کاوسێن بابەکر: فەرمانبەر لەنیوان بەرداشی بەغداو هەولێردا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیستمی شکستخواردوی بەغداو هەرێم، بەشێوەیەک بەسەر یەکدا ترشاوە، جگە لەبۆگەنیوی گەندەڵی و گەندەڵکاران، ئامانجی ژیان وسیاسەت کە دەبێ خودی مرۆڤ بێ وهیچیتر، هێندە کاڵبۆتەوە، کەس وحزب و بنەماڵە و مەزهەب جێی گرتۆتەوە. کاتێکیش مرۆڤ لە ئامانج بوون دەترازێ، ئیدی هەموو شتێک بەسەر یەکدا قڵپ دەبێتەوە، لێرەوە هەموو شتێک بۆی هەیە پیرۆزبکرێ، ئەوەتا کەسانێک پیرۆزدەکرێن کە دەیانکەن بەهێڵی سوور و لەسەروی قانوون و دەستوورەوە دایان دەنێن، پارتەکان، مەزهەبەکان پیرۆزدەکرین و ئەوانی دی جگە لەپارتی خیانەتکارو مەزهەبی کوفرو ناهەق شتێکی تر نین! ئیدی لێرەوە مرۆڤ هیچ بەهایەکی نامێنێ لەدەرەوەی مەزهەب و سێبەری کەسی سەرکردەدا!.
سەیرکە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دوور لەهەموو پاساوێکی قانوونی و بەبەرچاوی هەموو دونیاوە، بژێویان کەتەنها مووچەیەکە لێیان دەبڕن و هەر بەهەوەس ولەئەنجامی شکەستی حکومەتداری و نەزانیان لەکاروباری ئیداری و دەولەتداری چارەگە مووچەیەکیان بۆ دەهێڵنەوە، کە بەشی ژیانێکی نەمر نەژی ناکات!. کاتێ دەیان پڕۆژەی جوانیش پێشکەش دەکری بۆ چارەسەری ئەو گەندەڵی و دزی و تاڵانیە، بەپیریەوە ناچن کاتی نوێنەرانێک لەبەغدا داوادەکەن بەغدا چارەسەری ئەم کێشە گەورەیە بکات، هەر زۆر بەئاسانی ووشەی خیانەتیان بەبەردا دەکەن!.
من دڵخۆش نیم بە گەڕانەوە بۆ بەغدا، لەبەر دوو هۆ:….
یەکەم: بەغدا لە هەولێر شکستخواردوو تر نەبێ کەمتر نییە وهەمیشەش لەپشت هەنگاوێکیانەوە بۆ هەرێم سیاسەتیک هەیە کە کەڵپەکانی فاشیزمی هەڵگرتووە.
دووەم: ئێمە لەکاتیکدا هەمووهەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی هەموو سەرەداوەکان بپسێنین ئەگەر ئەم داوە هیج پەیوەندیەکی بەسیاسەتیشەوە نەبێ، بۆ ئەوەی ڕۆژێک زووتروهەنگاوێک زیاترلە دەوڵەتی سەر بەخۆی خۆمان نزیک بینەوە، ئێستا لەڕێگەی پەیوەندیەکی داراییەوە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا، بە هیچ شێوەیەک بەکاریک ئەقڵانی نابینم، هەرچەند هێشتا سەرکردەکانمان لەکاک مەسعودەوە بۆ نێچێربارزانی و تەواوی مەکتەب سیاسیەکانی حزبەکان بەردەوام دەرگای بەغدایان بەئاواڵەیی هێشتۆتەوە، هەر چەند گومرگ، تەندروستی، بواری سەربازی، سیاسەتی دەرەوە، پەرلەمان،کشتوکاڵ، خۆراک… نەک سەرەداو ئەو سەرەگوریسانەن کە هێشتا ئێمە بەبەغداوە شەتەک دەدەن.
لەکۆتاییدا ناشکرێ، مناڵانی فەرمانبەران و مامۆستایان و تەوای مووچەخۆران برسی بن و بازار و ژیان پەکی کەوتبێ و لەو لاشەوە سەرانی هەرێم بەردەوام بن لەدزین و هەڵلوشینی داهاتی هەرێم و ئامادەش نەبن گوێ لەکەس بگرن و هیچ چارەسەریکیشیان بۆ ئەم دۆخە پێ نەبێ و لەنێو ئەم دوو بەرداشەدا خەڵک ووردووخاش بکرێ، لێرەدا هیچ چارەسەریک نەهێڵنەوە و دەستبەرداری حوکمرانیەکەش نەبن بۆ دەستەیەکی تر، بەم کارەیان دوورنییە دەرگای گەردەلوولێک بکەنەوە کە خۆیان و حکومەتەکەیان بەئاسماندا بەرێ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت