عیماد عەلی: کورد لە هەڵبژاردنی ترامپ زەرەر دەکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر بە چاوتروکاندنێک بەسەر چل ساڵی حوکمی ئەمریکادا بچیتەوە، ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە لە کاتی قۆناغەکانی دەسەڵاتدارێتی کۆماریەکاندا، گۆڕانکاری بەرچاو لە مامەڵەکردنی ئەمریکا لەکەڵ پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لەنێوەندەش لەگەڵ پرسی کورد دا، روویداوە.

لەو بارەشەوە، مامەڵەی ئەمریکا لەکاتی دەسەڵاتدارێتی حزبی کۆماری لەگەڵ شۆرش و پرسی کوردا، مێژوویەکی تاڵی هەیە، لە ساڵەکانی 1969 بۆ 1977 هەر ئەندامانی کۆماری ریچارد نیکسون و جیراڵد فۆرد لەو هەشت ساڵەدا سەرۆک بوون، کورد لەکات و قۆناغێکی گرنگ و هەستیار چارەنوس و شۆرشدا بوو و، دواتر توشی هەرەس هات و، ئەمریکا لایەنێکی سەرەکی ئەو هاوکێشانە بوو، کە لەو بارەدا رۆڵێکی یەکجار نێگەتیڤی بینی. لە ساڵی 1981 ەوە بۆ ساڵی 1993 کە کورد بە ئەنفال و راپەرین و کۆرەودا تێپەری، دیسان هەردوو ئەندامی کۆماریەکان رۆناڵد ریگن و بوشی باوک لە سەر دەسەلاتی ئەمریکادا بوون، ئەگەر هەڵوێستی فەرەنسا لە کەوتنەوەی هەندێ قازانج بۆ کورد لەم ماوەیەدا لادەین، هیچ شتێکمان لە ئەمریکا نەبینی جگە لە دابینکردنی بەرژەوەندیە تەسکەکانی خۆی لە ناوچەکەو، بە خوێندنەوەی کوردیش لەو گۆشەوە و دوور لە هەموو بنەمایەکی ئەخلاقی، تاوەکو رۆژگاری ئەمرۆشمان لەگەڵدا بێت، دەجوڵێتەوە.
وا ئێستاش کە کورد بە قۆناغێکی یەکجار هەستیاری چارەنوسسازدا تێدەپەرێت، دەسەڵاتی ئەمریکا کەوتەدەست دوناڵد ترامپ ی سەر بە حزبی کۆماری و خاوەن کەسایەتیەکی وروژێنەری مشتومرهێنی تا رادەیەک نەناسراو لە رووی عەقڵیەت و رەفتاری ساسیدا.
ئەوەی لە هەرێمی کوردستانی باشوردا هەیە، بەم وەزعە ناتەبایی و پەرشوبڵاوەیەوە، دابەشی هەردوو تەوەر بووە، زۆر ئاسانە بۆ ترامپ بە پێی روانینی بۆ ناوەندی عیراق و خاڵە گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەک ئەوەی لە بانگەشەکەی ئاماژەی پێکردووە رەفتار بکات و ، هەموو شتێک لە پێناو گەرانەوەی هەژمون و ناو و هەیبەتی ئەمریکادا دەکات، بە ئاشکرا دیدی بۆ کورد باس دەکات و وەک هێزێکی شەرکەر نەک وەک گەل و ئاوات و ئامانج و مافە حەقەکانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، وەک بە خوێندنەوەی وردی سەرمایەدارێکی بەرژوەندخوازی بازرگان زیاتر لەوەی سیاسی بێت، ترامپ سوپرایزێکی یەکجار سەرسورهێنەر بوو، بۆیە ناتوانرێت زۆر بە دیقەت هەموو لایەنەکانی مامەڵە و رەفتاری لەگەڵ وڵاتاندا بە زانستیانە بخوێنرێتەوە، چ جای پرسێکی میلەتێکی وەک کورد.
سەرەرای دامودەزگەیی ئەمریکا لە بریاردان و نەبونی ئەگەری گۆڕانی ریشەیی بێ حیسابات و توێژینەوە، بەڵام ئامانجە ئاشکراکان و خاڵە روونەکانی ترامپ وەک بنەمای حوکمی چوار ساڵە و جوڵانەوە بۆ دەسەڵات گرتنە دەستی خولی دووەمی خۆی، دەکرێت مەسەلەی کورد وەک بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە، بێ هیچ تایبەتمەندیەک بخوێنێتەوە . بۆ کوردی کوردستانی رۆژئاواش لە راونگەی هاوکێشە زۆر ئاڵۆزەکاندا دەجوڵێتەوە و بە پێی چۆنێتی کەوتنەوەی رێرەوی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیا و ئێران و تورکیا و مامەڵە لەگەڵ بەشار ئەسەد، رێرەوی مامەڵەی لەگەڵ کورد دا دیاری دەکات.
دیارە لەوبارەوە یەکەمین لایەن کە زەرەر لە هاتنی ترامپ بکات، چەکدار و سوپای سوریای ئازادی میانرەوی سەر بە تورکیا و پشتیوانەکانین لە تورکیا و وڵاتانی کەنداودا، بەڵام مامەڵەی ئەمریکا و ترامپ لە گەڵ تورکیا، بە پێی رێخۆشکردن و رێکخستنی پەیوەندیە نوێکانی ئەمریکایە بە شێوەیەک کە ئەوە لەبەرچاو بگرێت:
یەکەم: هێز و بون و قورسایی تورکیا لە سوریادا هەیە لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە تورکیا ئەندامێکی هاوپەیمانی ناتۆیە و، ئەمریکا بەرژەوەندی زۆر تایبەتی و دیاری لەگەڵدا هەیە، بەو شێوەیە دەبێت ترامپ وەک چۆن مامەڵەیەکی جاواز لە ئۆباما لەگەڵ روسیا و ئیران و رژێمی سوریادا دەکات ئاوهاش دەبێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا دووبارە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو بنەمایانە دابرێژێتەوە و،بەو شێوەیەش لەدواجاردا خوێندنەوەی مامەڵەی ترامپ لەگەڵ هێزی سوریای دیموکرات بەو گۆرانکاریە سەرەکیانەوە دەبەسترێتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەر لایەک خۆی لەسەر ئەرزی واقیع سەپاند خۆی بەسەر پەوەیوەندیە قوڵ و ئاڵۆزەکانیش دا فەرز دەکات.
دووەم: ئایا ستراتیج و سیاسەتی ئەمریکای ئەم چەند ساڵەی حوکمی ترامپ، قۆناغێکی لەبارە و ئەوە دەخوازێت کە نەخشەی نوێ و ئەڵتەرناتیڤی واقعی ناوچەکە بێتە ئاراوە و لە هەموو لایەن و بوراەکاندا کاری پێ بکریت.
بەو پێیە بێت و بە خوێندنەوەی حساباتی دوای لێکدانی هاوکێشەکان و وردەکاری سەرجەم پەیوەندیەکان و بەرژەوەندیە هەمەچەشنەکان، ئەگەر کۆرانکاریەکی کتوپر و سوپرایزێکی سیاسی یان عەسکەری تر نەیەتە ئاراوە و، بەرژەوەندیەکان وا بخوزان وەزعی ناوچەکە بگەرێتەوە باری جارانی خۆی، ئەوا لە دەرئەنجام و لە کۆتایی هاوکێشەکاندا کورد لە هاتنی ترامپ قازانج ناکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت