محەمەد هەریری: نێرەموکی یان شڵەژانی ناسنامەی جەندەری؟!‏

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی یەکەم

بەر لە هەر شتێك کاتی ئەوە هاتووە هەندێك ناوی بازاڕی لە حاڵەتەکانی نەخۆشی یان دیاردەیەکی سروشتی ئادەمیزاد ‏بکەینەوە. زۆر لەو ناو و زاراوە شەعبیانە هەڵگری ناواخنی زۆر نێگەتیڤن، خودی ناوەکە جۆرێکە لە تووندوتیژی ‏لەفزی، وەک ژنانی و نێرە هەیتە و نێرەموکیش تا ڕادەیەك. ‏
بۆ ئەوەی ستەم لەو مرۆڤانە نەکەین کە خودا بەو شێوەی دروست کردوون، ئەگەر ئیمانداری! یان سروشت وای دروست ‏کردوون ئەگەر بێ ئیمانی! پێویستە هەموومان بە دیندار و بێ دینەوە بیر لەوە بکەینەوە، بۆی هەبوو خودا یان سروشت ‏وامانی دروست کردبا، واتە بە زمانی بازاڕی وەك نێرەموک لە دایك بباین. کەوا دروست نەبووین نە لە بلیمەتی دایک ‏و بابمانە، و نە لە بلیمەتی خۆمانە، تا شانازی بە جەستە و ناخ و دەروونی بێ کێشەی خۆمان بکەین، و لە بەرامبەریشدا ‏گاڵتە و سووکایەتی بەوانە بکەین کە وەك ئێمە پێرفێکت نین، یان ئەگەر کەسوکاری خۆمان بوون وەك تاوانبار و بەڵایەکی ‏گەورە لێیان بڕوانین، لە جیاتی گەڕان بە دوای چارەسەردا!‏
لە ڕاستیدا دوو جۆر نێرەموکی هەیە:‏

یەکەم: نێرەموکی جەندەری یان ناهەقیقی
دووەم: نێرەموکی بایەلۆژی یان هەقیقی

باسی هەردووکیان دەکەین بە کورتی و دوایی باسی هەڵوێستی دینی دەکەین لە هەمبەریاندا.‏

یەکەم: نێرەموکی جەندەری یان ناهەقیقی
ئەو ستەم و جەور و جیاکاریەی لەو کەسانە دەکرێت کە جەندەر دیسفۆریا ‏Gender dysphoria‏ یان شڵەژانی ناسنامەی ‏جەندەری ‏gender identity disorder (GID)‎‏ یان هەیە، ئاژەڵی دڕندەش وا ناکات بەرامبەر هاوتوخمەکەی. بەداخەوە ڕۆڵی ‏هوشیارکردنەوە خەڵک زۆر لاوازە لە میدیاکان، کە نەیانتوانیوە تا ئێستاش ئەو بابەتە بکەنە بابەتێکی گشتی، وا لە خەڵك ‏بگەیەنن کە مرۆڤ تووشی شڵەژانی ناسنامەی جەندەری هات مانای چییە؟! لە لایەکی تریش مامۆستایانی ئایینیش هیچ ‏ڕۆڵێکی پۆزەتیڤی مرۆڤدۆستانە ناگیڕن لەو بابەتە و زۆر بابەتی تریش، کە لە ناو کرۆکی دیندایە. زۆر حەدیس هەیە لەو ‏بوارە ڕۆڵێکی نێگەتیڤی خراپیان گێڕاوە لە شەیتانی کردنی ئەو رەگەزە، جا لەبەر نەبوونی زانیاری بێت لەو سەردەمە یان ‏لەبەر ناڕاستی حەدیسەکان بێت، یان لەبەر خوێندنەوەی هەڵە بێت بۆیان. دوایی باسی دەکەین.‏
ئێستا بابزانین جەندەر دیسفۆریا ‏Gender dysphoria‏ یان شڵەژانی ناسنامەی جەندەری ‏gender identity ‎disorder (GID)‎‏ چییە؟
شڵەژانی ناسنامەی جەندەری ‏gender identity disorder‏ بریتییە لەو حالەتەی کاتێك کەسێك هەست بە شڵەژان و ‏ناڕەحەتی دەکات چونکە هارمۆنیەت و گونجان نییە لە نێوان ڕەگەزی بایۆلۆژی و ناسنامەی جەندەری. مەبەست لە ڕگەزی ‏بایۆلۆژی بۆ نمونە پیاوە لە ڕووی جەستییەوە بەڵام لە ناخ و دەروونیدا هەست دەکات ئافرەتە، یان بە پێچەوانەوە لە ‏جەستەوە مێیە و لە ناخ ودەروونەوە نێرە.‏
یانی مرۆڤەکە دوو ناسنامەی هەیە، ناسنامەی لاشەیی کە لە دایک بوونەوە دیاردەکەوێت کە نێرە یان مێیە، ناسنامەی ‏جەندەری یش کە ئەو حالەتە دەروونییە و ناسنامەی دەروونیەیە، کە ئەو کەسە لە هەست و ناخیدا دەزانێت نێرە یان مێیە و ‏ڕەگەزی دیاری دەکات.‏
ئەوە جۆرێکە لەوەی کورد لە ڕووی ئیستیعارە و لێکچواندندا پێی دەڵێن نێرەموکی، هەرچەندە ئەوە نێرەموکی نییە. ژنانی و نێرە ‏هەیتەشی پێ دەڵێن بە پێی ڕەگەزەکە. نێرەموکی پێی دەڵێن الخنثي بە عەرەبی و بە ئینگلیزیش ‏Hermaphrodite‏ پێ دەڵێن. کورد بەو ‏کەسانەی جەستەی پیاوە و وەك ژن ڕەفتار دەکات دەڵێن نێرەموک، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێشیان دەڵێن: ژنانی، سەرژانی و ‏چەندین زاراوەی دزێوتر! بەو ژنانەش کە لە جەستەدا ژنن وەك پیاو مامەڵە دەکەن دەڵێن: نێرە هەیتە، و پیاوانی وشتی تریش. ‏
کەوابوو هەر نێرەموکەکە چاکترە، یانی دەتوانین بەو حالەتانە بڵێین نێرەموکی نا هەقیقیی، یان نێرەموکی جەندەرییە، کە زیاتر ‏دەروونیی و شڵەژانی هۆڕمۆنییە. 99٪ مرۆڤەکان ناسنامەی بایۆلۆژی و جەستەییان گونجاوە لەگەڵ ناسنامەی جەندەری. بەڵام ‏ئەوە مانای ئەوە نییە بەشێك لە مرۆڤەکان بەو شێوەیە لە دایك دەبن هیچ گوناه و تاوانێکی ئەوانی تێدا نییە، پێویستە لێیان تێبگەین ‏وەك هۆز وخێڵە سەرەتاییەکانی مێژوو ڕەفتار نەکەین لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی، کە بە قەدەری خوا وا خەڵق کراون، خۆیان زۆر لە ‏ناڕەحەتی و کیشمەکێشی دەروونی نێوان قەدەری بایۆلۆژی و قەدەری جەندەرین، پێویستە باری سەرشانیان قورستر نەکەین، ڕیز ‏لە ئیرادەیان بگرین. ئەگەر جارەسەر کرا بە شێوەیەکی پزیشکی وزانستی زۆر چاکە، ئەگەر نەکرا تەواو ئیتر تۆ کاری خوات پێ ‏ڕاست ناکرێتەوە، ئەو وای دروست کردوە. ‏
شڵەژانی ناسنامەی جەندەری ‏gender identity disorder‏ حالەتێکی پزیشکی باوەڕپێکراوە، و زۆرجار چارەسەریش ‏دەکرێت، بەس ئەوە لە بیر مەکە کە ئەو حالەتە نەخۆشیەکی دەروونی وعەقڵی نییە. ئەو حالەتە بە شەق و پێلاقە و فشار و ‏سووکایەتی پێکردن چارەسەر ناکرێت وەك ئەو سێ چوار برایەی شارێکی کوردستان کردبوویان دژی برایەکیان کە پێی ‏وابوو خوشکیانە!‏
چارەسەری ئەو حالەتانە ئامانجی ئەوەیە ئەو هەموو ناڕەحەتی وشڵەژانیە دەروونیەی ئەو کەسە لابەن، کە هەست بە ‏نەگونجانی ڕەگەزی بایۆلۆژی وجەستەییان دەکەن لەگەڵ ناسنامەی جەندەریان.‏
چارەسەرەکان بە پێی ئەو کەسانە دەگۆڕێن، هەیە تەنها جل وبەرگی ئەو ڕەگەزە لەبەر دەکات کە لە ناخەوە هەست دەکات ‏ڕەگەزی جەندەری ئەوە، بە زمانیکی ئاسانتر خۆی نێرە لە ڕووی جەستەییەوە، بەڵام لە خیەوە لەبەر هۆکاری جەستەیی و ‏هۆڕمۆنی هەست دەکات مێیە وحەزی لە جل وبەرگی مێیەکانە و وەک ئەوان ڕەفتار دەکات.‏
هەندێکیتر چارەسەری هۆرمۆنی وەردەگرێت و نەشتەرگەریش دەکات بۆ ئەوەی وەك ئەو ڕەگەزە دەرکەوێت لە ڕووی ‏جەستەییەوە، وەك چۆن لە ناخ و دەروونیەوە هەستی پێ دەکات.‏

ماویەتی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت