مەهدی خالید خەمبار: لە دوتوێی وتەکانی بەرزانیدا؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەردانەکەیان بۆ باشیک لە ڕۆژی چوارشەمە 16- 11- 2016 مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمکراتی کوردستان چاوی بە ژمارەیەک لە پێکهاتە جیاجیاکانی باشیک دەکەوێت و لە دەستپێکی وتارە فرە ڕەهەندەکەیاندا پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی لە خەڵکی کوردستان کرد و بەڵێنی پاشەکشە نەکردنی هێزی پێشمەرگەیلەو شوێنانەدا  کە بە خوێن لە دەڤەری موصڵ ئازادکراون . بەشێکیتری وتارەکەی کە لە یەک کاتدا هەم بە تەنز و هەم بە هەڕەشە بارگاوی کراوە و ڕاشکاوانە دەڵێت: دروست قسەكەی من بۆ ئەوانەیە كە گرفت دروست دەكەن، ئەو مین و بۆمبە سیاسیانەی بۆ ئێمەتان داناوە و لەسەر رێگەی ئێمەتان داناوە زۆرمان لێیان هەڵگرت و زۆری دیكەش هەڵدەگرین. ئنجا تا ئەو كاتە شت دەنووسن، هەڵدەپەڕن ، هەواڵ بڵاو دەكەنەوە، بەڕاستی پێتان دەڵێم چی دەكەن بیكەن نە گوێتان لێ دەگرین و هیچ حیسابێكتان بۆ ناكەین. بەشێکیتری وتارەکەی تەرخانکردبو بۆ هێرشێکی بێناونیشان بۆ سەر حیزێکی سایاسی کە پێدەچو مەبەستی بزوتنەوەی گۆڕان و، دورنیە لایەنیتریشی نەکردبێت ئامانج کە بەداخەوە نە لەگەڵ یەکڕیزی نیشتیمانی و نە لەگەڵ هەوڵەکانی ئاشتەوایی و نە باسیش بو لە چارەسەری قەیرانی ئابوری و نەبونی موچە و نە چارەسەرێکیش بو بۆ سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێم.

مەرج نیە زمانی زبر و شڵەژان و توڕەیی و بێباکی گوزارشبن لە واقیعەکەی خۆیان،لە زۆر باردا دەقاودەق پێچەوانەکەیانن، بێمنەتی، لەخۆبایبون،غرور کە هێمان بۆ سەرکەوتن، بەڵام زۆر جار بۆ پەردەپۆشی شکستەکان لە لایەن تاکەکانەوە بەکاردەهێنرێ فەرماندەی هێز و سەرۆکی حیزب و ڕێکخراوێک تا سەرۆکی هەرێم و حکومەت و دەوڵەتان. ڕوخساری بەڕێز بارزانی و وتارەکەشی زۆر خوێندنەوەی جیاوازی هەڵدەگرت.

بەبڕوای من و بە خوێندنەوەم بۆ دۆخی هەستیار و ئاڵۆزی کوردستان و ناوچەکە نەبو سەرۆکی پارتی دیمکراتی کوردستان دار لە ژمارەیەک زام وەربدات کە کۆی سیستەمی حوکمڕانی و حیزبەکان و بە جەنابیشیانەوە بەرپرسی یەکەمن لێیان :

1- بەبێ ناوهێنان باسکردنی بارزانی لە کودەتا و کودەتاچی ! لە ڕواڵەتدا کودەتا ئەگەر وەک خۆی پێناسەی بۆ بکرێ، ڕەنگە خۆشیان هاوڕابن لەوەی کودەتا بە کودەتای سپیشەوە یان ئەوەتا گەورە جەنەڕاڵ و سەرکردە سەربازیەکان ڕۆڵی سەرەکی و ڕاستەوخۆیان تیاندادەبێت یانیش چەند بەرپرسێکی حکومی و حیزبی و دیسانەوە بە هاوکاری و هەماهەنگی تەواوی سوپا دەتوانن هەوڵی کودەتا بداەن ، ئاخر من لە جانابی کاک مەسعود بارزانی و ئەوانەشی هەمان بۆچونیان هەیە دەپرسم ( تۆ پیرۆزی خوێنی گیانبەختکردوەکانمان ) گۆڕانخوازان بون کودەتایان بە سەر حکومەت و پەڕلەمان و سوپادا کرد یان ئەوە پارتی بو کودەتای بە سەر پەڕلەمان و شەرعیەت و دەوڵەت و سیاسەت و نەوت و قوتی خەڵکیدا کرد ؟؟ ئەوە حیزبەکەی جەنابتان بو هێزێکی پێشمەرگەی هێنایە بازگەی پردێ و مەیدانی لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامیەکان گرت و لە ئەگەری نا ئاقڵانە بەرخوردکردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیدا ئەوا ساتەوەختی ڕێگردن لە سەرۆکی پەڕلەمان دور نەبو دیسانەوە دەستمان بچوایەتەوە خوێنی یەک. ئیتر کێ کودەتای کرد و کێش کودەتای بەسەردا کرا ؟

2- خۆپیشاندان مافێکی ڕەوا و خەباتێکی مەدەنیانەی هاوچەرخە و لەو ڕێگەیەوە  داخوازیەکان دەگەێینرێتە ئەو دەسەڵاتەی کە مافەکانیانی پێشێلکردوە . لە بەرامبەریشدا ئەرکی ئەو دەسەڵاتەیە کە بە بایەخ و ڕێزەوە لێیان بڕوانێت و لە زوترین دەرفەتدا چارەسەری کێشەکانیان بکرێ . لە وڵاتی ئێمەدا ئەوا ماوەی دوو مانگە خۆپیشاندانی مامۆستایان،خوێندکاران،فەرمانبەران،پێشمەرگە دێرینەکان،کرێکاران و خەڵکانیتر لەزۆنی سەوزدا بەردەوامە و دەسەڵاتیش لە هەولێر مێشێکی میوان نەبو ! بەڵام بارزانی لە باشیک وەڵامێکی نالۆژیکی خۆپیشاندەرانی لە بری هەولێر دایەوە و سلێمانیش لە پەرچەکردارێکدا و لە نێو ئاپۆڕەی خۆپیشاندەرانەوە بە هوتافکێشان وەڵامی سەرۆکی پارتی و دەسەڵاتیان دایەوە.

 لە ئەمڕۆدا بەداخەوە غرورییەکی زۆر بە لێدوانی بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانی هەرەمی دەسەڵاتی پارتیەوە دەبینرێت کە ئومێد دەکەم نە لێدانی تەپڵی شەڕێکبێت کە جیا لە دوژمنانی کورد و بازرگانانی شەڕ نەبێت هەمومان تیایدا خەسارەمەند دەبین وە نە بەحیزباندنی دەستکەوت و سەرکەوتنە سیاسی و پێشمەرگایەتیەکانیشبێت کە بە هیمەتی سەرکردایەتی سیاسی و بازوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خوێنی پیرۆزی گیانبەختکردوەکانمان تۆمار دەکرێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت