دياری  قەرەداخـــی: ساڵی نوێ دەبێ چۆن بێ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی نوێ دەبێ چۆن بێ؟

تۆ بڵیی شەهیدان بگەڕێنەوە بۆ لای منداڵ و هاوسەرو دایكی ڕەشپۆش؟

بۆ لای باوانیان كە بەلەپی زبری ئیشی سەختەوە گۆشی كردوون؟

چ زەمەنێك دەگەڕێتەوە؟

لە گەڕانەوەیاندا كام چیرۆكی برسێتی ئێوە ببینێ ؟

بێن و باسی دڵی وەریوی خۆیان بكەن؟

بشێت لەگەڕانەوەیاندا لەشەوێكی سەهۆڵبەنداندام بەكڕێوە شەوێكدا چەشنی بابە شەهید كڵۆ شەكرێكیان پێبێ بۆ تاڵی دەمی خێزان؟

ئەفسوس دەست و دیاریی هاتنەوەیان مەركانەیەك خوێنی ڕژاوی سینەی پڕ قەهرەیانە، لەگەڵ كۆتاهەناسەدا تاوەكو فریای دووا وشەیان بكەون وپێتان بڵێن: ئێوە لە چ ساڵێكی تەمەندان؟ كام ساڵی نوێ؟ كام زەماوەند دەگێڕن؟

پێمان بڵێن ساڵی نوێ..

چی گۆڕێ لە دەموچاوی سیاسی؟

لە ڕەنگی حیزب؟

سەوز جورئەتی كرد زەرد لە یەخەی بدا؟

زەرد ئاسمانی شینی دا بە خۆیدا؟

ئاسمانی شین بارانی جوانیی داكردە سەر قەد وگەڵای زەردی خەزان ؟

ئەمە بوو پێكەوە ژیان؟

كە بژین یەك بكوژین؟

ساڵی نوێ ڕقی كێمانی لەبەرانبەر ئەوی تردا هێوەر كردەوە؟

تفەنگی گەرمە تەقەی كێمانی لەبەرانبەر ئەوی تردا سارد كردەوە ؟

كام بوونەوەری ئەم هەرێمە

بەكەوتنی لاشەی كوژراوی دەستی خۆمان پەشیمانە؟.

ساڵی نوێ…

وەرزی نوێی خوێندنی نەهێنا..

خوێندكارانی ئەم دەڤەرە

بە چاوی خەواڵووی پڕ خەوەوە

بە مامۆستا بێ ڕاز و نیاز و بێ موچەكانیان دەڵێن:

(هەپی نیو یێر).

ناڕازییەكان چاوێكیان لەسەر مامۆستاكانی ترە و

چاوەكەی تریشیان لەسەر منداڵە بێ دەوامەكانە،

دڵیشیان لای بەڵێنە سەرابییەكانی دەوڵەت.

ئای لە (دەوڵەت)..

ئەو وشەیەی لە واقیعدا پێی ڕادەچڵەكێین و

لە نوستنیشماندا خەونی ڕەنگاو ڕەنگمانە.

پیاوانی حیزب لە كۆتای ساڵ و سەری ساڵاندا هەر پێدەكەنن

بە ئێمەی گەل كەوا چۆن ڕازین بەبوونیان،

بە خۆیانی بەردەم كامێراكان…

پێكەنینی دوای مەستی، دوای داگرتنی ئاڵای كوردستان و

بەرزكردنەوەی ئاڵای حیزب…

پێكەنین دوای دروشم لێدان و

خوێندنەوی وتارە مێژوییەكان…

پێكەنین بە نوكتەی شەقام،

ئەو شەقامەی لێوان لێو بووە بە دوو فاقی..

فاقێكیان دەنگدەری پێشوماری ئەوان و

فاقەكەی تریشی خورتە خورت و بۆڵەبۆڵكەرن لە تاویان.

ساڵی نوێ ساڵی (دەغیلە)ی پاشكەوتی مووچەكانمان…

ساڵی لەناوچونی كۆمەك و كەمپینەكان

بۆ منداڵە هەتیوەكان.

خاڵی بوونی گیرفانی بەخشندەكان و

دوركەوتنەوە لە دەستەكانیان

بۆ كڕینی كولێرەیەك بۆ ماڵەكەی ئەو بەر.

ساڵی نوێ لە كێ پیرۆز؟

كە پیرۆزییەكان بێ رێز دەكرێ…

نموونەی ئینسان، كە ئەتك دەكرێ،

برسی دەكرێ،

بێ ماف دەكرێ،

ماڵی تاریك، ماڵی سارد،

ئەسڵەن بێ ماڵ دەكرێ..

كوا پیرۆزی، كام شار پیرۆز؟

كام منارەی حەقبێژ؟

كام كڵێسا هاتە جۆش؟

ساڵی نەوەی نوێ

بۆ گۆرانییەكی نوێ لە یانە گرانبەهاكاندا

بە دەم سەماو پێكی سوور

بەدەم سیگار و ئینتیمای دوور..

ساڵی كۆچ و ماڵئاوایی…

بە رووی دڕكەڵانی سنوورەكان و

پەڕینەوەیان بۆ ئەو ناوچە ئارامانەی

ناومان ناوە خاكی بەهەشت

كە سەدان ساڵە بە پلان وپیلانگێڕیان،

نیشتیمانی ئێمەیان وێران كرد .

كام ساڵ پیرۆز و كام جەژن و

چاوەڕوانی كام بابە نوئێلی ڕیش چەرموو بین

بۆ بەختی سیاهی كوردان؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت