چێنەر جەمال: هەژموونی پەڕش و بڵاویی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چینە کۆمەڵایەتیەکان لە ساتێکی دیاریکراوی مێژوویاندا خۆیان لە حیزبە نەریتییەکان دووردەخەنەوە . واتە چینە کۆمەڵایەتیەکان یاخود بەشێک لەو چینە چیتر حیزبە نەریتییەکەی خۆی و شێوە ڕێکخراوەییە تایبەتەکەی و هەروەها ئەندام و سەرکردە و نوێنەرەکانی ئەو حیزبە بەوە ئەژمارناکات کە قسەکەری ئەون .
ئەمە پەرەگرافێکە لە کتێبی دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی ئەنتۆنیۆ گرامیشی ، کە باس لە ساتێک دەکات کە کۆمەڵگای ئیتاڵی تێیدا دەژی ئەویش شپرزەییە و نەمانی متمانەیە لەنێوان دەستەی فەرمانڕەوا و چینە کۆمەڵایەتیەکانی تر ، کە لێرەوە کێشەکە بۆ کۆمەڵگا دێتە کایەوە ، کێشەی کۆمەڵگا و دەستە فەرمانڕەوا تەنها پەیوەندیەک نییە لەسەر بنەمای باوەڕ و بەکارهێنان و بەخشین و وەرگرتن وەستابێت، کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە لە قۆناغێکدا لە قۆناغەکان پچڕانی پەیوەندیە لەنێوان دەستەی فەرمانڕەواو چینە کۆمەڵایەتیەکانی تردا، کە ئەمە ئەو قۆناغەیە کۆمەڵگای ئێمە لە ئێستادا لەناویدا دەژی، ئەمەش تەنها واناکات کە پێکدادان بەمانای شۆڕش دروست ببێت لەسەرەتاووە، وەک هەمومان ئەزانین مەرجەکانی شۆڕش بوونی گروپێکی ترە وەک جێگربۆ جێگرتنەوەی فەرمانڕەواکانی ئێستا، بەڵام ئەم جێگرەوەیە لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی نییە، بەڵکو بەهۆی چەند پارتێکی سیاسی لەوانە گۆڕان خەونی بوونی بەدیلێک بەهەموو شێوەیەک لەدوا چرکانیدا دەژی .
ئەی ئەگەر هیچ کامێک لەمانە بونی نەبێت، و پەیوەندی چینەکانیش لەئاستی تێکچوندا بێت، چی ڕوودەدات ؟
گرامیشی لەم کتێبەدا لای وایە لە کاتی دەرکەوتنی ئەم جۆرە قەیرانانەدا بارودۆخێکی ترسناک و هەستیار دێتە گۆڕێ ئەویش بەهۆی ئەوەی پانتاییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ڕێ خۆشدەکەن بۆ کۆمەڵێک گروپ و چالاکی نەناسراو، کە هەوڵی ئەوە دەدەن خۆیان وەک گروپ و کەسایەتیە کاریزمایەکانی کۆمەڵگا پێناسە بکەن، کە ئەم گروپ و کەسایەتیانە زیاتر لەناو پەرلەمان و ڕۆژنامەکان و ڕێکخراوە دیاریکراوەکاندا ڕەنگ دەداتەوە و خۆی پەرش دەکات بە جەستەی کۆمەڵگادا ، ئەمە تەنها مانای ئەوە نییە کە گروپە نوێکان بە ئاسانی جێی دەستەی فەرمانڕەوا دەگرنەوە بەڵکو لەم قۆناغەدا پێکدادانی ئەم دوو گروپە گرەو کردنە لەسەر نیشتمان و کۆمەڵگا و پێکدادانەکەش دەگوازرێتەوە لە پێکدادانی سیاسی و نووسین و ڕێخراوەکانەوە بۆ ناو کۆڵانەکان و پانتاییە گشتیەکان .
با ئێستا ئەوەی باسمانکرد چوارچێوە دانان بێت بۆ باری کۆمەڵایەتی و پانتایی سیاسی ئێستای ئێمە و کە بە ڕاستیش ئێمە لەم چوارچێوەیەدا دەژین و پێکدادانی سیاسی و ڕۆژنامەکان و ڕێکخراوەکان لە بەڵاترین قۆناغیدایە و شۆڕبۆتەوە بۆ ناو شێوازی ژیانکردن و باری سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی تایبەتی خولقاندووە لەماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا کە تا ئەوڕادەیەی شێوازی ژیانی لەپانتاییە گشتیەکاندا گۆڕیوە .
لەو کاتانەی کە گروپەجیاوازە سیاسیەکان سەرقاڵی پێکدادانن لەسەر ئاستی فیزیکی و دەروونی، ئەمە بۆ کۆمەڵێکی نەناسراو زێڕینترین کاتە بۆ ئەوەی خۆیان وەک گروپی جەماوەری مانیفێست بکەن و چالاکیەکانیان بەبێ ئاشکرابوون ئەنجام بدەن تا ئەوکاتەی دیاردەکان ئەکەن بە ئەمرێکی واقیع و خۆیان وەک هێز دەسەپەنێنن لەناو پانتاییە گشتیەکاندا، کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەی هەمیشە ئەم هەلانەی قۆستۆتەوە تەنها و تەنها کۆمەڵە ئیسلامیەکان بوون، لە کۆمەڵە ئیسلامیەکان زیاتر مێژووی دوورو درێژی ئێمە هیچ چینێکی کۆمەڵایەتی تری لەناو خۆیدا هەڵنەگرتووە و نەیپاراستوو، لەگەڵ ئەوەی دیاردەیەک لە دوای نیوەی سەدەی ڕابردوودا هەبوو بەناوی چەپ بەڵام ئەمە واناکات وەک چینێکی کۆمەڵایەتی ناوزەند بکرێن چونکە لەو قۆناغەدا چەپ بوون زیاتر لایف ستایل و مۆدێلێک بوو تا ئەوەی هەڵهێنجراوی هزر و کۆمەڵەیەکی خاوەن پرۆگرام و پرۆژە بن و ئەوانەی کە لەو سەردەمەدا نمایشی چەپ بوونیان دەکرد لە ئێستادا هەموو حاجین و خاوەنی کاروباری کۆمەڵ فرۆشین لەناو (بازاڕدا) ، ووشەی بازاڕیشم بۆیە لەناو کەوانەدا دانا چونکە بازاڕ بەهیچ شێوەیەک لە کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی دراوسێشماندا بەمانا ئابووریەکەی بوونی نییە ئەوەی هەیە کاسپیە، کە ئەم ووشەیە تەواو پڕ بە پێست و چوارچێوە کلتووریەکەمانە.
بەڵام ئێمە قسەمان لەوەکرد، کە دوای پچڕانی پەیوەندی چینەکۆمەڵایەتیەکان و مەنزومەی فەرمانڕەواکان چی ڕوودەدات. پێویستە لێرە بپرسین ئەم پەیوەندیە لەکویادا ئەپچڕێت و هۆکار بۆ سوانی ئەو هێڵەی ئەم دوو چینە پێکەوە دەبەستێتەوە چییە ؟
وەڵامێک تا ڕادەیەکی زۆر سادە و ئاسان
هەژموونی چینی باڵادەست و فەرمانڕەوا ، بەکارهێنان (استغلال) بەشێوەیەکی بەردەوام و دوور لە پێدان.

هەژموون
هەژموون پێویستە پێناس بکەین بۆ بەرچاو ڕوونی لەبەر ئەوەی دوو کۆنسێپت لە زمانی ئیگلیزیدا هەیە کە ئەوانیش Hegemony
کە دەکاتە هەژموون بەمانای هەژموون بەسەر هزر و فکر و سایکۆلۆجیادا، کە لێرەدا ئەتوانین بڵێین ئەم کۆنسێپتە لێکچونێکی زۆری لەگەڵ مانای ئایدۆلۆژیا لای ئەلتۆسێر و سلاڤۆی ژیژەک هەیە . dominating
کە لێرەدا مەبەست لە کۆنتڕۆڵکردنە واتە پانتاییەکە پانتاییەکی ماتریاڵیە، و بۆ کوردی هەمان ووشەی هەژموونیان هەیە .
ئەوەی ئێمە لەسەری ئەوەستین هەژموونە بەرامبەر ووشەی هیجیمۆنی. خۆ دووبارەکردنەوەی هەژموون لەیەک فۆرمدا هۆکارێکی سەرەکیە بۆ پچڕانی پەیوەندی دەسەڵات و چینەکۆمەڵایەتیەکان ، لە کتێبی (ڕووداو،هەژموون، بەجیهانیبوون) دا کە ناسراویشە بە (دیالۆگی هەمدەم لەسەر چەپ) کە لەنووسینی (سلاڤۆی ژیژەک ، جودیس باتلەر ، ئێرنیستۆ لاکلاو ) ژیژەک یەکێک لە گرنگترین چەمکەکان و پەرەگرافەکانی ناو دنیای فکر بەرهەمدێنێت ئەویش ئەوەیە کە (هەژموون ئێسکی سیستەمی داپۆشیووە ) واتە ئەوە سیستەم نییە سرکە و هەرکاتێک هەوڵدەدەین پێی بگەیک و ئاشکرای بکەین خۆی بگۆڕێت یان وون ببێت بەڵکو ئەو هەژموون ئەوبەرگەی کە ئێسکی سیستەمی داپۆشیوە هەمیشە لە خۆگۆڕین و خۆبەرهەمهێنانەوەدایە، ئەوکاتەی کە ئەم بەرگە لە توانا ئەکەوێت و ناتوانێت خۆی بگۆڕێت بۆ شێوە جۆراو جۆر ئیتر ئێمە سیستەم ئەناسین ، ئەوکاتەشی کە سیستەمان ناسی و زانیمان ئێسکێکە و کردمانەوە بە ماتریاڵێک لێرەوە خەونە میتافیزیقیەکانی کۆمەڵگا دادەڕمێت و پەشێوی و پچڕانی پەیوەندی دروست دەبێت .
ئەم چەمکەی ژیژەک لە پێکهاتە گشتیەکەی و تێڕوانین لێی ئەمانبات بۆ ژیژەکێک کە بەناوی هیگڵەوە قسە دەکات ، ئەو هیگڵەی کە دەڵێ (ڕۆح ئێسکە ) لە ڕێی جەستەی ژیژەکەوە پێمان دەڵێ بۆ و چۆن ڕۆح ئێسکە ! بەشێکی تر بەکارهێنان دوور لە پێدان کە ئەمە ئاسان بۆ ئێمە خۆی دەدات بەدەستەوە چونکە واقعی کۆمەڵایەتی ئێمە بەبێ پەردە ئەم دیاردەیە نیشاندەدات ، هۆکاری سەرەکی بۆ بەکارهێنانیش نەبوونی قەوارەی سیادی یان دەوڵەتە ، سەرەکیترین کاری دەوڵەت جیاکردنەوەی پانتایی گشتی و پانتاییە تایبەتیەکانە و کۆنتڕۆڵکردن و فراوانکردنی پانتاییە گشتیەکان و تەسک کردنەوەی پانتاییە تایبەتیەکان ، ئەمە تەنها بیرێکی مارکسی نییە بۆ قۆناغی پاش دەوڵەت بەڵکو لێسەندنەوەی هێزە لە کۆمەڵە کەسانێک کە لە هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی هێز و پێگە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانیان بۆ بەدەست هێنان و خۆسەپاندن بەسەر سیاسەت و کلتووردا و دەست تێوەردان لەم کایانە ، بەڵام ئەگەر دەوڵەت ئەم هەوڵانە بەرتەسک بکاتەوە تا ئاستێک کە پانتاییە تایبەتیەکان هێند لاواز بن کە توانای دەستکاری ئەکتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتووریەکانیان نەبێ بۆخۆی گەڕانەوەو بەخشینی هێزە بەخودی دەوڵەت و قەوارەی سیاسی لە ئەنجامیشدا ئەندامانی ناو دەوڵەت یان بەمانایەکی تر چینی فەرمانڕەوا بۆخۆی هێزی تەنها لەناو چوارچێوەی دەوڵەتدا دەبێت و لە دەرەوەی ئەم قەوارەیە هەموو شەرعیەتێک لەدەست دەدات کە ئەمە لە جەوهەریترین گۆڕانکاریەکانە کە کۆمەڵگا لە قۆناغی پەرشیەوە دەگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگایەک کە خاڵێکی هاوبەش تاکەکان بەیەکەوە ئەبەستێتەوە و پانتایی گشتیش دەبێ بە پانتایی ژیانی گشت چینە کۆمەڵایەتیەکان.
دوای ئەمە قۆناغێکی تر خۆی دەسەپێنێ ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەوەی دەوڵەت هەموو کاتێ بۆ پانتاییە گشتیەکەی کۆمەڵگا کار بکات و توشی خراپە و فاسد نەبێ قۆناغی یاسا دێتە کایەوە ، بۆ ئەوەی تاکەکان یان چینە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان بەگشتی دڵنیا بن لە پاراستی بەها و شێوازی ژیانکردنی ئاینی و کلتووری و کۆمەڵایەتیە بەشەکیەکانیان ، داوا بۆ دروست کردنی کۆمەڵێ ڕێسا و یاسا دەدەن کە لە هەموو کاتێک و لەهەر شێوازێکی گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوای و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات ، مافە ماتریاڵی و میتافیزیکیەکانیان پارێزراو بێت بەپێی یاسا، کە ئەویش دەستوورە (بەمانای پرۆگرام بۆ ژیانی هاوبەشی پانتایی گشتی و پارێزگاری لە پانتاییە بەرتەسکەکانی تایبەت).
کە ئەمە لە ئێستادا بە پێچەوانەوە خۆی مانیفێست دەکات لە ژیانی ئێمەدا کۆمەڵە کەسانێک کە بەرجەستەکەر و نمایشکەری پانتاییە تایبەتیەکانن وەک کۆمپانیا گەورەکان هەمیشە لە هەوڵی بچوک کردنەوە و بەرتەسک کردنەوەی پانتایی گشتیە تا ئەو ڕادەیەی کە دەست وەردەنە مەنزومەی سەربازی ، تۆ بۆ نیشتمان شەهید بە من وەک کۆمپانیا کۆمەکی ماڵ و منداڵەکەت ئەکەم کە ئەمە لە ماوەی درێژدا دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغێکی ترسناک ئەویش کۆمپانیای خاوەن هێزی سەربازیە ، ئەمە ئەو کێشە گەورەیەیە کە ئێستای ئەمریکای تێدا دەژی و سەرەتاکانیشی بۆ ئەوقۆناغانە دەگەڕێتەوە کە قەوارەی سیاسی خەریکی وەهمی دوژمنەکەیان کە سۆڤیەتە و جەنگە یەک لەدوای یەکەکانە کاتێکیش هاتنەوە بەر خۆیان بینیان کە پانتاییە گشتیەکان دزەی کردۆتە گشت بەشەکانی جەستەی کۆمەڵگا و دەزگای دەوڵەتەوە بەتایبەتیش دەزگا پاراستن و زانیاریەکانەوە و تا ئەم چرکە ساتەش هیچ بڕیارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی ناتوانرێت بەدەر لە ڕەزامەندی بازرگانە گەورە و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان بدرێت ، کرێی پڕوپاگەندە سیاسیەکان و هەڵبژاردنەکانیش گواستراوەتەوە بۆ سپۆنسەری تایبەت کە کۆمپانیاکانن کۆمپانیاکانیش وا دەدوێن( بە مەرجێک پشتگیریت ئەکەم تۆ جەستەیەک بە و قسەی من پەخش بکە).
بۆ ئێمەش خاوەن کۆمپانیاکان کە زیاتر لە وەبەرهێنانی خانوبەرەدا کاردەکەن تەنها ڕێگای ئوتومبێلەکانیان بۆ پانتایی گشتی هێشتۆتەوەو چیا و دۆڵ و دەشت نەما هەیکەلێکی خانوبەرەی تیا بەجێ نەیەڵن .
کەواتە کاری حیزب لەناو ئەم یاریەدا چۆنە و چییە؟
لە بنەڕەتدا حیزب بۆیە لەدایک دەبێ بۆ ئەوەی لە چرکەساتە مێژووی وچارەنووسزازەکاننی چینەکەی خۆی کاریگەربێت (ئەمە کەلای ئێمە لەهیچ قۆناغێکدا ڕووی نەداوە) لەگەڵ ئەمەشدا مەرج نییە حیزب بتوانێ هەموو کاتێک خۆی لەگەڵ هەلومەرجەکاندا بگونجێنێت .
گرامیشی
لێرەدا گرامیشی مەبەستێتی بڵێت هۆکارێکی تری لێکترازان ئەوەیە کە حیزب لەسەر ئاستی کردار شکست دێنێت بەرامبەر ئەو ڕوانگەیەی کە چینەکەی بەرامبەری هەیانە کە لەسەر ئەساسی ووتاری حیزب دروست بووە .
پاشان حیزب دابەش دەکات بۆ چواربەش بۆ ئەوەی زیاتر مانای حیزب ئاشنابێت
1- گشتی حیزب / حیزبی گشت ، کە مەبەست لێی حیزبە وەک پێگەی جەماوەر بەگشتی.
2- ئەندامەکانی حیزب.
3- بیرۆکراسیەت (دەسەڵاتی سوپا و دەوڵەت) ی حیزب.
4- سەرکردایەتی حیزب.
بیرۆکراسیەتی حیزب قێزەونترین و ترسناکترین کۆمەڵەی ناو حیزبەکان پێکدەهێنن و هەر ئەمانن لەکاتی قەیرانەکاندا هەوڵدەدەن هەموو شتێک بگرنە دەست بەهۆی ئەوەی زۆرترین وەسیلەیان لەبەردەستایە بۆ کۆنتڕۆڵکردن ، لە فەرهەنگی سیاسی و حوکمڕانی ئێمەش ئەمە نموونەیەکی دیارە کە لەکاتی قەیراندا باڵە سەربازیەکانی ناو حیزب لە لوتکەی مومارەسەی دەسەڵاتی خۆیدایە ، کردەوەیەکی نامۆ نییە کە پاسەوانە تایبەتیەکەی تاڵەبانی لەناو ماڵەکەی خۆی دەکوژرێت و پارێزگاری پێشوو لەناو زینداندا هەڵدەواسرێت و هیچ هێزێکیش ناتوانێت لێدوان و ڕونکردنەوە بدات ، ئەوکاتەی کە باڵە سەربازی و ئەمنیەکان خۆیان دەبن بە چینێک و لەدەرەوەی دەزگای دەوڵەت و حیزب هەڵسوکەوت و پراکتیزەی هێز دەکەن ئەمە کارێکە لەساناترین کارەکان بۆی ، لە پێشتریش باسمان کرد کە کۆمپانیا گەورەکان کە دەبێ بە بەدیل و هاوکاری پێشکەش دەکات بە ماڵە شەهید و پێشمەرگەکان ، لەسەر ئەساسی بەهێزبوونی خۆیەتی لەم پانتاییە سەربازیە کەرتبووە لە دەوڵەتە .
ئەمە شەرعیەت سەندنەوەیە لە دەوڵەت و کردنی دەزگا ئەمنیەکانە بە دەستەمۆی کۆمپانیاکان ، لێرەدا سیستەمێکی هێند تۆتالیتار ئەخولقێت (تۆتالیتاری پەنهان ) کە تێکەڵەیەکە لە لە بەربەریەت و ئەشکەنجە و حوکمی پۆلیسی کلاسیکی لە هەناوی تەکنەلۆژیای چاودێری و پەیوەندیەکان .
هەر ئەم هۆکار و کارلێکەیە کە زۆرێک لە بیرمەندانی جیهانی والێدەکات خودی تەکنەلۆجیا بە بەرهەمی ئایدۆلۆجی و وەک خراپەیەک بناسێنن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت