دکتۆر ڕەفیق سابیر: پرۆژەبڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکانەوە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەنگاوێکی تر بەرەو داد و عەدالەت

دەوڵەتی بریتانیا پرۆژەبڕیارێکی بۆ ئەنجومەنی ئاساسایش ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی بریار بدات لێکۆڵینەوەی جیهانی، لەبارەی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکانەوە، بکرێت. ئەم پرۆژەبریارە، پەیوەندیی بەو بڕیارە گرنگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەیە، کە رۆژی 16ی حوزەیرانی ساڵی 2016 کۆکوژیی ئێزدییەکانی بە جینۆساد ناسی و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد، بە بڕیارێک، کەیسی جینۆسایدی ئێزیدییەکان رەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات، بۆ ئەوەی لەو تاوانە گەورەیە بکۆڵێتەوە. چونکە ئەم تاوانە کە سروشتێکی جیهانیی هەیە و بە تاوانێک دژی مرۆڤایەتی دادەندرێت. نەتەوەیەکگرتووەکان، بەو بڕیارەی، کەیسی جینۆسایدی ئیزیدییەکانی، لە پرسێکی نێوخۆیی عێراقەوە، گۆڕی بە پرسێکی جیهانی. بەم پێیە لێکۆڵینەوە لەم تاوانە و دادگاییکردنی بەرپرسان و بەشداربوون و هاوکارانی ئەم تاوانە، ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتییە. ئەم پرۆژەبڕیارە بەو مەبەستەیە، پرۆسێسی لێکۆڵینەوە لەم تاوانە، دەست پێ بکات.
رۆژی ٩ی ئادار، لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پارێزەر و کەسایەتیی ناوداری جیهانی، خاتو ئەمەل کلونی، کە نوێنەرایەتیی ئیزیدییەکان دەکات، لەگەڵ ژنە سەلاری ئێزدی، خاتوو نادیە مورد، ئامادە بوون. خاتو ئەمەل باسی پرۆژەبڕیارەکەی بریتانیای کرد و وتی: دەوڵەتی عێراق، بە ئاشکرا رای گەیاندووە، کە لەگەڵ ئەوەیە لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بکرێت، بەڵام هێشتا بە رەسمی داوای نەکردووە. خاتو ئەمەل داوای لە حکومەتی عێراق کرد، کە پێش ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش، لەبارەی پرۆژەبڕیارەکەی بریتانیاوە بریارێک بدات، بە نامەیەکی رەسمی داوا بکات لێکۆڵینەوە لە جینۆسایکردنی ئێزیدییەکان بکرێت.
پارێزەر خاتوو ئەمەل کلونی دووپاتی کردەوە، کە ئەنجومەنی ئاسایش، بە بێ رەزامەندی عێراقیش، دەتوانێت لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک بهێنێت. هەروا نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێت تیمێکی تایبەت بۆ ئامادەکاری و کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگە و دۆکیومێنت، دروست بکات، وەک لە مانگی دیسەمبەری ساڵی رابردوو، لە سوریا کردی، یان ئەنجومەنی ئاسایش خۆی کەیسەکە رەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات.
لێرەدا داوا لە جەنابی سەرۆککۆماری عێراق، بەڕێز دوکتۆر فوئاد مەعسوم دەکەم، دەستپێشخەریی ئامادەکردنی ئەو نامەیە بکەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، دوکتۆر حەیدەر ئەلعبادی و بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەلیم ئەلجبووری، بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە، بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی بنێرن.
لەبەر ئەوەی پەرلەمانی کوردستان، بە پێی قانوونی هەرێمی کوردستان، مەرجەعی گەلی کوردستانە، داوا لە جەنابی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەڕێز دوکتۆر محەمەد یوسف دەکەم، بە نووسراوێک، داوا لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکەن، تا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە، نامەیەکی رەسمی بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان بنێرن و پشتگیری لێکۆڵینەوە لە جینۆسایدی ئێزیدییەکان بکەن.
لێرەدا بە گرنگی دەزانم کە پەرلەمانتاران، قانوونناسان، میدیاکاران، ریکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و رەوەندی کوردی، لە دەرەوی کوردستان، چالاکی فراوان دەست پی بکەن بۆ ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش، بڕیارێک بە قازانجی ئەو کەیسە بدات و رەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات. چونکە تا ئەو بریارە نەدرێت، رەنگە کۆمەڵێک دەوڵەت و لایەن، کە دەستیان لەم تاوانەدا هەیە، هەوڵ بدەن بڕیارەکە رابگیرێت، یان کەیسەکە بەلایەکی تردا ببردرێت.
لە لایەکی ترەوە هەموو ئەو لایەنە کوردستانییانەی لەسەروە ناویان هاتووە، چەند دەتوانن بەڵگە و دوکیومێنت و دیداری تایبەت لەگەڵ قوربانیانی ئەو جینۆسایدە ئامادە بکەن. بەم کارە کۆمەکی پارێزەر خاتوو ئەمەل کلونی و هەر لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن، کە ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ لێکۆڵینەوە لەم تاوانە، پێکی بهینێت.
پەسندکردنی پرۆژەبریاری دەوڵەتی بریتانیا، لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، دەستکەوتێکی گەورەی تر دەبێت بۆ ئێزیدییەکان و گەلی کوردستان، چونکە بریارەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەبارەی جینۆسایدی ئیزیدییەکان، دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش سەرەتایەک دەبێت بۆ دەرخستنی راستی و سزادانی تاوانباران و گێرانەوەی ماف بۆ قوربانیان و حورمەت بۆ عەدالەت و ژیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت