عەتا قەرەداخی: سلێمانی لە نێوان شارو بوون بە پایتەختی رۆشنبیری‌و نامۆبووندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سلێمانی یەکێکە لە شارە نوێیەکانی کوردستان‌و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش. بە پێی زۆرێک لە بۆچوونەکان کاتێ میرانی بابان شاری سلێمانیان بیناکرد بە مەبەستی ئەوە بوو کە بیکەن بە پایتەختی میرنشینەکەیان. شێوازی بیناسازی‌و نەخشەی بنەڕەتی شار بە شوێنی درووستکردنی گەڕەکەکان‌و مزگەوت‌و بازاڕو گەرماو و ئاو و ئاوەڕۆوەکانەوە جۆرە نوێکارییەکی تێدابووە. کە زیاتر جۆرێک بووە لە شێوازی بیناسازی شار ئەگەرچی ئەو شێوازە سادەش بوو بێت.

دیارە ئەوە ئاشکرایە کە لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە شار لە ئەنجامی گواستنەوەی کۆمەڵگە لە قۆناغی ژیانی لادێ یان قۆناغی ئابووری فیودیالیەوە بۆ قۆناغی ئابووری سەرمایەداری درووست دەبێت، کە لە ئەنجامی ئەو پەرەسەندنەدا شار ھێزی کار لە لادێوە بەرەو لای خۆی رادەکێشێت‌و لەو سەروبەندەشدا بازاڕی ناوخۆو بازاڕی ھاوبەش‌و چینی ناوەند درووست دەبێت، کە ئەو چینەش بەرھەمھێنی کەلتووری شارو عەقڵی شارەو بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی کوردیش کە لە رووی سیاسی‌و ئیدارییەوە داگیرکراو و دابەشکراوبووە، درووستبوونی چینی ناوەند، ئەگەر درووست ببووایە، رۆڵی دیارو لەبەرچاوی دەبینی لە ھەڵگرتنی ئەرکە دیموکراسیەکاندا کە مەسەلەی نەتەوایەتیش دەکەوێتە ئەو رووبەرەوە. بۆیە دەشیا لەگەڵ درووستبوونی شاردا ئەگەر شار لە ئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵایه‌تیدا درووست ببووایە، چینی ناوەند ببووایەتە خاوەن‌و ھەڵگری پرۆژەی نەتەوەیی کوردی‌و لەو سەروبەندەشدا کورد بە ئاراستەی رزگاربوون‌و سەربەخۆیی ھەنگاوی بنایە‌و لەبارێکی وەھاشدا ئەو شارەی کە بابانەکان درووستیان کرد تا بیکەنە پایتەختی میرنشینەکەیان، ئەوا ببوایەتە پایتەختی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. بەڵام دیارە سلێمانی سەرباری ئەوەی کە وەھا درووستکراوە کە ببێتە پایتەختی میرنشین بەڵام خاسێت‌و سیفاتەکانی شاری وەکو شارێکی سرووشتی ھەڵنەگرتووە‌و تەنانەت ئێستاش پاشی تێپەڕبوونی دوو سەده‌ و سی و دوو ساڵ بەسەر درووستکردنیدا تاکو ئێستاش لە گەوھەردا زیاتر لەوەی خاسێتەکانی شاری ھەبێت خاسێتەکانی گوندی ھەیەو تاکو ئێستاش سلێمانی بە شێوەیەکی ئاسۆیی بە پێی ناوچەو خێڵ‌و عەشیرەتەکانی ئەو رووبەرە جوگرافیایەی کە پێی دەگوترێت سلێمانی، دابەشکراوە.
میرنشینی بابان دوای گواستنەوەی بۆ پایتەختی نوێی کە سلێمانی بووەو بە تایبەتیش سێ دەیەی کۆتایی تەمەنی میرنشینەکە، دەبێتە زەمینەی دوو دیاردەی دیارو لەبەرچاو کە تاکو ئێستاش کاریگەری‌و ئاسەواری ئەو دوو دیاردەیە نەک تەنیا بەسەر سلێمانییەوە بەڵکو بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە دیارو لەبەرچاوە. یەکەمیان بوونی سلێمانییە بە زەمینەی نوێ بوونەوەی رێبازەکانی تەسەوفی نەقشبەندی‌و قادری‌و زیاتر ئاشکرابوونی ململانێ‌و ناکۆکی نێوان ئەو دوو رێبازە کە لە گەوھەردا بریتی بووە لە ناکۆکی‌و ململانێی فیکری‌و ئایینی کە لوتکەی ھەرەمی دەسەڵاتی بابانیش دەوری دیاری ھەبووە لە زیاتر برەو پێدانی ململانێکەداو سەرئەنجامیش پشتگیری کردنی لوتکەی دەسەڵاتی میرنشین لە شێخ مارفی نۆدێ‌و لە رێبازی قادری بوونەتە ھۆی ئاوارە بوونی مەولانا خالیدی نەقشبەندی‌و تا ئەندازەیەک لەباربردنی بۆچوونەکانی مەولانا کە دەشێ وەکو پرۆژەیەکی بە ئاکام نەگەیشتوو لێی بڕوانرێت. كه‌ ده‌شیا پرینسیپه‌كانی رێبازى نه‌قشبه‌ندى و هه‌ستی لاوازى نه‌ته‌وه‌یی كوردى نیوه‌ى ییوه‌ى یه‌كه‌می سه‌ده‌ى نۆزده‌ یه‌كیان بگرتایه‌ته‌وه‌و له‌وێوه‌ ده‌ستپێكی پرۆژه‌ى ناسیونالیزمی كوردى ده‌ستی پێبكردایه‌، دیاره‌ كه‌سێتی مه‌ولاناو رێبازه‌كه‌شی وه‌كو رێبازى به‌شه‌كانی خواره‌وه‌ى خه‌ڵك زیاتر پاڵپشتی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌كه‌ن. به‌َڵام دیاره‌ ئه‌وه‌ له‌ به‌دبه‌ختی كورددا رووینه‌دا. کەواتە دەشێ وەھا سەیر بکرێت کە سلێمانی لە سێ دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەھەمدا زەمینەی ململانێی فیکری بووە‌و تەنانەت دەشێ وەھاش لێکبدرێتەوە ھەر لەو قۆناغەدا تووندو تیژی فیکری‌و تەنانەت ھەوڵیش بۆ جۆرێک لە تیرۆری فیکری لە سلێمانیدا دەرکەوتووە کاتێ کە ھەوڵی کوشتنی مەولانا دراوە.
دووەم دیاردەی لەبەرچاو لە سێ دەیەی دوایی تەمەنی میرنشینی باباندا دەرکەوتنی بەرھەمی داھێنەرانەی شیعری کوردییە لە سنووری ئەو میرنشینەداو بە تایبەتیش لە سلێمانیدا کە ئەویش لەسەر دەستی شاعیرانی بابان، نالی‌و سالم‌و کوردیدا بووە کە بە سێ کوچکەی بابان ناسراون. ئاستی داھێنانی ئەم شاعیرانە بە جۆرێک بەرزو نایاب بووە کە لە مێژووی شیعری کلاسیکی کوردیدا دیارو لەبەرچاو بووەو تاکو ئێستاش وەکو ئەزموون‌و ئاستێکی بەرز لە داھێنان سەیر دەکرێت. ھەرچەندە لە راستیدا ئەزموونی شیعری سێ کوچکەی بابان سەرباری ئاستی باڵای داھێنان تیایدا لە رووی جیھانبینی شیعری‌و بەرھەمھێنانی شیعرێتەوە، بەڵام جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ نێو کەلتوورو ھونەری شیعری کلاسیکی عەرەبی‌و فارسی تێدایە بە تایبەتی لەو سەردەمەدا زمانی شیعری کوردی شووناسێکی تایبەتی ھەبوو کە بە شێوەزاری گۆرانی‌و بە کێشی پەنجە بووە کە ئەویش کێشی گاتاکانی ئایینی زەردەشتیە کە وەک ئاشکرایە ئەو ئایینە پێشتر پەیامی رۆحی کورد بووەو کێشی گاتاکانیش ھەمان کێشی فۆلکلۆری کوردییە کە ئەوەش جۆرێک لە رەسەنایەتی شیعری شێوەزاری گۆرانی نیشان دەدات‌و ئەم شێوازە زیاتر پەیوەستە بە گوتاری نەتەوەیی کوردییەوە. نالی‌و ھاوڕێکانی لە زمان‌و کێش‌و بینای شیعریدا کودەتایەکیان بەسەر ئەو شێوازەدا کرد کە زیاتر سیمای کوردیبوونی ھەبوو، لە بری ئەو گەڕانەوە بۆ بەکارھێنانی کێشی عەرەبی کە کێشەکانی خەلیلی ئەحمەدی فەراھیدییە. ھەروەک لە ھەندێ کاتیشدا گەڕانەوە بۆ مەسنەوی فارسی دەبینرێت کە ھەردوو حاڵەتەکە ئاراستەیەکە بە پێچەوانەی ئاراستەی بیناکردن‌و بەرھەم ھێنانی گوتاری نەتەوەیی کوردییەوە کە لە شیعری شێوەزاری گۆرانیدا خۆی دەبینیەوە. بەڵام دیارە لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی داھێنانی شیعری کلاسیکی کوردی لەم قۆناغەدا بە گشتی‌و لە لای نالی بە تایبەتی تاکو ئێستاش بە جۆرێک بەرزو باڵا بووە کە بووەتە جێگای سەرنج‌و لەسەر ئاستی کوردستانیش لایەنگرو شوێنکەوتووی زۆری بۆ درووستبووە بە جۆرێک دواتر لە لایەن ئەو کەسانەوە کە ھەوڵی نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی کوردییان داوە ئەم شێوازە شیعرییە بە قوتابخانەی شیعری بابان، یان سلێمانی ناوبراوە، کەواتە ھەر لەسەردەمی باباندا بە جۆرێک لە جۆرەکان سلێمانی خۆی وەکو پایتەختی رۆشنبیری کوردی پێشکەش کردووە. ھەڵبەت ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە شارو شارۆچکەو گوندەکانی تری کوردستان ھیچیان پێشکەش نەکردووەو ھەموو شتێ ھەر سلێمانی بووە، نەخێر بەڵکو قسە لەسەر ئەوەیە کە پێگەی سلێمانی لە بواری رۆشنبیری کوردیدا لە کوێدابووە. ئه‌گینا كه‌س ناتوانێت پێگه‌ى مه‌لاى جزیرى و ئه‌حمه‌دى خانی و شاعیرانی زارى گۆرانی بخاته‌ دواى ئه‌زموونی شیعرى بابانه‌وه‌.
لەسەروبەندی جەنگی یەکەمی جیھانیدا سلێمانی دەبێتە ناوەندی راپەڕینەکانی شێخ مەحمودی حەفید کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی راپەڕینەکانی کورددا، داوای پێکھێنانی حکومەتی کوردی لە باشووری کوردستان دەکرێت. راستە پێشتر شێخ عوبەیدوڵای نەھری‌و دوای ئەویش شێخ عەبدولسەلامی بارزانی داواکاری جۆرێک لەسەربەخۆیی سنوورداریان بەرزکردۆتەوەو خەباتیان لە پێناودا کردووە بەڵام داواکارییەکانی شێخ مەحمود لەسەر زەمینەی واقیع‌و لەسەر جوگرافیای سلێمانی جێبەجێکراوە ئەگەرچی دواتر بەھۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی ئینگلیزەکان‌و جووتبوونی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ عەرەبی عێراق بووەتە ھۆی ھەرەس پێھێنانی حوکمڕانییەکەی شێخ مەحمود بەڵام لە رووی مێژووییەوە ئەو حوکمڕانییە بایەخێکی زۆری ھەیەو وەکو سەرەتایەکی بەھێزی داواکاری ناسیونالیستانەی کورد سەیر دەکرێت، ئەگەرچی لەو قۆناغەدا ناسیونالیزمی کوردی لە ئاستێکی ھێجگار لاوازیشدا بووە. ھەر لەسەروبەندی دەسەڵاتدارییەکەی شێخ مەحموددا چالاکی رۆشنبیری لە سلێمانیدا دەرکەوتووەو رۆژنامە دەرکراوە کە نوخبەیەک لە رۆشنبیرەکانی ئەو سەردەمە لەو بوارەدا رۆڵیان ھەبووە.
سلێمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بووەتە زەمینەی نوێبوونەوەی شیعری کوردی بە جۆرێک تاکو ئێستاش کاریگەری ئەو تازەگەرییە شیعرییەی لە سلێمانی‌و کە لە لایەن چەند شاعیرێکەوە دەستی پێکردو گۆرانی نەمر بووە کارەکتەری سەرەکی‌و رابەری ئەو بزووتنەوە شیعرییە کە گواستنەوە بوو لە شێوازی کلاسیکەوە بۆ شێوازی نوێ، جۆرێک بووە لە دابڕان لە مێژووی کەلتووری کوردیدا‌و ئەم گۆڕانکارییە لە شیعری کوردیدا لە ماوەیەکی کورتدا جوگرافیای کوردستانی گرتەوە‌و لە شوێن‌و جیگاکانی تری کوردستانی گەورەدا شاعیرانی تر بەشداری ئەو رەوتە نوێیەیان کرد کە لە سلێمانییەوە دەستی پێکرد. لە ساڵی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٩لە سلێمانی گۆڤاری گەلاوێژ دەرچوو کە بۆ ئەو قۆناغە رۆڵێکی دیاری ھەبووە لە بواری رۆشنبیری کوردی‌و پەرەپێدانیدا. ھەروەک چەندین رۆژنامەو گۆڤاری تر لە سەدەی بیستدا لە سلێمانی دەرچوون‌و چەندین کتێب چاپکراوەو ھەر لە ساڵی بیستەکانەوە چاپخانە ھێنراوەتە سلێمانی‌و زۆرێک لە خوێندەوارانی ئەو قۆناغە لە دەوری چاپخانەو رۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوەکان کۆبوونەتەوە‌و بە ئاشکرا ھەستکراوە کە بزووتنەوەیەکی دیاری رۆشنبیری لەم شارەدا ھەیە. کاروانی نوێی شیعری کوردیش واتە نەوەی دوای گۆران پێیەکی بەھێزی لە سلێمانی بووە ئەویش شانبەشانی رابەرانی تری شیعری نوێی کوردی لە جێگاکانی تری کوردستان شێوەی بزووتنەوەیەکی دیاری وەرگرتووە.
لە بواری چیرۆکدا گۆڤاری گەلاوێژ بووەتە مینبەرێکی باش بۆ برەودان بە بڵاوکردنەوەی ئەم ژانرە نوێیە ئەدەبییە کە دواترو لە ساڵانی پەنجاکان بۆ دواوە ئەم ژانرە ئەدەبییە لە کوردستاندا گەشەی کردووەو لەو رووەشەوە سلێمانی وەکو ناوەندێکی رۆشنبیری لە کوردستاندا رۆڵێکی دیاری ھەبووەو شانبەشانی محەمەد مەولود مەم، حسێن عارف پێشەنگی ئاستی داھێنانی چیرۆکی ھونەری کوردی بووەو دوای مێژوویەکی درێژی ئەدەبی لادێ یان کۆمەڵگەی لادێ لێرەوەو لای حسێن عارف ئەدەبی شار دەست پێدەکات، بە دوای ئەویشدا چەندین ناوی تر بەشداری دیاریان لەو بوارەدا کردووە. سەرەتای حەفتاکان کاتێ ململانێ‌و گفتوگۆی ئاشکرای نێوان ئاراستە ئەدەبی‌و رۆشنبیرییەکان لە کوردستاندا بەرەو فۆرمەلەبوون دەچوو کە بزووتنەوەی روانگە لەو رووەوە دیاربوو، ھێزی سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە لە سلێمانی بوو.
لە رووی سیاسیشەوە زەمینەی پێکھێنانی کۆمەڵەی رەنجدەران وەکو رێکخراوێکی نوخبەی رۆشنبیر کە دەیوویست لە ژێر ھەژموونی پارتی‌و شێوازی سەرکردایەتی ھەرەمی‌و تەنانەت کاریزمی نێو پارتی بێتە دەرەوە. کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان پێگە سەرەکیەکەی لە سلێمانی بوو کە دواتر رۆڵی دیارو لەبەرچاوی لە بواری رۆشنبیری سیاسی‌و شۆڕی چەکداری‌و بەرگریکردن لە کوردو مافە رەواکانیدا بینی. لە بوارەکانی ھونەردا دیسان شان بەشانی شارو شوێنەکانی تری کوردستان سلێمانی ئامادەبوونێکی دیاری لە کوردستاندا ھەبووە.
سەرباری ھەموو ئەمانە سلێمانی لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا پێگەیەکی دیاری ململانێ سیاسیەکان‌و ناکۆکیە فیکری‌و سیاسی‌و حیزبیەکان بووەو ھەمیشە وادەردەکەوێت کە شارێک بێت پڕ لە جوڵەو ناکۆکی‌و ململانێ. لەسەرەتای سەدەی نۆزدەوە چۆن زەمینەی دوو رێبازەکە بوو، بەھەمان شێوە ئەو دیاردەیە لە دوای درووستبوونی دەوڵەتی عێراقی‌و لکاندنی باشووری کوردستان بەو دەوڵەتەوە لە نێو گروپ‌و دەستە کۆمەڵایەتی‌و فیکری‌و حیزبییەکانی ئەم شارەدا دیارو ئاشکرا بووە. لە پەنجاکان بە دواوە جێگای ململانێی شیوعییەکان بووە لەگەل پارتی‌و ناسیونالیستەکاندا. ھەندێ جار ئەو ناکۆکی ململانێیە گەیشتۆتە ئاستی تەقینەوەو لە شەستەکاندا جێگای ناکۆکی نێوان باڵەکانی پارتی بووە. لەم ماوانەی دوایشدا ھەرچەندە ئەم شارە وەکو لانکی یەکێتی نیشتیمانی دەردەکەوت بەڵام بوو بە یەکەم زەمینەی سەرھەڵدان‌و دەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز بەرامبەر بە دەسەڵاتی یەکێتی‌و پارتی کە ئەوەش کاریگەری ئاشکرای لەسەر پێگەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا داناوەو درووستبوونی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەھێزەش دەرئەنجامی نەتوانینی بێدەنگبوونی ئەم شارەیە بەرامبەر بە ھەر ھێزو گروپێک کە پشت لە خواست‌و داواکارییەکانی جەماوەر بکات. کەواتە دەتوانین بڵێین سلێمانی ئەو شارەیە کە ناتوانێت لەگەڵ کەس بێت‌و ناشتوانێت بە ئاسانی لە ئەوانە قبوڵ بکات کە لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان‌و دەستەو گروپ‌و کەسە نزیکەکانیاندا پێ لە بەرژەوەندییەکانی گەل‌و نیشتیمان دەنێن. ئێستا سلێمانی شاری گروپە جۆراو جۆرەکانەو لەو رووەشەوە تا ئەندازەیەک خاسێتی شاری ھەیەو سەرباری ھەژموونی نادرووستی حیزبە سیاسیەکان‌و دەسەڵاتی نائاسایی نوخبەی سیاسی کوردی بەسەرییەوە بۆ ئەوەی دەنگی کپ بکرێت بەڵام ئەگەر تۆ ھاووڵاتیەک بیت وەکو من‌و لە ناو خەڵکی ئەم شارەدا ھەڵبسیت‌و دابنیشیت، ئەوا بۆت دەردەکەوێت کە کەلتووری باوی ئەم شارە ئەو کەلتوورەیە کە بڕوای بە بوونی تاکەکەس‌و توانا‌و لێھاتوویی تاکەکەس ھەیە‌و ھەر ئەوەش وایکردووە کە لەم شارەدا لە لە دوای شێخ مەحمودی حەفیدزادەوە لە بری درووستبوونی سەرکردەی کاریزمی‌و رابەری تاک‌و تەنھاو گەورە ئەو کادیرە جۆراو جۆرانە درووست دەبن کە ئەندامی ئاسایی ناو کۆمەڵگەن‌و کوڕو نەوەی خێزانە ئاساییەکانی ئەم شارەن‌و ھەر ئەوانەش لەم شارەدا دەتوانن بوون‌و ئامادەبوونیان ھەبێت چونکە خۆیان درووست بوون. راستە ئێستا حیزبە کوردییەکان بوون بە پشت بۆ درووستکردنی بە ناو ھەندێ سەرکردە لەم شارەدا کە زۆرینەشیان خەڵکی دەرەیوەی شارن‌و ئەگەر لە حیزبەکانیانیان بھێنیتە دەرەوەو ئەو سەروەت‌و سامانەیان لێ وەربگریتەوە کە لە داھاتی گشتی خەڵک‌و نیشتیمانیان دزیووە ئەوا لە سفری دوای فاریزەش کەمتر دەبن. بەڵام لە پاڵ ئەوانەدا بە ھەزارەھا کەس لەم شارەدا لەسەر پێی خۆی راوەستاوەو لەسەر بنەمای ئامادەبوونی خۆی بوونی ھەیە، ھەرچەندە دەسەڵاتی سیاسی کوردی ئێستا رێگا بەو سواپایە نادات ئەرکی بەڕێوەبردنی شارو وڵات بگرێتە ئەستۆ، بەڵام مێژوو رەوتی خۆی دەکات‌و قۆناغی بەلاوەخستنی عەقڵی شارو تواناو لێھاتوویی تاکە بێپشتەکان کۆتایی دێت، ئەوەش ئەو کاتە دەبێت کە مێژووی سلێمانی وەکو شار دەست پێدەکات‌و عەقڵی شار تیایدا باڵادەست دەبێت. سلێمانی کاتێ دەبێت بە پایتەخت کە تیایدا عەقڵ‌و کەلتووری شار باڵادەست بێت‌و کۆتایی بە عەقڵی خێڵ‌و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی خێڵ‌و دەسەڵاتی ئەو نوخبە سیاسیە بێت کە نە دەتوانن لە کەلتوورو عەقڵی شار تێبگەن نە دەتوانن دان بە بوونی ئەو کەلتوورەدا بنێن نە دەتوانن کار بۆ بەرھەمھێنانی ئەو کەلتوورو عەقڵە بکەن نە دەتوانن پارێزگاری لە بوون‌و کەرامەتی تاکەکەس بکەن نە چاویشیان بەوەدا ھەڵدێت کە لە سلێمانیدا عەقڵ‌و کەلتووری شار پێبگات‌و پەرە بسەنێت چونکە ئەگەر کەلتووری شارو عەقڵی شارو ئەخلاقی شارو ئەتەکێتی شار لە سلێمانیدا باڵادەست بێت کە تەنیا ئەو کاتەش سلێمانی دەبێتە پێشەنگ‌و پایتەخت ئەوە بچووکترین بوارو تەسکترین رووبەر بۆ ئەو عەقڵە سیاسیەی ئێستاو بۆ ئەو نوخبە سیاسیەی ئێستاش نامێنێتەوە کە بەبێ ئەوەی نە لە رووی بوون‌و ئینتیماوە نە لەرووی عەقل‌و رۆشنبیری‌و تێگەیشتنەوە شاریین ‌و لەشار تێبگەن کە ھەر ئەوەش وای لێکردوون بەرببنە جەستەی شارو نیشتیمان بە گشتی‌و لە پێناوی خۆیان‌و حەزو ئارەزووەکانیان‌و بەرژەوەندییە تاکەکەسی‌و حیزبییەکانیاندا ئەو جەستەیە دەیان جار خەڵتانی خوێن بکەن. ئەوەی کە ئێستا بانگەشەی بۆ دەکەن کە سلێمانی دەکەنە پایتەختی رۆشنبیری جگە لە فریودان‌و خەڵەتاندنی جەماوەر ھیچی تر نییە چونکە سلێمانی پێویستی بە کارو بیناکردنه‌و جەماوەرەکەشی پێویستی بە ئازادی‌و دیموکراسی گێڕانەوەی ئەسڵی کەرامەتی کوردیەتی‌و نەتەوایەتی‌و عەدالەت‌و یەکسانیە، پێویستی به‌ ژیان و ره‌فاهیه‌ته‌، چونکە سلێمانی تەنیا کاتێک دەبێت بە پایتەخت کە جەماوەری سلێمانی لەسەر ئاستی تاکەکەس لەم شارەدا بە تەواوی ھەست بکات خاوەنی بوون‌و ھەموو مافەکانی خۆیەتی‌و ئەوەی بەڕێوەی دەبات خۆیەتی‌و لە خۆیەتی‌و لە ئاستی ئەوەدایە بەڕێوەی ببات. نەک وەکو ئەوەی ئێستا کە ئەوەی بە تەنگ کەرامەت‌و ویژدانی خۆیەوەیە، ئەوەی ھەست‌و ھوشیاری ھەیەو دەتوانێت تێبگات ھەست بکات کە غەریب‌و نامۆیە لەم شارەداو بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ھەمان چرکەساتەکانی ئەو قەلەق‌و نیگەرانیەدایە کە پێشی نزیکەی سەدو نەوەد ساڵ وای لە مەولانا کرد شار بەجێبھێڵیت‌و رێگای ئاوارەی بگرێتەبەرو پرۆژەکەشی لەبار ببرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت