نەبەز گۆران: بكوژەكان غەریب نین ــ ناسراون.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ شتێك لەم نیشتیمانەدا هێندەی ئەوە ئاسان نییە، بكوژ بناسیتەوە. لەدوای ساڵانی نەوەدەكانەوە تاكو ئێستا، تیرۆر یەكێك بووە لەو بنەما پتەوانەی حیزبی كوردیی بەتایبەتی (پارتی و یەكێتیی) كاریان لەسەركردووە و چەندین كەس لەم نیشتیمانەدا بەدەستی ئەوان تیرۆركراون. سەرەتای نەوەدەكان لە سنووری ناوچەكانی بادینان، لێشاوێكی تیرۆركردن دەستی پێكرد. بەپێی بڵاوكراوەكانی ئەوكات، بەشێكی ئەوانەی تیرۆركران، بریتیبوون لەو دەنگە نارازیی و، لەو كارەكتەرانەی لەناو خەڵكیدا خۆشەویست بوون. ئەم لێشاویی تیرۆركردنە بەهۆی كەمی میدیا و پەراوێزخستنی ئەو ناوچانە، كەمتر دەنگدانەوەی هەبوو. ئەمە یەكەم هەنگاوی تیرۆربوو لەسەردەمی حوكومڕانی حیزبی كوردیی. (هەڵبەت لە شاخ، مێژووێكی دورو درێژی خوێناویان هەیە لەو بارەیەوە، ئەما لێرەدا تەنها باسی سەردەمی حوكومرانیان دەكەین.)

پاش هەنگاوی یەكەم، سنووری ناوچەی بادیدنان بەهۆی ئەو لێشاوی تیرۆرەوە، تا ئەم دوایانە لەدۆخی ترسدا مایەوە و، بێدەنگی كردە ریتمی ژیانی. دوای شەڕی ناوخۆ، لەسەردەمی دروستبوونی میدیای ئازاد، جارێكی دیكە ئەو كردەیە دەستی پێكردەوە. كردەكە لەرووی مێژووییەوە پاییەی پیتەوی هەیە لەناو حیزبدا، بەڵام ئەمجارە زیاتر رووبەرووی ئەوانە بوویەوە دەیانەویست لە فەزایی نووسین و، فەزای قسەكردندا پرسیار بخەنە سەر كۆی سیستەمەكە. دروستبوونی میدیای ئازاد، حیزبی گەڕاندەوە سەر دۆخە ئەسڵییەكەی خۆی. ئیدی حیزب ئەو بانگەشە فێڵاوییە نەبوو ماوەیەكی زۆر خەڵكی فریودەدا، بەڵكو حیزب ئەو دۆزەخەبوو هەركەسێك لەدەرەوەی ئەو بیربكاتەوە و باس لە فەزای ئازادی بكات، دەبێت رووبەرووی خراترین جۆری ئازار ببێتەوە. یەكەم هەنگاویان دژی ئەو ئازادییەی میدیای ئازاد دەستیپێكرد، دەستگیركردن و هەرەشە كردن بوو، هەنگاوی دووهەم هەوڵدانبوو بۆ كڕینی كارەكتەرەكان. لەم دوو هەوڵەدا زۆرێك لەو كارەكتەرانە چ بە هۆی هەرەشەوە، چە بەهۆی كڕینەوە، كەوتنە ناو بازنەكەیانەوە. ئەوانەی نەكەوتنە ناو بازنەكەیانەوە، بەهەموو شێوازێك، لە شێوازە بەربەرییەكانی حیزبیان لەگەڵ بەكار هات. چ بەگرتن، یان لێدان، یان فڕاندن، یان كوشتن بەشێوەی ئاشكرا، یان تیرۆركردن.
ئەمانە كۆی ئەو كەرەستانەبوون حیزب لەرێگەی هەرچی و پەرچییەكانی خۆیەوە، دەیكردە مامەڵەیەك لەگەڵ فەزا نوێیەكەدا. زنجیرەی تیرۆرەكان زنجیریەیەكی درێژە و، لێرەدا كۆتایی پێنایەت. ئەمەی ئەمڕۆ دەرگیری بووین، بەشێكە لەو مێژووە خوێناوییەی حیزب دەینووسێتەوە. بەشێكە لەو تێگەیشتنەی بەرامبەر بەهەموو ئەوانەی وەك ئەو بیرنەكەتەوە بەكاری دەهێنێت و سەرئەنجام كۆمەڵگەیەكی پر لەتوندو تیژی دروست دەبێت، كە توندوتیژییەكە بویە كردەیەكی گشتی كۆی هەموو ئەوانەی بونیات نراوت تارو ماری دەكات، بەلام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو دۆخە تا توندوتیژییەكە لە رووە گەورەكەیدا دەركەوێت و ئەشێت لە شوێنێكدا دەركەویت.
لەم جۆرە فەزایانەدا دەكرێ‌ چاوەڕێی دۆخی لەمە خراپتر بكرێت، لێ‌ هەرگیز ناشێت چاوەڕێی دۆخێكی باش بكرێت، چونكە بنەوانی دونیای حیزبی بریتییە لە دورستكردنی فەزایەكی جەنگەڵی. فەزاییەك هەمووشتێك بەهای هەبێت، ئازادییەكان و مافەكانی مرۆڤ تێیدا بەهای نییە. كاتێك كە تەماشای كۆی مێژووەكەیان دەكەین، بێ هیچ وەستانێك تێدەگەین فەزای حیزبی كوردیی، فەزایەكە شوێنی مرۆڤی تێدا نابێتەوە. شوێنی كارەكتەری مشەخۆر، كارەكتەری ئاراستەكراو، كارەكتەری بكوژ، كارەكتەری هەرچی و پەرچییە. خودی سەركردایەتیەكەش لەناو هەمان فەزادا سەرقاڵی درێژەدانە بە دەسەڵاتەكەی.
بۆیە كاتێك كردەیەكی تیرۆر دەبینین، پێویست ناكات بەشوێن ئەنجامدەرەكەیدا بگەڕێین. ئەنجامدەرەكەی هەركەسێك و هەرناوێك بێت، ئەو ئەنجامدەرەیە لەژێر ئەو ئایدۆلۆژیاییەدا پەروەردە بووە حیزب خزاندویەتیە ناو مێشكە بچوكەكەیەوە. تەواوی كردەكانی تیرۆر لەم نیشتیمانەدا بەشێوازەكانیان دەزانرێت لەپشت ئەنجامدانەكەوە كێ‌ وەستاوە. بۆ نمونە دواهەمین كردە فرێدانی تەرمی رۆژنامەنووسێكە لەسنووری ناوچەیەك دابەشبووە بەسەر دوو دەسەڵاتدا، بەكردەكەدا راستەوخۆ ئەو تیرۆرەمان بیردێنێتەوە دەرهەق بە (سەردەشت عوسمان) كرا و هەمان سیناریۆ دووبارە بوویەوە. خودی كردەكە فرێدانی تەرمێك لە ناوچەی دەرەوەی دەسەڵاتی حیزبەكە، ئاماژەیە كە لەپشت كردەكەوە چ ئاراستە كەرێك وەستاوە. خودی سیناریۆكە ناونیشانێكی گەورەیە بۆ ناسینەوەی ئاراستەكەری پشت ئەنجامدەرەكە.
بۆیە زۆر قورس نییە بە كردەكاندا بزانین تیرۆرەكە كێكردوویەتی و، ئامانج لە تیرۆرەكە چییە. ئەمە تەنها سەرنجێكی كورتە لەسەر ئەوەی بكوژەكان غەریب نین، ناسراون و لەناو خۆماندان. كەسانێك نین لە دەرەوە هاتبن و، كەسانێكن بە هەمان زمانی كوردی قسە دەكەن و، لە هەمان نیتشیماندا پێكەوە دەژین. سیناریۆی گەران بەشوێن بكوژەكانیش، وەك كۆی سیناریۆكانی پێشوو نە جێگای بڕوادەبن و، نەپێویستیشە گوێیان لێبگیرێت، چونكە ئەنجامدەری یەكەمی هەموو كردەیەكی تیرۆر لەم نیشتیمانەدا، حیزب و ئایدۆلۆژیاكەیەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت