شێرزاد شێخانی: كوفرەكانی یەكێتی پارتی كردە فیرعەون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كلتوری سیاسەتكردن لەنێوان یەكێتی و پارتیدا ئاسمان و ڕێسمان جیاوازن.
سەركردەو كادیرانی قورمشكراوی پارتی هیچكات هەست بەشەرمو شەرمەزاری ناكەن، كاتێك درۆو چەواشەكاریی و فرتوفێڵ ئەبێتە بەشێك لەساسەتكردنیان و وخیانەتی 31 ئاب و پەكخستنی پەرلەمان و بەهەدەردانی سامانی میللەت و دزینی قووتی خەڵكیش بەپیرۆز بزانن. منی كادیری یەكێتی و هەزارانی وەكو منیش لە یەكێتیەكان هیچكات نەترساوین لەرەخنەگرتن لەخودی حزبەكەو سەركردایەتیشمان، تەنانەت سەفقەیەكی سیاسی وەكو سەفقەی 30 حوزەیران بەدرێژكردنەوەی ویلایەتە كۆتاهاتوەكانی مەسعود بارزانیش مەحكوم بكەین. ئێمە مام جەلال پەروەردەی كردوین ئازاو نەبەرد بین لەرەخنەگرتن و داكۆكیکردن لەمیللەت، ئەوانیش بەكۆیلە بونو تەقدیسی سەرۆك و بنەماڵەكەی گۆشكراون.
ئەمڕۆ كە قەیرانێكی بژێوی كوشندە تەنگی بەمیللەتەكەمان هەڵچنیوە، خەڵكی بەبڕینی قوتی مناڵانیان سەرگەردان و ماڵوێران بونە، زۆركەس هەن بەشێك لەبەرپرسیاریەتی ئەم رەوشە ئەخەنە ئەستۆی یەكێتیەوە. هەمیشە ئەم پرسیارە روبەروی یەكێتیەكان ئەبێتەوە” بۆچی یەكێتی كە لەدەسەلات شەریكە هیچ قسەیەكی نیە.
بەر لەهەر شتێك وەكو چاودێرێك نەوەك كادیرێكی یەكێتی دڵگران ئەبم كاتێك هەندێ كەس لەنەشارەزاییانەوە زوڵم لەیەكێتی ئەكەن و ئەیكەن بە شەریكە بەشی ئەم قەیران و نەهامەتییانە، چونكە یەكێتی ئەگەر چی لەدەسەڵاتدایەو لە دوای راپەڕینەوەش بەناو شەریكی پارتیە، بەڵام بەبی هیچ دودڵییەك ئەتوانم بڵێم كەوا یەكێتی هیچكات شەریكی راستەقیینەی پارتی نەبووە لەدەسەڵاتداو رێگەی پێنەدراوە بەرنامەی سیاسی و ئابوری خۆی لەدەسەڵاتدا جێبەجی بكات، راستە یەكێتی وەك هەر حزبێكی تر وەزیریی لە حكومەتدا هەیەو، پۆستەكانیشی زۆرترن لەپشكی حزبەكانیتر، بەڵام هیچكات وەزیرەكانی یەكێتی و كادیرو ئەندامانی لە بەشەكانی تری دەسەلاتیشدا كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نەبوەو، نەیانتوانیوە رۆڵی بریاردەر لەسیاسەتی حكومەتدا بگێڕن، بەحوكمی ترسی یەكێتی لەشەڕی ناوخۆی و پەرۆشی بۆ میللەتەكەی هەمیشە رازیی بوە وەكو هێزی دوەم لەسەر ساحەكەدا رۆڵ بگێڕێ و بەمەش وەكو پاشكۆیەكی پارتی دەركەوتووە. یەكێتی لەزۆر موناسەباتدا ئەم پاشكۆیەتییە رەتئەكاتەوە، بەڵام بەدەیان نمونە هەن لەسەر ئەم پاشكۆیەتیە بەتایبەتیش هەندێكیان دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال زۆر بەزەقی ئەبینرێن، تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی نوسەرێكی بێنرخی دەرباری پارتی جورئەت بكاو داوای وەدەرنانی یەكێتیش بكات لەدەسەڵات هاوشێوەی كودەتاكەی پارتی بەسەر گۆڕانەوەو، ئە ندام و لایەنگرانی لەهەولێرو دهۆك وەدەرنێن و جارێكیتر سنورە وەهمیەكەی” دێگەڵە” تۆخبكەنەوە.
ئەم غروورەی پارتی و تاكڕەوی و گوێنەدانی سەرانی بەیاساو بنەما دیموكراسییەكان، بەشێكیان بەرپرسیارتیەكەی ئەكەوێتە سەرشانی حزبەكەی خۆمەوە بە بەڵگەی :
1- دروستبونی یەكێتی هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستێكی شۆرشگێڕانە بو بۆ رەتكردنەوەی سیاسەتی تەسلیمبون بەئیرادەی دوژمنان و وەڵامدانەوی واقیعی هەرەسی شۆرشی ئەیلول بو، هەر لەسەرەتاوە یەكێتی خاوەنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان هەڵگیرسێنەری شۆرشەكە بو، ئەمەش لەكاتێكدا پارتی و ئەندامانی لەكەرەجو بەشێكی زۆری سەركردەكانیان لە ئەمریكاو ئەوروپا ژیانیان بەسەر ئەبرد، مەفرەزە سەرەتاییەكانی یەكێتی دەستە دەستە دەهاتنە شاخو شۆڕشیان بەرپا كرد، بەڵام دواتر پارتی بەفیتی رژێمی ئێران خۆی خزاندە ناو شۆڕش و سواری شەپۆلەكە بو ، هەر بەهاوكاری ئێرانیش دوای شەڕێكی خوێناوی ناوخۆی شۆڕشیش بوە بەشێك لەسەركردایەتی بەرەی كوردستانی لەشاخ.
2- راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی 1991 بەپلانی یەكێتی و قییادەی مەیدانی خودی كاك نەوشیروان و بە سرودەكانی رادیۆی یەكێتی سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام هەر ئەوسا رۆڵێكی گەورە درایە مەسعود بارزانی و دواتریش لەكاتی دانوستانەكانی كورد لەگەڵ بەغدا بروسكەكان بەناوی ئەوەوە لێئەدران.
3- بەدرێژایی ئەزمونی حوكمرانی دوای راپەڕین تا ئەمرۆ هەشت كابینەی حكومەت دامەزراوە، تەنها حكومەتێك و نیوی بەر یەكێتی كەوتوە. كاتێك مام جەلال تەنازولی لەدو ساڵی یەكێتیش كرد بۆ نێچیرڤان بارزانی، پارتی دو ساڵی بەرامبەری نەدایەوە كابینەی هەشتەمی یەكێتی بەسەرۆكایەتی دكتۆر بەرهەم.
4- لەكاتی بەرێوەچونی هەڵبژاردنەكاندا، هەمیشە یەكێتی بێدەنگی كردوە لەو هەموو تەزویراتەی پارتی ئەیكرد، تەنانەت لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمیشدا، مام جەلال بەم هەمو تەمەن و خەباتە سیاسی و كاریزمایەوە بەشداری لەبانگەشەی هەڵبژاردنی مەسعود بارزانی كرد.
5- لە31 ئابدا كە پارتی گەورەترین خییانەتی نیشتمانیو نەتەوەیی كرد و سوپای بەعسی رژاندە سەر كوردستان و پەرلەمانەكەی، كە بەمەش لەبەر چاوی هەمو كوردو دونیاش رسواو شەرمەزار بو، دیسانەوە یەكێتی دوای دو ساڵ لەو خییانەتە گەورەیە دەستی بۆ پارتی درێژ كردەوەو لەگەڵی ئاشت ببوەوەو لەم خییانەتەشی شوشتەوە.
6- لەدوای یەكگرتنەوەی دو ئیدارەی هەولێرو سلێمانیشدا یەكێتی رازیب و بەوەی یەكەم حكومەتی یەكگرتوی هەرێم بداتەوە دەست پارتی بەئومێدی ئەوەی ئیدارەكە یەكبخاتەوە، بەڵام پارتی زیاتری ئیشی بۆ سەپاندنی دوو ئیدارەیی و دو زۆنی جیاواز كرد.
7- سەرباری ئیمزاكردنی رێكەوتننامەی ستراتیژی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا، بەڵام تا ئەمڕۆش دوای دە ساڵی رێك لە ئیمزاكردنی رێكەوتننامەكە هێشتا یەكێتی ناتوانی بەئازادی لەدهۆك كار بكاو، لەهەولێریش فشاری زۆر خرایە سەر ئەندام و لایەنگرانی، تەنانەت یەك مودیری یەكێتی لەقوتابخانەكانی هەولێردا نابینرێ.
8- ئێستاش یەكێتی هیچ دەسەڵاتێكی فیعلی و كاریگەری نیە لەسەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتدا، لەم هەمو قەیران و دزینی سامانی میللەت و برسیكردنی خەڵك رازییە لەژیر سێبەری پارتی لەناو حكومەتێكی شكستخواردودا بمێنێتەوە.
9- كارەساتی گەورەتر لەبێدەنگبونی یەكێتی لەم هەمو قەیران و نانبڕینەی خەڵك، زەلیلبونی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی و پشتگیریكردنیانە لەسیاسەتە دیكتاتۆرییەكانی پارتی و سەرۆكەكەی، كە كار گەیشتە ئەوەی تەنانەت لەپرۆژەكانی یەكێتیش پەشیمانببنەوە سەبارەت بەگۆڕینی سیستەمی سیاسی كوردستان و شەرعییەتدان بە پۆستی بەسەرچوی مەسعود بارزانی و پیرۆزگردنی وەكو سەرۆكی هەتاهەتایەی هەرێمی كوردستان و پشتكردن لەحزبە هاوپەیمانەكانی یەكێتی لەبەر چاوی رەشی پارتی.
ئەمانە بەشێكن لەو هەمو تەنازلات و سازشانەی كە بەلای منەوە هەمویان ئەچنە خانەی كوفری سیاسییەوەو، وایانكرد مەسعوزد بارزانی ببێتە فیرعەون و حزبەكەشی ببێتە حزبێكی دیكتاتۆرو قائیدی هەرێم.
ئێستا بچوكترین هەڵوێست بۆ راستكردنەوەی ئەو هەمو هەڵانەی پێشوی یەكێتی و گەڕانەوەی بۆ ناو ریزی میللەت و گێڕانەوەی متمانەیان، كشانەوەیە لەم دەسەڵات و حكومەتە شكستخواردوەی پارتی پێش ئەوەی وەكو گۆڕان شاربەدەر بكرێن، ئەگەرچی یەكێتی بەدرێژایی ساڵانی رابردو بەپاساوی نوێنەبونەوەی شەڕی براكوژی و ترسی دوئیدارەیی بەم سیاسەتانەوە باجێكی زۆر گەورەی داوەو لەبەرامبەریشدا پارتی بەبێ گوێدانە ئەو مەترسییانەوە گەورەترین سودی لەم هەڵوێستانەی یەكێتی وەرگرتوە.. ئێستا كاتی هەڵوێست وەرگرتن و گەرانەوەیە بۆ ریزی میللەت. ئەمڕۆ ساحەكە چاوەڕوانی گۆڕانكارییەكی گەورەیە، میللەت بەگشتی ئامادەیە پشتگییری هێزێكی گەورەی جەماوەری وەك یەكێتی بكات كە خاوزەن مێژوییەكی پڕ لەسەروەری و خاوەن هێزە لەسەر ئەرز بۆ ئەوەی روبەروی هەوڵەكانی دیكتاتۆرییەت ببێتەوە كەخەریكە ئەزمونەكەمان بەرەو هەڵدێر ئەبات، كاتی ئەوەیە یەكێتی ئەمجارە كار بۆ سەلماندنی دروشمە سەرەكیەكانی بكات لە ئازادی و یموكراسی و مافی چارەی خۆنوسینەوە..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت