بورهان شێخ ڕەئوف: ئەردۆگان سیستمى حوکمڕانى دەگۆڕێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەردۆگان لە دواى ئەوەى لە ساڵى 2014 بۆ یەکەم جار لە ڕێگەى هەڵبژاردنى ڕاستەوخۆەوە بووە سەرۆک کۆمارى تورکیا، کە پێشتر سەرۆک کۆمار لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرا لەو وڵاتەدا، وەکو یەکەم هەنگاو لە ڕێگاى گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى لەو وڵاتەدا بوو.
ئەگەرچى ئەم یەکەم سەرۆک نیە لە تورکیادا مەیل و ئارەزووى ئەوە بکات کە سیستەمى حوکمڕانى ئەو وڵاتەبگۆڕێت، وەکو سەرچاوەکان باسى دەکەن کە هەریەک لە تۆرگۆت ئۆزال و سلیمان دیمریل یش نیازو مەیلى ئەوەیان هەبووە بەڵام کەسیان نەیانتووانى وەکو ئەردۆگان ئەم هێزوو توانا و زەمینەى بۆ بسازێنن کە ئێستا پارتى دادو گەشە پێدان لە تورکیا لە دواى ئەوەى لە ساڵى 2002 ەوە بە تەنیا حوکمڕانى تورکیاییە و، بە کەڵک وەرگرتن لە هەندێک پێشووەچوونى ئابوورى لە سەرەتاوە وا ئێستا لە پەرلەمانى تورکیادا پرۆژە یاساییان بۆ پێشکەشکردووەو سەرقاڵى گۆڕینى سیستمى حوکمڕانین بە پشتیوانى پارتى نەژادپەرستى بزوتنەوەى نەتەوەیى کە دەوڵەت باهچەلى سەرۆکایەتى دەکات.
سەرەڕاى ناڕازیبوونى پارتە ئۆپۆزەسیۆنەکانى وەکو پارتى کۆمارى و هەدەپ وا ئەوان سەرگەرمى گۆڕانکاییەکانن و بەتەمان لە مانگى نیسانى داهاتوو 2017 ڕاپرسى گشتى لە سەربکەن و ئەگەر دەنگى پێویستى هێنا دەستوورى تورکیا بگۆڕن و ئەوکات ئەردۆگان دەتوانێت تا ساڵى 2029 سەرۆکى وڵات بێت.

پاساوەکانى ئەردۆگان و ئاک پارتى بۆ گۆڕینى سیستم
یەکێک لەو فاکتەرانەى کە ئەردۆگان و لایەنگرانى پێداگیرى لەسەردەکەن بۆ گۆڕینى سیستم، ئەو پێشووەچوونە ئابوورىە سەقامگیرییە بووە، کە لە سەرەتاوە ئاکەپە بەدەستى هێنابوو بە کەمکردنەوەى گەندەڵى و نەمانى قەرز لەسەر تورکیا کە بۆ درێژەدان بەم دۆخە سەرۆکێکى بەهێزى دەوێت بەدەسەڵاتى ڕەهاوە، کە بتوانێت خۆشگوزارەنى بۆ هاووڵاتى تورک دابین بکات، وەکو خۆیان دەڵێن تورک !! وەکو نەتەوەى تر لەو وڵاتەدا نەبێت، بەمەش هەموو کۆسپ و تەگەرەکان وەلادەنرێن لە ڕۆتیناتى کارگێڕى و بیرۆکراتى کە لە سیستمە پەرلەمانیدا هەن بەڕاى ئەوان.

نیگەرانیەکان لەم هەنگاوە
لە بەرامبەردا هێزە ئۆپۆزەسیۆنەکان ترس و نیگەرانى خۆیان نەشاردۆتەوە لەم هەنگاوەى ئاکەپەو ئەردۆگان بە تایبەتى، پارتى کۆمارى و هەدەپە کە ئێستا زۆرێک لە سەرکردەو کادرو ئەندامانى فرکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانى تورکیا و هەڵسووڕاوەکانى بە بیانووى جیاجیا لە کونجى زیندان خزێنراون بە توندى دژ بەم پرۆسەیەن، لەبەرئەوەى ترسى ئەوەیان هەیە کۆکردنەوەى هەموو دەسەڵاتەکانى یاسادانان و جێبەجێکردن لە دەستى کەسێک و پارتێکدا، ڕژیمێکى شمولى دکتاتۆرى تر بهێنێتە ئاراوە. کە ئێستا سەرەتاکانى لە ڕەفتاروکردارەکانى ئەردۆگاندا وەدەر کەوتووە و، لە چەند مانگى ڕابردوودا تورکیا کراوەتە زیندانێکى گەورە بۆ هەمو هێزە ئۆپۆزەسیۆن و ئازدیخوازەکانى ئەو وڵاتە، بە بیانووى جیاجیا چ کورد بە تاواوانى تیرۆر و جەماعەتى خزمەتى گویلەن بە تاوانى کودەتا.
بەڵێ ئەردۆگان لەم ڕێگەوە دەتوانێت بۆ ماوەیەکى دوورو درێژ لە سەرۆکایەتى تورکیا بمێنێتەوە ئەمەش دواى ئەوەدێت کە ڕاپرسى لە سەر دەکرێت لە ساڵى 2019 دەخرێتە بوارى جێبەجێ کردنەوەو کە هەر خولێک پێنج ساڵە کە بەو شێوە دەتوانێت تا ساڵى 2029 لە سەرۆکایەتى بمێنێتەوە، کە ئەمەش ئەو تێڕوانینە پشتڕاستدەکاتەوە کە حزبە ئیسلامیەکان دیموکراسى و سندوقەکانى هەڵبژاردن بەکاردەهێنن تاوەکو دەگەنە دەسەڵات و دواتر پشتگوێى دەخەن.
سەرەڕاى ئەوانەش ڕشنووسى دەستوورە تازەکە مادەى 101 ى دەستوور هەڵدەوەشێنێتەوە کە ڕێگا نادات سەرۆک کۆمار سەرۆکى پارتى سیاسى بێت بەمەش ئەردۆگان جارێکى تر سەرۆکایەتى ئەکەپە وەردەگرێتەوە.
هەروەها ئەم دەستوورە نوێییە دەسەڵاتى ئەوەدەدات بە سەرۆک کە هەڵوەشانەوەى پەرلەمان و ڕاگەیاندنى بارى نائاسایى و بڕیارى شەڕو ئاشتى و دامەزراندنى وەزیرو سەرۆکى زانکۆکان و هەروەها دیارییکردنى نیوەى ئەندامانى هەردوو دادگاى دەستوورى باڵاو دادگاى کارگێڕى باڵاو ئەنجوومەنى باڵاى داد، جگە لە داواکارە گشتیەکان و کە نیوەکەى ترى لە لایەن پەرلەمانەوە دیارى دەکرێت، ئەوانیش ئاکەپە کە زۆرینەن تێیدا دیارى دەکەن.

میکانیزمى جێبەجێ کردن
گۆڕینى سیستم پێویستى بە 367 دەنگ هەیە لەکۆى 550 دەنگى پەرلەمانى تورکیا کە ئەمەش بە تەنیا لەم خوولەدا بۆ ئاکەپە ناکرێت کە خاوەنى 317 کورسیە بە تەنها بەڵکو پەناى بۆ پارتى نەژادپەرستى مەهەپە بردووە کە خاوەنى 39 کورسى پەرلەمانن، بەم شێوە دەتوانن ئەو کۆسپە تێپەڕێنن و پرۆژەکەیان بخەنە ڕاپرسیەوە ئەگەر دەنگى لەسەدا پەنجاى دەنگدەران بهێنێت دەبێتە دەستوورى وڵات.
لەم کاتەشدا هێزە ئۆپۆزەسیۆنەکان هیچ ڕێگرییەکیان بۆناکرێت لە پەرلەماندا ئەگەر تواناکانیان بخەنە گەڕ، کە گەل دەنگى پێ نەدات کە ئەوەش لەوەیە کارێکى ئاسان نەبێت بۆیان لە کاتێکدا سەرکردەکانى هەدەپە کە هێزێکى چالاک و کاران لە زینداندان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت