عیماد عەلی: کێ ئەخلاقی ئەم گەلە ستەمدیدەی تێکداوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەبێت لە دیاریکردن و باسکردنی شتێک کە پێویست بێت چارەسەری بۆ بدۆزیتەوە، ئەوەندە بوێر بین تاوەکو هۆکارەکان وەک خۆی باس بکرێت تاوەکو چارەسەر بدۆزێتەوە. لەمسەرجەم بوراەکان گەندەڵی گەیشتۆتە بینانقاقای دەسەڵات و وا دەگاتە تاک بەتاکی کۆمەڵگەش. بۆ ئەوەی بە یەکجاری نەتوانن زاڵبن و وەک تاکێک خەفەت کەن و بابەتەکش دیزە بە دەرخونە بکەن، پێویستە هەر یەکەو لای خۆیە بە پێی توانای خۆی بە تایبەتی دامودزگاکانی راگەیاندن، هۆشداری قۆناغە زۆر خەتەرناکەکە بدەنە خەڵک و ئەگەر بکرێت وریای بکەنەوە، نەک تەنها باسی سیاسی رووت بکرێت. ئەمەش لە بنەرەتدا قازنج بە چارەسەی کێشەکە دەکات نەک بە ئاماژەدان و بە بنمیچی باسی ترەوە وردە باسێکی بابەتە سەرەکیەکە بکەیت و خۆت لەقەرەی کرۆکی مەسەلەکە نەدەیت. وەک تاوەکو ئەمرۆ لە کوردستانەکەی خۆماندا بە گشتی کەس باس لە تێکدانی ئەخلاقی زۆرینەی کۆمەڵگە بە دەستی دەسەڵات و جۆری بەرێوەبردنی کاروباری کوردستان و گەندەڵی فەرمانرەوایان و کاریگەری نیگەتیفیان لەسەر کۆی گشتی کۆمەڵگە نەکردووە. تۆ بەراوردێکی ئەخلاقیی لە رووی راستگۆیی و وڵاتدۆستی و باوەربون بە پرسی کورد وەک پێوەرێک بۆ راستودروستی ئەخلاق و رەسەنایەتی و جوانی تاکو کۆی کۆمەڵگەی کوردەواری بکە، دوور لە خودپارێزی روکەشی موحافزکارانەی دواکەوتوانە،لەوەدا دەتوانین کاریگەری ئەم دەسەڵاتە وەک فاکتەرێکی سەرەکی گەندەڵی کۆمەڵایەتی باس بکەین.
کە تەماشا دەکەین ئێستا خەڵکەکەو وەزعی گشتی وەک خۆی نیە و تا رادەیەکی زۆر شڵەژانی کۆمەڵایەتی و تێکچونی باری گشتی خەڵک بەهۆی گۆرانکاریە نیگەتیڤەکانی سیاسەت و واقعی سیاسی کوردستانەوە روویداوە. ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانە تەنانەت لە نێوان نزیکترین کەس و هاورێ و پێکهاتە بە شێوەیەک گۆرانکاری بەسەردا هاتووە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانیت خەسڵتە مرۆڤدۆتسەکانی تێدا بدۆزیتەوە، کە لەو سیفەتە رەسەنە پۆزەتیفانەی کۆمەڵگەی کوردەواریدا بوو. تەنانەت رۆژ نیە گوێت لەرووداوی ترسناکی دوور لە تایبەتمەندیەکانی کوردی وا نەبێت پێشتر بونی نەبووە. ئەمە سەرەرای ئەوەی پێشتر وەزعی مادی خەڵک زۆر لەمە باشتر نەبووە و باری دارایی کورد هەمیشە کۆڵەوار بووە، چ بە هۆکاری سیاسی بێت یان ئابووری وڵاتانی ناوەندەوە.

هۆکار چیە؟….. لە رووی سیاسیەوە:

ئەم دەسەڵاتە خەڵکی فێری پارەپەرستی و دونیای مادیەت دوور لە هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی کردووە و لە قەناعەت و باورەبە خۆن شۆردۆتەوە و فێری تەمەڵی و ئیتکالیەتی کردووە. گەندەڵی تا سەر ئێسقان تەشەنەی کردووە و گەندەڵکاران پشتیان بە دەسەڵات بەستووە و حوکمێکی مافیایی سەرجەم داهاتی میلەتەکە لوش دەدەن و دەستێکی باڵایان لەم هەرێمەدا هەیە و یاسا سەروەر نیە و پارە سوڵتانی هەموو شتێکە.

لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە:
ئەگەر تا ئێستا پەروەردەی منداڵ لەسەر درۆ و بارێکی ئاڵۆزی خێزانی و کۆمەڵایەتی دەکرێت و لەسەر رق و کینە بنیات دەنرێت و ئاین وەک عادەت و دوور لە هەموو شتێک بۆ پێوەری هەندێک رێکاری روکەشانەی وەک نوێژ و رۆژوو و شتی تری خەڵەتێنەر و وەک پێوەری راستگۆیی بەکار دێت، نەک ویجدان و پەروەردەی راست و خۆشەویستی ژیان و نیشتمان و بیرو بۆچون و تێروانینی مرۆڤایەتیانە. هەروەها بە هۆکاری هەندێک داب و نەریتی باوی زیان بەخش هەرچی کاری نابەجێیە دەکرێت.

لە رووی پەروەردەو زانستەوە:
تا ئێستا زۆرینەی خەڵک لە مەودا و ئاستی ی نەخوێندەواریدان و بەهیچ شێوەیەک پەروەردە رۆڵێکی ئەوتۆی لە بیناتنای کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا نەبووە و، تاکە مەبەست لە خوێندن و خوێندەواری و شەهادە بۆ وەزیفە و بەدەستهێنانی داهاتە نەک بۆ قازانجی هەمەجۆر بۆ خود و کۆمەڵگە و پێشکەوتن و داهێنان و خزمەتکردنی میلەت.
هۆکاری سەرەکی هەژاری و کەمدەرامەتی و نەبونی میلەت ئەم دەسەڵاتەیە بەوانەی پێشتریشەوە کە هەر یەکەو بە جۆرێک زیانی بەخەڵک گەیاندووە، واتە کۆبونەوەی نەداری و دواکەوتویی و نەخوێندەواری و سرینەوەی ئەو رێژە داب و نەریتەی کوردەواری کە رێگر بوو لە تێکچونی باری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ بەخراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندی و هاوردەکردنی شتە نیگەتیفەکانی خەڵکیتر بێ ئەوەی بەراوردی لەگەڵ بارودۆخ و زەمینەی کۆمەڵگەدا بو گونجاندنی بکرێت.

لەرووی یاساییەوە:
نەبونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و فراوانبونی مەودای نێ، ون هەژارو دەوڵەمەند و زۆربونی ئامرازە ژیانیەکان لە سایەی نەبوونی دادپەروەری و حوکمی رەشید و دەسەڵاتی گونجاوی دادپەروەر، بۆتە هۆکاری سەرەکی زۆربەی تاوان و کارە نایەجێ و توندوتیژیەکان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا. واتە ژیان لە ژێر سایەی نەبونی دادپەروەری و دادگای سەربەخۆدا. ئەمەش لە کاتێکدا کە گەنجان لە واقعێکدا دەژین خەونەکان زۆربوون و ئامرازەکانی خۆشی ژیان ئەگەر زۆر و بەردەستن کەچی لە دوورە دەستی ئەواندان.
واتە ئەم کۆمەڵگەی لەم کاتەدا و بەم بارودۆخەوە هەمانە، دەتوانین بە نەخۆشێکی دوور لەدەستی پزیشکە و لەدوورەوە تەماشا دەکرێت و کەس بیر لە دابینکردنی پزیشک و دەرمان و چارەسەری بۆ ناکاتەوە. ئەمەش بەهۆی ئەم بارودۆخە سیاسی و ئابوریەی کە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەوەیە، کە بەخۆی قروقپی لێکردووە وەک ئەوەی نە بای دیبێت نەباران و، بە نەزانی و حوکمی زۆرداری هەموو خەسڵەتە جوانەکانی کوردەاوری تێکداوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت