نەوزادی موهەندیس: چارەسەرێكی مامناوەندی بۆ ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی ئاشكرایە لای هەموان ئەوەیە كە دۆخی ناجێگیری سیاسی هەرێم لەو ساتەوە دەستیپێكرد كە ماوەی یاسایی سەرۆكی هەرێم تەواو بوو لە 19/8/2015دا دوای دوو خولی 8 ساڵی و 2 ساڵی ماوە درێژكراوەش كە هەموان بڕوای تەواویان بەو ماوەیە هەبوو لەگەڵ بوونی ڕەخنە و گلەیی و ناكۆكیەكانیشیان لەسەری. بەڵام كاتێك ئیدی هیچ بوارێك نەمایەوە نە بۆ درێژكردنەوە بەپێی یاسای ژمارە 13ی پەڕلەمانی كوردستان لە 30/6/2013دا، چوار حیزبە سەرەكیەكەی كوردستان ( یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ)، پڕۆژە یاسایەكیان پێشكەش بە پەڕلەمان كرد بۆ ئەوەی هەمواری یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 ی سەرۆكایەتی هەرێم بكرێتەوە و بە مەرجی نوێیەوە سەرۆكی هەرێم لەناو پەڕلەمانەوە هەڵببژێردرێت و سیستەمی پەڕلەمانی پەیڕەو بكرێت و دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمیش بەپێی ئەو سیستەمە ڕێك بخرێتەوە. بەڵام ئەم پڕۆژەیە وەك ئەو دەنكە شقارتەیە وابوو كە نرا بە خەرمانی هەموو دەسەكەوتوو دەسەڵات و حوكمڕانی 25 ساڵەی ئەم هەرێمەوە و بوە خاڵی ناكۆكی سەرەكی لەنێوان لەلایەك پارتی و لەلاكەی تریشەوە هەر چوار حیزبەكەی تر. دوای چەندین خولی دانیشتن و كۆبونەوەی مەكوكی نێوان هەولێر و سلێمانی بەمەبەستی سازانی نیشتیمانی بەداخەوە نەسازان و هێندەی تر لێكترازان. هەمووشی لەبەر ئەوەی پارتی وەك تەنها لایەن سووربوو لەسەر بیروباوەڕ و بۆچونەكانی خۆی و بە ئاشكرا لەكۆبونەوەكاندا بەهەموانی وتبوو كە دەیەوێت ئەو دووساڵەی كەماوە و تا ساڵی 2017 ماوە بۆ سەرۆكی هەرێم درێژبكرێتەوە كەلەهەمان كاتدا سەرۆكی پارتیشە.ئیدی پارتی لە جێگەی خۆی قایم ڕاوەستا و بەبێ‌ جوڵە نەبۆ پێشەوە نە بۆ دواوە و تەنها ئەو قسەیەی هەبوو دوور لە هیچ سازش و نەرمی و دەستپێشخەریەك بۆ چارەسەر.

دواتر پارتی بەتێكچوونی زیاتری دۆخە سیاسیەكەی هەرێم لەگەڵیشیدا دۆخی ئابوری و سەربازیشی هاتە سەر بە قازانج و سوودی خۆی بینیەوە و هێندەی تر سوور بوولەسەر پشتگوێ‌ خستنی ئەو مەسەلە گرنگە كە هەموانی لێكترازان و متمانە و ڕاستگۆیی نەهێشت لەنێوان هەمواندا بەگەورە و بچوكەوە و تەنانەت جەماوەریی گەلەكەمانیشیان كردە نەك دوو بەشەوە بەڵكو چەندین بەشی جیاوازەوە و هەریەكە لە ئاوازاێكی حیزبی و تەسكی ناوچەگەری خۆی دەیخوێند دوور لەهەست و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی. تاكارگەیشتە ئەوەی كە پارتی لە هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا لە 12/10/2015دا، هەموو وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت وەدەرنا و ڕێگەی لەسەرۆكی پەڕلەمانیش گرت بچێتەوە بۆ هەولێر و كاری ئاسایی و یاسایی خۆی بكات. بەمەش هێندەی تر ئەو درز و دڕدۆنگیەی دروست ببوو لەنێوان هەمواندا هێندەی تر گەورەتر و بەربڵاوتر بوو، هەموو هەنگاو و نیەت و پڕۆژەكانی بۆ ئاشتبونەوە و چارەسەركردنی دۆخەكە پەكخست.
پارتی ڕكابەری سەرەكی خۆی لە بزوتنەوەی گۆڕاندا دەبینیەوە و گۆڕانیش بەهەمان شێوە. بۆیە لە ئێستادا كەماوەی زیاتر لە یەك ساڵ و مانگێگە پەڕلەمانی شەرعی و هەڵبژێردراوی ناو جەماوەر پەكخراوە و حكومەتیش تووشی ئیفلیجی و شەلەل بۆتەوە لەلایەك بەهۆی دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕانەوە و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە و نەبوونی بودجە و موچە و كەمكردنەوەی داهات و مووچەی فەرمانبەران بۆ چارەكە مووچە و كە ئەویش نیە, بۆیە حكومەتی هەرێم بەداخەوە تەنها قەوارەكەی ماوە و ناوێكی بۆش و بێناوەڕۆك ماوەتەوە و هیچ سام و هەیبەتێكی نەماوە لەلای تاكەكانی میلەت. چونكە هەموو حكومەت و دەسەڵاتێك كاتێك خۆشەویست دەبێت و هەیبە ت و شكۆی دەبێت كە بتوانێت لانی كەمی ژیان و خۆشگوزەرانی بۆ تاكەكانی میلەت دابین بكات و ئەمنیەت و ئاسایشیان بپارێزێت و بازاڕ و ئابوری و بازرگانی ببوژێنێتەوە و كارخانە و پیشەسازی و كشتوكاڵ پەرەپێبدات و گەشتوگوزاری و سەرچاوە مرۆییەكان پێش بخات و ئاستی گوزەران بەرزبكاتەوە و خوێندن و پەروەردە و تەندروستی بەرەو پێشەوە بەرێت و بێكاری و هەژاری نەهێڵێت و گەندەڵی نەمێنێت و عەداڵەتی كۆمەڵایەتی بەرقەرار بكات. كاتێك حكومەتێك هیچ لەم ئەركانەی جێبەجێنەكرد ئیدی هیچ مانایەك بۆ حكومەت و شەرعیەتی نامێنێتەوە و سام و هەیبەت و شكۆشی دەشكێت و دەڕوشێت.
ئەوەی ئاشكرایە دوا هەوڵ بۆ چارەسەر لە سەر دوو خاڵ مابۆوە كەئەوانیش بریتی بوون لە:
1- پارتی داوای دەكرد كە دکتۆر یوسف محەمەد سەرۆكی پەڕلەمان لە بزوتنەوەی گۆڕان بگۆڕدرێت بەهەر كەسێكی تر چونكە بەلای پارتیەوە تەنها ئەو بەرپرس بوە لە تێكچوونی دۆخەكان. و هەربۆیە ڕێگەی نەدا بگەڕێتەوە بۆ هەولێر.
2- بەلای گۆڕانیشەوە ڕازیبوون بەو مەرجەی پارتی مانای ملكەچبوونە بۆ پارتی و هێندەی تر زاڵكردنێتی لەتەواوی جومگەكانی حومكڕانی كوردستاندا و قبوڵكردنی بەلێدانی لەشكۆی بزوتنەوەكە و جەماوەرەكەی خۆی دەزانی.
بەم شێوەیە هەردوولا لەسەر ئەم دووخاڵە چەقین و بەهیچ شێوەیەك نەرمیان نەنواند بۆ یەكتری،دوای ئەوەی كە چەندین هەوڵ لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و یەكگرتوو و وڵاتانی دەرودراوسێ و كەسایەتی ناوخۆی و دەرەكیشەوە نرا.
بۆیە بەڕای بەندە دوای ئەم ماوەیە و دوای ئەو هەموو گۆڕانكاری و مەترسیانەی كە لەكوردستان و عێراق و ناوچەكە ڕوویانداوە و چاوەڕوانی زیاتریش دەكرێت، دەكرێت چارەسەرێكی مامناوەندی هەبێت كە هەموان ڕازیبكات، من پێم وایە دەكرێت ئەم هەنگاوانە بنرێن و ببنە دەرچەیەكی هەم یاسایی و هەمیش ئاوی ڕووی هەموانیش دەپارێزێت، ڕێگا چارەكەش بریتیە لە:
1- مادام پارتی ڕازی نابێت دکتۆر یوسف محەمەد وەك سەرۆكی پەڕلەمان بگەڕێتەوە بۆ هەلێر و داوای گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی دەكات، من پێشنیاز دەكەم كە پارتی بڕیار بدات بە فراكسیۆنەكەی بۆ بەشداربوون لە كۆبونەوەیەكی پەڕلەمانی كوردستاندا كە لە سلێمانی سازبكرێت بۆ ئەوەی ڕێژەی یاسایی تەواو بكرێت و لەو كۆبونەوەیەدا بڕیار بدرێت بە گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی بەمەرجێك وەكو ئێستا بمێنێتەوە سەرۆك لە گۆڕان و جێگر لای پارتی و سكرتێریش لای كۆمەڵ.
2- هەنگاوی دووەم ئەم دەستەی سەرۆكایەتیە ئیدی كۆبونەوەكانی بباتەوە ناو بینای پەڕلەمان لەهەولێر و كاری ئاسایی و یاسای خۆی دەستپێبكاتەوە.
بەم هەنگاوە لەلایەك داواكاریەكەی پارتی هێنرایە دی كە دکتۆر یوسف وەك سەرۆكی پەڕلەمان نەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و تەنها وەك ئەندام پەڕلەمان لاریان لێی نیە، و لەلایەكی تریشەوە داواكاریەكەی بزوتنەوەی گۆڕان هاتە دی بەوەی كە پەڕلەمان كاراكرایەوە بە سەرۆكایەتی د. یوسف و بزوتنەوەی گۆڕان.
بەم شێوەیە لەم خاڵی چەقبەستنە ڕزگار دەبین و دواتر دەكرێت پارتی و گۆڕان بەسەر ڕێكەوتنە سیاسی و حكومیەكانی نێوانیاندا بچنەوە بە هەڵوەشاندنەوە یان هەمواركردنەوە و گۆڕینی، دواتریش هەموو لایەنەكان جارێكی تر و بە ڕۆحیەت و تێگەیشتنێكی نوێوە و بە پەند وەرگرتن لەم ئەزمونی ساڵی ڕابووردوە و حیساب بۆكردنیش بۆ گۆڕانكاری و ئاڵنكاریە نوێكان كە لەدوای ڕزگاركردنی موسڵەوە دێنە پێشەوە و ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە پڕۆژەی گۆڕانكاری و چاكسازی و توندوتۆڵكردنەوەی سەرجەم جومگەكانی حوكمڕانی لەكوردستاندا پتەو و بەهێز بكەنەوە و نێو ماڵی كوردی شەپڕیوە ڕێكبخەنەوە و هەموان هەست بە هەستبیاری و مەترسی قۆناغەكە بكەن و بە ئەركی مێژوویی و نەتەوەیی خۆیان هەستن، و كاری پێكەوەیی و دەستە جەمعی ببوژێنەوە و كۆدەنگیەكی ڕاستەقینەی نیشتمانی و نەتەوایەتی چێ‌ بكەنەوە. گەر ناشتوان پێكەوە كار بكەن ئەوا دەتوانن بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە و خەمخۆر دروست بكەنەوە تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنێكی نوێی پەڕلەمانی دەكرێتەوە لەمانگی 9/2017دا كە ماوەی یاسای ئەم خولەی پەڕلەمان تەواو دەبێت.
چونكە ناكرێت ئەم دۆخەی هەرێم بەم شێوەیە زیاتر درێژە بكێشێت ( نە شەڕ نە ئاشتی ) و ناكرێت تاسەر هەردوولا سووربن لەسەر داواكاریەكانیان و هیچ نەرمیەك نەنوێنن و ناكرێت چارەنوسی میلەتێك بكەنە قۆچی قوربانی بەرژەوەندی كەسی و پۆست و پلە و ئیمتیازات. نیشتیمان و نەتەوە لەخوار كەسەكان و كەسایەتیكانەوە دابنێن.
بەم شێوەیە گەر نیەتی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە هەبێت و متمانە بەیەكتر بكەن و پەرۆشی و خەمخۆری هەبێت بۆ ئێستا و ئایندەی ئەم دەسەڵاتە و هەرێم و تەواوی نەتەوەكەشمان دەكرێت لەم دۆخە قەتیسە ڕزگار ببین و هەنگاویش بۆ پێشەوە و بەرەو ئاسۆیەكی ڕوونتریش هەڵنێین، بە پێچەوانەشەوە ئەوەی كە هەشمانە لە ئەنجامی ئەم غرورو كبریا و خۆپەسەندی و خۆسەپاندن و قۆرخكاری دەسەڵاتەوە لەدەستمان دەچێت و مێژووش بەزەیی بە هیچ كەس و لایەن و دەسەڵاتدارێكدا نایەتەوە و نەفرەتی هەتاهەتایی نەوەكانی داهاتوشمان پێدەبڕێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت