بورهان شێخ ڕەئوف: بوومەلەرزەى ترامپ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرکەوتنى دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەى ئەمریکادا، وەکو بوومەلەرزەیەک بوو بۆ هەموو ئەو ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنووس و نووسەرو شرۆڤەکارانەى، کە هەموو سەرکەوتنى ڕکابەرەکەى ترامپ، هیلەرى کلینتۆن یان لاى خۆیان بە سەرکەوتوو براوە مسۆگەر کردبوو. بۆیە تا ئێستاش ئەوان و زۆر ناوەندى میدیایى و ڕاپرسى تووشى شۆک بوون بەو سەرکەوتنەى ترامپ.
ئەگەرچى لەدواى ڕاگەیاندنى ئەنجامە سەرەتاییەکان و سەرکەوتنى ترامپ لە چەند شارێکى ڕۆژهەڵات و خۆرئاواى ئەمریکا هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینى نیگەرانى و ناڕەزایى بەرامبەر بە سەرکەوتنى ترامپ دژ بە بیرو بۆ چوونەکانى بەرامبەر بە کۆچبەران و کەمینە ئیتنیکى یەکان.
لە لایەکى ترەوە سەرکەوتنى ترامپ وەکو چاودێرانى دۆخى ئەو وڵاتە باسى دەکەن بوونى ئەو درزو بۆشاییە گەورەیە کە لە نێوان وتارى میدیایى دەستەبژێرى لیبراڵى سەربە کۆمپانیا گەورەکان و کە لە شارە گەورەکانى کەنارەکان نیشتەجێن لە لایەک و چین و توێژێکى بەرینى خەڵکى کەم دەرامەت کە لە گوندو ناوچە دوورە دەستەکانى ناوەڕاستى ئەمریکا نیشتەجێن کە زیاتر خەڵکى هەمەچەشن و پارێزگارى داب و نەریتەکانیان دەکەن کە ئەمانە هەواڵ و زانیارى لە کەناڵى ڤۆکس ى ڕاستڕەو و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەردەگرن لەلایەکى ترەوە.
لە هەمان کاتدا گروپێکى تر لە شرۆڤەکاران و چاودێرانى هەڵبژاردنەکە سەرکەوتنى ترامپ بۆ فاکتەرى ئابوورى یان ڕەگەز (ئتنیک ) تەنانەت پیاوەتى کە وادیارە کۆمەڵگاى ئەمریکى هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قەناعەتەى ژنێک سەرکردایەتى بکات یان کارلێککردنى هەموو ئەوانە دەگەڕێننەوە.
هەموو ئەوانە لە ناوخۆى ئەمریکا، لە دەرەوەى ئەمریکاش خوێندنەوەى جیاواز دەکرێت بۆ سەرکەوتنى ترامپ تەنانەت ئەوروپیەکان بە گوێرەى هەندێ سەرچاوە لە برۆکسلەوە بە بوومەلەرزەیەکى گەورەى دەبینن کە هەموو بنەماکان هەڵدەتەکێنێت و بە ئاماژە بۆ ئەو وتارو بەڵێنانەى کە لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا وتویەتى کە ئەوروپیەکان بە نیازن ستراتیجیتێکى نوێ دابنێن کە بۆ لەمەودوا زیاتر پشت بە تواناکانى خۆیان ببەستن.
چینیەکان تا ئێستاش ئەوەى من ئاگاداربم برووسکەى پیرۆزبایى سەرکەوتنیان ئاڕاستەى ترامپ نەکردوەو لە هاوینى ڕابردوەوە کۆبوونەوەى چڕوپڕیان لە سەر ئەگەرى سەرکەوتنى ترامپ گرێداوەو لێکۆڵینەوەو چاودێرى وردى دۆخەکە دەکەن.
ئێرانیش دوێنى ڕێکەوتنێکى گرنگى هاوکارى سەربازى و بەرگرى لەگەڵ چین واژۆ کرد، بۆ لە ناوبردنى تیرۆر و ئەنجامدانى مانۆڕى هاوبەش لە هەمانکاتدا وەکوو وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانى ترامپ کە ڕێککەوتننامەى ( 5+1) هەڵدەوشێنێتەوە،
لە هەمانکاتیشدا شاندێکى پەرلەمانى ڕووسى لە تارانە بۆ واژۆکردنى گرێبەستێکى گەورەى چەک کە مەزەندە دەکرێت بایى زیاتر لە 10 بلیۆن دۆلار بێت .
ئەوەى گرنگە بیڵێیین: هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا پەیوەندى بە هەموو کەس و ولاتێکەوە هەیە، بۆیە ئێمەش قسەى لەسەر دەکەین لەبەرگرنگى ڕۆڵى ئەمریکا لەسەر ئاستى جیهان و ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوینیش.
دۆناڵد ترامپ جیا لە سەرۆکەکانى پێشووتر کە لە دامەزراوەى حوکمڕانى ئەو وڵاڕتەوە هاتبوون یان سیناتۆر بوون یان حاکمى یەکێک لە ولایەتەکان یان وەزیر  و… تد. بەڵام ئەم ملیاردێرێکى ناو بازاڕەکانى موڵک و عەقارات هەروەکو دەڵێن ساڵێک پێش ئێستا خەڵکى گاڵتەیان بە وتەو لێدوانەکانى دەکرد .
ئەوەى پەیوەندى بە کوردەوە هەبێت ترامپ بە جەنگاوەرى باش ناوى دەبات و سەرسامە پێیان. ئایا کورد دەتوانێت ئەو قەناعەتە بگۆڕێت لاى بۆ ئەوەى وەکو هاوپەیمانێکى ستراتیجى هەماهەنگى لە گەڵدا بکات؟
ئەوەى ماوەتەوە بیڵیێن لە کۆتاییدا کە گومانى تێدا نیە سەرکەوتنى ترامپ کاریگەرى گەورەى بە سەر شانۆى ڕووداوەکانى جیهانەوە هەیە و بە تایبەتى لە دواى لێدوانە ئاگرینەکانى لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا دەربارەى بنیاتنانى دیوارى جیاکەرەوە لە گەڵ مەکسیک و، دانانى کۆت و کۆسپ لە سەر هاتوچۆى عەرەب و موسڵمانەکان بۆ ئەمریکاو وەدەرنانى زیاتر لە 3 ملیۆن کۆچبەرى نایاسایى لەو وڵاتە هەڵوەشاندنەوەى یاساى ئۆباماکیر .
ئەوەى جیهان و ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین چاوەڕوانى دەکات لە دواى دەست بەکاربوونى ترامپ ئەو پرسیارەیە ئایا کێشە و قەیرانە ئاڵۆزەکانى سوریا و عێراق و یەمەن و لیبیاو چارەسەر دەکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت