شه‌ریف هه‌ژاری: وته‌كه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌لابه‌ختیار سه‌باره‌ت به‌ په‌كه‌كه‌ و، وته‌ی ئینگلیزێكیش به‌ دیدگایه‌كی تره‌وه‌!

ئه‌مڕۆ مه‌لا به‌ختیار وتی: په‌كه‌كه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یان كرد كه‌ شۆڕشی چه‌كداریی و شۆرشی مه‌ده‌نیان تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتر كرد!

جارێ با واز له‌وه‌ بێنین كه‌ له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌ هیچیان شۆڕش نین و كوردیش شۆرشی نییه‌!! به‌ڵكو وه‌كو له‌ كتێبه‌كانمدا به‌كارم هێناوه‌ و به‌كاری دێنم زانستییه‌ و ڕاستر وایه‌ كه‌ ده‌سته‌واژه‌ی (جوولانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی) به‌كاربهێنرێت نه‌ك شۆڕش!

ئینجا پێموایه‌ گه‌ر هه‌موو كه‌س ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ په‌كه‌كه‌ بگرێت، ئه‌وا نه‌ده‌بوو كه‌ گوێمان له‌و ره‌خنه‌یه‌ ببوایه‌ كه‌ مه‌لا به‌ختیار بیگرتبایه‌! بۆ!؟

چونكه‌ خۆ له‌ یادنه‌كراوه،‌ ئه‌وه‌ مه‌لا به‌ختیار بوو كه‌ له‌ كۆنگره‌كه‌ی هه‌ده‌په‌ دا له‌ توركیا هاواری ده‌كرد و ئێستاش ڤیدیۆیه‌كه‌ی له‌ یوتوب ماوه‌ و ده‌یوت: به‌ڵێ بۆ ئازادی ڕێبه‌ر ئۆجه‌لان و هاتنه‌خواره‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ و شۆرشی په‌كه‌كه‌ هه‌ر سه‌رئه‌كه‌وێت و ئاماده‌بووانیش دروشمیان ده‌وته‌وه‌!!

پاشان خۆ قسه‌كانی مه‌لا به‌ختیار و سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش ماوه‌ كه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌ی كوردسات دا كردیان، كه‌ مه‌لا به‌ختیار جه‌ختی ئه‌كرده‌وه‌ كه‌: پێویسته‌ هه‌ده‌په‌ ببێته‌ هاوپه‌یمانی چه‌په‌ پێشكه‌وتووخوازه‌كانی توركیا نه‌ك ئاكپارتی ئه‌ردۆغانی ئیخوانی ئیسلامگه‌را! كه‌ هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاشیش هه‌مان ئایدیای دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌!! ئیدی نه‌شیان‌ ده‌وت كامانه‌ن ئه‌و پارته‌ چه‌پانه‌ی تورك كه‌ كاریگه‌ربن له‌ گۆره‌پانی سیاسیی توركیا و برواشیان به‌ دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد هه‌بێ!؟ واته‌ به‌دیلی لۆژیكیان نه‌ده‌خسته‌روو!

روونیشه‌ كه‌ له‌ یه‌كه‌م شه‌وی بردنه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی هه‌ده‌په‌ كه‌ 78 كورسیان هێنابوو، كاتێك سه‌لاحه‌ین ده‌میرتاش رایگه‌یاند: نابینه‌ هاوپه‌یمانی ئاكه‌په‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت.

ئه‌وه‌بوو هه‌ر ئه‌وشه‌وه‌ هه‌لسه‌نگاندنێكی سیاسیی-ستراتیژیم نووسی و به‌ روونی ئه‌وه‌م خسته‌ڕوو كه‌: سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش تووشی یۆتۆپیای (overestimate) بووه‌، واته‌ كاتێك سیاسه‌تكاری نائه‌زمووندار بردنه‌وه‌یه‌ك تۆمارئه‌كات ئیدی له‌ خۆی بایی ئه‌بێت و، زیاتر له‌ واقیع‌ خۆی ده‌خه‌ملێنێ واته‌ خۆی زۆر له‌و واقیعه‌ی كه‌ تێیدایه‌ به‌ گه‌وره‌تر و زیاتر ده‌بینێت! هه‌روه‌ها رونیشم كرده‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری هاوپه‌یمانی ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ یان جه‌هه‌په‌ ئه‌وا گورزی ستراتیژی له‌ هه‌ده‌په‌ی كورد ده‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌و پارتانه‌ فاشیستن و زۆرینه‌یان له‌سه‌ر بنجی ئایدیای ره‌گه‌زپه‌رستی پارتی كۆماری تورانیه‌تی ئه‌تاتورك دامه‌زراونه‌ته‌وه‌.

كه‌وابو به‌ هاندانه‌كانی پێشووی مه‌لا به‌ختیار (كه‌ به‌ چه‌ندان ڤیدیۆ و چه‌ندان وتار به‌رده‌ستن) خودی ئه‌و بوو كه‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌ده‌په‌ی هانده‌دا كه‌ دروشم و كاركردیان بكه‌نه‌ ئازادی بۆ رێبه‌ر ئاپۆ، كه‌ هه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌ بنه‌مادا تێكه‌لكردنی جوولانه‌وه‌ی شاخی په‌كه‌كه‌ و شاری هه‌ده‌په‌ ئه‌كات و شه‌قام و كادیرانی حیزبه‌كه‌ی به‌م فه‌لسه‌فه‌ (ناسیاسییه‌) هانده‌دا.

 كه‌چی ئێستا ئه‌لێت: ئه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ بوو كه‌ ئه‌و هه‌له‌یه‌یان كرد!! ناڵێ ئه‌وه‌ من بووم كه‌ هانمدان و تووشی ئه‌و هه‌له‌یه‌م كردن!! به‌راستی له‌ ناو كورد دا جوانیان وتووه‌: سه‌ركه‌وتن هه‌زار خاوه‌نی بۆ په‌یدا ئه‌بێ و شكستیش هه‌مووی خۆی لێ ئه‌دزێته‌وه‌!!

هه‌روه‌ها به‌ چه‌ندان بابه‌تی وه‌كو: (خوێندنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی-ستراتیژیی بۆ بوونیه‌تی داعش و شه‌ڕی موسڵ!!)، كه‌ له‌م لینكه‌وه‌ ئه‌توانن جارێكی تر لێی وردبنه‌وه‌: chawgnews

كه‌ تێیدا ڕوونمكرده‌وه‌ مه‌ترسی ستراتیژیی له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌ داهاتوودا وه‌كو رێكخراوی موجاهیدینی ئێرانی لێ بێت. به‌ڵام كه‌س بڕوای نه‌ده‌كرد! بۆ!؟

چونكه‌ كاتێك ئه‌و بابه‌ته‌م نووسی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاتبووه‌ باشوری كوردستان و راگه‌یاندنه‌ نا – سیاسییه‌كانی ئێره‌ رایانده‌گه‌یاند سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش چاوی به‌ دوو سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌ كه‌وتووه‌!!

ئیدی له‌وه‌ ورد نه‌ئه‌بوونه‌وه‌ كه‌: په‌كه‌كه‌ ته‌واوی ئه‌جێنداكانی خۆی (به‌ستۆته‌وه‌ و خستووه‌ته)‌ ناو ستراتیژی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا و، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ وه‌كچۆن موجاهیدین ته‌واوی ئه‌جێندای خۆیان به‌ستبووه‌وه‌ به‌ رژێمی به‌عسه‌وه‌، ئاوها په‌كه‌كه‌ش دوای سنورداركردنی ته‌داخولاتی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ ستراتیژ دا، ئه‌وا په‌كه‌كه‌ش گورزی ترسناكی به‌رئه‌كه‌وێت!

زیاتر له‌ مانه‌ش، له‌ بابه‌تێكی دیكه‌م دا: (بۆ مه‌ریوانی وریا قانع، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت دڕنده‌یی كۆماری سێداره‌ش له‌ هزری تاكی كوردا بسڕێته‌وه‌!)، كه‌ له‌م لینكه‌وه‌ ئه‌توانن جارێكی دیكه‌ بیخوێننه‌وه‌: chawgnews

شیم كرده‌وه‌ كه‌: پێم سه‌یره‌ هه‌میشه‌ نووسه‌رانی ناوده‌ركردووی وه‌ك كاك مه‌ریوانی وریا قانیع هه‌ر هانی په‌كه‌كه‌ ده‌ده‌ن و به‌شان و بالیا ئه‌نووسن!! كه‌چی جارێك ره‌خنه‌ی لۆژیكی و دلسۆزانه‌ له‌وه‌ ناگرن بۆ په‌كه‌كه‌ كرده‌وه‌ی خۆكوژی به‌ لاوی خوار ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساله‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌دات!!؟ ئایا كاك مه‌ریوان نازانێت ئه‌م كاره‌ له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌دا چه‌ندێك بۆ دۆزی كورد مه‌ترسیداره‌!! كه‌ ئه‌توانن بابه‌ته‌كه‌م جارێكی تر بخوێننه‌وه‌ و شاهیدی خه‌مخۆرییه‌كانم بن كه‌ هه‌موو هیوام ئه‌وه‌بوو په‌كه‌كه‌ به‌ ئاسانی هان نه‌درێن و دواتریش كه‌ كه‌مه‌ریان شكا، ئه‌وا هانده‌ره‌كانیان خۆیان لێ بدزنه‌وه‌!!

لێره‌دا جێی خۆیه‌تی وته‌ی كابرایه‌كی ئینگلیز له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ بهێنمه‌وه‌. كاتێك له‌ له‌نده‌ن ئه‌مخوێند، هاوینی 2012 هاورێیه‌كم كه‌ ئێستا پله‌داری ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆرانه‌ و مامۆستای زانكۆی سلێمانییه‌ ته‌له‌فۆنی بۆ كردم كه‌ ژورێكی كرێی بۆ بدۆزمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوینه‌ بێت توێژینه‌وه‌كه‌ی له‌ له‌نده‌ن بكات.

منیش به‌ ئۆنلاین بۆ ژورێكی كرێ ته‌قدیمم كرد، هاورێكه‌م هات بۆ له‌نده‌ن و كابرایه‌كی ئینگلیز ناونیشانی ژورێكی كرێی بۆ ئیمه‌یله‌كه‌م ناردبوو، ئیدی من و هاورێكه‌شم رۆشتین بۆ ناونیشانه‌كه‌ و ژوره‌كه‌م بۆ هاورێكه‌م به‌ كرێ گرت، كه‌ خانوویه‌كی چوار ژوری بوو، سێ ژوریان سێ كچه‌ خوێندكاری (تورك، فارس و به‌لجیكی) لێ بووه، هاورێكه‌شم ژوره‌كه‌ی تری به‌كرێ گرت!

له‌وێ كابرا ئینگلیزه‌كه‌ كاتێك لێی پرسین و‌ زانی كه‌ كوردین، كه‌وته‌ موناقه‌شه‌ له‌گه‌لمان له‌سه‌ر دۆزی كورد. ئه‌و ئینگلیزه‌ له‌ قسه‌كانی دا ره‌خنه‌ی زۆری له‌ په‌كه‌كه‌ گرت و وتی: په‌كه‌كه‌ دۆزی ڕزگاریخوازی كوردیان له‌به‌ر دیدی جیهان ناشیرین كردووه‌ و ته‌قینه‌وه‌ی خۆكوژی ده‌كه‌ن و مندال ئه‌ڕفێنن!!

به‌لام ئێمه‌ زۆر به‌رگریمان له‌ په‌كه‌كه‌ كرد، ته‌نها له‌به‌ر كوردبوونمان، نه‌ك ئه‌وه‌ی خۆمان په‌كه‌كه‌ بین!

 كه‌چی ئینگلیزه‌كه‌ له‌ وه‌لامدا پێی وتین: من له‌ سالی 1987 ه‌وه‌ ماستێرم له‌ كۆمه‌لناسیی سیاسیی له‌ زانكۆی له‌نده‌ن هێناوه‌ و ماستێرنامه‌كه‌م له‌سه‌ر (كۆمه‌لناسیی سیاسیی كۆمه‌لگای توركیا) بووه، ئینجا پرسیارێكی له‌ ئێمه‌ كرد و وتی:

جیاوازی چییه‌ له‌ نێوان كرده‌وه‌یه‌كی خۆكووژی كه‌ رێكخراوی قاعیده‌ له‌ بنكه‌یه‌كی پۆلیس دا ئه‌نجامی بدا و چه‌ندین مه‌ده‌نی ببنه‌ قوربانی، له‌گه‌ل كرده‌وه‌یه‌كی خۆكووژی كه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ بنكه‌یه‌كی پۆلیس دا ئه‌نجامی بدا و چه‌ندین مه‌ده‌نی ببنه قوربانی!؟

دواتریش ئینگلیزه‌كه‌ وتی: نابێت له‌ پێناو ئامانجی ڕه‌وا دا، ڕێگا و شێوازی ناڕه‌وا بگیردرێته‌به‌ر!

هه‌رچه‌نده‌ من و هاورێكه‌م له‌به‌ر كوردبوونمان زۆر به‌رگریمان له‌ په‌كه‌كه‌ كرد و زۆرمان پێ ناخۆش بوو كه‌ كچانی فارس و تورك گوێیان له‌و جۆره‌ مشتومڕه‌ بێت و! به‌لام ڕوویدا و ئێمه‌ش باسمان له‌ هه‌رچی كرده‌وه‌ی فاشیستی تورك و فارسه‌ كرد كه‌ زۆرینه‌یان تیرۆریستی و ره‌شه‌كوژی و جینۆسایدكارن!!

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies