Allai-komari-kurdistan

دانیار عومەر: هاووڵاتی و دەستەڵات لەژێرئاڵای کوردستاندا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاڵای کوردستان , ڕەنگە تاکەسیمبولێک بێت لەهەرێمی کوردستاندا، سەرجەمی لایەنەکوردیەکان و هاوڵاتیان لەسەری کۆکبن و بابەتێکی قبوڵکراوبێت لای هەمووان، هەرچەندە ئەم یەک دەنگییە تەنها لەچوارچێوەی ئەم هەرێمەدایەو بەس، لەپارچەکانی دیکەی کوردستان، تائێستا قبوڵنەکراوە.

ئەوەی گرنگە, لەم یادەدابوترێت و پرسیار بکرێ ئەوەیە, لەماوەی 25 ساڵ حکومڕانی لەم هەرێمەداو لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایەدا چی ڕوویداوە، چی کراوە ، خاوەن دەستەڵاتەکان بون بەچی و هاوڵاتی چیان لێبەسەرهات، ئاڵا هەڵکراو کرایە سیمبولی ئەم خاک و ئەم کیانە سیاسیە، بەڵام ئەی ئاڵا خۆی چ سودێکی لەئێمەبینی شەرمەزارکرا، یان بەشەکاوەیی مایەوە.
لەوەڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوەدا، واقیعی ئێستا وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەمان دەداتەوە، کە ئایا چ جۆرە حکومڕانیەک ئەنجامدراوە، ئەوانەی لەدەستەڵاتدا بوون چۆن مەرامە قێزەونەکانیانیان، ئاوات و خولیاگڵاوەکانیان چۆن و بەچ شێوەیەک یەک لەدوای یەک جێ بەجێ کردووە، لەژێر ئەم ئاڵایەدا هێزی کەسی و گروپ و مافیا دروست بوون، لەژێر ئەم ئاڵادا قاچاخچی و بازرگانی سیاسی و دیبلۆماتکاری بەرژەوەندیخواز دروست بوو، لەژێر ئەم ئاڵایەدا کۆشک و ڤێلاو باخی سەدان دۆنمی و چەم و دۆڵ و شێوەکان بۆ بەناو شۆڕشگێڕان داگیرکران؟، لەژێرئەم ئاڵایەدا دەستەڵات دەستەڵاتێکی بێ قانون بوو، دەستەڵات دەستەڵاتێکی پیرۆزکراوبوو، دەستەڵات دەستەڵاتێکی دووربوو لەخەڵک و هاوڵاتیانی و، بەڵام ئەڵقەلەگوێ و گوێڕایەڵی دوژمنان بوو.

لەژێر ئەم ئاڵایەدا کەرامەتی مرۆڤ، ئازادی مرۆڤ، بوونی مرۆڤ، مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، سەرجەمیان لەژێر پرسیاردان. گەڕەک و کۆڵانی بەرپرسان، کارەباو ئاو جادەی قیر و ئۆتۆمبێلی زبڵ ڕێژی بەرپرسان، خواردنگەو چێشتخانەو فرۆکەی بەرپرسان، بازاڕو مارکێتی بەرپرسان، ماڵ و خوێندنگەو زانکۆی بەرپرسان، پزیشک و دەلاکی بەرپرسان، هەمووی جیاکرایەوە. وەک ئەوەی خەڵک لەشیوی (گولان) فڕێدرابن و ئەوان خویان لەو نەخۆشیە بپارێزن بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی “هاوڵاتی بوون ” نەبن، چونکە هەر بەتەنها خۆیان دەزانن لەم ووڵاتە هاووڵاتی بوون چەندە سەخت و دژوارە.
لەژێر ئەم ئاڵایەدا چی نەکرا، کوردستانێک کە لەپێنج هەزار ساڵی پێش زاینەوە یەکەم گوندی کشتوکاڵی لێ دامەزراوە، کرایە هەرێمێکی بەناو پیشەسازی، سەدان کارگە بەکرێکاری بیانی و کارەبایی (نیشتمان)یی خراونەتە کار بۆ خزمەتی بەرپرسەکان و هاووڵاتیش بەتەنها هەوای پیس و ژینگەی پیس و بێ کارەبایی بۆماوەتەوە، کیسەڵ ئاسا، نە توانیان خەونی فڕینمان بەدیبێنن و نەڕۆشتنە هێواشەکەی جارانیشمان بیرماوە.
ئەوەی ماوە ئەوەیە، ئەو ئاڵایە کە بەسەر فەرمانگەو دامودەزگاکانەوە هەیە، ئاڵایەکە ڕۆژانە سەدانجار خۆی بەشەرمەندەو شەرمەزارو ڕەزیلکراو دەبینێت لەبەرامبەر هاووڵاتی و خاکەکەیدا. ئەو گفتوگۆیەی 25 ساڵە ئاڵا بێ نازەکەمان لەگەڵ ئاڵاکەی تەنیشتیدا دەیکات (ئاڵای عێراق)، ئەوخەون و خولیایەی کە هەموکات بۆی دەگێڕایەوە کە وەک هاوشانی ئەوی لێدێ و دەچێتە ئاستی ئەو و، ئیتر بە بچوکی لەژێر سایەیدا نامێنێتەوەو، وەک ئەو، پایتەختەکان و، ووڵاتان و کۆشکەکان و پەڕلەمانەکان دەگێڕدرێ و ئیتر چاو و گوێی دەکرێتەوە و لەتەنیشتی لالەزاری ئاڵای کۆنفڕانس و کۆبوونەوە جیهانیەکاندا دەبێتە ئاڵای ووڵاتێ بەناوی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ئێستە بێدەنگ و شەرمەندە پەنجە خۆی دەگەزێ و، هەزارجار خۆزگە دەخوازێ بێدەنگ بوایە لەبری ئەو خەونە بەتاڵانەی نزیکی سێ دەیەیە سەرقاڵی بووە. سەربەرزانە پارچەیە پەڕۆی لەخەنجەر ئاڵاوی کەمەری مامە پیرەی گوندێکی ئەم هەرێمە بوایە، نەک سیمبولی حکومڕانییەکی چەوسێنەرو دیکتاتۆر لەبەرامبەر  هاووڵاتیەکانیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت