مەهدی خالید خەمبار: دوەم وتاری بارزانی چی تیابو؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بارودۆخی سیاسی و سەربازی و ئابوری لە کوردستان و عێراق و هەرێمەکە تا دێت زیاتر جۆشدەسێنێ. قۆناخەکانی ئازادکردنەوەی موصڵ و ڕەقە بەخێرایی دەڕۆنەپێش، یاریزانان لە هۆڵی چۆنیەتی بەشبەشکردنی کێکەکەن، ئێمەش دەمانەوێ بەم بێسەرەوبەرەییەوە پشکمان بەربکەوێت.
چەندێ ئازادکردنی موصڵ و ڕەقە و دەرهێنانیان لە ژێر ڕکێفی تیرۆرستانی داعش لە دیدگای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە خاڵە هەرە گەشەکەی یەکلاکردنەوەی هاوکێشە سیاسی و سەربازی و ئابوریەکانن، بەو ئەندازەیەش بەپەلە کۆبونەوەی کەسی یەکەمی حیزبە کوردیەکان لە دەوری مێزی گفتوگۆ و نەرمینواندن بۆ یەک بۆ ئەم دۆخەی ئەمڕۆ گرینگە و دەبێت درکی مەترسیداری دۆخەکە بکرێت و ناکرێت چیتر یاری بەکات بکرێ، چونکە کات خەریکە دووگۆڵێنمان پێدەکات، خەریکە ئەوەی هەشمانە لە دەستدەچێت. وڵاتانی زلهێز چاویان لەسەر ورد و درشتی ناوچەکەیە، تورکیای ئەردۆغانیش کلکی هەم لە باشور و هەم لە ڕۆژئاوای کوردستان تۆز دەکات و ئەمریکا و ڕوسیاش لە ئێستادا مقەیان لەخۆبڕیوە و وەک دوو تەماشاکەر هەستیان لەدۆخەکە ڕاگرتوە، ئاخۆ کام لەم هێزانە زوتر کارتی سور بۆ ئەردۆغان و ئەردۆغانیەکان بەرزدەکاتەوە؟ سەدامیان لە لیتەی کوێتا خنکان ، پێدەچێت ئەردۆغان لە قوڕە سیانی کوردستاندا. بەڵام پێشبینیەکان لە مەترسیەکی ترسناکتر لەداعش هۆشداری دەدات کە ئەویش ( تاحش ) ە ! ( ١ )
تێپەڕبونی نزیکە سەدەیەک بەسەر پەیماننامەی سایکسپیکۆ و غەدرە گەورەکەی دژ بەکورد لە لایەک و پەیاتاپەیتا ڕەوانەکردنی هێزی دەریایی و ئاسمانیە زەبەلاحەکانی ڕوسیا و ئەمریکا و فەرەنسا بەرەو طەرطوس و کەنارە ئاویەکانی سوریا و دەریای سپی و هاوکات سەرکەوتنی دۆناڵد تورەمپ و قڵپبونەوەی دیمکراتەکان ئەوە دەهێنێت لایەنە سیاسیەکانی لە مەڕ وڵاتەکەی ئێمە ئیتر تەواوی کێشە ڕەگ لە زیخەڵانی حیزبیەتیەکانیان بدەنەلاوە و لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆببنەوە، ناکرێ تا تەپڵی قیامەت بەهۆی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی تاکەکانەوە بەردەوام لە خوڵگەیەکی داخراودا بەدەوری خۆیاندا بسوڕێنەوە.
سیاسەتی ( چومەتە سەر دارێ و نایەمەخوارێ ) ی پارتی و گۆڕان پێویستە ئیتر بەکۆتابێت و سەرکردەکان کۆ ببنەوە و بوێرانە دەستنیشانی لایەنی کەمتەرخەم بکرێ جەنابی مەسعود بارزانی دوای ئەوەی لە وتارەکەی 16-11 ی باشیکدا هەستی بەمەترسی وتارەکەی کرد، بۆیە هەر دوای چەند ڕۆژێک لە وتارێکی بابەتیانەی نەرمدا توانی لە ئاوی ڕەحمەت بکات بەسەر ئاگری توڕەیی مانگرتوانی زۆنی کەسک و دڵی ئەوانەشی پەرۆشی تەبایی و یەکڕیزی ناوماڵی کوردن.
لە ئیستادا بارزانی تۆپەکەی فڕێداوەتەوە گۆڕەپانی حیزبەکانەوە ، دەڵێت ئەوە عەرز و ئەوە گەز ، بەڵام دوای ئەم دەستپێشخەریە بەڕای بەندە یان ئەوەتا دەبێت کەسێکی نیشتیمانپەروەر خۆی بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە کاندید بکات، کە تەمەنا دەکەم خانمێکبێت و ئەو ئەرکە مێژوییە بگرێتە ئەستۆ، یانیش ئیتر ڕەوای هەق نیە باس لە دەستگرتنی بارزانی بە کورسی دەسەڵاتەوە بکەن.
هیوادارم بزوتنەوەی گۆڕانیش ئیتر خۆی لە شەخسەنەکردنی کێشەکان ببوێرێ. دەبێت هەمو لایەک درکی میژویی بەوە بکەن کە چارەنوس و ئایندەی نەتەوەکەمان زۆر لەوە پیرۆزتر و گەورەترە لەوەی شەخسەنەی بکەین جا لە هەر لایەک و هەر پلە و پۆستێکدابێت.
سەرۆکی پارتی لە وتارەکەیدا دەروازەیەکی گەورەی بۆ دەربازبون لە قەیرانەکان و چارەسەری پرۆسەی حوکمڕانی خستۆتە سەرپشیت. ماوەتەوە ئەوەی چاوەڕوانبین بزانی ئاخو لە سەر زەوی پراکتیزە دەکرێت یا ئەمەش دەدرێت بەدیواری عینادی و ململانێکاندا؟
مەسەلەی ناوزڕاندنی سلێمانی بەوەی کە لەژێر تیرۆری فیکریدایە و هیواخوازە لەو تیرۆرە ڕزگار بکرێ، ئەمە لە کاتێکدایە کە سولێمانی پێشەنگی بێڕکابەرە لە زوربەی وڵاتانی هەرێمەکەدا کە دەتوانرێت بەوپەڕی ئازادیەوە ئازادیەکانیان پیادە بکەن. خۆ ئەگەر لە ژێر تیرۆری فیکریدابێت، ئەدی چۆن کرا بە پایتەختی ڕۆشنبیری؟

+ ( ١ ) تاحش کورتکراوەی تورکیا و ایران و حشدی شعبی یە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت