هیوا خۆشناو: کورد لە پەراوێزی کۆنفرانسی کەنداو دا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەردێرەکانی هەواڵ پێمان ئەڵێن:

– ئەردۆغان گەیشتە وڵاتی قەطەر بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی وڵاتانی کەنداو کە بە کۆنفرانسی دژ بە ئێران دەزاندرێ بە سەرکردایەتی ئەمریکا.
– سەرباری زیانێکی زۆری ماددی و گیانی، سەربازانی تورکیا و هاوپەیمانە سوریەکانیان کە بە “سوپای ئازادی سوریا ” ئەناسرێن، خەریکی گرتنی شاری ال باب ن.
– ئەردۆغان بەر لە بەڕێکەوتن بۆ قەطەر، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان: ئامانج دوای ال باب ڕەققە و مەنبەجە.
– کۆنگرەی ئەستانە دەرزی تێدەکەوێت و ئەڵێن: بەشداربوان بەهۆی کێشەی تەکنیکی پشویان داوە بۆ سبەی!!.
– بەڕێوەبەرایەتی ترامپ: پێشنیارەکانی تورکیا بۆ ڕزگارکردنی ڕەققا لە ژێردەستی داعش لە سەر مێزی سەرۆکی نوێیە.
لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ دۆناڵد ترامپ بۆ سەرۆکایەتی کردنی ئەمریکا کە چوارساڵە، ڕوسیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە سوریا کەوتەخۆ و تەواوی شاری حەلەب “ئەلێپۆ” یان لە ژێر چنگی گروپە ڕادیکاڵەکان دەرهێنا.

ڕزگارکردنی حەلەب سێ ئەجامی سیاسی لێکەوتنەوە:
– کۆنگرەی ئاستانە بە سەرکردایەتی ڕوسیا بە مەبەستی ڕێککەوتنی نێوان گروپە ڕکەبەرەکان “بەتایبەتی ئەوانی نزیک تورکیا” و حکومەتی بەشار ئەل ئەسەد. بەپێی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا دڕکێندراون، لە کۆبونەوەکەدا بەتەنیا باس لە دابەشکردنی دەستەڵات دەکرێت لە نێوان لایەنەکاندا. بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی سوریا بە گشتی جگە لە کورد، سەنگو قورسایی جارانی نەماوە.
– پەرتبوونی گروپە ڕادیکاڵەکان بۆ سەر دوو بەرە: بەرەی ئەلقاعیدە کە سعودیە و وڵاتانی کەنداو پشتگیریان دەکەن لە لایەک و بەرەی ئیخوان موسلیمین، کە تورکیا پشتگیریان دەکات.
– ئامانج لەو کۆنگرەیە ڕەنگبێ، بەتەنیا ناچارکردنی ئەمریکا بێ، تاکو بە نرخێکی کەم بچێتە سەر مێزی مۆسکۆ و لەسەر ئاییندەی ئەو وڵاتە گفتوگۆی لەگەڵ بکات. باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە دیمەشق Robert Forke پێیوایە ڕوسیا ئامانجی نیە داعش لە سوریا لەناوبەرێ، بەڵکو ئامانجیەتی لە بۆشایی سیاسەتی نوێی ئەمریکا خۆی لە سوریا بەهێزبکات و بە هێزەوە بچێتە سەر مێزی گفتوگۆکان.
سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا Pompeo ڕادەگەیەنێ کە ترامپ بەر لە سعودیە سەردانی ئەنکەرە دەکات.
– ئێستا ئەردۆغان لە وڵاتی قەطەرە و سەردانی سعودیە دەکات. سەردانەکەی ئەردۆغان هاوکاتە لەگەڵ کۆنفرانسی وڵاتانی کەنداو کە بە کۆنفرانسی دژبەرانی ئێران دەزانرێ و بەڕێوەبەرایەتی ئەمریکاش پشتگیریان لێ دەکات. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە وڵاتانی کەنداو پەیام بە ئێران دەدەن: ئەگەر حەز بە دەستێوەردانی سەربازی ناکەیت، بەزووترین کات، هێزەکانت لە سوریا و یەمەن بکشێنەوە.
– واپێئەچێ وڵاتانی کەنداو هەوڵ بدەن ڕێککەوتنەکەی ڕوسیا- ئێران و تورکیا کە تایبەتە بە سوریا تێکبدەن و جارێکی دیکە تورکیا بەلای خۆیاندا ڕابکێشنەوە. ئایا لێرەدا ئەکرێ ئەمریکاو تورکیا کە لە ژێرەوە دوژمنی یەکترن جارێکی دیکە ڕێکبکەونەوە؟
پەیامەکانی تورکیا ڕاشکاوانەن: هەرچی لە داهاتووی سوریا ئەکەن، بیکەن، بەتەنیا ڕێگا مەدەن قەوارەیەکی کوردی لەو هەرێمەدا ساز ببێ. بۆ ئەوە ئێستا ئەرۆغان لەسەر دوو کارتی نوێ لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا یاری ئەکات:
– دەست لە پشتگیری کوردان هەڵگرە، من ڕەقەت بۆ دەگرمەوە” سەبارەت بەو خاڵە زۆر زەحمەتە ئەو بارە قورسە بەتورکیا هەڵبگیرێ، کە ئەوە دوو مانگە خەریکی شارێکی وەک ال- باب ـە. تورکیا بە نیمچە شەڕ و نیمچە ڕێککەوتن شاری جەرابلوسی ڕزگارکرد، بەڵام ئێستا هەواڵی ڕاپەڕینی خەڵک دژ بە تورکیا و هاوکارەکانی لەو شارە دێتە بەر گوێمان. جگە لەوە سوپای سوریای ئازاد لە بنچینەدا سوپا نیە و زۆربەی زۆری چاودێران پێیان وایە ئەگەر سەربازانی تورکیا نەبن، ئەوان دوو ڕۆژ لەبەردەم نەیارەکانیان خۆیان ناگرن.
– دژ بە ئێران یارمەتیت ئەدەم، بەمەرجێک ڕێککەوتنەکانمان نوێ بکەینەوە.
پێئەچێ ئەمانە داخوازیەکانی تورکیا بن بۆ بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمریکا، بەڵام سەرجەم ئەو کارتانە لاوازن و لە ئەگەرێکی وادا کورد خۆی دەداتە لای ڕوسیا و ئەنکەرە ناگات بە مەبەستەکانی.
ئاراستەکان ئەمانگەیەننە ئەو بڕوایەی کە دەوڵەتی ئەردۆغان، بە پێویستی ئەزانێ، بەر لە ڕێفراندۆم لەسەر دەستوری نوێی تورکیا، کۆمەڵێک دەستکەوتی هەرزان لە سوریا بەدەستبێنێ، بەتەنیا بۆ ئەوەی بە تورکەکان بڵێ: ئەوەتا مەترسیەکانمان لەسەر داهاتوی تورکیا ڕەواندنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت