عیماد عەلی: بۆچی زانایانی سونەی ئیسلامیی عیراقی لە بەغداش دژی پێشمەرکە وەستانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم کاتەدا و لە دوا کۆبونەوە یان کۆنگرەی زانایانی ئیسلامی سونەی عیراقی بەبەشداری زیاتر لە دە زانای ئیسلامی کورد لە بەغدا، لە قسەو باسەکاندا و لە کاتێکدا زانایەکی ئیسلامی کورد، لەگەڵ سوپای عیراقدا دوعاو پارانەوەی بۆ بێشمەرگە کرد و لە خودای داوا کرد کە بەسەر دوژمناندا سەریانخات، کەچی سەرجەم زانای عەرەبە ئیسلامیە سونەکانی تر رەتیان کردەوە و نارەزایی خۆیان دەربری و بە هیچ شێوەیەک رەزامەندیان دەرنەبری کە ناوی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عیراقیدا بهێنرێت و، رەزامەندیان دەرنەبری داوای سەرکەوتنی بەسەر داعشدا بکەن.
ئا لەم کاتەدا کە پێشمەرگە پێش هەموو لایەک گیانی خۆی دەبەخشێت و قوربانی دەدات لە بەرامبەر تیرۆردا، بەناو زانایانی ئاینی ئیسلامیی سونی، ئەمە رەفتار و هەڵوێستیان بێت و تا ئەمرۆش بەعسیانە تەماشای کورد و هێزی پێشمەرگە بکەن، لەدوارۆژ و ئاسایی بونەوەی وەزعیان چاوەرێی چیان لێدەکەیت .سەرەرای نارازیبونێکی شەرمنانەی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستانی بەشداربوی کۆنگرەکە وبەڵام مانەوەیان تا کۆتایی کۆنگرەکە و بەجێنەهێشتنی، کەچی زانایانی عەرەبی سونەی ئیسلامی لەسەر راوبۆچون و هەڵوێستی خۆیان مکوربوون و هێزی پێشمەرگەیان بە نامۆ لەقەڵەم دا و بەهیچ شێوەیەک تەنانەت بە قسەش ملیان نەدا کە بە هێزێکی پتەو بەرامبەر بە تیرۆر تەماشای بکەن و، بەڵکو هەندێک توندرەویان هەڵوێستی بەعسیانەی شۆفینیانەی خۆی لەبەرامبەر پێشمەرگە نەشاردەوە و بە هچ شێوەیەک ناوی پێشمەرگەیان لە بەلاغەکانیاندا نەهێنا.
لێرەدا پرسیارەکە لەوێدا دێتە پێشەوە، ئایا زانایانی ئاینی ئیسلامی کرودستان، بۆچی هیچ هەڵوێستێکی گونجاویان نەنواند و بۆچی کۆنگرەکەیان بەجێنەهێشت و هیچ بەرژەوەندین لە مانەوەدا هەبوو؟ بۆچی حکومەتی هەرێم لەم کاتەدا لافی برایەتی و تەبایی نێوان ئاین و نەتەوەکان لێدەدات و هانی ئەوە دەدات هەمووان رێز لە گیان بەختکردنی پێشمەرگە بگرن، هیچ قسەیەکی نەبوو، تەنانەت لەوەدەچێت ئاگایشی لێنەبێت . لەکاتێکدا کە زانایانی سونەی ئاینی ئیسلامی لە پێگە و قورساییەکی ئەوەندە بەهێزدا نین و لە ئاست زانایانی شیعەدا لەو لاوازیەدان ئەمە هەڵوێستیان بێت و ئاوا دیدو مامەڵەی لەگەڵ پێشمەرگەدا دەکرێت، بۆ سبەی و پاش گۆرانکاری و دروستبونی هەرێمێک بۆ سونە چۆن دەبن . پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە بۆچی تاوەکو ئێستا نە حکومەتی هەرێم و نەش راگەیاندنەکان هیچ گرنگیان نەداوە بەم بابەتە خەتەرناکەی ئەم کاتە ناسکە کە پێشمەرگە لە شەرێکی دەستەویەخەدان لەگەڵ داعشدا و هەروا بە ئاسانی وەکو جارەکانی تر بەسەریاندا تێدەپەرێت.
بۆ ئەم مەبەستە حیزبە ئیسلامیە سیاسیەکان چی دەڵێن و، بۆچی هەڵوێستیان نەبووە، لە کاتێکدا رۆژ نیە باسی ئازایەتی و خۆبەختکردن و گیانفیدایی پێشمەرگە نەکەن، کەچی تەنانەت لە راگەیاندنەکانیاندا لە ژێر لێوەوەش قسەیەکیان تەنانەت بە فسکەفسکیشەوە لەسەر نەکرد.
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە، زۆرینەی ئەو زانا ئیسلامیە سونانە بە ئاشکرا و راشکاوی لەگەڵ زانا ئیسلامیە کوردەکان دژایەتی خۆیان دەربریوە و تەنانەت زۆریرینەیان ئامادەییان نەبووە بە خێر و شەر ناوی پێشمەرگە بێنن، جگە لەوەی لە نوسین و بەیاننامەکانیاندا فەرامۆشیان کردووە و، ژمارەیەکی باشیان بە ئاشکرا نەک فەرامۆشکردنی رۆڵی پێشمەرگە بەڵکو دژایەتی توندی خۆیان لەوبارەوە دەربریوە . پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لەم کاتەدا کە لاوازیشن وا دەکەن و مەبەستیان چیە و، پاش رزگارکردنی موسڵ و هاتنەوە هۆش خۆیان هەڵوێستەکانیان چۆن دەبێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ نەک پێشمەرگە بەتەنها لەگەڵىگەلی کوردی بەش مەینەت دا چۆن دەبێت . جێگەی سەرسورمانە لەولاوە تا ئێستاش گەل و حکومەت و سەرکردایەتی کوردیش پابەندبونی توندوتۆڵ و وابەستەی خۆی بەوانەوە دەردەبرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت