شەماڵ عادل سەلیم:  نۆکەرن ئەوانەی دەڵێن ـ پەت و گەردەن برای یەکن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ لەدەست تیرۆرستانی داعش ( شێخ سفوك حەمادی حەنەش )،  ئەو سەرۆک هۆزە عەرەبەی کە  لەحوزەیرانی ساڵی 2014 بەیعەتی بەداعش داو رایگەیاند کە خۆی و هۆزەکەی ( موجاهیدی ) دلسۆزی رێبازی پیرۆزی ( رێکخراوی دەولەتی ئیسلامینە )  ، شاری مووسلی بەجێهێشت و ئێستا ژیانێکی شاهانە لە شاری هەولێر بەسەر دەبات.

پێم خۆشە پێش ئەوەی بچمە سەر کرۆکی بابەتەکەم، ئاماژە بە بەشێک لە قسەکانی (  شێخ حەنەش  ) بکەم کە لە دوای داگیركردنی شاری مووسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لەگەڵ ژمارەیەك سەرۆك هۆزی عەرەبی  دیکەی پارێزگای مووسڵ  بەیعەتیان بەداعش داو لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی ناوبراو وەک سەرۆک هۆزی (ئەل تائی)  زۆر بەراشکاوانە و بەحەماسەتەوە لەحزمەت  (ئەمیری ویلایەتی مووسل)  نەک تەنها بەناوی خۆیی وهۆزەکەی بەڵکو بەناوی سەرجەم هۆزەکانی دەورووبەری شاری مووسل قسە دەکات و دەڵێت: (  بەر لە هاتنی رێکخراوی دەولەتی ئیسلامی بۆ شاری مووسل، ئیمە لەرۆژگارێکی زۆر ناخۆش و ناهەموار ژیانمان دەگوزەراند، نامەوێ درێژە بەقسەکانم بدەم ، ئەوندە دەڵێم: ئێمەی ئامادەبووانی ئەم گردبوونەوەیە،  بەهەموو شێوەیەک  لەگەڵ دەولەتی ئیسلامی داین و پاڵپشی دەکەین، ئەوەش تەنها بەقسە نییە بەڵکو بەکردار بۆتانی  دەسەلمێنین، فەرموون تاقیمان بکەنەوە ،ئەوکاتە دەزانن ئێمە چین و چە ندە د لسۆزی ئێوەین، ڵێرەدا  دووپاتی دەکەمەوە و دەڵێم:  ئێمەی هۆزە عەرەبەکانی شاری مووسل بە هەموو شێوەیەک شانبەشانی ئێوە  شەڕ دژی پێشمەرگە و( رەوافزو) حەشدی شەعبی دەکەین و ناهێلین بستێک بێنە پێشەوە، ئەوانەی لەم گردبوونەوەیەش ئامادەییان هەیە،  هەموویان براو ئامۆزا و حزمی منن و هەر هەمان هەست و نەستو بیروڕاو بۆچونیی منیان بەرامبەر دەولەتی ئیسلامی ودوژمنانی هەیە.

بەڵێ .. ئەوە بەشێک بوو لەوقسانەی ناوبراو کە لەخزمەت ئەمیری ویلایەتی مووسل لەحوزەیرانی ساڵی 2014 کردی، جا ئەوەی لێرەدا مەبەستمە زۆربەکورتی و بەکوردی بیڵێم ئەوەیە:

من  بەهیچ شێوەیەک  گلەییم لە ( حەنەش و حەنەشەکانی ) دیکە نییە  کە بەخیانەت خەسیون و هەمیشە  جاش نۆکەرو و داردەستەی داگیرکەران بووینە، ئەو(حەنەشانەی ) وەک گولەبەرۆژە  بەپێی ئاراستەی خۆر دەجوڵێن و بەرژەوەندیان لەکامە لا بێت ‌ ڕوولەولادەکەن و وەک (قەرەقۆز) هەڵدەپەڕن و چەپڵەی بۆ لێدەدەن و بەیعەتی بۆ نوێ دەکەنەوە، وەلێ من گلەییم لە  بەرپرسانی هەرێمی بەتەمای خودا هەیە، ئەوانەی پاساو بۆ (حەنەشەکان) دەهێننەوەو دەڵێن کە گوایە (حەنەش) ( لەژێر هەڕەشەی داعشدا ئەو قسانەی كردووە   ) لەوەش سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە پۆلیسی شاری ھەولێر ڕای دەگەیەنێت و دەڵێت: ( تا ئێستاش ھیچ کەسێک لەبارەی ئەو سەرۆک هۆزە نە پەیوەندی پێوە کردووین، نە سکاڵاشی لە دژ بەرز کردووەتەوە ، بۆیە پۆلیس ھیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەمبارەیەوە نەکردووە.

باشە، پۆلیسی شاری هەولێر ،لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی بەتەمای خودا،  گریمان کەس لەبارەی ( شێخ حەنەش ) سکاڵای بەرزنەکردۆتەو، باشە خۆ  ئەوبەڵگە ڤیدێۆیەی کە لەبەردەستتان دایەو بەئاشکرا ( شێخ حەنەش) ( بەڕەنگ و دەنگ )  بەرگری لە داعش دەکات و بەناوی خۆی هۆزەکەی و هۆزە عەرەبەکانی دەورووبەری شاری موسل بەیعەتی دەداتێ و هەڕەشە لە پێشمەرگە دەکات، ئایا ئەو بەڵگەیە بەس نییە بۆ ئەوەی ( حەنەش ) گەر دادگایش نەکرێت، دەربکرێت لە هەرێمی بەتەمای خودا ، ئەوهەرێمەی  کە ڕۆلە بێنازەکانی بەدەستی دۆستە دڕندەکانی  (حەنەش) بەدڕندەترین شێوە لە موسڵ و حەویجە و شەنگال وناوچەکانی دیکە شەهیدکران و شەهید دەکرێن؟

ئای کە چەندە شەرمە، یان باشتر بڵێم ، تاوانە..  تاوان، خۆمان پاساو بۆ ( حەنەش ) بهێنینەوەو پاکانەی بۆبکەین و بلێین ( ئەو سەرۆک هۆزە لەژێر گوشاردا بەیعەتی بە داعش داوە )؟

لەکۆتایدا، رووی دەمم دەکەمە لایەنەپەیوەندیدارەکانی هەرێمی بەتەمای خودا و دەڵێم: ( شێخ حەنەش ) لەهەروڵاتێکی دیکە بوایە بەتۆمەتی هاندانی تیرۆر و تەكفیركردن و پشتگیری و بەیعەتی بۆ تیرۆریستانی داعش، لە کونجی بەندیخانە تووند دەکراو و بە (عەتابە  / لاواندنەوە ) گوتن و جگەرە بەبا کردن لەنێو چواردیواری زینداندا ژیانی بەسەر دەبرد، نەک وەک ئێستا (موعەزەز موکەرەم ) لەناو جەرگەی شاری هەولێر لەگەڵ قاوەگرە پۆشتەو چاوزەق و سمێل بابڕەکانی  دێت و دەچێت و شەوانەش لەسەر( لا گونەکی) لە باشترین هۆتێلی شاری هەولێری خێرلەخۆنەدیتە  لێی پاڵ دەداتەوەو نێرگیلە دەکێشێت و قاوەی تورکی دەخواتەوە و نیشتمان پەروەریمان پێ دەفرۆشێت، وەك ئەوەی نەبای دیبێت نەباران.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(* ) ناونیشانی وتارەکەم لە شیعری (سەدان ساڵە ) ی پەشێوی بڵیمەت وەرگیراوە .

(** ) بۆبیستنی قسەکانی  (حەنەش ) لەخزمەت ئەمیری ویلایەتی مووسل لەخوارەوە بیبینە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت