عیماد عەلی: رەتکردنەوەی سیاسەتی بنەماڵەیی بەچی دەکرێت؟ 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەگەر لەم کوردستانە دواکەوتوەدا تائێستا باسی کار و رەفتار و سیاسەت و سەپاندنی بیربۆچونی بنەماڵەیی بکەین ( باسی خێڵەکانی دارستان و جەنگڵستانەکانی ئەفریقیا و ئەمازۆن ناکەم ) ئەگینا ئەگەر دەوڵەتان بۆ ماوەیەکیش بەرەو ئەو رەفتار و بۆچونە چوبن یان نزیک کەوتبنەوە، ئەوە زیانێکی گەورەیان کردووە، هەرچەند خەڵکانێک بە ناوی بنەماڵەوە یەکبونیان پاراستووە نەک وڵات دابەش بکەن وەک ئەوەی لە کوردستاندا هەیە. ئەوەتا تەماشای بنەماڵەکانی حافز ئەسەد و حوسنی موبارەک و قەزافی و زیەینولعابدین بن عەلی بکەن کە لە بەناو وڵاتانێکی کۆماریدا بوون و قۆناغێکیان بریبوو، کە ویستیان بگەرێنەوە بۆ وڵاتێکی پاشکۆماری و خستنە پێشەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، بینیمان بە چی دەردێک چوون.
ئیمرۆش لە کوردستان باس لەسەر رەفتار و بۆچون و کردەوەی هەندێک بنەماڵە گەرمە، ئەگەر بنەماڵەی بارزانی بە پێچەوانەی ئیدعائاکانیانەوە وا خەریکە پاش ئەوەی بە نهێنی ئەو بۆچونەیان رایی دەکرد ئەمرۆ دەیانەوێت بە ئاشکرا لە کوردستاندا کار بەو تێزە بکەن و بەناوی پەرلەمان و دیموکراسی و سیستمی پێشکەوتنخوازی و دونیای سەردەمەوە حوکمی بنەماڵە بسەپێنن، کارێکی یەکجار خراپ دەکەن، بەڵکودەبێت باش بزانن لە وەزعێکی رۆشنبیری کۆمەڵایەتی لەم جۆرەی کوردستاندا بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتو نابن، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کاری خراپ بە هەمان خراپە وەڵام نادرێتەوە و چاک نابێت و هەڵە بە هەڵە چاک ناکرێتەوە. ناکرێت ململانێی سیاسی بخرێتە نێو دوو یان سێ بنەماڵەوە وچەق ببەستێت و خەڵکیتر تەماشاکەر بن و کوێبیست و ئەڵقە لەمستی لایەکیان بن و بەو جۆرە کوردستان بگەرێنرێتەوە بۆ سەرەتاکانی ژیانی دوور لە مەدەنیەت.
ئەوەی بیروبۆچون و عەقڵیەت و رۆشنبیری کەسایەتیەکی وەک برایم ئەحمەد بخوێنێتەوە باش دەزانێت کە ئەم پیاوە پر مەعریفەتە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نەبووە رۆژێک بنەماڵکەی ببێتە کۆڵەکەی حوکمرانی کوردستان، بەڵکو لەدژی ئەو رەفتارەی خەڵکیتر هەڵوێستی نواندووە و کاری کردووە . خۆ ئەگەر لە خۆبردوویی و رۆشنبیری ئەم پیاوە بخوێنینەوە ئەوە باش دەزانین کە ئەگەر لەم کاتەدا ژیاندا بوایە نەیدەهێشت بەناوی ئەوەوە نەوەکانی دەسەلاتی کوردستان قۆرخ بکەن و لەگەڵ بنەماڵەی بەرزانیدا برابەشی بکەن و دوور بن لە شەفافیەت و گومان لەوانیش بکرێت کە بارزانیانە رەفتار دەکەن. بۆیە باشترین رێزلێنان لەو کەڵە پیاوە ئەوەیە بیرو بۆچون و عقڵیەتی و تێزو فکرە پێشکەوتنخوازەکەی پیادە بکەیت و بیسەپێنیت، نەک دوور لە دونیای سەردەم و بەناوی دژایەتی کاری بەنەماڵەییەوە رەفتاری خۆت بنەماڵیی بێت و بۆخۆت حەڵاڵ بێت و، ئەوەی تۆزقاڵێک پەیوەندی بنەماڵەییت لەگەڵدابێت پۆستێکی دیاری لە دەسەڵاتی کوردستاندا پێ ببەخشیت. بۆیە باشترین رەفتاری هەمووان بە سەرجەم بنەماڵەکانەوە لە پێشەوەی هەمووان بنەماڵە شۆرشگێرو خۆفیداکارەکان ئەوەیە، کە لە دژی زاڵبونی رەفتار و بۆچونی کاری بنەماڵەیی کارێک بکەن بە خۆیان و رەفتاری پێشکەوتنخوازانەی خۆیانەوە ئەو رەفتارە بە کردەیی رەتبکەنەوە و لە خودی بنەماڵەکانی خۆیانەوە لەسەر ئەرزی واقیع ئەو دژە بنەماڵەییە پیادەبکەن، نەک ئەو کارە بۆ خەڵکی تر حەرام بکەیت و بۆ خۆت حەڵاڵ بێت.
جا ئەگەر تۆ وەک بنەماڵە شوێنێکی باڵات داگیرکردبێت و لەوەزعێکی ئابووری جاواز لەگەڵ خەڵکدا بژیت و زۆر جومگەی هەستیاری حوکمرانیت لە پێناو زاڵبونی بنەماڵە و دارودەستە و نەوەکانت بەکار هێنابێت و باس لە خراپەکاریەکانی بیر و رەفتاری بنەماڵە بکەیت و خۆت پیادەی بکەیت، ئەمە چەواشەکاریەکی عەیار بیست و چوارە نەک دژایەتی کاری بنەماڵەیی و دژە سیاسەتی بنەماڵەیی بێت، بۆیە ئەگەر بنەماڵەی خوالێخۆشبوو برایم ئەحمەد بیانەوێت شوێن باوکیان هەمیشە روناک بێت، دەبێت خۆیان لەقەرەی پۆست و پایە و پارە و قۆرخکاری نەدەن. ئەگەر بۆ مانەوەی رۆڵ و مێژووی ئەو پیاوە، تاکەکەسێکیان تەخویل کردبایە بۆ سیاسەت و شوێنگرتنەوەی باوکیان نەک وەک بنەماڵە رەفتاریان بکردایە و دوو بنەماڵە و نەوەکانیان تێکەڵ بکردایە و ئەوانەی خۆیان هەر چۆنێک بێت لە خەڵکی تر پێ باشتر بێت، ئایا یەکێتی لە قوبادی بە مەعریفەت و توانا و سیاسیتر نەبوو ببێت بە جێگری سەرۆکی حکومەت یان لە بافیل یان لە لاهوری شێخ جەنگی یان لە شاناز و محمد سابیر یان چەندینی تر، کە هەر یەکە و بە بەراورد بە تاکەکانی بنەماڵەی بەرزانی هیچ جیاوازیەکیان نەبێت. بۆیە ئەگەر بنەماڵەی بارزانی بە ئاشکرا و راستەوخۆ کاری بنەماڵەیی دەکەن ئەوا ئەم دوو بنەماڵەش لە رێگەدان بۆ زاڵبونی بنەماڵیی خۆیان لەکوردستاندا رکابەری بنەماڵەی بارزانی بکەن ، ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ زاڵبونی تەوژم و هەژمونی بنەماڵە و هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ ئەو بنەماڵەدا نیە دیارە ئەگەر تەوەری سەرەکی سەرەکی سیاسەتی کوردستان بەم شێوەیە بروات، لەم بەینەدا خەڵکی تر لەولاوە دەستەوەستان رادەوەستن و هیچیان پێ ناکرێت، تاوەکو ئەم بنەماڵانەش بەهەمان بنەماڵەی سەرۆکەکانی شۆرشی بەهاری عەرەبی توشی نەهامەتی و راپەرین نەبن و کۆتاییان نایێت . ئەو بنەما و بیروبۆچونە پێشکەوتنخوازانەی برایم ئەحمەد باوەری پێبوو بەم بۆچون و رەفتارانە دەسرێنەوە نەک بچەسپێن. بۆیە گەر بپرسین سیاسەتی بنەماڵەیی بەچی بنبر دەکرێت، دەتوانین بڵێین بە هاوکاری سەرجەم بنەماڵەکان لە نەهێشتنی زاڵبونی ئەو بیرە تەسکە دواکەوتوە دەبێت نەک تەنها بە دژایەتی کردنی تاکە بنەماڵەیەک، هەمان رەفتار بکەیت و خۆت بێبەری بکەیت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت