هێمن خۆشناو: بەفری رەش!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چۆن بۆتان باس بكەم! بەفر بۆ من سەيران و سەفا نيە. كاتێك سروشت ئەو بەرگە سپیە دەپۆشێت. بە پێچەوانەى ئێوە، بۆ من بيرەوەريەكى تاڵە، لام وایە سروشت رەشى پۆشيووە. چونكە ئەو بەرگەى ئێوە بە سپى دەيبينن، رۆحى هاوخەم و هاوسەنگەرانى بردووم.
رێك پێش 15 ساڵ، تێزى شۆڕش و كوردايەتى ئێمەى لە ناوچەيەكى سەختى شاخاوى و نيمچە كوێستان كۆ كردەوە، هەرچەندە كلتوور، ئاستى كۆمەڵايەتى و چينايەتيمان جياوازبوو، بەڵام خيتابى شۆڕش و چەمكى “هەموو شتێك بۆ شۆڕش” جياوازيەكانى خاو دەكردەوە. لەگەڵ يەك هەڵمان دەكرد و بەهيواى دواڕۆژێكى باشتر هەنگاومان دەنا. هەوراز و نشێو، سەختی و زەحمەتی، برسيەتى و تینوویەتی دەرقەتمان نەدەهات، نەیدەتوانی لە پێکەوە هەڵکردن ساردمان بكاتەوە.
من لە هەر شتێكى ديكە زياتر، لە رەنوى بەفر دەترسام، چونكە دوو سەربردەم لەگەڵ رەنوە بەفر هەبوو، يەكێكيان لە زستانى 1997 لە دۆڵى (خشۆڵان) لە ناوچەى خواكوڕك، كە تيايدا بێ زيان رزگارمان بوو. ئەوەى ديكەشيان دواى سێ ساڵ بەسەر ئەو رووداوە لە 2000دا لە دۆڵى (خرپاپ)ى سنوورى باشوور – رۆژهەڵاتى وڵات بوو، كە تيايدا (سۆران) و (ماهير) بوونە قوربانى رەنوە بەفرێكى لەناكاو.
ترسى دووبارەبوونەوەى ئەو دوو رووداوە كاريگەرى لە دەروونم بەجێهێشتبوو، كاتێك بە شوێنێكى دژواری بەفراوى تێپەڕدەبووم، بيرم لەوە دەكردەوە كە ئەگەر لەناكاو بەفر هەرەس بێنێ، بە كام ئاراستە رابكەم، يان لەكاتى نیوەڕۆیەکی خۆرەتاودا كە دەمارەكانى زەوى خاو دەبوونەوە، خۆم لە قەرەى ئەو شوێنانە نەدەدا كە بەفر دايگرتوون.
ساڵى پێشوو، لە زۆربەى كەلەبەرەكانى ئەو ناوچەيەى ئێمە لێى بووين، پاشماوەى رەنوە بەفر مابوو، ئەوانەى بەر لە ئێمە لەو ناوچەيەبوون، دەيانگێڕايەوە چۆن رەنوە بەفر لە كوێستانەكان هاتۆتە خوارەوە، چۆن سروشتى ناوچەكەى سەراوژێر كردووە. سەرەڕاى ئەوەش هاوخەم و هاوسەنگەرانم، لەم رووەوە لە من ئارامتر دياربوون، يان لەوانەيە بەسەر خۆيان نەهێنابێ، زۆر جار ئێرەييم بە ئارامى ئەوان دەبرد، لە دڵى خۆم دەمگووت ئەوان خۆيان رادەستى قەدەر كردووە.
دياربوو ئەوان، بە هەڵکەوتەی هۆڵەكانمان پشتئەستوور بوون، چونكە ساڵى پار رەنو تەنیا لە شوێنی هۆڵەكانی ئێمەی نەدابوو. دار گوێز و بەڕووەكانى دەوروبەری هەر سێ هۆڵەكەی ئێمە، هەبوونی گۆڕستانی چەند پێشمەرگەیەكی حزبی شوعی ئاماژەيەكى ديكەبوو، كە ماوەيەكى درێژە رەنو نەبۆتە میوانی چارە رەشى ئەو شوێنە.
لەگەڵ تەواوبوونى چلەى زستان، كاتژمێرەكانى رۆژ درێژتر دەبوو، تينى خۆر بەگوڕتر دەبوو، دەمارەكانى خاك نەرم و نەرمتر دەبوونەوە، بەمەش مەترسى هەرەسى بەفر زياتر دەبوو. بۆيە بێ ئۆقرەیی زياتر دڵى منى دەگووشى، وەكو ئەوەى هەستەكانم پێشوەخت لە كارەساتێك ئاگادارم بكەنەوە.
شەوى پێشوو (دەريا) بۆ بينينى (د.دانا)ى براى هاتبووە لامان، بوونى كوندەبەبۆكە لەسەر دارگوێزەكەى لاى هۆڵەكەمان سەرەنجى راكێشابوو، بەر لەوەى بێتە ژوورەوە لەبەر دەرگا نايلۆنەكە كە دارى سۆپاى تيايدا لەسەريەك دانرابوون گووتى:” هەڤاڵان ئەو كوندە چى دەكات لێرە؟ ئەى نازانن ئەوە بێ ودمە؟”. ئەو قسەيەى دەريا بۆ ئێمە جگە لە قسەيەكى هاكەزايى هيچى ديكە نەبوو. بۆيە بەپێكەنينەوە گووتمان:” تۆ باوەڕت بەو شتانە هەيە؟”
دوای قوڕبارين كە رەنگەكەى تێكەڵى ئەو بەفرە ببوو كە چەند رۆژێك لەمەوبەر باريبوو، جارێكى ديكە بەفر بارین دەستی پێكردەوە، ئێوارە بەفری سەر هۆڵەكەمان فڕێدا. كاژێر 12و 52 خولەكى شەو بوو، لەسەر چوارپاكەم دانيشتبووم، كە بەدارى بەڕوو دروستكرابوو، بەدوو دڵى لايتەكەم لە كاتژمێری دەستم دەدا، تا بزانم چەندى ماوە بۆ ئەوەى ئێشكگرى دواى خۆم لەخەو هەڵبستێنم، لەبەر ئەوەى رۆژێكى زۆر بە جوڵەمان بەڕێكرد، هەموو ئەوانەى لە هۆڵەكە و دوو هۆڵەكەى ديكەبوون شەكەتى زۆرى بۆ هێنابوون، بۆيە لە دڵى خۆمدا دەمگووت هەڵيانناستێنم، بەڵام خۆ من لەوان شەكەتترم، هيچى ديكە خۆم راناگرم، لەم سەين و بەينە دابووم، لە پڕ دەنگێک؛ کە بۆنی مەرگەساتی لێدەهات، گۆمی بێدەنگی هۆڵەکەی شەقاند، لەگەڵ قرچە قرچى شکانی دارەكان بانەكە هاتە خوارەوە. بەبێ ئەوەی بزانم چیە، يەكسەر خۆم فڕێ دايە گۆشەيەكى هۆڵەكە، لەو ساتەدا قسەكەى (دەريا) و دەنگى كوندەكەم بەبير هاتەوە، هەڤاڵان لەخەو راچەڵكین منیش بە گووتنی هیچ نیە دڵنەوایی یەكە بەيەكەی ئەوانم دایەوە، توانيمان (گيڤارا)ى عەرەب كە لايەكى لەژێر دارێك عاسێ ببوو، لەگەڵ (پيرى) تورك كە كەوتبووە ژێر گڵەكە، رزگار بكەين. دار و سەرى بانە رووخاوەكە، ديوارێكى لە نێوان ئێمە و (لوقمان) دروستكردبوو، كە لە نزيك سۆپا دارەكە دەخەوت، بەڵام گوێمان لە نركە نركى دەنگى ئەو بوو. هاوارم كرد (لوقمان) رزگارت دەكەين هيچ نيە كەمێك خۆت بگرە، ئەويش گووتى:” لەوە دڵنيام”.
هەتا دەهات دووكەڵى خنکێنەری سۆپاكە دەهاتە ژوورەوە و زياتر هەراسانى دەكردين، دەبوايە كونێك بكەينەوە بۆ ئەوەى بتوانين هەوای پاک هەڵمژين. تا ئەو كاتە نەماندەزانى رەنو لە شوێنەكەمانى داوە، پێمانوابوو بەهۆى گەرمى سۆپاكە، بەفرى سەر بانكە تواوەتەوە بانەكەى رووخاندووە، بۆيە دەمانگووت هەر ئێستا هەڤاڵانى هۆڵەكانی ديكە بەهامانەوە دێن.
ئەوانەى لە هۆڵەكە بوون، هەندێكيان نەخۆش و هەندێكيان بەهۆى بريندارى دەستێكيان يان قاچێكيان لەدەستدابوو. ئەوەى تواناى جەستەيى هەبوو من و چەند كەسێكى ديكە بووين. بە هاوكارى (چيا) توانيم شواركێكى درێژ لەناو قوڕ و ليتەى بانەكە، راكێشم، ويستم كونێك بكەمەوە بۆ ئەوەى كێشەى هەناسەمان نەمێنێ، شواركەكەم لە چەند شوێنك دا زۆر نەڕۆيشت، كاتێك جارێكى ديكە لە گۆشەى دواوەى بانەكە تاقيم كردەوە رۆيشت، بەڵام ئەوەندە دار، خۆڵ و بەفر كەوتبووە سەريەكتر، درێژى شواركەكە بەشى ئەوەى نەكرد، بانە داڕووخاوەكە كون بكات، بۆيە بە پشتێنەكەم پارچە شوارێكێكى ديكەم لێ گرێدا و لەهەمان شوێن تاقيم كردەوە، ئەمجارەيان هەوايەكى ساردى خۆش هاتە خوارەوە، باوەشمان بەيەكتر داكرد و بە دەنگێكى پڕ لە گريان و بە چاوى فرمێسكاوى هوتافى شۆڕشگێڕيمان گووتەوە.
ديسان بە هاوكارى (چيا – كە كەسێكى بە ئەزموون بوو، يەكێك بوو لەو كەسانەى لە زيندانى ئەرزڕومى توركيا دواى لێدانى تونێلێك لەناو زيندانەكە راى كردبوو) خۆم بەرز كردەوە و كونەكەم گەورە كرد، (دەليل) كە تا ئەو كاتە دەيگووت پشتم دێشێت و خۆى لە مەسەلەى داربڕين بۆ سۆپا و چێشت لێنان و نانكردن دەدزيەوە، پێش هەموومان لەژێر بانەكە هاتە دەرەوە، منيش لە خوارەوە خەريكى رزگاركردنى لوقمان بووم. ئەو دارەى ديوارێكى لەنێوان ئێمە و لوقمان دروستكردبوو، ئەوەندە ئەستوور بوو، تاقەتم پێى نەدەشكا، بۆيە سەرم لە كونەكە بردە دەرەوە، تاوەكو بانگى يەك دوو كەس بكەم هاوكاريم بكەن، بينيم (خەمگين) لەسەر كونەكە راوەستاوە، خۆم لێى توڕە كرد، ئەوەى بە زمانم داهات پێم گووت. ئەو گووتى:” بێدەنگ بە تەنيا لە ئێوە نەقەوماوە”. لەگەڵ ئەو قسەيە سەيرێكى دەوروبەرم كرد، دار گوێز و بەڕووەكان ديار نەماون، ئەو شوێنە هەورازە بۆتە گۆڕەپانێكى راست وەكو ئەوەى تەخت كرابێ. ئەو كاتە زانيم هۆڵەكە نەڕووخاوە، رەنو لێى داوين. رووى دەمم كردە خەمگين و پرسيارى هۆڵەكەی (سيپان)م كرد. گووتى خەريكن رزگاريان دەكەين، باوەڕناكەم هيچيان لێ هاتبێت.
(لوقمان) بە هاوكارى چەند كەسێكى ديكە رزگاركرا. بەپێ خواسى (پەتى – بێ پێڵاو) ئێمەيان گواستەوە بۆ هۆڵەكانی سەرەوە كە چەند سەد مەترێك لە هەرسێ هۆڵەكەی ئێمە دووربوو. تازە گەيشتبووينە هۆڵەكان يەك دوو كەس خەريكى هەڵكردنى سۆپاكە بوون كە يەكێك هات بە چرپە چرپ بە گوێى يەكێكى ديكە چرپاندى و گووتى:” بە هەستى پێنەكەن (سيپان) شەهيد كەوت”. يەكسەر لە جێگاى خۆم ڕاچڵەكيم و چوومە سەر هۆڵەكەی (سيپان)، ئەوەى خەياڵيشم بۆى نەدەچوو بينيم. نە يەكێك، نە دووان و نە سێيان، تەرمى ئەو هەڤاڵانەى تا پێش چەند كاتژێرێك لەگەڵم دابوون، لە تەنيشت يەك ريزكراون، پرسيارى كاميان بكەم، بۆ كامەيان بگريم، ساتە خۆش و ناخۆشەكانى كامەيان بەبيرخۆم بێنمەوە. بۆ (سيپان)ى كوڕە گەنجى شارەكەم و براى (بيلالى نەمر) كە لە قۆناغێك بۆ ئێمە سەرچاوەى ئيلهام بووە. يان بۆ دكتۆر (دانا)ى قسەخۆش و ساكار و ساددە، كە بۆ ماوەيەكى كاتى ببووە ميوانى شۆڕش. يان بۆ (ئارى) دووربين، نەرم و نيان، كە جگە لەخەمى شۆڕش هيچ خەمێكى ديكەى نەبوو. يان بۆ (رێبەر)ەكەى بابە گوڕگوڕ و هەڤاڵى ساتى تەنگانە، كە دەيتوانى رووداوەكان بخوێنێتەوە و چارەسەريان بۆ دابنێ. (وڵات)م لە بيرنەچێ، كە هەموو كاتێك سەرچاوەى مۆڕال بوو، بە ئسلوبە ساددە ساكارەكەى هەموو نيگەرانيەكانى دەڕەواندەوە. (پۆڵا)ى هەڵەبجە، كە لە جەستە لەڕ و لاوازەكەى مەينەتيەكانى هەڵەبجەم دەديت. ئەى (چەكدار)ە لێو بە بزەكەى ئامەد، كە هەموو كەس لێى فێرى قەبوڵكردنى جياوازيەكان دەبوو. (عەدنان)ەكەى قاميشلۆ، كە يەكێك بوو لەو شەڕڤانە دەگمەنانەى، لە كۆتايى ساڵى هەشتاكان، لە رۆژئاوا ملى رێگاى باكوورى بۆ رزگارى وڵات گرتبووەبەر. ئەى (خەليل)ەكەى روها، كە لەگەڵ گەنجاندا گەنج و لەگەڵ دێهاتياندا دێهاتى بوو، بەردەوام بيرى لە دەستكەوتى زياتر دەكردەوە، بە سەركەوتنەكان سەرخۆش نابوو. (دەليل)ەكەى دێركى حەمكۆم قەت لە بيرناچێ، ئەو وەستاى وەسفكردن و بەراورد كردن بوو، دەيزانى كامە شێواز و رێگا ئاسانترە و كەمترين قوربانى دەوێت. (محيەدين)ى بە تەمەن بەساڵاچوو، بە رۆح گەنج، بەردەوامى خۆى بە قەرزارى شۆڕش دەزانى، بۆيە بەردەوام شەيداى زياتر تێگەيشتن و فێربوون بوو.
ڕۆڵەكانم.. لێم تێبگەن، دژى سەفا و سەيرانى ناو بەفر نيم، دڵتەنگ نيم بە سپى بوونى سروشت، لە تۆپەڵە بەفرى ئێوە و ئەوان نيگەرانيم، لە رووداوێكى چاوەڕواننەكراو ناترسم. بەڵام دەبێ بزانن كە بەفر بۆ من نەگبەتيە نەوەكو دڵ خۆشى، بۆ من بەفر سپى نيە وەكو ئێوە. لێم ببوورن، ناتوانم هاوڕێتان بم لە كاروانى ئەو بەفرەى ئێوە بە سپى دەيبينن، چونكە بۆ من بەفر رەشە رەش!

تێبينى:
1- ئەم رووداوە لە (دۆڵە كۆگێ) كە ناوچەيەكە لەنێوان سنوورى باشوور و رۆژهەڵاتى وڵات دايە لە شەوى 23-24 شوباتى 2002 روويدا. تيايدا 11 رۆڵى ئەم نيشتمانە لە ئەنجامى رەنوە بەفر گيانيان لەدەستدا.
2- لەو 11 شەهيدە 6 کەسیان خەڵكى باشوورى كوردستان، 2 کەسیان خەڵكى رۆژئاوا و 3 کەسیان خەڵكى باكوورى وڵات بوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت