ئاکۆ برایم: شین بۆ مرۆڤ بکەین یان ئاژەڵ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرنجێک لەسەر ئەوانەى لەسەر سەگەکەى زانکۆى سەلاحەدین، کردیانە هەرا.
رۆژ نى یە لەم مەملەکەتە هەواڵى ناخۆش نەبیستین، هەموو رۆژێک باسى کوشتن، مناڵ فڕێدان، خۆخنکاندن، کارەساتى جەرگ بڕى جۆراو جۆر، سوتاندنى ژنان بەپاساو و درۆى جیاجیا، زۆر تاوانى تریش، کە لە حاڵەت دەرچوون و بوونەتە دیاردە. وایلێهاتووە کوشتن و سک هەڵدرین و فیشەک پێوەنان بۆتە شتێکى ئاسایى و سروشتى. کە لەماوەى رابردوودا چەندین حاڵەتى جۆراو جۆرى کوشتنمان بیست، کەبەشى زۆریان لەسەر شتى بێ کەڵک و هیچ و بێ بنەما رویانداوە. زۆر تاوانى قێزەون ناشایستە لەلایەن مرۆڤەکانەوە ئەنجام دراون، کە ناخۆشترینیان لاى من ئازار و ئەشکەنجەى باوکێکى زاڵم بوو بۆکوڕەکەى و، داغکردن و سوتاندنى جەستەیى و پاشان دەرکردنى لەماڵ. ناخۆشتر بەسوێتر لەوەش، کوشتنى بەرگدرویەک بو لە ناو دوکانەکەى خۆیدا و لێدانى 06 چەقۆ زیاتر، کە لوتکەى دڕندەیى و هۆڤیەتى مرۆڤ دەردەخات. کەچى لەگەڵ ئەو هەموو تاوان و خراپەکاریانە، نە حکومەت، نەمیدیاکان، نە ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و کۆمەڵگەى مەدەنى، وەک پێویست هەڵوەستەىان لەسەر ناکەن و بەکەمو بێ بایەخ لێى دەڕوانن، لەسەر تاوانێکى لەو جۆرە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون ناکەن، کە مەترسیەکەو بەرۆکى هەموومانى گرتوە و بۆتە ترس و مۆتەکە بەسەر هەموومانەوە. کۆمەڵگاکەمان خەریکە دەبێتە مەکۆى کوشتن و تاوان وبێ رێزى بەمرۆڤەکان.
کەچى وەک دەبینین دوو دانە رۆژە، لەناو زانکۆى سەلاحەدین، سەگێک تۆپێنراوە، کەچى دونیاى لێهاتۆتە دەنگ، پرۆفیسۆر، رۆشنبیر، مامۆستاى زانکۆ، پەرلەمانتار، چالاکوانى مەدەنى، لەفەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شین واوەیلایانە، کەوەک بڵێیت ئەم وڵاتە شامى شەریفە، لەهیچمان کەم نى یەو، هەمو مافێکمان پارێزراوە، تەنها مافى ئاژەڵەکان نەبێت. وەک ئەوەى ئێمە لەسوید و هۆڵەندا بژین، بۆیە کەوتونەتە جنێوو تەشهیر و قسەى ناشیاو بەسەرۆکى زانکۆ، گوایە گەورەترین تاوانى لەمێژودا ئەنجام داوە و، شتێکى کردووە کە قابیلى قبوڵ نى یە. ئەو زاتە مافى ئاژەڵانى بێ شێل کردووە.
من دژى هەموو توند و تیژى و ناهەقیەکەم کە بکرێتەسەر هەر گیانەوەرێک، بەڵام لاى من مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە، بەنرخترین بوونەوەرە، رێزو حورمەتى لەترۆپکدایەو. خاوەنى هەموو بەهاو جوانیەکانى سەر زەوى یە، بەتاوانى دەزانم کە وتەى نەشیاویشى پێ بڵین نەک توندو تیژى!
بۆیە لۆمەم مەکەن کە دەڵێم گالتەو پێکەنینم بەو نوسەر و خاوەن هەڵوێستانە دێت کەلەسەر ئەو ئاژەڵە هاتونەتە دەنگ. لەبەر ئەوەى لەم وڵاتە ژیانى بەشى زۆرمان لەو ئاژەڵە خراپترە. لەو زیاتر سوکایەتیمان پێدەکرێت، بگرە خراپتریش. ئێمەى مرۆڤى زمان درێژ بۆخۆمان کوخ وهێلانەیەکمان نى یە، لەهەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان مەحرومین، نازانین بۆچى دەژین و ئامانجمان لەم ژیانە چى یە؟ تا چەند توانیومانە وەک مرۆڤ بژین؟ لەسایەى سەرى دەسەڵاتەوە کێمان مەرگ بەئاوات ناخوازێت. تا چەند هەستمان بەجیاوازى نێوان خۆمان و ئاژەڵ کردووەو بەراوردمان کردوە لەگەڵ ئاژەڵدا تا بزانین ژیانى کاممان شایستەو باشتر و خۆشترە؟
ئازیزانى ئاژەڵ دۆشت بیرتان دێنمەوە ئێمە لەوڵاتێدا دەژین، نەک ئاژەڵ بگرە مرۆڤەکانیش بێ نرخ و سوک و ریسوان، بەشى زۆرمان لەباخچەو بەر سینەماو کەلاوەکاندا رۆژ دەکەینەوە. زۆرمان هەیە کە بەسکێک تێر و بەدەبرسین، بەهەزارانمان هەیە کە شەو تابەیانى خەون بە دینار و نەوت و شوێنى گەرم و ئارامە وە ئەبینێت. بۆیە حەقى خۆیەتى کە بڵێم بەڕێزان چاوتان ماچ دەکەم ئێوە دەستپێک خەمى مرۆڤەکان بخۆن، مەهێڵن لەسەر شتى سوک و بێ بایەخ بکوژرێن، مەهێڵن بێ رێزى و سوکایەتى بەهەست و نەستیان بکرێت و، لە رەزاڵەت ونەهامەتى ژیان قوتاریان بکەن، ئەوجا شین بۆ سەگەکەى زانکۆ و گیانەوەرانى دیکەش بخۆن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت