بورهان شێخ ڕەئوف: کۆنگرەى جنێف (4).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچى پێشووتر لە سەر کۆنگرەکانى جنێف و ئەستانە بیروبۆچوونى خۆمم دەر بڕیبوو بە پێویستم زانى لە سەر کۆنگرەى جنێف (4) یش شتێک بڵێم هەرچەندە ئێستا بارودۆخەکە گۆڕانکارى گەورەى بە سەردا هاتووە لە ئەمریکا ئیدارەیەکى نوێ بە تێڕوانینێکى جیاواز لە ئیدارەى پێشوو هاتووەتە سەرکار و هەرچەندە هێشتا بە تەواوى سیماو ڕوخسارى ئەجنداکەیان بەرامبەر بە سوریا بەتەواوى وەدەر نەکەوتووە.
لە لایەکى تریشەەوە لە سەر خاک ولە دواى وەدەرنانى گروپە چەکدارەکان لە حەلەب گۆڕەپانەکانى شەڕوململانێ تەرازووى هێز بەرەو لاى ڕژێمى بەشار ئەسەد هەڵکشاوە وئەگەرلایەنەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سوریا بە بیرووبۆچوونەکانى جارانیانەوە چووبن بۆ جنێف ئەستەمە هیچى وایان دەستبکەوێت چونکە بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکدالەم دواییەدا وتى ئێمە بۆیە شەڕمان کرد بمێنین بۆیە بە بڕواى من پێناچێت ئەوەى بە شەڕ بە دەستیان نەهێنا لە سەر مێزى گفتوگۆ بە دەستى بهێنن.
هەرچەندە لە 23 / مانگى شوباتى ڕابردوەوە کۆبوونەوەکانى جنێف (4) دەستى بە کارەکانى کردووە بە ئامادەبوونى شاندەکانى گروهەکانى ئۆپۆزەسیۆن و ڕژێم بە نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان دیمستۆراو هەروەها وڵاتانى پەیوەندیدار بە کێشەکەوە جگە لە پەیەدە هەرچەندە ئەنەکەسە بەشدارە بەو هیوایەى چارەیەک بۆ قەیران و خوێنڕێژییەکانى ئەو وڵاتە بدۆزنەوە کە شەش ساڵە درێژەى هەیە.
هەواڵەکان باس لەوەدەکەن و بە گوێرەى دانیشتنەکانى سەرەتاى کردنەوەى جێف (4) کە مۆسکۆ لە پشت پەردەوە ڕۆڵى سەرەکى و کاریگەرى هەیە بە سەر ڕێڕەوى بەڕێوەچوونى کۆنگرەکەوەئەویش لە ڕێگەى نوێنەرى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان ستیڤان دیمستۆرا کە ڕاسپێراوە کە هەموو بەندەکانى بڕیارى جنێف(1) لە ساڵى 2012 جێبەجێ بکات کە بریتیە لە ڕاگواستنى تەواوى دەستەڵات و بەشداریکردنى هەموو پێکهاتەکانى سوریا لە حوکمدا بە شێوەیەکى دیموکراسیانەو بەهێزکردن و کاراکردنى ڕۆڵى ژنان لە دەستەڵاتدا و کۆتایى هێنان بە حوکمڕانى بنەماڵەى ئەسەد بەڵام لێرەدا دەبێت بە وتەبێژ بە ناوى ڕژێمى سوریاوەو هەڕەشەیەکى ڕژێم دەگوێزێتەوە بۆ ئۆپۆزەسیۆن و دەڵێت کە ئەگەر ئەم وتوێژانە شکست بهێنێت ئەوا ئەوەى لە سوریا بە ساغ و سەلامەتى ماوەتەوە لە دواى حەلەب ئەوەش وێران دەکەین.
ئەوەى لە کۆنگرەى ئەستانە بە دەستهات کە گروهە چەکدارەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سوریا واژۆیان لەسەرکرد شتێکى بەڵگە نەویست کە ئەم ململانێ بە چەک و توندوتیژى چارە ناکرێت، دواى ئەوەى بۆ هەموولایەک ئاشکرا بوو کە ئەم شۆڕشە بووە بە ململانێیەکى ئیقلیمى لە نێوان وڵاتانى ناوچەکەدا.
لە هەمانکاتیشدا ئەوەى لە جنێف (4) چاوەڕوان دەکرێت لە ژێر کاریگەرى و ڕووناکى ئەو مەشهەدانەى کە لە سەرەوە باسم کرد وادیارە خواستێک هەیە بۆ بازدان بە سەر بڕیارەکانى 2118 کەبۆ وەستانى خوێن ڕشتن لە سوریا دەرکرا لە جنێف (1) لە ساڵى 2012 دواتر لە 2015 بڕیارى 2254دەرکرا بۆ جێبەجێ کردنى بەندەکانى جنێف(1) نەوەکو بۆ پێکهێنانى کابینەیەکى حکومى هاوبەش وەکو مۆسکۆ خوازیارییەتى و بازدان بە سەر یدا لە کۆنگرەى جنێف (4) دا.
خواستى تورکیا.
تورکیا ئەگەرچى لە چەند ڕۆژى پێشوودا شارۆچکەى باب ى بە تەواوى داگیرکرد بەمەش وا دەزانێت ڕێ لە بە دیهاتنى ئاواتى کورد بۆ یەکخستنى کانتۆنەکانى دەگرێت باس لەوە دەکات خۆى ئامادە دەکات بۆ ڕزگارکردنى مەنبەج لە دەستى کورد و ڕەقە لە دەستى داعش کە ئەمەش پێناچێت ئەمریکیەکان بچنە ژێرئەو بارەوە و ئاماژەکان پێچەوانەى ئەوە پیشاندەدەن.

کوردو جنێفەکان
ئەوەى ڕوونە بۆ هەمووان هەڵوێستى هەموو گروپەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سوریایە بەرامبەر بە کوردلە وڵاتەدا کە نکووڵى کردنە لە مافەکانیان و ئەمانە هەموو لە ژێر هەژموونى تورکیادان و هەمان هەڵوێستى ئەویان هەیە ولە گەڵ ڕژێمى ئەسەدیشدا جیاوازى وایان نیە بەرامبەر بە دۆزى کورد بۆیە کوردیش بە تایبەتى پەیەدەو یەکینەکانى پاراستنى گەل کە هێزێکى کاراو کاریگەرى شەڕى تیرۆر بوون لە ساڵانى ڕابردوودا نزیکەى 28% خاکى سوریایان لە بندەستدایە کە خاکى کوردستانەو ە ئێستا هەرێمى باکوورى سوریا یان ڕۆژاواى پێدەڵێن تائێستا زۆر بە هەستیارى و ژیرانە هەڵسووکەوتیان لە گەڵ دۆخەکەدا کردووە بە ورییاییەوە توانیووییانە ئارامى دوورخستنەوەى شەڕلە زۆر شوێنى ناوچەکانیان بپارێزن.
ئەگەر چى ڤیتۆى تورکیا لەسەر ئەم هێزە ڕێگر بووە لە بەشدارى ئەمان لە کۆنگرەکانى جنێف بەڵام ئەنەکەسە بەشداریان پێکراوە بەڵام ڕۆڵو کاریگەرییان وەکو پێویست نەبووە کە ئەوەش خاڵێکە دەکرێت ڕووى ڕەخنە لە پەیەدە بکەین کە دەکرا بە دۆزینەوەى میکانیزم و فۆرمى گونجاو ڕۆڵى ئەنەکەسە لە ئیدارەو بەڕێوەبەردنى ڕۆژاوادا بە هەند وەربگیرتایە و جۆریک لە هاوسەنگى و دابەشکردنى ڕۆڵ لە پەیوەندییە ئیقلیمیەکانى دەهێنایە ئاراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت