رەزا شوان: پیرۆزبێت رۆژی پێشمەرگە و رۆژی ئاڵای کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە یادی 71 مین ساڵڕۆژی، بۆ یەکەمین جار گۆڕینی (هێزی رزگاریخواز) و (پارێزەری کورد و کوردستان) بۆ ناوی (پێشمەرگەی کوردستان) هاورۆژیش بوو کە بۆ یەکەمین جاریش (ئـاڵای کوردسـتان) لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە شاری مەهاباد دا، لە رۆژی 17- دێسەمبەر 1945ز دا، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان، لە لایەن پێشەوا قـازی محەمەدی نەمرەوە ناوی فەرمی (پێشمەرگەی کوردستان) راگەیاندرا هەر لەو رۆژەدا و لایەن پێشەواوە لەسەر باڵەخانەی شارەوانی شاری مەهاباد، بۆ یەکەمین جار لەگەڵ وتنی سروودی نیشتمانیمان ئەی رەقیب و هەڵهەڵەلێدان و چەپڵەڕێزاندا (ئاڵای کوردستان) بەرزکرایەوە. ئەو رۆژە بوو بە رۆژێکی پیرۆز لە مێژووی کوردستاندا.. لەو رۆژەوە پێشمەرگەی کوردستان و ئاڵای کوردستان بوون بە دوانەی لێکدانەبڕاو.. هەموو ساڵێک بە ئەوپەڕی شانازی و رێزەوە یادی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە.. ئەم رۆژە پیرۆزە، بووە بە بەشێکی رەسەن لە کولتوور و مێژووی گەلەکەمان.
لە ساڵی 2009 شدا، پەڕلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان، بە بڕیاری ژمارە 48 بڕیاریان دا و، بە فەرمی رۆژی (١٧ی/ دێسەمبەر)ی هەموو ساڵێکی کرد بە (رۆژی ئاڵای کوردستان) لە باشووری کوردستاندا.
هەموو ساڵێک لە 17- دێسەمبەر دا، بە شانازی و رێزەوە،بە خۆشی و خرۆشەوە، لە کوردستان و لە هەندەران، لەم رۆژەدا یادی ئەم دوو بۆنە نەتەوەییەمان دەکەینەەوە، بە گەرمی و گەشییەوە پیرۆزبایی لە پێشمەرگە و لە یەکتری دەکەین و، سڵاو لە ئاڵای رەنگینی کوردستانمان دەکەین.. سوێند و بەڵێن و پەیمانیش تازە دەکەینەوە کە سورتر و گڕتربین لە خەبات و بەرگری و خۆڕاگری و کۆڵنەدان و گیانبەخشین، بەڵێنی ئەوەش دەدەین کە ناسرەوین تا سەردەکەوین، تا کوردستانی نیشتمانمان لە داگیرکەران رزگاردەکەین و، بە هیوا و بە مافە رەواکانی گەلەکەمان دەگەین و بڕیار لە مافی چارەنووسمان دەدەین.. ئەمەش مافێکی رەوای دانپێنراوی هەر نیشتمانێکی داگیرکراو و گەلێکی ماف زەوتکراوە.. بۆ رزگاربوونی لە داگیرکەری بێگانە.
پێشمەرگەری کوردستان لە رۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ لە سەنگەرەکانی کوردایەتی و مەردایەتیدا، لەژێر دروشمی (کوردستان یا نەمان) دا، قەڵغانێکی پۆڵایین و شوورەیەکی سەختتن لە رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران و نەیارانی کورد و کوردستان.. هەمیشە گیان لەسەردەست بوونە و ئامادەی گیانبەخشین و شەهیدبوون بوونە.. هەمیشەش خۆیان بە پێشمەرگەی هەموو کوردستان دەزانن.. ئامادەشن لە هەر شوێنێکی کوردستاندا پێویستیان پێیان ببێت، لەوێدا بەرگری بکەن و گیانی خۆیان ببەخشن.. چونکە کوردستان لە باکوورییەوە تا باشووری، لە رۆژهەڵاتییەوە تا رۆژئاوای یەک کوردستانە و نیشتمانی هەموو کوردێک و هەموو کوردستانییەکی کوردستان پەروەرە بەبەبێ جیاوازی.. پێشمەرگە ئەو قارەمانە گیانبەخشانەن کە هەرگیز سڵیان لە مردن لە پێناوی کوردستاندا نەکردۆتەوە و ناکەنەوە.. پارێزگاری کردن لە کوردستان بە پیرۆزترین و پێویسترین ئەرکیان دەزانن.. شەهیدبوونیشیان لەم پێناوەدا، بە سەروەری و شانازی دەزانن.. تەنانەت نەیارانی گەلەکەشمان نکووڵی لەم راستییە ناکەن و پێش دۆستەکانمان دانی پێدا دەنێن.
لە ئەمڕۆدا ناو و ئازایی و قارەمانییەتییەکانی پێشمەرگەکانمان، گەریلاکانمان، شەرڤانانمان، شێرە کوڕان و کچانمان، لە کوردستان و لە هەموو جیهاندا، بوونەتە وێردی سەرزمان، وێنەکانیان بوونەتە بەرگی یەکەمی گۆڤارەکان، هەڵمەت و داستانەکانیان بوونەتە مانشێتی لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکان، گورزە گورچکبڕەکانی رۆژانەیان لە داعش و لە دگیرکەرانی کوردستان بوونەتە هەواڵی بە پەلە و گەرمی راگەیاندنەکان و میدیاکان.. جوامێرییان، رەوشتبەرزییان، رەفتارجوانییان، خۆڕاگرییان، بەرگرییان،…هتد. بوونەتە هەوێنی شیعر و سروودی شاعیران، بوونەتە ئیلهام بۆ چیرۆکنووسان و رۆماننووسان و دەرهێنەران و فیلمسازان، بوونە بە شاکاری وێنەکێشان، بە شرۆڤەی سیاسییەکان، نەک هەر لە کوردستاندا، بەڵکو لە هەموو جیهاندا.
پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانمان، سیمبۆڵی قارەمانێتی و پاڵەوانێتین.. شایەنی ئەوەن کە وەکو رێزگرتن و پێزانینی قوربانیدانتان، لە هەر شار و شارۆچکەیەکی کوردستاندا، شەقامێک، قوتابخانەیەک، هۆڵێک، تەلارێک، باخچەیەک، گەڕەکێک، بازاڕێک، تیپێکی وەرزشی یا هونەری یا شانۆیی، بەڵکو شارێکمان، ناوی لێبنرێت (پێشـمەرگە).. پێشمەرگە کەمئەندامەکانمان شایەنی ئەوەن کە بیان خەینە گلێنەی چاوەکانمانەوە.. رۆژانەش سەری رێز و نوازش بۆ شەهیدەکانمان دانەوێنین و، کێلی گۆڕەکانیان ماچ بکەین.
پێشمەرگەی کوردستان ئەو هێزە کۆڵنەدەر و قارەمانە بێوێنەیەیە، کە چۆکی بە زەبەلاحترین و دڕندەترین سوپای رژێمی فاشستی و رەگەزپەرستی بەعسی دادا، سەری بە سەدام حوسێنی دیکتاتۆر و ستەمکاری گۆڕبەگۆڕ شۆڕکرد.. پێشمەرگەی کوردستان، ئەو شوورا پۆڵایینە سەختەیە، کە هەرەسیان بە ئەفسانەی داعشی تیرۆریست و دڕندە و بێڕەوشت و کۆنەپەرست هێنا و کردیانیانن بە پەندی زەمانە و، سنووری کوردستانیان کرد بە گۆڕستانیان.. گرەوشیان بە ناحەزانی کورد دۆڕاند، کە پێیان وابوو، خەنجەری ئازادی کوردی، ناتوانێت شمشێری رەگەزپەرستی و کۆنەپەرستی تێکبشکێنێت.
لە ئەمڕۆدا داستانەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوونەتە مایەی سەرسامی، بوونەتە بابەتێکی ستراتیژی سەربازی و، لە ئاکادیمییە سەربازییەکانی جیهاندا، تۆژینەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێن.
پێشمەرگە ئەوینداری چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ لە خاڵ نین، بەڵکو ئەویندار و دێوانە و شەیدای سەرسەختی خۆشەویستی کورد و کوردستانن، ئەوینداری رزگاری و ئازادی و سەرفرازی و یەکسانی و ئاشتی و پێکەوە ژیانن.
ئەی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان ئەی پارێزەرانی کوردستانی نیشتمانی شیرین و پیرۆزمان.. ئێوە مایەی شکۆ و سەربەرزی و شانازیمانن.
لە سایەی خۆڕاگری و بەرگری و بەرخودانی و ئێشگرتنی ئێوەدایە، کە ئێمە دەتوانین بە خۆشی و شادی، بە ئاسوودەی و دڵنیایی بژین.. هەر لە سایەی ئێوەدایە کە ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان دەشکەکێتەوە و قەت نانەوێ.. ئێوە بە خوێنی گەش و ئاڵتان تاجی ژیانتان نەخشان.. داری ئازادیتان ئاودا.
ئەی هەڤاڵانی بەجەرگی پێشمەرگەی دڵسۆزی کورد و کوردستان، ئەی هەڵۆ بەرزفڕەکان، پڵنگە هەڵمەتبەرکانی کوێستان و پێدەشتەکانی گەرمیانی کوردستان، ئەی هەڵگرانی پەیامی رزگاری و ئازادی و ئاشتی.. قارەمانیتان بێوێنەیە.. چی بەها و خەسڵەتێکی جوان و بەرز و پیرۆزیش هەیە لە ئێودا بەرجەستەبوونە.. لە دەوری دەست و تفەنگتان گەڕێین، قوربانی سەر و قەد و باڵاتان بین.. ئێمە هەردەم قەرزاری دڵسۆزی و ماندووبوون و گیانبەخشینی بێسنووری ئێوەین.. نەک تەنها لە رۆژی پێشمەرگەدا، بەڵکو هەموو ساتێک و هەموو کاتێک هەموو رۆژێک، ئێوە لە بەرچاومانن، لە ناخی دڵماندان.
دڵنیاین کە لە سایەی خەبات و بەرخودانی ئێوەی گیانبەخشدا، ئایندەیەکی گەشتر و ژیانێکی خۆشتر و شیاوتر بۆ کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان، کە هیوا و نەوەی داهاتووی کوردستانن، زامن و دابین دەکەن.
ئەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، ئێوە هەمیشە سەربەرز و باڵابەرزن، سەر و باڵاتان، هاوباڵا و هاوربەرزی چیاکانی قەندیل و سەفین و ئاگری داغ و پیرەمەگروون و خاڵخاڵان و هەورامان و شاهۆ و زمناکۆن.. لە کوردستاندا
هەر چیایەک، هەر دارێک، هەر دۆڵ و تەلان و دەشتێک، هەر ئەشکەوتێک، هەر دێیەک و گەڕەکێک و شەقامێک، بە دەیان چیرۆک و داستانی قارەمانێتی و نەبەردی ئێوەی کوردستان پەروەریان لە خۆگرتوون.
کوێربن ئەو چاوانەی کە بە سەرکەوتنەکانی ئێوەدا هەڵنایەن.. دەک لاڵبن ئەو زمانانەی بە ناشیرینی ناوتان دەبەن.. کەڕبن ئەو گوێیانەی گوێتان لێناگرن.
ئەی پێشمەرگەی کوردستان، چەند ستایشتان بکەین، چەند پێتاندا هەڵبدەین، چەند لە مەڕ دڵسۆزی و قارەمانێتی و جوامیریتان بنووسین.. دڵۆپێکن لە دەریای قارەمانێتی و بەخشینتان.. شکنابەین کە لە فەرهەنگەکانی زماندا، وشەیەک یا زاراوەیەک هەبن، کە هاوتای وشەی پیرۆزی(پشـمەرگە) بن.
بە داخەوە کە لە ئەمڕۆدا، پرۆفایلی پێشمەرگە تێکەڵ بە حیزبی کراوە، هەر حیزبێک و هەر باڵێکی حیزبی هێزی تایبەتی خۆیان هەیە.. دەبوایە بەر لە هەموو شتێک هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکبخرایە و بە فەرمی بکرایە بە هێزێکی دامەزراوەیی نیشتمانی و، بکرایە بە ناوکی (سوپـای کوردسـتان) هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێت نەک بۆ حیزبەکانیان.. زۆر جار لە راگەیاندن و میدیاکاندا گوێم لێبووە، دەڵێن (پێشمەرگەکانی حیزبی….) خۆزگە تەنها بە (پێشمەرگەکـانی کوردسـتان) ناویان دەبردن.. لە چەند نووسینێکی پێشترمدا، را و بۆچوونەکانی خۆم لەسەر ئەم بابەتە باس کردووە.
رۆژی ئاڵای کوردستان:
ئاڵا سونبۆڵی پیرۆزی و شکۆداری و سەروەریی نەتەوە و نیشتمانە، هەر وڵات و هەر هەرێمێک ئاڵای تایبەتی خۆیان هەیە، رێزی لێدەگرن و شانازی پێوە دەکەن، هەر وڵات و هەر هەرمێک بە ئاڵاکەیدا دەناسرێتەوە.
ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان، رەنگە گەش و جوانەکانی، گوزارشتن لە خەبات و خوێنبەخشین و لە سروشتی جوانی کوردستان و لە سەروەریی مێژوومان.
رۆژی شەممە 12/17/ 2016 یادی حەفتاو یەکەمینی ساڵڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە، کە بۆ یەکەمین جار، لە شاری مەهاباد دا بەرزکرایەوە.. ئاڵای کوردستان، ئاڵای هیچ پارتێک نییە، بەڵکو ئاڵای هەموو کوردستانە.. ئەو ئاڵایەیە کە پێشەوای مەزن، قازی محەمەدی نەمر، سەرۆکی هەڵبژێراوی کۆماری کوردستان، سوێندی بە خوا و بە پیرۆزی ئاڵای کوردستان خوارد.
خۆشەویستیمان و رێزگرتنمان و بەرزڕاگرتنی پیرۆزی ئاڵای کوردستانمان، گوزارشتە لە دڵسۆزی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستانی نیشتمانمان.. ئاڵای کوردستان سیمبۆڵی شکۆ و سەروەریی نەتەوەییمانە.
پێویستە هەر لە منداڵییەوە، خۆشەویستی و رێزی ئاڵای کوردستان، لە دڵ و هۆشی کوردیلەکانمان بڕوێنین.. کولتوور و نەریتێکی پەروەردەیی جوانە و بووە بە باوێکی دەقگرتوو، کە رۆژانی پێنج شەممان، لە هەموو قوتابخانە بنەڕەتییەکانی باشووری کوردستاندا، رێورەسمی (سڵاوی ئاڵا) سازدەکرێ. کە لە کاتی ریزبوونی قوتابییەکان و مامۆستاکانیان لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەیاندا، سێ قوتابی پاک و جلوبەرگ رێک، بە زۆریش سێ قوتابی دیدەوان، بە جلی دیدەوانییەوە بەرەو ستوونی ئاڵا دەچن و ئەو قوتابییەی کە لە ناوەڕاستەوەیە دوو هەنگاو بەرەو ستوونی ئاڵا دەنێ و ئینجا لەسەرخۆی، ئاڵاکە تا لووتکەی ستوونەکە بەرزدەکاتەوە، هەموو قوتابییەکان پەنجەکانی دەستی راستیان دەخەنە لای گویی راستیانەوە و، زۆر بە رێزەوە دەوەستن و، قوتابییەکان و مامۆستاکان پێکەوە سروودی نیشتمانیمان (ئەی رەقیب) دەڵێنەوە.. دواتریش لە لایەن چەند قوتابییەکەوە، هۆنراوەی نیشتمانی پێشکەش دەکرێن.. لە دوا وانەی خوێندنیشدا، بە هەمان رێزەوە ئاڵای کوردستان دەهێنریتە خوارەوە و هەڵدەگیرێت بۆ پێنج شەممەی داهاتوو.. بێگومان ئەم رێۆرەسمەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانمان کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر منداڵانی گەلەکەمان دەبێت، خۆشەویستی و رێزگرتن لە ئاڵای کوردستانمان، دەبێتە بەشێکی دەقگرتوو لە کولتووری گەلەکەمان و، هاوبەستەبوونیشمان بۆ کوردستان شیرینتر دەبێت.
لە وڵاتانی جیهاندا شێوەی گوزارشتی جیاواز هەیە لە رێزگرتن و لە سڵاوی ئاڵادا.. بۆ نموونە: لە ئەمریکا و ئیڕلەندەدا، لە کاتی سڵاوی ئاڵادا، دەستی راستیان دەخەنە سەر دڵیان، ئەوانەشی کە شەبقەیان لە سەردابێت یەکسەر شەبقەکانیان دادگرن.. بەم شێوەیە گوزارشت لە رێز و لە خۆشەویستییان
بۆ ئاڵاکەیان دەردەبڕن.. خۆزگە لە کوردستانی ئێمەشدا، دەبوو بە باو لە کاتی سڵاوی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانمان، دەستی راستمان لەسەر دڵمان دادەنا، کە گوزارشتە لەوەی کە رێز و خۆشەویستی ئاڵا لە دڵماندایە.
با لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا، لە سەربانی خانووەکانماندا ئاڵای کوردستان بەرزبکەینەوە.. با لەم رۆژە پیرۆزەدا هەموومان جلی کوردی لەبەربکەین و، ئاڵایەکی بەرەیەخی کوردستان، لە یەخەی چەپمان لە سەرووی دڵمانەوە هەڵبواسین.. با لەم رۆژەدا بەگەرمی و گەشی پیرۆزبایی لە یەکتری بکەین.. با لە کاتژمێری هەشتی بەیانی ئەم ڕۆژەدا، زەنگی رێزگرتنی ئاڵا لێبدرێت و، لە هەموو شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، بۆ ماوەی پێنج خولەک خەڵکی و ئۆتۆمبیلەکان لە شەقامەکاندا، بە رێزەوە لە شوێنی خۆیاندا بوەستن و هەر کەسێکیش دەستی راستی بخاتە سەر دڵی.. رێزگرتنمان بۆ ئاڵای کوردستانمان دەربڕین.. با لەم رۆژەدا لە سەرجەم قوتابخانەکاندا چالاکی تایبەتی شیاو ئەنجام بدرێت و منداڵانی شەهیدانی کوردستان رێزیان لێبگرن و خەڵاتیان بکەن.. با بازاڕ و بەردەم کۆگاکان بە ئاڵای کوردستان بڕازێنرێنەوە .. با تەکسییەکانی شارەکان ئاڵایەکی بچووکی کوردستان بە تەکسییەکانیانەوە ببەستن.. با ماراسۆنی راکردن و گەیشتن بە ئاڵای کوردستان، لە شارەکاندا سازبکرێت.. رۆژی ئاڵای کوردستان زۆر لەم چالاکییانە زیاتر هەڵدەگرێت.
دیسان بە داخەوە ئەوندەی لە بۆنە نیشتمانییەکانمان و لە خۆپیشاندانەکانمان ئاڵای پارتە سیاسییەکان لە کوردستاندا بەرزدەکرێنەوە.. چارەگی ئەوە ئاڵای کوردستانمان بەرزناکرێتەوە.. هیوادارین لەمەوە دوا، بەپێچەوانەوە بێت زیاتر ئاڵای کوردستان و کەمتر ئاڵای پارتە سیاسییەکانمان ببینین.
پیرۆزبێت رۆژی پێشمەرگەی کوردستانی نیشتمانی جوان و شیرینمان
پیرۆزبێت رۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان.. هەردەم شەکاوبێت ئاڵاکەمان
نەمری و سەروەری بۆ سەرجەم شەهیدانی کـورد و کوردســتان

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت