بورهان شێخ ڕەئوف: فاکتەرەکانى داڕمانى پەیوەندییەکانى تورکیاو یەکێتى ئەوروپا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووى پەیوەندییەکانى نێوان یەکێتى ئەوروپاو دەوڵەتى تورکیا بدەینەوە دەبینین یەکەم هەنگاو لە تورکیاوە دەستى پێکردووە کە ساڵى 1959 داواکارى بوون بە ئەندامى لە بازاڕاى هاوبەشى ئەوروپا پێشکەشکردن ئەوروپیەکانیش چوار ساڵ دواتر پەسەندیانکرد واتە ساڵى 1963.
ساڵى 1980 بە هۆى کودەتا سەربازییەکەى کەنعان ئیڤرینەوە ئەو پەیوەندییانە سڕکرا دواتر لە ساڵى 1983 لە پاش گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتى مەدەنى و هەڵبژاردن جارێکى تر پەیوەندییەکان ئاسایى بوونەوە.
تورکیا کەلە ساڵى 1996 ەوە چووە ناو یەکێتى گومرگیەوە و لە ساڵى 2005 ەوە بە فەرمى داواکارى فەرمى بە ئەندام بوونى تەواوى پێشکەش بە یەکێتى ئەوروپا کرد بەڵام هەر لەو کاتەوە یەکێتى ئەوروپا و دامودەزگاکانى وەڵامێکى ئەرێنى و یەکلاکەرەوەى تورکیایان نەداوەتەوە لەبەرئەوەى یەکێتى ئەوروپا پێودانگ و مەرج وبنەماى تایبەت بە خۆیان هەیە کە لە وڵاتى تورکیادا تائێستا ئەو بنەماو پێوەرانە فەراهەم نەبوون.
ئەگەر فاکتەرى گرنگ و سەرەکى قەیرانەکانى نێوان یەکێتى ئەوروپاو تورکیا لە دیدى تورکیا و پەیوەندییەکانى نێوان تورکیاو ئەرمینیاو وهەروەها پەیوەندییەکانى نێوان قوبرس و تورکیا بێت ئەوە کێشەى کورد لە باکورى کوردستان یان باشوورى ڕۆژهەڵاتى تورکیایە کە کێشەى گەلێکە نکووڵى لە بوونى دەکرێت و پێشتر مسعود یەڵمازى سەرۆک وەزیرانى پێشووى ئەو وڵاتە وتبووى ڕێگەى ئەوروپا لە ئامەدەوە دەست پێدەکات.
بۆیە تورکیا نیگەرانى خۆى لە سستى وتووێژەکان بۆ چوونە ناو یەکێتى ئەوروپا نەدەشاردەوە و لە گەڵ سەرهەڵدانى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکانى ساڵى 2013 گۆڕپانى جیزى و تەقسیم لە ئەستەنبوڵ کە ئەوروپیەکان شەپۆلێکى گەورەى ڕەخنەیان ئاڕاستەى حکومەتى تورکیا کرد و تاوانباریان کرد بە پێشێلکردنى مافى مرۆڤ و ئەردۆغانیان بە دکتاتۆر ناوبرد.
لەپاش بەهارى عەرەبى و بەتایبەتى شۆڕشى سوریا و سەرهەڵدانى قەیرانى سوریاش جارێکى تر بە هۆى دەستێوەردانەکانى تورکیا لە و وڵاتە و پشتیوانیکردنى لە گروپە تیرۆریستیەکان و بەشدار نەبوونى لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش لە سەرەتاوە دەستێوەردانەکانى لە میسرو لیبیا و عێراق و یارمەتى و کۆمەکى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ شەڕڤانانى کورد لە ڕۆژئاواى کوردستان واتە باکوورى سوریا کە تورکیا ئەوان بەباڵى سوریاى پارتى کرێکارانى کوردستان دەناسێت و جیاوازى لە نێوان تیرۆریستانى دەوڵەتى ئیسلامى داعش و شەڕڤانانى کورد نابینێت ئەمەش خاڵێکى ترى ناکۆکیەکانى ئەو دوولایەنەیە.
هەر سەبارەت بە کورد تورکیا ئەوروپیەکان تاوانبار دەکات بە یارمەتیدانى تیرۆرى (pkk) و دەڵێن ئەو کۆمەک وچەک و یارمەتیانەى بە شەرڤانانى کورد لە ڕۆژاوا دەدرێت ئەوان دژى تورکیا بەکارى دەهێنن و هەڵگیرسانەوەى شەڕ لە باکورى کوردستان دەگێڕنەوە بۆ ئەو کۆمەک و یارمەتیانە.
خاڵێکى ترى ناکۆکى نێوانیان قەیرانى کۆچبەران بوو کە تورکیاوە ڕوویان لە وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا دەکرد کە ڕێککەوتنێکیان لە سەر واژۆکرد کە تورکیا ڕێ بگرێت لە پەڕینەوەى کۆچبەران بۆ ئەوروپا لە بەرامبەردا یەکێتى ئەوروپا 6 ملیار ئۆریۆ بدات بە تورکیا ولابردنى ڤیزە لە سەر هاوڵاتیانى تورکیا کە ئەمەش جێبەجێ نەکرا.
لە کۆتاییدا لە دواى کودەتا شکستخواردووەکەى 15 تەمووزى 2016 ئەو هەڵمەتى گرتن و دەرکردنەى کە نەیارانى ئەکەپەى گرتەوە جارێکى تر تورکیا کەوتەوە بەرشاڵاوێکى ترى ڕەخنەو نیگەرانى ئەوروپیەکان ،تورکیاش ئەوان بە پشتیوانى کودەتاو بزوتنەوەى خزمەتى فەتحوڵاگویلەن تاوانباردەکات.
لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەردۆگان پەیوەندییەکانى لە گەڵ ڕوسیادا ئاسایى کردەوەو بانگەشەى ئەوەدەکات کە ببێتە ئەندامى ڕێکخراواى شنگهاى و وڵاتانى ئەندامى شنگهایش خۆشحاڵى دەرببڕن.
ئەوەى تورکەکان دڵى خۆیانى پێخۆش دەکەن لە کاتێکدا پەرلەمانى ئەوروپا پێشنیارى سڕکردنى پاڵێورانى تورکیا بۆ یەکێتى ئەوروپا دەکەن ئەوەیە کە بە سەرکەوتنى ترامپ بۆ سەرۆکایەتى ئەمریکا و هاتنە دەرەوەى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا و هەڵکشانى ڕەوتە ڕاستڕەو تووندڕەوەکان لە ئەوروپا پێشبینى هەڵوەشانەوەى ئەو یەکێتیە بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت