هاوکار حوسەین: دۆزەخ بەتامی بەهەشت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرسیارێک: باشە بۆچی سیاسییەکانی رۆژئاوا و ئەمریکا، هەر وەعدێک دەدەن پێش هەڵبژاردن، دەمودەست دوای هاتنەسەر کورسی لانیکەم زۆربەی جێبەجێدەکەن، لێرەش رێک پێچەوانەی بەڵێنەکانیان دەجوڵێنەوە؟ ئەمە خەتای سیاسییەکانە یان سوچی خەڵکە رەشۆکەکەیە؟
دوای تەنیا 5 رۆژ لەهاتنەسەر کار، ترەمپ دەستیکرد بەجێبەجێکردنی بەڵێنە سەرەکییەکانی: هەر لەبەربەستکردنی سنوری نێوان ئەمریکاو مەکسیکەوە بیگرە تا دەگات بەدەرپەڕاندنی پەنابەرانی نایاسایی، رێگریکردن لەداخڵبونی ئەوانەی لەوڵاتانی زۆرینە موسوڵمانەوە دەچنە ئەمریکا. لێرەش لەساڵی 2013دا هەڵبژاردن کرا، بەس وەعدی بەهەشت مابوو بەخەڵک بدرێت، کەچی پاش چوار ساڵ دۆزەخێکی حەقیقیان بۆ خەڵک چێکرد.
پێش هەڵبژاردن، پارتی بەشێوەیەکی راقی لەشاشەکانەوە، بەخەڵکی دەوت: موفاجەئەمان پێیە بۆتان، ئیتر دەتانکەین بەشەریک لەداهاتی سامانی نیشتمانیدا. یەکێتی دەیوت: پارتی ئەو بابەی مرد ئیتر بەئارەزوی خۆی ئێوەی رەشوڕوت بچەوسێنێتەوە، خەمخۆری راستەقینە منم. گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ کە ئەوکات ئۆپۆزسیۆن بون، دەیانوت: بەس ئەوەندە مەجالمانبدەن بچینە دەسەڵات، حەوت پشتتان دەحەسێنینەوە. حزبەکان حەقی خۆیانە، وەعدی عەیارە 24، وەک دەنکی تەزبیح بەدوای یەکدا ریزبکەن، بەڵام ئەی حەقی تۆی دەنگدەر چیە؟
ئەوەی وادەکات ترەمپ راستگۆبێت و سیاسییەکانی کوردیش درۆزن، پەیوەندی بە میمۆری دەنگدەرەوە هەیە، میمۆری خەڵکی ئێمە لەهی ماسی دەچێت، سەدجار قولاپەکە لچولێوی بگرێت، جاری دواتر هەر دەمی بۆ دەباتەوە. وەک رۆژی روناک دەزانێت ئەوەی بەقولاپەکەوەیە، جگەلە تەڵەیەک هیچی تر نیە، کەچی لاوازی عەقڵی و چڵێسی گەدەی و قوڵی گیرفانی، هەر پاڵی پێوەدەنێت دوبارەو سەدبارە دەم بۆ قولاپەکە بباتەوە. دەنگدەری ئەمریکی سەیردەکات بزانێت پەتی قولاپەکە بەدەست کێیەو چی پێوەیەو جاری داهاتوش لەخاوەن قولاپ دەپرسێتەوە، دەنگدەری کوردیش کە چاوی کەوتوەتە ناو گەدەیەوە، هەر ئەوەندەی دەوێت قولاپەکە خواردنی پێوەبێت، ئیتر بەدەست کێیە بەجەهەنەم. ترەمپ وەعدەکانی نەباتەسەر، چوار ساڵی تر، دەنگدەری ئەمریکی دار ئەدەن بەڕۆحیدا، خەڵکی ئێمەش ئەوا چوار ساڵەکە تێپەڕی، لەباتی شەریکە بەش لەنەوت، موچەکەشی قارسکرا، یەکێتی بوە بەخەلفەی پارتی، ئۆپۆزسیۆنیش، بۆ سمێڵ چو، ڕیشیشی نایە بانی، بەڵام دەبینیت هەڵبژاردنی داهاتو، خەڵک بەیعەت بەهەمان حزبی درۆزن دەداتەوە.
کابرایەک بایی 250 دینار پاقلە دەکڕێت، یەکەم دەنک ئەیخاتە دەمیەوە مێشێکی تێدایە، توڕەدەبێت. کابرای پاقلەفرۆشیش دەڵێت: کاکە توڕەبونی ناوێت، 250 دینارت داوە، قابیلە خۆ سپلیتت بۆ دەرناچێت. تۆش کە لەترسی بڕینی فۆڕمی بایەعیەکەت دەنگبدەیت، تۆ کە بەرامبەر 30 هەزار دیناری مانگانە یان لەبەرامبەر مەکسیەک دەنگبدەیت، کاتێک کە بە 25 هەزار دینار بەخۆت و سەیارەکەتەوە تا ئێوارە بانگەشە بۆ حزب دەکەیت، سزای ئەو لایەنە نادەیت کە درۆی لەگەڵ کردویت، ئیدی توڕەبون و گلەیی و گازندەی ناوێت، هەر وەزعێکی لەمشێوەی ئێستات بۆ دەردەچێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت