عیماد عەلی: بە جنۆکەکردنی کیانی سەربەخۆی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کە تۆ، هەست بە نارەزایەتیەک بکەیت لەمەر سیاسەت و کەموکوریەکانت و بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامە سلبیەکانی دەربازبی، هەرەشەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکەیت .
کە تۆ، بۆ داپۆشینی شکستی گەورەی حوکمرانی و بۆ کەسبکردنی سۆزی خەڵک و هەڵخەڵەتاندنی، بتەوێت لە رێگەی ئدییعای راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە قۆناغەکە بەرێبکەیت .
کە تۆ، بە خودی خۆت قەیرانەکانت دروست کردبێت و دەردانەکانی بە خەتەر لەسەر خەڵک کەوتبێتەوە و بوبێتە مایەی نارەزایەتی و بی َمتمانەیی و تۆش بە تموحی سفرکردنەوەی ئەو بێ متمانەیی و شکستە حزبی و شەخسیە، بتەوێت تەنها بە ئیدعای راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانخۆت دەرباز بکەیت .
کە تۆ، هەست بە خەتەری گەورە لەسەر شەخسی خۆت و حزبەکەت لە زۆر لاوە بکەیت و بتەوێت خۆت لەوبارە رزگار بکەیت و بتەوێت راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان وەک ئامرازێک بۆ ئەو مەبەستە بەکاربێنیت .
کە تۆ، هەست بەوە بکەیت یان ئەگەری ئەوە هەبێت نەیارێکت ناوچەیی بێت یان نێوخۆیی پۆستێکی گەورە بگرێتە دەست و تەنها بەخەتەر بۆ سەر خۆت و حزبەکەت بزانیت و بتەوێت بۆ خۆقوتارکردن و دەەربازبون لەو حاڵەتە ئیدیعای راگەیاندنی دەوڵەتی کرودستان بکەیت .
کەتۆ، راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان وەک داردەستێکی تۆقێنەرانەی شەخسی خۆت و حزبەکەت لە دژی کۆمەڵانی خەڵک و نەیارانت راستەوخۆ بێت یان ناراستەخۆ بەکار بێنیت نەک وەک ئامانجێکی گەورەی کورد و جێگەی شەرەفی گیانبەختکردوان تەماشای بکەیت، ئەم ئامانج و شەرەفە گەورەیە لە جەوهەرەکەی پوچەڵناکەیتەوە ؟
لە بەرامبەردا تۆیەک، کە هیچ بنەمایەکی سەرەکی و راگرێکی سیاسی و دارایی وئابوری و تەنانەت رۆشنبیریت نەبێت بۆئەوەی بەرگری لەو ئدیعایە بکەیت و زامنی دامەزرادنی دەوڵەت و بەردەوام بونیت نەکردبێتەوە و بە سەرکێشی هەنگاوی بۆ بنێیت و تەنانەت بە خۆت بڵێیت دوای ئەوە چی دەبێت یان نابێت با ببێت، ئەمە نیشانیەکی گەورەی شکەستی حوکمرانی و بێدەربەستی تۆ نیە لەو قوربانیانەی کە لەپێناو ئەم ئامانجە پیرۆزدا دراوە ؟
ئەوەی مایەی وتەنە لێرەدا، کە جگە لە نەمانی متمانە بە سیستمی سیاسی و ئەم بە ناو میتۆدە شازەی حوکمرانی کوردستان و بەم دەسەڵاتە، وادەردەکەوێت ئەم فەرمانرەوایانە بیانەوێت سەربەخۆیی کوردستانیش لە دڵ و دەرونی خەڵکدا دوور بخەنەوە و متمانەیان بەم ئامانجەش نەمێنێت، وەک چۆن بە خودی دەسەڵاتەکە نەماوە . وا ئێستا لای زۆرینەی خەڵک روون بووەوە کە هەرەشەی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیان وەک جنۆکەیەکی ترسێنەر بەکارهێناوە و بۆیان دەرکەوتووە کە هەرکاتێک بیانەوێت خەڵکێک بترسێنن یان لەدژی نەیارێک بەکاری بێنن و وەک کاردانەوەیەکی زۆر سوک بەکاری بێنن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت