عیماد عەلی: رەخنە بە جنێو وەڵام نادرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێرەدا، من نە وەک خانەقینیەک و نەش وەک هاورێیەکی مەلا بەختیار قسە دەکەم و، هەموو خەڵک دەزانێت کە چەندین جار رەخنەی توند و تیژ و گورچکبریشم لێ گرتووە، تاوەکو کار گەیشتوەتە ئەوەی لە رووی شەخسیشەوە هەڵسەنگاندنیشی بۆ بکەم، کە لەوبارەوە هیچ حەقێکم نیە و جارجار بە دڵی فراوان و جاری واش هەیە بە زۆر تورەییەوە وەریگرتووە . من زۆر جاریش هیچ حسابێکم بۆ مێژوو و هیلاکی و خەباتی ئەم کاک بەختیارە نەکردووە، کە خەڵک بریار دەدات شایانی ئەوەیە مێژووی بخوێننەوە و، ئایا لە کۆری خەباتدا شتی کردووە بۆ کورد و چەند قازانجی بووە بۆ ئەوەی بەرزراگیرێت، یان شایانی ئەوەیە هەر یەکێک لە روانگەی شەخسی و پشتخانی فکری و زۆرجار سیاسی خۆیەوە مامەڵە لەگەڵ قسە و تێز و هەڵوێستەکانی بکات و رەفتارەکانی هەڵسەنگێنێت . من لێرەدا پارێزەری ئەو نیم با خۆی قسەی خۆی هەبێت . بەڵام لەم دوو رۆژەدا و لەپاش قسە سیاسیەکانی مەلا بەختیار لە دیبەیتی میری و هەندێک راستی و هەندێک خۆ بردنە پێشەوە و سیاسەتکردن لە سەر حسابی زۆرێک حەقیقەت و ململانێی کۆن و تازە، وا دەرکەوت زۆرێک خەڵک پێی قەڵس بوون و خەڵکێکیش بێ هیچ بنەما ئیخلاقی و ئەتەکێتی قسە و رەفتار قسەی خۆیان تا گەیشتن بە جنێو لە هەموو کون و قوشبنێک و بە دزی و ئاشکراوە کرد .
دیارە مەلا بەختیار جنێوی بەکەس نەداوە، ئەگەر قسەیەکی زۆر سیاسیانەی روتی کردبێت و زۆرێکیش خاترانەی مەسعود بارزانی تێدا بێت و خەڵک بیناسێت دەزانێت چەند دژی بنەماڵەیی و سیاسەتی شەخسپەرستی بووە، بەڵام ئەوە راو و بۆچونی سیاسیانەی خۆیەتی لەم کاتەدا و مافی خۆیەتی هەر قسەیەک بکات و، لەوبارەوە یان رەخنەی لێدەگیرێت یان بە جوانی مەدح و وەسفی دەکرێت و سوپاس دەکرێت . ئەو قسسانەی مەلا بەختیار لە لای لایەنێک باش بێت لە لایەکی تر بەخراپە حساب دەکرێت، ئەمەش سونەتی ژیانە لە مێژوودا هەروا رۆیشتووە، چاکە بۆ لایەک بکەوێتەوە لەوانەیە بە رێژەیەک بە خراپە بۆ لایەکی تری ناکۆک بکەوێتەوە .
ئەگەر بە وردی گوێت لە قسەکانی مەلا بەختیار بێت باسی وەزعەکەی بە گشتی کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ قۆناغەکە و گەیشتن بە ئەگەرەکانی ناوچەکە پاش ئەم قۆناغە کرد و ئەوەی لە رووی نێوخۆی کوردستانەوە باسی لێوە کرد، بە خێرایی هۆکارەکانی گەیشتن بەم قۆناغە دەرخست، کە دەرتانێک نەماوە بۆ دەرچون لە قەیرانەکان و رەخنەکەی تایبەتی نەبوو بە لایەک بەتەنها، بەڵکو باسی لە رێکەوتنی لایەنەکان کرد لەسەر دواخستنی ئەو کۆبونەوەی پەرلەمان کە بووە هۆی گەیشتن بەم حاڵە و وەزعەکەی ئاڵۆزکان و ئاڵۆزتری کرد و، نەیوت خەتای لایەک بە تەنها بووە بەڵکو پارتی دیموکراتی و بەرزانیشی لێ بێبەری نەکرد و داوای لێ کرد لە روانگەی گشتبینی نەک نەرجسیەت و شەخسبینی و بەرژەوەندی شەخسی حزبی خۆیەوە مامەڵە لەگەڵ وەزعەکەدا بکات، تاوەکو زیاتر لەدەست دەرنەچووە، کە گەرانەوەی بۆ نەبێت. ئەگینا ئەو هەڵا و رەخنە و جوێنانە تەنها لە پێناو ئەو قسانە نیە، لەبەر ئەوەی :
1- قسە و کاردانەوەکان لە روانگەی خوێندەوەی کۆی گشتی وەزعەکە و پەیوەندی نێوان یەکێتی و گۆرانەم ئانوساتەدا دەردەچن و، بە تایبەتی ئەگەر راشکاو بین گۆران مەلا بەختیار بە هۆکاری ساردبونەوەیان لەگەڵ یەکێتیدا لەقەڵەم دەدات و لەم کاتەدا ئەم قسانە هەلن بۆ کاردانەوە و خۆ رشتنەوە لەو بارەوە .
2- دەیانەوێت ئەم هەلە بەکار بێنن بۆ هەڵوێست و رەفتاری چاوەروانکراوی گۆران لەم نزیکانەدا، کە بە ناچاری دەیانەوێت هەنگاو بنێن و لە فرسەت دەگران وا بەسەر مەلا بەختیاردا شکاندیانەوە .
3- ئەم قسە و راوبۆچونە توندانەی تا رادەی جنێودان ئاماژەشە بە وەڵامدانەوەی پارتی زیاتر لەوەی بەرامبەر قسەکانی مەلا بەختیار بن لە لایەکەوە و لە پشتخانی کۆنە قینی گەورەیە لە لایەکی ترەوە .
4- لەم کاتەدا هەموو راوبۆچونە حزبی و شەخسیەکانی پێشتر دەردەخرێت و گرێ کوێرە پیسەکەی نێو کوردان کە خۆی لە پەیوەندی شەخسی دا زیاتر لە حزبی و نیشتمانی و بەرژەوەندی باڵا دەبینێتەوەو ، وا خۆی بەسەر ئەو دەنگانەدا فەرز کردووە .
5- لەم قسە هەمەجۆر و فرە لاییەوە دەردەکەوێت، دیسان ناکۆکیە کۆنەکە زاڵە بەسەر رەخنەکاندا ئەگەر بە هاندان و فەرمانی کەسە یەکەمە بالاکان بێت و، بە ناراستەخۆ بە هاندان بێت یان هەر یەکەو لە روانگەی ماستاوچێتی بێت بۆ کەسە یەکەمەکان بە تایبەتی بۆ نەوشیروان موستەفا وەک چۆن پێشتر بۆ مەلا بەختیار دەکران .
ئەوەی جێگەی داخە کەلە رۆژانێکدا ئێمە رەخنەی توندمان لە رەفتار و گوفتاری مەلا بەختیار دەگرت، زۆرێک خەڵک هەبون کە ئێستا هاتونەتە قسە بە خۆیان زەمانێک بوو مەراییان بۆ دەکرد و دوژمنی ئێمەمانان بوون . بۆیە وەزعی کوردستان لەوە زیاتر هەڵناگرێت لایەنەکان بکەونە شەری لابەلاوە، ئەمە لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە دوورکەوتنەوەی گۆران و یەکێتی زەرەرێکی گەورە بە کۆی گشتی پرسە نێوخۆیی و دەرکیەکەشمان دەدات و، لەوبارەوە ئەگەر هەر یەکێک مەبەستی بێت بۆ خاتری پارتی ئەم دوو لایەنە دور بخاتەوە، دەبێت لای هەموو لایەکەوە بە عاقڵانە رێگەی لێ بگیرێت و ئیحراج بکرێت و بۆ ئەوەی مەرامی یەکەمی پارتی لەم کاتەدا نەیەتە دی . ئەگینا بە قسە و رەخنەی ماندالکاران و مناڵانە لە زەرەر زیاتر هیچ شتێکی تر سەوز نابێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت