزبە مامەڵە دەکەن و خۆیان لە شێتایەتی حزبی و رەفتاری نابەجێی ئەو لانادەن و بەرژەوەندیە باڵا گەورەکە وەک خۆی ناخوێننەوە و تەسکبینن و تەنانەت ئەوانیش لە روانگەی هەندێک مەرام و بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و حزبیەوە قسە و رەفتار دەکەن . لەو رەخنانەی ئەگەر بنیاتنەر بن یان روخێنەر، کور د و کوردستان توشی واقعێک بوون کەهیچ پێویست ناکات ململانێی تەسکی شەخسی و حزبی و تەنانەت لە پێناو شتی تریش بکەیت و، دەبێت بارودۆخە نێوخۆییەکە پێش دەرەکیەکە لەبەرچاو بگیرێت، لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە رەفتار و هەڵوێستانە ئەگەر راستیش بن لە ئاست ملهوری و هەڵە بەردەوامەکانی حزبەکان و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ چارەسەرێکیان پێ نیە بۆ رەفتار و هەلوێستەکانی ئەو حزبانە و زەرەری لە قازانجی گەورەتر دەبێت، بۆیە ئەم کارە بە راستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ دەکەوێتە سەنگەری قازانجبەخشین بە خودی تەسکبینیەکانی حزبەکان و بەتایبەتی پارتی و، وابە بە ئاشکرا دەیبینین، بۆ روو وەرگەران چاو نوقاندن لە هەڵە و کارە ناراستەکان، پارتی بە تایبەتی فۆکسی خستۆتە سەر چەند رۆشنبیر و نوسەرێک بۆ شاردنەوەی راستیە چەواشەکراوەکان و داپۆشینی هەڵوێستە هەمەچەشن و هەڵەکانی، بەم شێوەیە خەڵک بەلارێدا دەبات ولە جیاتی ئەوەی ئەو رەخنانە قازانج بەخشبن بە خەڵک دەکەونە سەنگەری قازانج بەخشین بە پارتی و مەرامەکانیەوە .
بۆیە هیوادرام سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان وتایبەتی حزبەکان نوسەران و ۆژنامەنوسانیش لەم کاتە زۆر هەستیار و گواستراوەی پێش وەرچەرخانی گەورەی بارودۆخی ناوچەکە، هەموان لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن، کە قورساییەکەی دەکەوێتە سەر هەمووان . لەوانەیە هەڵەیەکی بچوک بەگەورە بکەوێتەوە و ئەوەی بە روکەشی بیری لێ دەکەنەوە و هەندێک پاڵنەری تایبەتی لە پشتیەوە بێت زەرەری گەورە بدات بە رەوشەکە لە جیاتی قازانج . بۆیە پێویستە رۆشنبیران پێش هەمووان قۆناغە هەستیارەکە و حزبەکانیش وەک خۆیان بخوێننەوە و رەخنەش کات و زەمینەی لەباری خۆی دەوێت کە بە قازانج بگەرێتەوە و مەرجی سەرەکیش ئەوەیە هیچ مەبەستێکی تایبەت و شەخسی وململانێی تەسکی حزبیی تایبەت لە پشتیەوە نەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت