کامەران وریا قانع: دیكتاتۆره‌كان و سێكس كردن.

به‌شێكى سه‌رشێتى دیكتاتۆره‌كان بۆ سێكس كردن ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ى كه‌ دكیتاتۆر میلله‌ت یان كۆمه‌ڵگا وه‌ك ئافره‌ت ئه‌بینێت كه‌ پێویسته‌ به‌رده‌وام لاقه‌ى بكات. له‌ مێژوودا كه‌م دیكتاتۆر هه‌یه‌ له‌پاڵ خانمى یه‌كه‌مى وڵات، حه‌رامسه‌رایه‌كى گه‌وره‌ى دروست نه‌كردبێت. ره‌نگه‌ په‌یوه‌ست بوونى دیكتاتۆر به‌ سێكس كردن یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى خۆ خالى كردنه‌وه‌ بێت له‌و فشاره‌ زۆره‌ى كه‌ له‌سه‌ریانه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، فشارێك كه‌ ئه‌بێت به‌رده‌وام چاو و گوێچه‌كه‌ى له‌ هه‌موو سوچێكى نیشتمان هه‌بێت.

دیكتاتۆره‌كان ترسێكى ره‌هایان له‌ ته‌نهایی هه‌یه‌، ئه‌وان به‌رده‌وام ته‌نهان هه‌رچه‌نده‌ چوار ده‌وریان به‌ دنیایه‌ك سه‌رباز و وه‌زیرو راوێژكارێك گیرا بێت، به‌ڵام ئه‌م له‌شكره‌ زۆره‌ هه‌رگیز به‌قه‌ده‌ر باوه‌شى ئافره‌تێك ئارامیان پێنابه‌خشێت. دیكتاتۆره‌كان له‌گه‌ڵ ئافره‌ته‌ نهێنیه‌كانیان ده‌بنه‌ كه‌سێكى عاشق و دڵناسك و به‌خشنده‌، به‌جۆرێك ئاماده‌ن له‌به‌رده‌م ئافره‌تێكدا وه‌كو منداڵ بگرین و هۆنراوه‌و گۆرانى بڵێن یاخود به‌شێك له‌ سامانى ولاتیان پێببخشن. به‌ جۆرێكى تر چى وا له‌ ئافره‌تانى ئه‌لمانیا ئه‌كات كه‌ مانگانه‌ نزیكى 4 هه‌زار نامه‌ بۆ هیتلیر بنوسن، هه‌موو جۆره‌ داواكاریه‌كى لێبكه‌ن، هه‌ر له‌ مندال بوون لێیه‌وه‌ تاكو ناردنى وێنه‌یه‌كى یاخود ناردنى (عقدى زه‌واج) ى تاك لایه‌نه‌ بۆ هیتلر و خۆیان به‌ خێزانى بزانن؟ به‌جۆرێك نامه‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوون، ده‌زگایه‌كى تایبه‌تى بۆ دانرا به‌ ئه‌رشیف كردنیان، هه‌مان نامه‌ ناردن بۆ موسلوینى دیكتاتۆرى ئیتالیاش هه‌ر وابوو. مانگانه‌ هه‌زار نامه‌ى بۆ ده‌هات، داواكارى سه‌یرى تێدا بوو، هه‌ر له‌ ده‌عوه‌ت كردن بۆ خواردنى ده‌ست ره‌نگی خاوه‌ن نامه‌، تاكو داوا كردنى یارمه‌تى هه‌ر له‌ دابین كردنى مه‌كینه‌یه‌كى درومان تاكو گه‌رانه‌وه‌ى كورێكى له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگ. ئه‌وه‌ى جیاوازى نێوان هیتلر و مۆسۆلۆنى هه‌بوو له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ نامه‌كان ئه‌وبوو، هیتلر وه‌ڵامى نامه‌كانى نه‌ئه‌داوه‌ به‌ڵكو چه‌ند كه‌سێكى دیارى كردبووكه‌ هه‌موویان ئه‌رشیف بكات، هه‌رچى مۆسۆلونیه‌ زۆرجار وه‌ڵامى نامه‌كانى ئه‌داوه‌و داواكاریه‌كانى جێبه‌جێ ئه‌كرد. زۆر جار له‌گه‌ڵ خاوه‌ن نامه‌كه‌ په‌یوه‌ندیشى ئه‌به‌ست.
چیرۆكى خۆشه‌ویستى مۆسۆلونى و مارگریت سارفاتى به‌شێكى گرنگه‌ له‌ ژیانى مۆسلۆنى بۆ بوونه‌ دكیتاتۆر، ئه‌م ئافره‌ت ئه‌وه‌نده‌ یارمه‌تى مۆسلۆنى ئه‌دا به‌ شێوه‌یه‌ك پرۆپاگه‌نده‌ى بۆ تواناى سێكسى و جوانى له‌شى دیكتاتۆر ئه‌كرد له‌ ئه‌نجامدا كتێبكى له‌سه‌ر ژیانى موسولونى نووسى كه‌ زیاتر له‌ 17 جار چاپكراوه‌ بۆ 18 زمان وه‌رگێراوه‌، ئه‌م كتێبه‌ بوه‌ هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێكى زۆرى ئافره‌تانى ئیتالیا خه‌ونى پێوه‌ ببین. به‌ڵام دواجار مارگریتى به‌ره‌گه‌ز جوله‌كه‌، كاتێك مۆسۆلونى بریارى دا ملكه‌چى یاساكانى دژه‌ سامى بێت له‌ دژى جوله‌كه‌كان دواى رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هیتلر، ناچار بوو دواى ده‌ساڵ په‌یوه‌ندى نهێنى له‌گه‌ڵ دیكتاتۆرى ئیتالیا ئه‌و دیكتاتۆره‌ كه‌ خۆى ده‌ستێكى باڵاى هه‌بوو له‌ دروست كردنى، را بكات له‌ ئیتالیا و له‌ ئه‌رجه‌نتین و ئۆرۆگواى ژیان به‌سه‌ر ببات.
ڤیدل كاسترۆ ، ئه‌و سه‌رۆكه‌ى له‌ ماوه‌ى 40 ساڵى حكومرانى به‌رده‌وام نیوه‌رۆ له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك و شه‌وانیش له‌ گه‌ڵ یه‌كێكى تر، ئه‌م سه‌رۆكه‌ به‌شێكى تایبه‌تى هه‌بوو له‌ هۆتێل هیلتۆن كه‌ ناوى هێلانه‌ى خۆشه‌ویستى لێنرا بوو، چیرۆكى ماریتا لورینزى ته‌مه‌ن 18 ساڵ و كاسترۆ، كه‌ ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مریكى سى ئای ئاى زۆر هانى دا كاسترۆ دره‌مانخوارد بكات، به‌ڵام ئه‌و رازى نه‌بوو وه‌ له‌ یه‌كه‌م بینینى كاسترۆ پێده‌ڵیت: هاتوى بمكوژیت، فه‌رموو ئه‌وه‌ ده‌مانچه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌جیاتى ده‌مانجه‌كه‌ بگرێته‌ ده‌ستخۆى فرێدایه‌ باوه‌شیه‌وه‌.
هه‌رچى دیكتاتۆره‌ نزیكه‌كانى لاى خۆشمانه‌ كه‌سیان وه‌كو سه‌رۆكى پێشوى لیبا نه‌بوو، معمر قه‌زافى به‌س بۆ گه‌یشت به‌ خیزانى زین بن على سه‌رۆكى تونس، چونكه‌ ئافره‌تێك بوو خه‌یاڵى داگیر كردبوو، هه‌وڵێكى بێوه‌چانى دا كه‌ له‌گه‌ڵى بخه‌وێت، خه‌وتنى یه‌كه‌مى قه‌سرێكى له‌ ناوجه‌رگه‌ى پاریس كه‌وت كه‌ نرخه‌كه‌ى 50 ملیۆن یۆرۆ بوو، ئیتر مانگانه‌ ئه‌م خانمه‌ جارێك دوو جار سه‌ردانى لیبیاى ده‌كردو له‌ هه‌ر سه‌ردانێكى 10 ملیۆن دۆلارى وه‌رده‌گرت.
سه‌دام حسێن و عشقى بۆ سه‌میره‌ شاهبه‌نده‌ر، ئه‌و دكتۆره‌ى دایكى سێ منداڵ بوو، به‌ زۆرى له‌ مێرده‌كه‌ى جیا كرده‌وه‌و بوو به‌ خێزانى له‌ ساڵى 1986. وه‌په‌یوه‌ندى نێوان سه‌دام حسێن كچه‌ شۆخى یۆنانى باریسولا لامبسوس كه‌ هه‌ر له‌ته‌مه‌نى 16 ساڵانه‌وه‌ سه‌رنجى سه‌دامى راكێشا بوو، به‌جۆرێك له‌ناو یه‌كێك له‌ كۆشكه‌كانى جێگیر كردو بۆماوه‌یه‌كى زۆر له‌گه‌ڵى ماوه‌ تاكو ناچار بوو له‌ 2001 عێراق به‌جێبهێلێت له‌ ترسى عودى كورى سه‌دام، كه‌ كچێكى ئه‌م ئافره‌ته‌ى لاقه‌ كردبوو، سه‌دامیش بۆ ماوه‌یه‌ك زیندانى كرد.
له‌ كۆتایدا قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت: دیكتاتۆره‌كان ئه‌وه‌نده‌ى سه‌رقالى نووسینى خۆشه‌ویستین و ئه‌وه‌نده‌ى له‌گه‌ڵ ئافره‌تانى نهێنى كاتیان به‌سه‌ر ئه‌برد، ئه‌گه‌ر چاره‌كێكى ئه‌وه‌ خه‌ریكى دۆخى كۆمه‌ڵگاكانیان بونایه‌ ئێستا مرۆڤایه‌تى جوانتر ئه‌بوو. تۆ بڵێت سه‌ركرده‌كانى كوردیش هه‌مان چیرۆكیان هه‌بێت؟