شه‌ریف هه‌ژاری: ئه‌مه‌ كاره‌ساتێكی ڕۆژانه‌یه‌ كه‌ له‌ دوری سی مه‌تر ڕووده‌دات له‌ نێوان دوو زانكۆ دا!

ئه‌م به‌راورده‌ گه‌ر مرۆڤی به‌ ویژدان لێی وردبێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌هه‌ژێ و داده‌خورپێ!

زانكۆی سلێمانی دایك و زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی ــ نێوانیان ته‌نها پردێكی (به‌ نزیكه‌ی) سی مه‌ترییه‌. له‌ زانكۆی ئه‌مریكی خوێندن ئاساییه‌ و شاهانه‌ییه‌، كه‌چی له‌ زانكۆی سلێمانی خوێندن نییه‌ و كپ و ماته‌!
له‌ زانكۆی ئه‌مریكی پێوه‌ر بۆ خوێندكار زیاتر بڕی پاره‌ی ساڵانه‌یه‌ كه‌ ده‌یدات نه‌ك نمره‌ و، خوێندكار ئه‌توانیت به‌ بڕی پاره‌ی زۆر بچیته‌ كۆلێژی به‌رزه‌وه‌.
كه‌چی له‌ زانكۆی سلێمانی خوێندكاری كۆلێژی پزیشكی نمره‌كه‌ی %100 و 99% ه‌ و خزمم له‌وێیه‌ و خۆم چه‌ند ساڵێك له‌ تۆمارگای گشتی زانكۆی سلێمانی بووم، هه‌روه‌ها له‌ كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاریی و یاسا و به‌شه‌كانی مێژوو و زمانی ئینگلیزی زۆربه‌ی جار خوێندكاران نمره‌ی %90 كه‌متریان نییه‌.
له‌ زانكۆی ئه‌مریكی جۆره‌ها مامۆستای شه‌هاده‌داری تێدایه‌ هه‌ر له‌ توركیاوه‌ تا شوێنه‌كانی دیكه‌ و، مه‌رج نییه‌ مامۆستا بڕوانامه‌ی زانكۆی به‌رزی هه‌بێت، به‌لكو ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ ئینگلیزی ئه‌زانن. هه‌روه‌ها مه‌رج نییه‌ مامۆستاكانیان نمره‌ی بڕوانامه‌كانی به‌كالۆریۆس و ماستێر و دكتۆرایان به‌رز بێت.
كه‌چی له‌ زانكۆی سلێمانی زۆرێك له‌ مامۆستاكانیان زانكۆ به‌رزه‌كانی (له‌نده‌ن، مانچسته‌ر، نۆتینگهام، نیوكاسل، مینۆسیتا، فلۆریدا و شه‌ڤێڵد و هتد) یان به‌ نمره‌ی زۆر به‌رز و به‌ زه‌ماله‌ی خوێندنی به‌رزه‌وه‌ بڕوانامه‌یان به‌ده‌ست هێناوه‌ و، زۆرینه‌یان یه‌كه‌مه‌كانی كوردستانن.
له‌ زانكۆی ئه‌مریكی به‌ لای كه‌مه‌وه‌ مامۆستاكانیان له‌ 15 وه‌ره‌قه‌ و 20 وه‌ره‌قه‌ كه‌متریان نییه‌، ئیدی جگه‌ له‌ ئۆتێلی گرانبه‌ها كه‌ بۆیان گیراوه‌ و، سه‌فره‌ و هاتوچۆیان و، سازكردنی ده‌یه‌ها كۆنفرانس بۆ هاتوچۆیان.
كه‌چی له‌ زانكۆی سلێمانی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مامۆستاكانیان یه‌كه‌مه‌كان بوون و، هه‌ندێكیان له‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا ته‌واویان كردووه‌، ئه‌وا بڕی موچه‌كانیان له‌ نێوان 400 بۆ 500 هه‌زار دایه‌ و، به‌شێكیان بوونه‌ته‌ كرێكار و، به‌شێكیشیان كرێ خانوویان نییه‌ و له‌ هه‌موو مافێك به‌ده‌رن.
له‌ زانكۆی ئه‌مریكی زۆرینه‌ی خوێندكاران كوڕ و كچی به‌رپرسه‌كانن و، ڕۆژانه‌ به‌ ئۆتۆمبێله‌ گرانبه‌هاكانیان ویژدانی هه‌زاره‌ها خوێندكاری لێهاتووی زانكۆی سلێمانی بریندار ئه‌كه‌ن كه‌ ده‌ست له‌ پاس ڕائه‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی (به‌ باران و به‌ گه‌رمای مانگی حه‌وت) به‌شكوومه‌ خووایه‌ پاسێك بۆیان ڕاوه‌ستێ و به‌ كرێ تا ناو بازاڕ نزیكیان كاته‌وه‌.
كه‌چی له‌ زانكۆی سلێمانی كه‌ ته‌واوی خوێندكارانیان نمره‌ی زۆربه‌رزیان هه‌یه‌، ئه‌وا كوڕ و كچی فه‌قیر و هه‌ژاران و چینی گشتین و، هیچ بڕه‌ مووچه‌یه‌كیان نییه‌ و، زۆرێك له‌ خوێندكاران كرێی هاتوچۆیان پێ نییه‌، ڕۆژانه‌ش ده‌ست له‌ پاس ڕائه‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی (به‌ باران و به‌ گه‌رمای مانگی حه‌وت) به‌شكوومه‌ خووایه‌ پاسێك بۆیان ڕاوه‌ستێ و به‌ كرێ تا ناو بازاڕ نزیكیان كاته‌وه‌.
ئا ئه‌مه‌ كاره‌ساتێكی ڕۆژانه‌یه‌ كه‌ له‌ دوری سی مه‌تر ڕووده‌دات له‌ نێوان دوو زانكۆ دا.