هادی حەمەڕەشید: من ئەژین عەبدوڵام.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەژین گیان، سەرت بەرز ڕاگرە و هەرگیز وا مەبینە کە تۆ بەدناو کراویت، تۆ سیمبۆلی شەرەف و کەرامەتی تاکی کوردیت، ئەو شەرەفەی کە ساتێک چەتەکانی سەرۆک لە داوێنی پیسیانەوە پەلاماری ئەدەن، و ساتێکیش سەرۆک بەدەستی خۆی لە شەنگال ئەیفرۆشێت بەداعشی بەربەری!

ئەزانی؛ نە تۆ و نەهیچ یەکێک لەئێمەش هێندە بێ ئاگا و بێ ویژدانیش نین کە تاوانی هیچ حیزبێکی کوردیمان بیر بچێت و هەمووی بخەینە سەر تەنیا لایەنێک، بەڵام ئەم کارە نەگرییس و بۆگەنەی کە تۆ پاش 21 ساڵ درکاندت، کاری ئۆرجیناڵی پارتیە، یەکێکە لە سیما قیزەونەکانی ئەم هێزە بێ چاو و ڕووە!
ئێستاش مەلا و زانای ئاینی لە زیندانە باستێل ئاساکانیاندا هەیە، هێندە سێکسیان لەگەڵ کردووە یەک لەسەر سێی جەستەی ماوەتەوە، هاوار ئەکات چیتان ئەوێت بۆتان واژۆ ئەکەم، نەک کاری توندوتیژی، بگرە نەک کاری سیاسیش، ئیتر موسڵمانیش نیم، بۆ ئێوە کەڵکی مرۆڤبوونتان پێوە هێشتووم، تا هیچیتربم؟! تەنیا و تەنیا یەک چاکەم لەگەڵ بکەن، بمکوژن با لەدەست ئازاری دەروونی تێکشکاوم ڕزگارم بێت!
ئەمانە لەڕێگای دەزگای پاراستنەوە بەشێکی زۆر لە جەستەی تاکی کوردیان وێران کرد، “شێخ زانا ” و باندەکەی چی بوون جگە لە چەشە و دانەی داوی ئەو دەزگا بەدناوە؟! هەتا تینی تێدابوو ڕەتاندیان و ڕاویان پێکرد، کەی کەڵکی پێوە نەما هێناشیانە سەر شاشەکان و هێندەی تر زەلیلیان کرد؟!
سێکس بە هەموو جۆرەکانیەوە یەکێک لە چەکە ترسناکەکانی دەستی ئەو پارت و خێزانەیە، ئەوە میراتە و ئەم ماڵە لە باوانیانەوە بۆیان ماوەتەوە، “مەلا مستەفا” کە زۆر توڕە و جاڕس بوو لە باڵی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی، هات لە خێزانەکانیان دایبڕین و دەستەبەسەری کردن لە دەربەندیخان، کە “ئەوڕەحمانە ڕووتە” ناوێک وەک تکاکار ئەچێتە لای تا ئازادیان بکات، ئەو لە وەڵامدا ووتی: ڕێگایان نادەم بەڵکو ژنەکانیان (…..) ببن!!
واتە ئەگەر چەکی دەستی هەر وڵات و لایەنێک بۆ نەیارەکانی ئابڵوقەی ئابوری و ماڵیی بووبێت، ئەوا لەلای ئەمان ئابڵوقەی سێکسی بژاردە بووە لەلایان!
بڕۆ سەرێک لە مێژووی پڕ لە تاوانیان بدە، سیخناخە بە تاوانی سێکسی و دەستدرێژی شەرەف بۆ سەر نەیارەکانیان!
تۆ لە تەمەنێکدا (15ساڵی) کە پێویست بوو خزمەت بکرێیت، جێگات تەنیا خوێندنگا و گۆڕەپانی یاری بێت، بەناچاری ئەبیت بە پێشمەرگە (هەرچەندە بە هەموو پێوەرێک نەئەبوو ڕێگات پێبدرێت وەک پێشمەرگەیەک ببرێیتە بەرەی شەڕەوە) بەڵام ئەمانە یاسای جەنگ و ئاشتی پێشێل ئەکەن، بۆچی (حەسەن کوێستانی و ڕێباز) وەفدی ئاشتی نەبوون گولەبارانیان کردن و تیرۆریان کردن؟! ئەوە لە ئاگربەست و ئاشتیدا، و ئەوەش ئێوە لە شەڕدا! ئاخر کاکە خۆ جەنگیش ڕێسای خۆی هەیە!
بەڵام تۆ نەئەبوو ئەم ڕازە بۆ ئێمە باس بکەیت، کاکە تۆ هاتیت ئەم ئازەرە ویژدانییەی خۆتت لەگەڵ بەش کردین، نازانم بۆچی باست کرد؟!
وابیر نەکەیتەوە کە ئەم باسەی تۆ ببێتە مەشخەڵی شۆڕش، من دڵنیام هەرکەسێک کە ئەو چیرۆکەی ئێوە ببیستێت ماوەیەک هەر توشی شۆک ئەبێت، پاش ئەوەش زۆر هەست بە بێکەسی ئەکات، هەست ئەکات ئیتر ئەو جەلاد و یاساوڵە شەرواڵپیسانە لە هەموو جێگایەکدا هەن!!
ئێستا تاکی کورد نەک ئەم چیرۆکە پشت شکێن و ئەژنۆ لەرزێنە، بگرە بچوکترین ڕووداو کاری تێئەکات، بەڵام گەورەترین و ستەمکارانەترین ڕووداویش نایجوڵێنێت و کاردانەوەی تێدا دروست ناکات،”کارتێکردن” زۆر جیاوازە لە “کاردانەوە دروست کردن”!
“محەممەد بوعزیزی” لە کۆمەڵگای تونسیدا “نان” و “کار”یان لێ زەوت کرد، هات ئاگری لە خۆی و عەرەبانەکەی بەردا و بوو بە مەشخەڵ بۆ شۆڕشێک کە ژیانی وڵاتەکەی گۆڕی، بەڵام لێرە هەواڵی زەوت کردنی”جەستە” و داگیرکردنی”شەرەفی پێشمەرگەیەک” نابێت بە جێگای هاتنە سەر شەقام!!
لەبنەڕەتدا بەشێکی زۆر لەوانەی کە ساڵانێک مێشکی ئێمەیان بردبوو بە کۆمەڵێک هاش و هوش، نەک بێدەنگ کراون، بگرە ئێستا ئیتر ئەوان لەو جێگایانەی پێیان ئەوترێت زانکۆ (کەلاوەی جەهل) حکومەت و حیزبە مشەخۆرەکان لوتفیان نواندووە یەک دوو وانەی پێداون تابیڵێنەوە و ناوی گەورەی لە هەندێکیان ناوە(سەرۆک بەش) و (بڕیاردەر) و چەندین ناونیشانیتر دەمیان بە مەکرەمەی نامەعریفەتیان داخراوە!
عەزیزم بۆچی باست کرد؟! با هەر تەنیا خۆت لەبیری تۆڵەدا بووبای و گڕی ناخت کڵپەی بسەندایە، نەک باسی بکەیت بۆ کۆمەڵگایەک کە هەموومان بووین بە بەندەی بایۆمەتری و موچە و وەزیفە!
ئەژینی دڵشکاو، دڵنیابە ئەو داوێن پیسانە “مەسعود بارزانی” یان ئەتک کردووە، چونکە ئەو عەیامێکە ئەڵێت : من پێشمەرگەم!
تۆ سەرت بڵند ڕاگرە، ئەوەی کە ئەبێت سەری نەوی بکات هەر ئەو مەسعودەیە کە لەسایە و سێبەری ئەودا، پێشمەرگەیەکی بە دیلگیراو بەو دەردە ئەبرێت کە پاش ۲۱ساڵ هێشتا ئەڵێی ئەمڕۆ بەو دەردەیان بردووە!
ئیتر مەوەستە، نامە بۆ ئەو نامەردە مەنووسە، چونکە کەیسەکەی تۆیش ڕادەستی کۆمەڵێک لیژنەی ڕسوا ئەکات و لەباشترین حاڵدا بەسیناریۆیەکی زۆر ترسناکەوە لێی دێیتە دەرەوە، بۆیە بڕۆ لە هەرچی دەزگای(مافی مرۆڤ!)ی نێو دەوڵەتی هەیە سکاڵایان لە دژ تۆمار بکە، تا بەر دەرگای خوای گەورەش مەوەستە!
“ئەژین”ی ستەملێکراو ئەزانی دوای بیستنی ئەم چیرۆکەی ئێوە من ئەوەندەیتر هەست بە نامۆیی ئەکەم لەم کۆمەڵگایەدا کە وەک هەواڵێکی ئاسایی گوێبیستی چیرۆکەکەتان بوون؟!
جەمال غەمبار ووتی: تۆ نازانی ئەو دەمەی کە پیاو ئەگری کەون چ خەلەلێکی تیایە؟!
بەڵام دڵنیابە نەک خەلەلێک، خەلەلستانە ئێرە، داغان و خەرابستانە کاتێک کە تۆ بەزمانی خۆت ئەو ڕازە نەفرەتییەت ئەدرکێنیت، هەستئەکەم تارمایی ئەو دەستدرێژکار و بەدڕەوشتانە بە دوامانەوەن لە هەموو جێگایەکدا!
ئەمە ئەو بەهەشتە بوو کە لەسەر دەستی دەروێشەکانی کوردایەتی پێشمەرگە تیایدا ئەتک ئەکرێت!!
بەیارمەتی م.گۆرانی شاعیر:
حەقتە بــگریت بەســــەر تاوانی (سەرۆکایەتی) ئەودا
بەحر پڕکە لەتف و بیدە بەناوچاوی(سەرۆکایەتی) ئەودا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت