عیماد عەلی: کێ گۆڕانی گۆڕی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 نبە خۆدەربازکردن لە هەر پشتخانێکی فکری و سیاسی خۆم و، بە تایبەتی بە نیازی ئەوەی قازانجێکی بچوک بە گۆران بگەیەنم، وەک کەسێکی چاودێری دەرەوەی بزوتنەوەکە، رێگەم بەخۆمدا قسەیەک بکەم و، وای دەبینم ئەگەر لە لایەن یەکێکی سەربەخۆی دەرەوەی بزوتنەوەکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و تەنانەت ئەگەر رەخنەی بنیاتنەریشی لێ بگیرێت، سودێکی لێ دەبینێت و لەوێشدا، قازانج بە کۆی رێرەوی گشتیی سیاسی گەلی کوردستان دەگەیەنرێت، لەبەر ئەوەی بون و پێشکەوتن و گەشەکردنی بزوتنەوەی گۆران بە زەرورەتی مێژویی و سیاسی کوردستان دەزانم، بۆیە قەڵەمم بۆ ئەم کورتە نوسینە گرتە دەست.

بارودۆخی بابەتی و خودی سەرەکیترین هۆکاری گۆڕین یان بەرەوپێشچون یان پاشەکشەکردنی هەر حزب و رێکخراو و بابەتێکە، لە هەر کوێەکی ئەم جیهانە بێت.
ئەو کاتەی بزوتنەوەی کۆران سەریهەڵدا زۆربەی زۆری خەڵک دڵخۆش و گەشبین بوون، کە بە راستی وەرچەرخانێک لە کاروباری لایەنەکان و لە کارلێکی سیاسی بە گشتی روودەدات و، بەوهۆیەشەوە کوردستان جوڵەیەکی ئەرێنی بەخۆیەوە دەبینێت و، هەر هیچ نەبێت لە لای ئەوانەی واقعبینانە شتەکان دەخوێننەوە، بەراستی چاوەرێی گۆرانی ئەرێنیان لەهەموو بارەکانی ژیانی کوردستانیان لێدەکردن و ئەوانەش کە بە کەوچکێک ئاو دەکەونە مەلە چ وەک خەڵکی سەربەخۆ یان بە خەڵکانی سەر بە خودی گۆران یان لەوانەی لەناو حزبەکانی تریش بوون، بە تایبەتی لە نێو یەکێتی و لەبەر هۆکاری تایبەتی و بەرژەوەندی مابونەوە سور بوون لەسەر ئەوەی کە گۆڕانی خێرای ریشەیی لە بارودۆخی کوردستان و ئەوەی پەیوەستە بە ژیان وگوزەرانی خەڵکەوە لەسەر دەستی گۆران و سەرکردایەتیەکەی و خەڵکە رۆشنبیرەکەی کارێکی حەتمیە و بە درەئەنجامی باشەوە لێ دەردەچن.
ئەگەر بمانەوێت پێکهاتەی سەرەتای بزوتنەوەی گۆران دیاری بکەین، دەتوانین ئەوانەی سەر بە کۆران بوون، یان خۆیان خزاندبووە نێو گۆران، یان تەنانەت لە دامەزراندنی گۆراندا بەشدر بوون، لە چەند جۆرێکدا ریز بکەین:
1- خەڵکی عاجزبووی نێو یەکێتی و دەرنەچوی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی، واتە خەڵکی زەدەی دەستی یەکێتی و زیزبوو بە هۆکارێکی شەخسی و حزبی تەسک.
2- خەڵکێکی پابەند بە کوتلەچێتی و شەخس پەرستی و وابەستەی بیرو فکر و جوڵە و هەڵوێستی هەندێک سەرکردایەتی و خەڵکی تر و پشت بە ستوو بە ئەویتر و، خاڵی لە رەفتار و هەڵوێستی سەربەخۆی خودی خۆی.
3- خەڵکێکی باوەر بەخۆ بووی پشت بەستوو بە بیرو فکری رەسەن و خاوەن بۆچونی فکری و سیاسی راست و دروست، کە لەوباوەرەدا بوو بارودۆخی نوێی کوردستان پێویستی بە فۆرم و جەوهەرێکی تری خەبات و سیاسەت هەیە و لەم سەردەمەی شار و ئەو خەڵکە دەسترۆیشتووەی نێو یەکێتی و پارتی لەگەڵ ئەم واقعە نوێ یەدا ناگونجێن و ناتوانن پێداویستیە تازە و نوێگەریەکەی گەل و نیشتمان پر بکەنەوە و هیچ لایەنێکی تر لە توانایدا نیە ئەم بۆشاییە پر بکاتەوە، بۆیە دەتوانرێت بە رێکخراوێکی نوێ پربکرێتەوە . بۆ ئەو مەبەستە بە دڵ و گیان خەباتی خۆیان لە نێو گۆراندا درێژە پێدا .
4- خەڵکێکی تازەپێگەیشتوی نەوەی نوێ کە لە هیچ حزبێکی سەرەکی جێی خۆیان نەدۆزیەوە و بە شیعاری تازەگەری و گەنج پەرستی بزوتنەوەی گۆران قەناعەتیان کرد، بەو هیوایەی جێگەی خۆیان لە ریزەکانیدا بدۆزنەوە و مەبەست و تموح و ئامانجە هەمەجۆرە سیاسی و فکری و تەنانەت ئابوریە تایبەتیەکانیان بهێننەدی.
5- سەرکردایەتیە زیزبوەکەی نێو یەکێتی کە دەستێکی باڵایان لە دووبارە پێکهێنانەوە و خستنەوە سەرسەکەی گۆران هەبوو، بە یارمەتی خەڵکانی هەمەجۆری تر، بەڵام بە زاڵبونی ئەم دەموچاوانەی نێو سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گۆرانی نوێ، کە دواتر هەر ئەمان خەڵکانی بریار بەدەست و دەسترۆیشتوی نێو گۆران بوون، بە جیاوازیەکی زۆر کەمەوە لە گەڵ یەکیتی و پارتیدا لە رەفتار و گوفتاریشدا، ژمارەیەکی زۆری کادری بزوتنەوەکەی بێ ئومێد کرد.
6- خەڵکانی بێ هیوای دەستی حزبەکانی تر، بەگەورە و بچوکەوە، بەو هیوایەی جێگەیەکی تایبەت بۆ خۆیان لە نێو ئەم رێکخراوە نوێیەدا بدۆزنەوە و ئەسپی خۆیان تێدا غار بدەن و، بە ئامانجی گشتی و مەبەستی تایبەتی کۆن و نوێی خۆیان بگەن.
7- خەڵکێکی رۆشنبیری وابەستەی تیۆری و کاری کتێب و تا رادەیەک دوور لە واقیع و خاوەن مێژووی هەمەچەشن بە باش و خراپەوە، کە ئەمانیش بە هیوای ئامانجێکی رۆشنبیری سیاسی تایبەتی، خۆیان خزاندە نێو بزوتنەوەی گۆرانەوە، حەماسەت وای لێکردبون کە هیلاکی و رۆشنبیری خودی و کاری دەستی خۆیان لە بەرچاو نەگرن و هیچ شتێک وای لێنەکردن، کە ئەم رێگەیە نەگرنە بەر و تایبەتمەندی رۆشنبیری تێکەڵاوی کاری حزبی و سیاسەت نەکەن .
8- خەڵکانی عەسکەری و پێشمەرگەی نێو حزبە زلهێزەکان و خاوەن مێژووی پرشنگدار و وابەستەی سەرکردە و کاریزمای جیابووەوە و خاوەن مێژووی پێشمەرگایەتی شانازی بەخش.
9- خەڵکی پیشەیی و خاوەنکار بە پاڵنانی کەسپەرستی و شارچێتی و ئەنتی حزبەکانی تر لە لایەک و لەبەر خاتر ئەم سەرکردە و ئەوی تر لە لایەکی ترەوە .
10- خەڵکی پەیوەستبوو بە شعارەکانی کاتی هەڵبژاردن و پابەندبوی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکان و بەردەوامبوو بە بۆچونی نوێ وتا رادەیەک کاری هەرەمەکی تازەوە.
بەڵام لە لایەنی بابەتیەوە، پاش گۆرانکاریە هەمەجۆرەکەی باری سیاسی کوردستان و نیشتنەوەی کەفوکوڵی رکابەرێتی یەکێتی و پارتی و ململانێ نێوخۆییەکانی یەکێتی و، گۆرانکاری لە رووی وەزعی کوردستان و کاری حزبایەتی بە شێوەیەکی گشتی و، لە باربونی زەمینەی تایبەت بۆ لەخۆگرتنی بیروبۆچونی جیاواز و نارازی و یاخیبو لە باری چەسپیوی چەند ساڵەی کوردستان، وایکرد کە پابەندبون بە رێکخراوێکەوە لە ناوەرۆک و رەفتار و شێوازیشدا خۆی بە جیاواز بنوێنێت لە وانەی پێشتر، کارێکی ئاسان بێت، بە تایبەتی لە کەشێکدا، کە بۆ یەکەم جار دەنگی نارەزایی بە ئاشکرا و بەرز و رەخنەی گشتی و تایبەت لە چەشنی هەڵسەنگاندنی حزبە دەسترۆیشوەکان و سەرکردە کاریزماکان هاتبێتە ئاراوە، ئەمەش هێزی راکێشانی خەڵکانی نارازی تازەگەر و تازە پێگەیشتو و زەدەی دەستی زلهێزەکان وەزعی گۆرانکاری پاش راپەرین و پاش شەری نێوخۆ، بە تایبەتی لە نێو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، زۆر بە ئاسانی و بێ هیچ بیرکردنەوەیەک پەیوەستی خۆیان بە بزوتنەوەی گۆرانەوە وەک مۆدێلێکی نوێ راگەیاند. لەم بارەشەوە زۆرێک لە خەڵکی هەلپەرست و خودپەرست و بەرکەناری ئەم لاو ئەولای تێکەوت.
لە رووی فکر و بیربۆچون و ئایدیۆلۆجاوە، بزوتنەوەیەک کە تا ئەمرۆشی لەگەڵدا بێت، پشتی بە تولە رێگەیەکی عەقیدی نەبەستبێت و جێگەی هەموو بیرێکی لە چەپی چەپەوە تا راستی راستی تێدا بێتەوە و هەر شتێک لە قازانجی کۆکردنەوەی دەنگ و پۆپۆلیزمی تیدا بێت سڵی لێ نەکاتەوە، بێگومان بە کاتێکی زۆر کەم بەم شێوەیە دەئاوسێت و، ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کە ناوچەگەرێتی و شارچێتی و بۆچونی تەسک پەرستیش رۆڵی گەورەی خۆی تێدا بینی. بۆیە دەتوانم بڵێم: بزوتنەوەی گۆران لەم رووەوە تا ئێستاشی لەکەڵدا بێت لەسەر تەکتیک و گۆرانکاری رۆژانە خۆی بەرێوەدەبات و، نە پەیوەستە بە لیبرالیزم یان بە سوشیال دیموکرات یان سۆشیالیزم یان بە سەرمایەداری رووت یان بە ئاین و مەزهەبگەری، ئەگەر لەو بارەوە زۆر قازانجیشی لە ئاینگەرێتی بینیوە، بۆیە دەتوانین بڵێین بزوتنەوەیەکی بێ بیر و بۆچون و خاوەن زەمینەی لە خۆگرتنی خەڵک و فکر و بیر و عەقیدەی هەمەچەشن و فراوانی تێکەڵ و بێ تایبەتمەندی و، تەنها بە خوێندنەوەی گۆڕانکاری رۆژانەوە و لەبەرچاوگرتنی جەماوەرێتی و لایەنگیری راوبۆچونی جەماوەر بۆ نزیکبون لە جەماوەر و گەل و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان، ئەگەر لە زیانی ئامانجە گشتیەکە و دوارۆژی میلەتەکەش بێت.
ئەوەی ئێستا دەیبینین، بزوتنەوەی گۆران، گۆرانێکی میکانیکی خۆرسکی بەسەردا سەپێنراوە، ئەویش دوور لە دەستی سەرکردایەتی و رێکخەرانی و بەپێی گۆرانکاریە گەورەکەی وەزعی گشتی کوردستان و لەسەر دەست و بە عەقڵ و بیر و بە رەفتاری خودی گۆرانخوازان و، بە پێی ئەو هەموو هەڵە گەورە و هەمەجۆر و یەک لەدوای یەکەیان لە سیاسەت و رەفتار و مامەڵەکردن لە گەڵ بارودۆخ و سیاسەتی باوی کوردستاندا، کە بەو شێوە ئاراستەیان پەیرەو دەکرد، ئەم گۆرانە خۆرسکە خۆی سەپاندووە. بۆیە دەکرێت بپرسین کێ گۆرانی گۆری؟
لە وەڵامدا دیسان دەبێت ئەوە فەرامۆش نەکەین کە بارودۆخی بابەتی و خودی کوردستان و بەرژەوەندی تایبەتی و گشتی هەندێک سەرکردە و خەڵکی ئەم بزوتنەوەی دروست کردووە، بەهەمان شێوە هەر ئەمانەش لە رووی خودی و بابەتیەوە گۆرانیان بەرەو گۆرین بردووە، جا سەلبی بێت یان ئیجابی، لەو هۆکارانەی کاریگەری هەبووە لە سەریان:
1- روون بونەوەی چۆنێتی مامەڵە کردنیان لەگەڵ واقعی کوردستان و حزبەکان و تەکتیک و ستراتیجیان بۆ خەڵکی کوردستان، لە رێگەی سیاسەتی نێوخۆی خۆیان لە لایەکە و لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی و بەشداریکردنیان لە حوکم و کاری پەرلەمانتاری و جێبەجێکاری لە لایەکی ترەوە.
2- دەرکەوتنی رەفتار و کردار و هەڵوێستی سەرکردەکانیان و یزوتنەوەکە بە تایبەتی لەمەر پرسە هەمەجۆرەکان، جەوهەری بیرکردنەوەی ئەم بزوتنەوەی بۆ خەڵک دەرخست.
3- رەفتاری رێکخەران و سەرکردە بالادەستەکان و پەرلەمانتاران و وەزیر و کادرە فرە رەنگەکانیان زۆر لە شتی بن بەرەی هێنایە سەر بەرەکە. بۆ خەڵک دەرکەوت کە مامەڵە و رەفتاری سیاسی و جوڵانەوەی کادرەکانی کۆران لە هەندی بوار و لاوە لە کادرانی حزبەکانی تر ئەگەر خراپتر نەبن باشتر نەبوون، بۆیە خەڵک ترسی لەدووبارە بەرێوچونی هەمان سیاسەتەکانی خزبەکانی تری لێ نیشت و سڵەمیەوە و وردە وردە زۆریان دوورکەوتنەوە و، هەندێ جار پۆل پۆل بەپێچەوانەوە گۆرینیان بەسەر خۆیاندا هێنا، ئەمەش لەدەرئەنجامی سیاسەتی گشتگیری بێ پالاوتن و بە لێشاو لەخۆگرتن لەبەر ئامانج و کردەوەی کاتی دوور لە ستراتیجیەتی کاری حزبی و دوور لە خۆبەستنەوە بە هەر بیرو بۆچۆنێک، وای کرد گۆران بە شێوەیەکی تر بگۆرێت.
4- زیانی دابینکردنی پێداویستیەکانی کاروباری ئیداری و ناچاربون بۆ دەست بردن بۆ هەر رێگە و کارێکی هاوشێوەی رەفتار و کردەوەی حوبەکانی تر لەم بارەوە، بۆ دابینکردنی پێداویستیە ئیداری و مالیە هەمەجۆرەکان، لەم بارەوە جیاوازیەکی ئەوتۆی لە رووی پرەنسیپەکانەوە، لە نێوانیاندا نەهێشتەوە.
5- دوور کەوتنەوە لە پێشەنگایەتی و دوای رووداو و کردەوە گشتیە باوەکانی جەماوەر کەوتن و بە پشت بەستن بە بیری جەماوەرێتی و ترسە لە لەدەستدانی دەنگ و جەماوەرێتی و، خۆبەستنەوە بەرای گشتی و کاریگەریکانی لەسەر کاروباری حزبی.
بیگۆمان گۆران هەڵەی گەورەی یەک لە دوای یەکی کرد، چ لە سەرەتاوە لە: سیاسەتی ئاراستەکردنی رەخنەی تاک لایەنە و یەک ئاراستە و ئینجا گۆرینی ئەو روبەروبونەوەیە بۆ لایەنی تری بەرامبەر و وەستان دژی حزبی رکابەر و هەوڵدان بۆ گۆرین و لەناوبردنی ئەویتر لە جیاتی هەڵگرتنی بیری عەقڵانەی گۆرانی لەسەرخۆ و هێوری باری گشتی کوردستان بە پلانی ستراتیجی زانستی، لە جێیبەجێ کردنی ئەجندای کورتخایەن و دوورنیازیش، وای لە کارەکانی گۆران کرد کە لە گۆشەنیگای تەسکەوە بخوێنرێتەوە و ئەو قسە گەورانەی سەرەتای سەرهەڵدانی گۆران لای خەڵک بە خێرایی بپوکێنەوە. لە دواییشدا: بێ ئەوەی بتوانن زۆرینەیەکی باش بەدەست بێنن و کاری بەرامبەر و نیازی بە باشی و زانستی بخوێننەوە و سیفەت و ئەخلاق و نێوەرۆکی حزبی بەرامبەر لێکبدەنەوە بە کارێکی خێرای ناپەسەند بە لەبەر چاو نەگرتنی مەرامی بەرامبەر، خۆت بخەیتە دەست قەدەر و رەحمەتی بەرامبەرەکەت، کە بە خۆت باش بزانیت لە سیاسەتدا ئەو حزبە رکابەرە لە هیچ شتێکدا سڵ ناکاتەوە و تەنها لەدژی نەیارە نزیکەکەت هەوڵی هاوپەیمانێتی ستراتیجیلەگەڵ ئەودا بدەیت و لاسایی ئەویتر بکەیتەوە. بۆیە لەدەرئەنجامدا وات بەسەر دێت و بێ پلەو پایەی دەسەڵات و قازانجێکی ئەوتۆ بە رووتی لێی دەردەچیت و هیچیشت پێ ناکرێت. بۆیە دەتوانین بڵێن:
1- گۆران بەدەستی خۆی و بە هەڵە گەورەکانی و نەخوێندنەوەی پێویستیەکانی باری کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکی کوردستان زۆر بە خراپی خۆی گۆری.
2- رەفتار و سیاسەتی تاکەکەسی بێ سەنترالیزمی دیموکراسی سەرکردایەتی کردن، گۆران تەنها گۆرانی لەخۆیدا کرد.
3- ناکۆکی نێوخۆیی و تموحی شەخسی سەرکردە کلاسیکیەکانی هۆکاری تری گەرانەوەی کێرڤی جەماوەرێتی و گۆرینی نەرێنی گۆران بوو.
4- رکابەری کادرە ناوەراستەکانی و ململانێی نەرجسیانە و تموحی زۆرێک لێیان لە خۆدەرخستن و، نەبونی شارەزایی و زانیاری سیاسی کادری تازەپێگەیشتوی گۆران، زەرەرێکی گەورە لە ناو و رەسید و سومعەتی بزوتنەوەکەی بەگشتی داوە.
5- نەبونی بوێری و بریاری یەکلاکەرەوە لەم کاتەی دواییدا کە خۆی بە دەسەڵاتەوە بەستەوە، بە پێچەوانەی سەرەتای سەرهەڵدانی بزوتنەوەکە وای لەخەڵک کردووە کە بە چاوێکی تر و بە هەمان شێوەی یەکێتی و پارتی تەماشای بکەن.
6- بۆیە بە کورتی، دەتوانین بڵێین: لەکاتێکدا خەڵک چاویان لەوەبوو کە گۆران نەچێتە سەر رێچکەی ئەو دوو حزبەکەی تر، کەچی لە سایەی نەبونی ستراتیجی تەواو لە هیچ بوارێکدا و بە تەکتیک و مناوەرەی ئاشکرا و رەفتاری رۆژانە، نەک خۆی گەیاندە هاوشێوەیی پارتی و یەکێتی بەڵکو گۆران ئاراستەی خۆی لەدەستدا و بە کاروکردەوە و رەفتاری کەسی وحزبی و بە خودی خۆی و بە شێوەیەکی نەشیاو خۆی گۆڕی.
بەم پاشەکشە و گۆرینەی کۆران نەک تەنها خۆی زەرەری کرد، بەڵکو زیانی گەیاند بە ئامانج و ئاواتی زۆرێک لە خەڵکی کوردستان لە زۆر بواردا، بە تایبەتی لە رووی سیاسیەوە و، هیوای گۆڕینی ریتم و ئاراستەی سیاسی ئەم هەرێمەی لای خەڵکی کوردستان زیندە بەچاڵ کرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت