محەمەد هەریری: هەر ئەوەی بە پەشێو کرا سوکایەتی نەبوو! کوردستان یەك پارچە سووکایەتییە.
خەڵك وادەزانێت سوکایەتی بەس ئەوەیە یەك دوو چەکداری نەزان بێت و دەستدرێژیت بکاتە سەر! خەڵک وادەزانێت هەر ئەوە سوکایەتییە کە کرا بەرامبەر عبدالله پەشێو. بەرلەوەی ئەوە بە سوکایەتی بزانرێت دەبێت بزانن ژیانتان پڕاوپڕە لە سوکایەتی.
سوکایەتی ئەوەیە ماڵی سەرۆك وەزیران ئەو هەموو ڕووبەرە داگیر بکات، بەخۆڕایی و سنوری بگاتە ناو گوندی باو وباپیری پەشێو و هەتا گۆڕستانیشیان لێ بکاتە ناوچەی قەدەغەکراو و بە خاوەن مردووی نوێ بڵێن، بە پێنج دەقە مەیتەکەت بنێژە و ئەوێ چۆڵ کەن، دەنا تووشی ڕێکاری یاسایی دەبنەوە!
سووکایەتی ئەوەیە چەکداری گەنج هێندە نەخوێندەوار بێت لە سایەی ئەو وڵاتە مافیاوییە، نەزانێت عەبدوڵلا پەشێو کێیە، کاتێ خۆی ناساند تەقەی سەری بێت!
لە هەر وڵاتێکی جیهان با لە گوندێك شاعیرێکی وا مەزن هەڵکەوتبا، ئێستا گوندەکەش و چەندین دەزگا و قوتابخانە و ڕێگای دەوروبەریش بە پەیکەر وناوی ئەو شاعیرە دەڕازێنرایەوە، نەك گوندەکەشی بکەوێتە ناو قەڵەمڕەوی ماڵی یەك کەس!
سوکایەتی ئەوەیە لەو وڵاتەی کە نە لە ئەرز ونە لە ئاو و نە لە ژینگەی لەباری کەم نییە، تۆ شیری کوێتی و میسری و سعودی بخۆیتەوە، و تەماتە و خیاری ئێرانی بکڕیت، وکەرە و ڕۆن و ماستی تورکیایی بەکار بهێنیت!
سوکایەتی ئەوەیە کورد لەو شۆپینگ سەنتەرانە کاتێ بە کوردی قسە بکات کەس نەبێت تێی بگات، و گەنجی کورد خۆی بە نامۆ بزانێت تیایدا، چونکە بەڕێوەبەرانی هەموو شتێکی تێدا بێت، تەنها کوردی تێدا نەبێت.
شورەیی و سوکایەتی ئەوەیە ناوی شەقامت بنێیت بە تۆکیۆ و فلۆریدا و ئەی بی سی سیتی و نازانم چی، کەچی هەزاران مرۆڤی گەورە و ناوی جوانی کوردیت هەبێت!
سوکایەتی ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە نەخوێندەوارە بێ ئەسڵ و فەسڵە بۆ بێژەرێکی کچی شۆخ و شەنگ شین و شەپۆڕ بکات لەسەر ئاستی سیاسی و میدیایی، بەڵام بۆ وەفاتی کەڵە ڕۆشنبیر ونووسەر وئەدیبێکی گەورەی وەك محەمەدی مەلا عەبدولکەریم وا بێ دەنگ و بێ باك بیت!
سوکایەتی ئەوەیە وڵات لەو تەنگژە گەورانەی ئابووری دابێت، وخەڵکەکەی برسی بکەیت، وشەو وڕۆژ نەخەیتە سەر یەك بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، چونکە خەڵك بە هیچ نەزانیت، لە جیاتی ئەوە هەر خەریکی کۆڕ وکۆبوونەوە و فۆریۆم و پانێڵی بێ کەڵك بیت، کە دار ناخاتە سەر بەرد.
سوکایەتی ئەوەیە خەڵکەی نیشتیمان پاڵ پێوەنێیت بۆ دەرەوە و کۆچ کردن و ڕاکردن لە ترسان ولە برسان، وڵاتیش بکەیتە هوتێڵێکی بازرگانانی بیانی کاڵای ساختە وشەریکە دز و مۆڵگەی بێ بەهایی وبێ ڕەوشتی.
ئەوەی ئەو دەسەڵاتە بێ ڕەوشتە بەناوی کوردایەتیەوە بەو خەڵکەی دەکات، سەدام لە چاو ئەواندا سەرەڕای دڕندەییەکەی، فریشتە بوو، فریشتە.
- محەمەد هەریری: کورد و شینی بۆرما! - 2017-09-06
- محەمەد هەریری: ئەو خوێن ڕشتنە بەناوی قوربانی ڕاگرن بەو شێوەیە سەرەتاییە! - 2017-08-30
- محەمەد هەریری: خەسڵەتە کوردییەکانى سەڵاحەدینی ئەیوبی. - 2017-08-23