نەوزادی موهەندیس: ساڵی 2016، ساڵی برسێتی و بێ‌ مووچەیی و ساڵە بە جەفاكە.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەداخەوە لەم قۆناغەی خەباتی كوردایەتیدا هەموو ساڵەكانمان لێبۆتە شەوەزەنگی تاریكی و هیچ كات ئومێد بە ساڵانی ڕابووردوومان ناخوازین ، چونكە ساڵ بەساڵ ژیان و گوزەرانی میلەتەكەمان خراپتربوە و مانایەك بۆ خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و جێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و دەروونی تاك بەتاك و خێزان بەخێزانی كۆمەڵگاكەمان نەماوەتەوە. لەسایەی سیاسەت و ئیدارەیەكی سەرنەكەوتوی حوكمڕانی كوردیدا ، هەموانمان ئاواتمان ئازادی و سەربەستی و دەسەڵاتی كوردی بوو ، خەونی ڕەنگاو ڕەنگ و پەمەییمان پێوە دەبینی بەڵام كاتێك ئەم دەسەڵات و حوكمڕانیە پێش 25 ساڵ لەمەبەر بە دەست و بازووی جەماوەری میلەتەكەمان هاتە لەدایك بوون، هەموو خەون و خەیاڵەكانمان پوچەڵبونەوە و بونە بڵقی سەر ئاو.

ئاواتمان بوو لەسایەی حوكمڕانی كوردیدا ئازادی و نانمان پێكەوە بۆ فەراهەم بكرێت و تاك و كۆمەڵگاكەمان هەنگاو بەرەو ئایندەیەكی ڕوونتر و گەشاوەتر بنێت و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی ڕابگەیەنرێت و كوردیش وەكو میلەتانی تر ببێتە خاوەن و پلەو پایەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ئەندامێكی كارای نێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سیادە و سەروەری و سنوری خاكی كوردستانی گەورە بپارێزێت، بەڵام دوای 25 ساڵ لە حوكمڕانیەكی نیمچە سەربەخۆی ئەم هەرێمەدا تازە بەتازە بەدەستی حومكڕانان و دەسەڵاتدارانی كورد خۆی دەكەوینە بنكۆڵكردنی ئەو بنچینە لەرزۆكەی كە هەمانەو گەرەكمانە بەسەر هەموانیدا دایتەپێنین و ئەوەی هەمانە و نیمانە لەدەستمان بچێت و خۆمان بوینەتە هۆكاری گەڕانەوەمان بۆ چوارگۆشەی یەكەم و خاڵی دەستپێك.ئێستا هەموانمان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەركەوت كە ئازادی بێ‌ نان و خۆشگوزەرانی هیچ مانایەك نادات و تەنها وەك دروشمێكی بریقەداری بێ ناوەڕۆك دەمێنێتەوە و بەهەمان شێوەش نان و خۆشگوزەرانیش بەبێ‌ بوونی ئازادی تاك و كۆمەڵ هیچ تام وخۆشیەكی لێ وەدینایەت، كە كۆمەڵگای كوردەواری هەردوو قۆناغەكەی تاقیكردۆتەوە و ئێش و ئازارەكانی هەردوو دۆخەكەشی چەشتوە.
ئەوەتا لەساڵی 2014وە و تاكو ئێستا لەم هەرێمەدا هەنگاوێك نەچوینەتە پێشەوە بەڵكو دەیان هەنگاو گەڕاوینەتەوە دواوە، هەرخۆمان و لە پێناو بەرژەوەندی سەركردە و حیزب و بنەماڵە و كورسیدا میلەتێكمان برسی و بێ‌ نان و ئاو كردوە و هەموو شیرینیەكانی ژیانیانمان لەبیربردونەتەوە.
بۆیە ئەمساڵی 2016یەش وەك ساڵانی پێش خۆی ساڵێكی پڕ جەفا و نائومێدی و برسێتی و بێ‌ مووچەیی و شەڕ و خوێن و فرمێسك هەڵڕشتنی دایكان و خوشكانی پێشمەرگە قارەمانەكانمان بوو، ساڵێكی بە جەفا و وشك وبرینگ بوو بۆ هەموان، كە هیچ كات ئومێدی بۆ ناخوازین و هەرگیزیش ناڵێین خۆزگەمان بەساڵی 2016.
بەهیوای ئەوەی ساڵی ئایندەی 2017 مان هیچ نەبێت كەمێك ئومێد و ئاواتەكانی هەموان بێتە دی و كەمێك خەم و خەفەت و نائومێدیەكانمان بڕەوێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت