هونەر جەمیل: کوردستان لەبەرداشی پۆلێک کاریزمای وەهمیدا.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی بەدرێژای چل ساڵی ڕابردو تادەگات بە ئێستا لەکوردستان بەدی دەکرێت دورستکردنی پۆلێک کاریزمای سیاسین، گەر تەنیا لەساڵەکانی 1976 وە بەنمونە وەربگرین! دەبینین هیچ کاتێک لە کوردستان سەرکردەیەکی نەتەوەی دروست نەبووە کە بەلایەنی کەمەوە سێ لەسەر چواری خەڵکی کوردستانی لەگەڵ بوبێت 1-6-1976 یەکێتی نیشتمانی کوردستان دادەمەزرێت و دەست بە شۆرش دەکات و جەلال تاڵەبانی دەبێتە سکرتێری گشتی حیزبەکە، لەوساتەوە تائێستا کاریزمای یەکێتیەکانەو یەکێتییەکان بە کاریزمای کوردستانیشی ئەبینن.

پێشتریش لای پارتییەکان مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی 1946 وە کاریزمای پارتییەکان بو، تا ئەم ساتەش لای پارتییەکان مەلا مستەفا باوکی ڕوحی نەتەوەی کوردە، دوای مردنیشی مەسعود بەرزانی کوڕی دەبێتە سەرۆکی پارتی و لەو ساتەوە تا ئێستا لای پارتییەکان ئەو کاریزمایەکی ڕۆشنی ئایندەی کوردستانە.

بە ئایدلۆژیایەکی جیاوازتر لە سنورێک و لە بەشێکی تری کوردستان حیزبێک بە باگراوندێکی چەپەوە سەرکردەیەکی تر یاخود کاریزمایەکی تر دەخوڵقێنێت ئەویش پەکەکەیە، سەرکردەکەشی عەبدوڵا ئۆچالانە گەرچی لەساڵی 1998 لە لایەن حوکومەتی تورکیاوە دەست بەسەرە بەڵام هێشتا لای کوردانی تورکیاو بەشێکیش لە کوردانی پارچەکانی تریش کاریزمایە. چونکە بە پەیامەکانی لە زیندانی ئیمڕالییەوە ئەوەی سەلماندووە کە ئەم کەسایەتییە هێشتا دەتوانێت پەکەکە و کوردانی باکور ئاڕاستە بکات.

بێگوما لای یەکگرتو و کۆمەڵیش مامۆستا سەلاحەدین بەهادین و مامۆستا عەلی باپیر سەرکردەی کاریزماین. بێگومان لەدوای 25-07-2009 دوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان سەرکردەیەکی تری کۆنی یەکێتی نشتیمانی کوردستان ئەم جارە بە فۆرمێکی گەنجانەوە دەبێتە سەرکردەی کارێزمای لای دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان. دوای نەخۆش کەوتنی جەلال تاڵەبانی و ڕێکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لە 17-5-2016 نەوشیروان مستەفا لای بەشێک لە یەکێتیەکانیش. فریادڕەس و کاریزمایە..

من لەم بابەتەما دەمەوێت سەرنجی ئێوەی خوێنەر بەلای چەند کاریزمایەکی سیاسی ببەم کە بەبڕوای من کاریزماو سەرکردەی ژمارە یەکن لە جیهاندا. ئەو سەرۆکەی توانی ئابوری وڵات ببوژێنێتەوەو وڵات پێش بخات و سەقامگیری سیاسی بخوڵقێنێت و هەلی کار بڕەخسێنێت و داهاتی تاک بەرزبکاتەوە بەڕای من سەرکردەیەکی کاریزماییە.

داسیلڤا سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەڕازیل توانی بەڕازیل لەوڵاتێکی هەژارەوە بکات بە وڵاتێکی خاوەن داهێنان: بیکات بە ئەندامی بیست وڵاتە تازە پێگەیشتوەکان، توانی ئابوری بەڕازیل بگەیەنێتە ئاستێک ئێستا بەڕازیل خاوەن سیستمێکی سیاسی دیموکراسیشە.

دووەم کاریزما بەڕای من موحزر موحەمەدە سەرۆک وەزیرانی پێشوی مالیزیایە، ئەم سەرۆکە توانی مالیزیا لە وڵاتێکی کشتوکاڵییەوە بکات بە وڵاتێکی پیشەسازی، ئێستا مالیزیا لەسەرنەخشەی ئابوری ئاسیاو جیهان بێ ئەوەی خاوەنی کانزای سروشتی بێت، ژمارەیەکی گەورەیەو مەڵبەندێکی گرنگی بازاڕی ئاسیاشە، ئەم سەرۆکە لە ماوەی حوکمڕانیدا جگە لە چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی، توانی ئابوری وڵات باش گەشە پێبدات و دوای وازهێنانی لەساڵی 2011 توانی 100 ملیاردۆلاری یەدەگ بۆ گەلی مالیزی پاشە کەوت بکات.

کاریزماو سەرکردەی سێیەم (لیکان یو )سەرۆکی سەنگافورە، دوای جیابونەوەی سەنگافورە لە مالیزیا جیهان چاوەڕێی لەبرسا مردنی گەلی سەنگافورەیان دەکرد. ئەم سەرۆکە بە ڕەخساندن بۆ وەبەرهێنانی بیانی و ڕێگادان بە کۆمپانیا بیانییەکان بەتایبەت کۆمانیا ژاپۆنییەکان، توانی وڵاتێکی کشتوکاڵی پڕ لە قوڕولیتە بکات بە وڵاتێکی گرنگی گەشتیاری و پیشە سازی.

بۆیە کاتی خۆیەتی بپرسین ئایا ؟ ئەم سەرکردانەی کوردستان بەڕاستی سەرکردەی کاریزماین یان وەهمێکەو لایەنگریی حیزبەکان دروستیان کردووە. یان دونیا بینی ئێمە هێندە کورتە بێئاگایمان لە دونیای دەرەوە، لە سیاسیەکان و سەرۆکی وڵاتانی تر وای لێکردوین بەم سیاسیانەی کوردستان بڵێین سەرکردەی کاریزمای.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت