لاوک کونجرینی: قسەکانی نەوشیروان مستەفا، بۆنی گۆڕینی پێگەی گۆڕانە لەهەرێم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژێکە مێدیاکانی جیهان، ئەو کورتە وتارەی جۆن ماکین ـی سیناتۆری ئەمریکایان بایەخ پێدا، کە وتبووی: کوردەکانی سوریا هاوپەیمانی ئێمەن. واتا دەستبردن بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوا، دەستبردنە بۆ ئەمریکا. ئەم وتارەی جۆن” گرنگییەکی زۆریی پێدرا لەلایەن مێدیاکانی جیهان بەتایبەتی عەرەبی، جگە لەکورد. لەبەر ئەوەی جۆن” لەپێگەیەکدایە ـ دەتوانێت لەبری ئەمریکا قسە بکات و، وەک پەنجەتیرێک بۆ تورکیا ئاراستەی کردو ئاگاداریی کردەوە.

هەندێک بۆچوون هەیە لەدوای ئەوەی قسەکەی جۆن ماکیین، ڕێکخەریی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم وتارەی لە کۆبوونەوەی بازنەی حیزبەکەی لە بەریتانیاو لەشاریی لەندەن وتووە: پرسێکی تر ئەوەیە له‌م هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چی بكات و چی پێده‌كرێت.

ئەم وتەیەی نەوشیروان مستەفا، لەدوا وتاریدا وای وتووە لەپاش ئەوەی قسەی لەسەر کاریی ئەوان لەبەشداریکردنیان لە حکومەتدا، نێتیان وابووە. بەم شێوەیە درکانی: یه‌كێك له‌ ستراتیژه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بریتی بو له‌وه‌ی چه‌ك و پاره‌ له‌ ده‌ستی حیزبه‌كان وه‌ربگرێتەوە و راده‌ستی حكومه‌تی بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ردو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و دارایی وه‌رگرت، به‌ڵام پارتی په‌رله‌مانی به‌ بڕیارێكی حیزبی په‌كخست و وه‌زیر و كارمه‌نده‌ پله‌ به‌رزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی دورخسته‌وه.

بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانجی قسەکانی نەوشیروان، دەبێت ڕۆبچین بەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکەداو دواتر شیکاری بۆ قسەکانی ڕێکخەریی گشتی بکەین.

لەسیاسەتدا هەلومەرج و پێداویست و ڕۆژگار، دەبێتە سێ گۆشەی پیلان و ئەرک و بەرنامە. کەواتە قسەکەی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکلاکەرەوەی دوای پیلانی بەشداریکردنی ناو حکومەت و هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی ڕوبەڕوی حیزبکەی بۆتەوەو، ئەو پیداویستی و ئەرک و بەرنامەیەی، کەدوێنی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان پێویست بوو، گۆڕانکاریی بنەمایی بەسەردا دەکات. چۆن؟

 بزوتنەوەی گۆران و پارتی لەسەر ئاستی هەرێم لە ململانێی سەختدان. بەڵام پارتی و پەکەکە لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە لەململانێدان. نمونەی نوسینێکی نوسەرێکی فەرنسی دێنمەوە، کە پەیوەستە بەم باسەوە. نوسیبووی: ئەمریکا هەواڵگرییەکەی لەپشت هەموو دەسەڵاتە توندڕەوەکانەوەیەو هەموو کارێکی ناشرین و توندوتیژیان پێ ئەنجام دەدەن و ، لەهەمان کاتدا کار لەسەر بوونی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیداریان دەکەن و وەک راپۆرت دەیدەن بەهێزی نادیار. پاشان هێزی نادیار ئەرک بە حکومەت دەسپێرێت و، حکومەتە درندەکە دەکاتە ئامانج و وەک فریادڕەسێک گەلەکەی ڕزگار دەکات، بۆ هەتا هەتایە وەک هێزیكی شەبەح بەسەر وڵاتەوە دەمێنێتەوەو، دەبێتە دەسەڵاتداریی ڕەها.

ئێمە لەکوردستان پارتی دەناسین و قسەی زۆریشی لەسەر ئەو بابەتە کراوە، کە پارتی حیزب نییە، بەڵکوو هێزیكی هەواڵگرییەو، هێزە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەسەڵاتدا هێشتویانەتەوە، دەنا زۆر لەمێژ بوو پچووک ببوەوە.

تورکیاش جگە لەوەی لە هێزی ناتۆدایە، لەگەڵ ئەوەشدا سیلەی مانی دەسەڵاتەکانی هەمیشە لە سەر بڕیاریی هەواڵگریی ئەمریکا لەبوون و نەبووندا بووە . کەواتە ئەم دەسەڵاتەی تورکیا کاتێک دەبێتە پێداویست و بوون لەگەڵ پارتی، لەبوونی بڕیارێکی وونبوودا جێبەجێ دەکرێت.

داعش زۆر شتی بۆ ڕوونکردینەوە، گەرێیی بزانین داعش وانە بوو، هێندەی هێزێکی دڕندەو ناشرین بوو، لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک وانەو پەیامی بۆ کورد پێ بوو. داعش هۆکار بوو بۆ ئەوەی کورد سنوریی خۆی بناسێت و پێی شاد بێت. ئەو قەسیدانە هەموو درۆ دەرچوون، کە فلان کەس ، یان فڵان حیزب کوردی بەجیهان ناساند، بەڵکوو ئەوە داعشە کوردی لە ڕووی سیاسی و بوونەوە کرد بەهاوڕێی جیهان و ئاستی هێندە بەرزکردەوە، کە شاز بێت.

کەواتە بوونی داعش لە گرتنی شەنگالدا جگە لەوانە، بەرهەمی مێژوویەکی شەرمەزاریی بۆ بنەماڵەی بەرزانی مۆرکرد، لەئێستادا دەرکەوتەکانی نادیارە، لەداهاتوودا وەک دوجێل بۆ سەدام شمشێری سەربڕینی بوو، ئەوا شەنگال بۆ بنەماڵەی بەرزانی پەتی سیدارەکە دەبێت.

تورکیاش بازنەی دەست بەتەمەن گرتنەوەی پارتییەو، کۆمەڵێک هۆکارە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا قسە لەسەر هەموو ئەو بەڵگانە بکرێت، کە جار جارە وەک پەیام بە گوێی هەمووان و لەناویاندا ئێڕدۆگان دەدرێت. جارێک دەلێن: ئیردۆگان سەرۆکی داعشەو، جارێک دەلێن: داعش ـ بریندارەکانی بۆ جارەسەر دەبات بۆ تورکیاو، جارێک دەلێن: دەروازەکانی داعش بۆ دەرەوەی جیهان لە تورکیاوە دەستپێدەکات. هەموو ئەم قسانە ڕاستن و بەڵگەکان بوونیان هەیە، بەڵام زمەنە تەوقیتکراوەکە لە ئێستادا بوونی نییەو بۆ کۆتایی فلیمەکە دانراوە، وەک چۆن بەدەستەوەدانی شەنگال و تا مەخموور، کەس وەک لێپێچینەوە لەپارتی بوونی نییە، ئاوهاش بۆ تورکیای ئیردۆگان.

ئێمە لە کوردستان، لەم تەنگەشەی ململانیانەی جیهان و ناوچەکەدا بووینەتە بەشمەینەت. جگە لەوەی هێزیكی زاڵم ـی وەک پارتی هەموو شتە جوانەکانمان دەسوتێنێت و ڕۆژێک پەڕلەمانمان دەنێرێتەوە بۆ ماڵەوەو ڕۆژێک وەک دێوزمە هەموو قوتو و چارەنوسی گەلێک دەکات بەکارتی سیاسی و بەدڵی خۆی بڕیار دەدات. کەواتە دەبێت لەدوای ئەم هەموو سەرەڕۆیی پارتی و ڕاسپاردەی ئەمریکا بۆ پارتی وەک پێداوێستییەکی حەتمی لە مانەوە تا ڕووخانی داعش و هێوربوونەوەی ڕەوش، بزوتنەوەی گۆڕان چی بکات؟

ژیرانە نەوشیروان بیردەکاتەوە، لەوە گەیشتووە، گەر دوێنێ ڕاستبێت، بەهاوبەشی لەگەڵ تاڵەبانی بۆ ڕزگارکردنی یەکێتی ، بزوتنەوەی گۆڕانیان دروستکرد. ئەوا ئێستا یەکێتی لەدەست خودی تاڵەبانیدا نییە، بەڵکوو لەژێر دەستی هاوژینەکەی قوباد تالەبانیدایە ( شیری کردمان )، ئەویش کچە یەهودییەکی بەڕەگەز ئەمریکی و ئەزمنێکی باش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زۆر بەئاسانی دەتوانیت هەموو بەڕەکان لەژێر پێ، دەربهێنێت.

کەواتە ئەو هیوایەی کاکە نەوە هەوڵی ئەدا پێی بگات، کۆتایی هات. تابەهاوبەشی لەگەڵ یەکێتی بە پێوانەی زۆرینەی گۆڕان و یەکێتی پارتی لەدەسەڵاتدا ڕاماڵن. بێ ئەنجام بوو.

دەبینین لەناو یەکێتیدا بێ سەروبەرەیی هەیە، بەڵام لە تیلەی سیاسییەوە تێی بڕوانین، ئەمە بەرنامەیەو ئەوانەی قسە دەکەن، دوو جۆرن:

1 – ناوەندی بڕیار، چەند بمێننەوە لەناو یەکێتی هێندە نەزانانە بەردەوامی بە سیاسەتی هەڵە دەدەن و خۆیان پچوک دەکەنەوە. چوونکە ئەوە بڕیاردراوە دەبێت ئەوان بڕۆن، تا یەکێتییەکی بێ ململانێ و بێ ڕکەبەر بۆ خێزانی تاڵەبانی بمێنێتەوە.

2 – زۆرجار لێرەو لەوێ دوو ئاراستەی جیاواز لەزاریی هەندێک لەسەرکردەکانەوە، قسەی لەسەر دەکڕیت. ئەمە بەرنامەیە، نەک لە خۆرا وترابێت.

ئێمە دەبینین، ماڵباتی تاڵەبانی دوولایەنانە ڕەفتارو قسە دەکەن، هەندێکیان ئاراستەکانیان توندە لەگەڵ پارتی و هەندێکیان هێندە نزیکن، لەپارتی دەچن. هەموو سەرکردەکانی یەکێتی، ئەوانەی خەڵکی هەولێرن لەسلێمانی ماڵومنداڵیان جێگیرە، کەچی قوبات تاڵەبانی بەخۆی و ماڵومنداڵییەوە لەهەولێر جێگیرە. ئەمە ئەو قسەیەیە، کە واتای سیاسی زۆر دەبەخشێت.

لێرەدا ئەزموونی ڕەفتارکردن و چاوەڕوانی، بەرۆکی نەوشیروانی وا گرتووە لە نێوان دۆست و نەیاردا، لەنێوان کاریی هاوبەش و بەرژەوەندی تاسەردا، بەدوای ڕێگاچارەی دروستدا بگەرێت. لەنێوان پارتی و بەرزانی دیکتاتۆر و دەسەڵاتێکی تۆتیالێتاریی دەست بەخوێن و، یەکێتییەکی سڕکەوتو بە ئاراستەی بڕیارەکانی خاتوو ( شێیری کردمان )، هاوژینی قوباد تاڵەبانی، تا هاوسەرەکەی بتوانێت لەمانەوەی حکومەتدا پڕبێت لەئەزموونی دەوڵەتداری و هەروەها جێگیرکردنی لەئاستێکدا، داهاتووی یەکێتی بخاتە چنگی و لەوێشەوە، بۆ ئامانجە کورت و درێژخایەنەکانی هەنگاو هەڵبگرێت.

خاتو شێیری” ئەزموونێکی هێندە ئاست بەرزیی هەیە، بەهۆیی ئەوەی ماوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاریی کردووەو ئەزموونیش هەیە لەسەر ڕۆهەڵاتی ناوین، باش لەجومگە تێکەڵ و ترشاوەکانی ئەم دەڤەرە تێدەگات و، دەزانێت چۆن کارییان لەسەر بکات. کەواتە یەکێتی لە ئێستادا بۆ جارەنوسی خۆێ دەگەریت و، پارتیش بەردەوام دەبێت لەچاوچنۆکییەکانی خۆی. بۆیە نەوشیروان لە هەلێ زیڕینی نێوان کۆتایی پەیامەکەی ئەمریکا بە تورکیا و بەرزانی لەوێشەوە لەئاڵوگۆڕی بنەمایی دەسەڵاتەکان لە ناوچەکەو ئەمڕۆی هەرێمدا دەبێت بڵێت: له‌م هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چی بكات و چی پێده‌كرێت.

ئەمە ئەو ڕستە زێڕینەیە، گۆڕان لەم ڕەوشە سەختەدا ئاودیویی کەلی خواستێک دەکات، کەناچارییە، ئەویش پەنا بۆ هەمان بیرکردنەوەو ڕەفتارکردنی لووتبەرزانەی پارتی و یەکێتی دەبات. کە خۆبینینەوە لە پێگەیەک: هێز و چەک دەتوانیت بوونت بهێڵێت و، هەموو شتەکان یەکلایی بکاتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت