جەزا ئەحمەد فارس: حکومەتى هەریمى کوردستان خراپترین نمونەى حکومڕانى کردنە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حکومەتى هەرێمى کوردستان بەدرێژى هەموو قۆناغەکانى مێژووى سیاسیى لە باشورى کوردستان خراپترین نمونەى حکومڕانى پێشکەش کردووە.
پێویستە خەڵکى لەوە تێبگات تەنها ئەم کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کابینەیەکى شکستخواردوو نیە بەڵکو کابینەکانى پێشوتریش بەپێى هەموو پێورەکان خراپترین جۆرى فەرمانڕەوایەتیان پێشکەشکردووە.
سیاسەتە کانى ئەم کابینەیە درێژکراوەى سیاسەتەکانى کابینەکانى ترە و ئەو قەیرانانەى کە ئەمرۆ هەن و گوزەرانى هاوڵاتیانیان تێک داوە دەرئەنجامى ئەو هەڵە گەورانەن کە لە کابینەکانى تر ئەنجامدراون.
هەندێک لەم قەیرانانە بە بەرنامە دروست کراون بۆ ئەوەى کە هاووڵاتیان سەرقاڵ بن بەو قەیرانانەو دزى و گەندەڵیەکانى بەر پرسانیان بیر بچێتەوە.
لەماوەى رابردوودا کاربەدەستانى ئەم هەرێمە لە برى ئەوەى سیاسەتێکى دروست بکەن بە ئاراستەى خزمەت کردنى خەڵکى هەرێمى کوردستان و بەرەو پێش بردنى ئەم هەرێمە بە بەردەوامى لە ململانێدا بوون بۆ ئەوەى کە بتوانن زۆر ترین داهات بە دەست بیە نن لە داهاتى گشتى کە موڵکى هەموو خەڵکى هەریمى کوردستانە.
پێویستە خەڵکى هەرێمى کوردستان لەوە تێبگات نابێت چاوەڕێى باش بوونى بارودۆخى هەرێمى کوردستان بکەن لە بەر ئەوەى دەسەڵاتى سیاسى لەم هەرێمە مانەوەى بە ندە بە دروست کردى قەیران بۆ ئەوەى کە بتوانن درێژە بە فەرمانڕەواى خۆیان بدەن.
ئەوان بە دروست کردنى قەیرانەکان خەڵکى ناچار دەکەن کەبەبەردەوامى سەرقاڵ بن و نەیان پەرژێتە سەر ئەوەى کە بیر بکانەوە سەبارەت بە گەندەڵى و ئەو ناعەدالیەتیانەى کە ئەم دەسەڵاتە دروستى کردووە چونکە ئەوەى ئەم دەسەڵاتە بە خەڵکى هەرێمى کوردستانى کردووە و دەیکات بڕواناکەم لە هیچ شوێنێکى ئەم جیهانە بوونى هەبێت.
ئەم دەسەڵاتدارە گەندەڵانەى هەرێم بەبەردەوامى سوکایەتى بە کەرامەت و شەرەفى مرڤى کورد دەکەن و کار بۆ ئەوە دەکەن کە شکۆمان بشکێنن ئەمە لە کاتێکدایە کە فەرمانڕەواى دروست کار بۆ بەر ز کردنەوەى شکۆى هاونیشتیمانیەکانى دەکات بۆ ئەوەى لە سەر ئاستى جیهان تاکەکانى ڕێزى لێبگیرێت.
ناکرێت و نابێت چاوەڕێى باش بوونى باردۆخى هەرێمى کوردستان لەم پیاوە سیاسیە بچوکانە بکەین لەبەر ئەوەى هەر ئەم پیاوە سیاسیانە بوون شەڕى برا کوژیان بە خەڵکى کردو بە هەزاران گەنجیان کردە قوربانى و دواتر لەسەر مێزى گفتوگۆ ، ووڵاتە زلهێزەکان کۆیان کردنەوە.
ئەم دەسەڵاتە مێژوویەکى خراپى هەیە لە سوکایەتى کردن و بەتاکەکانى خۆى بۆیە ئایندەیەکى باش هەرگیز چاوەڕوانى ناکات.
هەمیشە هیوا خواز بووین کە دەستاو دەست کردنى کردنى دەسەڵات لەم هەرێمەى کە تیایدا دەژین بە شێوەیەکى ئاشتى خوازانەو دیموکراسانە بێت و دور بێت لە هەموو کارێکى توندو تیژى و نامرۆڤانە بەڵام بوونى هێزى چەکدار لە لایەن پارتە سیاسیەکانەوە ئەوە مان پێدەڵێت کە چارەنوسى ئەم هەرێمە لە سوریا و لیبیا باشتر نابێت.
ئەم پیاوە سیاسیە بچوکانەى کە ئێمە هەمانە وا باوشیان بە کورسیەکانیاندا کردووە کە بە ئاسانى دەست بەردارى نابن و لە ومێژووە خوێناویەى کە هەیانە تێدەگەین کە ئەمان بەلایانەوە ئاساییە لولەى تفەنگەکانیان بکەنە هاوڵاتیانى خۆیان و شارەکانمان خڵتانى خوێن بکەن.
ئەم شێوازى دروست کردنەى قەیرانە کە سەرانى حکومەتى هەرێم پیادەى دەکەن بریتیە لە پیادەکردنى سیاسەت بە شێوەیەکى نائەخلاقى و نا بەرپرسانە وە پێویستە بە زووترین کات بوە ستێنرێن.
لەکۆتایدا پێم وایە باشترین ڕێگە بۆ وەستانى ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە گەندەڵە مرۆڤ کوژە ئەوە یە کە کوردەکانى ئەوروپا دەست بکەن بە درست کردنى گروپى فشارى گەورە گەورە بۆ ئەوەى ووڵاتە زلهێزەکان سنورێک بۆ ئەم کاربەدەستانە دابنێن ولەوە زیاتر سووکایەتى بە شەرەف و کەرامەتى مرۆڤى کورد نەکرێت و کارە چەوتەکانیان سنوردار بکرێن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت