ئومێد بابان: لە نێوان خراپترین و باشتریندا.. كشانەوە و نەكشانەوە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوێنێ چوارشەممە، بارزانی لە وتارێكدا لە بەردەم پێكهاتە جیاوازەكانی شارۆچكەی باشیك، ڕایگەیاند كە هەرگیز هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەو ناوچانە ناكشێنەوە كە بە خوێن ئازادی كردوون، لە بەرامبەردا، ئەمڕۆ پێنجشەممەیش، نووسینگەی ڕاگەیاندنی عەبادی ئاشكرای كرد، بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێ هێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و، خاوەندارێتیی ئەو ناوچانەش دەستوور دیاری دەكات.
ئەگەرچی بۆچوونی جیاواز لە نێوان كشانەوە و نەكشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە نێوان هەولێر و بەغدادا دروست بووە، لێ لێدوانە جیاكانی هەردوو لا ئەوە دەردەخەن، پێشتر سەبارەت بە كشانەوە و نەكشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تەنیا رێككەوتنی زارەكی كراوە و بەغداش بە هەموو كلۆجێك دەیەوێ خۆی لەو رێككەوتنە زارەكی و لاوەكییە بدزێتەوە.
هەرچەندە بەندە بە وردی ئاگاداری رێككەوتنی بەغدا و هەولێر نیم لەسەر كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان، بەڵام باوەڕم وایە، دەبوو پێشتر بە ئامادەبوونی لایەنی سێیەم، یانیش دروستتر، هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش لە ناوچەكە، رێككەوتنەكە بكرابووایە، پتر لەوەش، دەبوو رێككەوتنی سەر كاغەز و بە واژۆی عەبادی و بارزانی سەبارەت بەو پرسە چارەنووسسازە واژۆ بكرایە.
چونكە، بەغدا وەك هەمیشە نە پابەندە بە دەستوور دەرهەق بە هەرێمی كوردستان و نە رێككەوتنە زارەكییەكانیشی جێبەجێ كردووە.
دروستە كابینەكەی عەبادی، میانڕەوتر لە كابینە شكستخواردووەكەی مالیكی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە دەردەكەوت، بەڵام دواجار ئەجێندای وڵاتانی هەرێمی و بەشێك لە دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهانیش، بەسەر سیاسەتەكانی عەبادیدا زاڵن و هەرچی زیاتر دنەی دەدەن تا باشووری كوردستان لە “كیانێكی سەربەخۆ”وە بۆ “دەوڵەتی سەربەخۆ” پەل نەهاوێژێت.
لەو ڕوانگەیەوە، ئەركی قورستر لە دوێنێ، دەكەوێتە ئەستۆی هێز و لایەنە سیاسییە جوداكانی كوردستان، كە هەرچی لە توانایاندا هەیە، ناكۆكییە ناوخۆییەكان وەلا بنێن و ناوماڵی كوردستانیان رێك بخەنەوە، دەرهەق بە قەڵەمڕەوانی بەغدا خاوەن یەك هەڵوێست و یەك بڕیار بن و چۆك بۆ بەڵێنی فشۆڵی بڕیاربەدەستەكانی بەغدا دانەدەن، چونكە لە پەرتەوازەییدا، خوێنی هەموو ئەو شەهیدانە بەفیڕۆ دەڕوات كە لە پێناو بست بە بستی ناوچە تازە ئازادكراوەكانی كوردستاندا بەخشراوە.
پێشتریش گوتوومانە، كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكاندا، لە ڕۆڵی قارەمانانە و بوێرانەی هێزەكانی پێشمەرگە كەم دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی، بەشێكی زۆری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئومێدی زۆری لەسەر ئەو هێزە هەڵچنیوە تا ریشەكێشی تیرۆر لە ناوچەكە و بگرە رۆژهەڵاتی ناوینیشدا بكەن، ئەوە بۆیە، لە نێوان كشانەوە و نەكشانەوەی پێشمەرگەدا لە ناوچە ڕزگاركراوەكان، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و لایەنەكانیش، دەبێ ڕێگای دووەم هەڵبژێرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت