رەزا شوان: کەرکوک کوردستانییە و.. قەڵایەکی هەمیشەی کوردایەتییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە حکوومەتەکەی ئێستای عێراقیشەوە،بە پێی پلان و پیلانێکی نەخشەداڕێژراو، بە شێوەیەکی دڕندانە و نامەردانە، هەوڵی بە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکوکیان دا و، دەیدەن.. بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافیای نەتەوەیی لە کەرکوکدا، کە لە بەرژەوەندی نەتەوەی عەرەبدا بێت.. گەر بە تۆمارەکانی سەرژمێری گشتیدا بچینەوە.. تا ساڵانی شەستەکانیش، رێژەی عەرەب لە پارێزگای کەرکوکدا، لە چاو رێژەی کوردەوە زۆر کەم بوون. بۆیە حکوومەتەکانی عێراق بە هەموو توانایەکییانەوە هەوڵی بە عەرەبکردنی كەرکوکیان دا.. لە سەردەمی رژێمی بەعسی رەگەزپەرست و فاشستیدا، بە شێوەی بەڕنامەداڕێژراوی تۆکمەتر و فراوانتر دەستیان بە جێبەجێ کردنی ئەم پرۆژە رەگەزپەرستییە کرد، نیازی گڵاوی ئەوان ئەوە بوو، کە بە جاری ناسنامەی کوردستانییەتی کەرکوک بسڕنەوە. بۆ ئەم مەبەستە قێزەوەنەشیان، بە هەزاران خێزانی عەرەبیان لە شارەکانی باشوور و لە ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ کەرکوک هێنا و نیشتەجێیانیان کردن. بە هەزارن خێزانی کوردیشیان بۆ شارەکانی تری کوردستان، یا بۆ شارەکانی باشووری عێراق بە زۆرەملێ کۆاستنەوە و خانووەکانیان داگیرکردن و دایانن بە عەرەب. نزیکەی حەود سەد گوند و شارۆچکە و گەڕەکی کەرکوکیشیان وێران کردن، ئەم شۆڤێنیانە هەر بەمەشەوە نەوەستان، ناوی (پارێیزگای کەرکوک) یان گۆڕی بە ناوی (پرێزگای تەئمیم) ناوی گەڕەکە کوردییەکان و قوتابخانە کوردییەکانیشیان گۆڕی بۆ ناوی عەرەبی. سیاسەتی (راستکردنەوەی نەتەوەیی) یان جێبەجێکرد، بە زۆرداری و بە هەڕەشە کورد و کلدۆئاشوورییەکان و ئەرمەنییەکانیان بە عەرەب دەنووسین، خوێندنیان بە زمانی کوردی قەدەغەکرد.. ئەمانە و گەلی کاری قێزەوەنی تریان لە دژی کەرکوک جێبەجێ کرد. لە شاڵاوەکانی (ئەنفال)ی بەدناویشدا، کورد لە پارێزگاری کەرکوک پشکی شێری ئەنفال و گرت و کوشتن و بێ سەر و شوێنکردنیان بەرکەوت.
بەعسی فاشستی، هەموو فشار و قورساییەکانی خستبووە سەر کەرکوک. لە دەور و بەری شاری کەرکوکدا، چەندین قەڵای سەخت و قولەی سەربازی دروست کرد، قورسترین تۆپ تانک و هێزی سەربازییان لێدانابوون. بە بۆچوونی خۆیان، شوورەی سەربازییان لە دەوری کەرکوکدا، لە (هێڵی بەرگـریی بارلـیڤ) ی ئیسرائیلیش سەخترە و هەرگیز پێشمەرگە ناتوانێت لە کەرکوک نزیک ببێتەوە.
بەڵام ئەم سیاسەتە رەگەزپەرستی و پاکتاوکردنی نەتەوەییە، ئەم کارە قێزەوەنانەی شۆڤینی عەرەبی، کۆڵیان بە کەرکوکییەکان نەدا و، چۆکیان بۆ بەعسییەکان دانەدا، بە پێچەوانەی خواست و نیازی گڵاوی ئەوان، کەرکوکییەکان بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە خۆیان راگرت و بەرگرییان کرد و، هیوا و بڕۆیان وابوو کە (ستەم لە بەهێزیدا دەپسێ) و، رۆژی گۆڕبەگۆڕبوونی دیکتاتۆر و داگیرکەران نزیک بۆتەوە.
کەرکوک لە رابردوو و لە ئەمڕۆشدا، سەنگەرێکی سەختی کوردایەتی و مەردایەتی بووە، کەرکوکییەکان هەمیشە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگرییان لە کورد و لە کوردستان کردووە.. لە ئەمڕۆشدا، کەرکوکییەکان سەرسەختانە و گیان بەخشانە رووبەڕووی هێڕشەکانی دڕندەترین ئیسلامی توندڕەو بوونەتەوە، کە لە (داعش)ی بەدڕەوشتدا بەرجەستە بووە.. بە دەیان سەرکردە و پێشمەرگەی قارەمانیان لە بەرگری کردنی خاکی پیرۆزی کوردستان، لە باشووری کەرکوکدا شەهید بوون.. شایەنه باسیشە بۆ یەکەمین جار پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤانی هەموو کوردستان بە هەستێکی بەرزی نەتەوەیی و بە هەستی هاوخوشک و هاوبرایی و هاوهاوبەستەبوونیان بۆ کووردستانی نیشتمانی هەموومان.. پێکەوە لە سەنگەرێکدا بەرگرییان لە کەرکوک کرد.
کەرکوکییەکان یەکەمین قوربانیدەرن و. دوایەمین سوودمەندن. ئەگەرچی تا ئەمڕۆ کەرکوکییەکان، زۆر بە کەمی لە بەری دەستکەوتەکانی خەبات و قوربانیدانیان سوودمەند بوونە. گەرچی کەرکوک لەسەر دەریایەکی نەوت و گـازی سروشتی دایە. بەڵام تا ئەمڕۆش کەرکوکییەکان لە نەوت و گازی کەرکوک سوودمەند نەبوونە، تەنها دووکەڵەکانیان بۆ کەرکوکییەکانن. لایەن هەیە بە ئاشکرا و بەبێ شەرمانە نەوتەکەی دەفرۆشێ و پارەکەی حەپەلۆش دەکا. کەرکوکییەکانیش زەقەی چاویان دێت. لەگەڵ ئەوەشدا کەرکوکییەکان، هەردەم بەرژەوەندیی کورد و کوردستانیانیان بە لاوە هەموو لە دەستکەوت و لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەپێشتر و پێویستر زانیون و دەزانن.
لە راپەڕینەکەی بەهاری ساڵی 1991 لە باشووری کوردستان دا، رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ، گەورەترین هێیزی لە شەکری عێراق و، بە هەزاران سوپای میللی (الجیش الشعبي) بە قورسترین تۆپ و تانک وفرۆکەی هێلیکۆپتەر.. دەوری شاری کەرکوکیان گرت، کە گۆڕبەگۆڕی بێڕەوشت عەلی کیمیاوی ( هەزاران تف و نەفرەتی لێبێت) سەرپەرشتی ئەو هێزەی دەکرد.. بەڵام لە بەردەم تەوژمی شەپۆلەکانی تسۆنامی راپەڕینی پێشمەرگە و جەماوەری تووڕە و داخ لە دڵی گەلەکەمان.. خۆیان پێنەگیرا و کونە مشکیان لێبوو بە قەیسەری و، لە بەزین و راکردندا ئاسکەشیان پێناگەیشت.
لە رۆژی نەورۆز (21 ی/ ئادار/ 1991)، کەرکوک تاجی راپەڕینەکانی کوردستانی لەسەر کرد. ئاگری نەورۆز و مەشخەڵە هەمیشەییەکەی باوەگوڕگوڕ دەست لە ملان بوون. لەو رۆژەوە جەژنی نەورۆز تایبەتمەندی و چێژ و خۆشییەکی زیاتری لە لای کەرکوکییەکان هەیە. هەموو ساڵێک بە شانازییەوە یادی ساڵڕۆژی رزگارکردنی کەرکوک دەکەینەوە. کە سەرکەوتن بوو بۆ هەموو کوردستانییەک. رزگارکردنی کەرکوک پەیامێک بوو بۆ داگیرکەرانی کوردستان. کە کەرکوک شارێکی کوردستان بووە و، شارێکی کوردستانە. تا کوردێک بمێنێت دەست لە کەرکوک هەڵناگرین. رزگارکردنی شاری کەرکوک پیلانی حەفتا ساڵی پاکتاوکردنی رەگەزی و چەوسانەوەی نەتەوەیی هەڵوەشاندەوە. کەرکوک کێشەی سەرەکی و ناوەندیی کوردستانە. کەرکوک هێڵی سوورمانە. سازش کردن لەسەر کەرکوک گەورەترین تاوان و ناپاکییە. کە ئەمەش لە هیچ حیزب و سەرکردەیەک قەبووڵ ناکەین. یا کەرکوک و خانەقین. یا تا ماوین دەجەنگین.
بێگومان حکوومەتی ئەمڕۆی عێراقیش، بە گەلێ شێواز درێژە بە پیلان و پرۆژەی بە عەرەبکردنی کەرکوک دەدا. ئامادە نییە کە بە شێوەیەکی دەستووری و ئاشتییانە کێشەی کەرکوک چارەسەر بکرێت و. بگەڕێتەوە بۆ باوەشی کوردستان.
لە ئەمڕۆشدا، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە لە سەنگەرەکانی باشووری کوردستاندا جێگیربوونە، گیان بەخشانە بەرگرییان لە کوردستان کرد و شکستیان بە ئەفسانەی داعش هێنا. پێویستە بە هیچ کلۆجێک و بە هیچ مەرجێک هێزی پێشمەرگە لە کەرکوک نەکشێتەوە. بەسە جارێک و دووجار خەڵەتاین. پێویستە سەرکردەکانی کوردمان پەند و وانە لە هەڵە وهۆیەکانی شکستییەکانمان وەربگرن ـ بەڵام بەداخەوە ـ نەک هەر پەند و وانە وەرناگرن. بەڵکو هێندە نابەڵد و دوورنەبینن، هێندە گەمەکەرێکی سیاسی نەزان و بێ ئەزموونن. تا ئەمڕۆش هیچ وانە و پەندێکیان لە هۆیەکانی تێکەوتن و شکستی و نەهامەتییەکانمان وەرنەگرتوون. هەموو جارێکیش گەلە چەوساوەکەمان باجی نەزانی و نەشیاوی و هەڵە و شکستییە یەک لە دوای یەکەکانیان دەداتەوە.
هەندێ جاریش مزایدە بە دروشمی بریقەدارەوە دەکەن.. تا ئێستا چەند جاریک بە قسە دەوڵەتی کوردییان راگەیاندووە.. دەوڵەتی کوردی پێویستی بە رێکخستنی ناوماڵی کورد و یەکڕێزی و یەک هەڵوێیستی و یەکدەنگییە.. نەک بە ململانێ و مشتومڕی سیاسی و لەیەکدابڕان و پەرتەوازەیی و فرەکوێخایی و وێرانکردنی ناوماڵی کوردن، بەم حاڵەتەوە و بەبێ گەڕانەەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان.. ناکرێت سەربەخۆیی کوردستانن رابگەیەنرێت.. چۆن لەش بەبێ سەر دەژی.؟!
کەرکـوک کـوردییە و خـاکی خۆمـانە
بێ کەرکـوک دەوڵــەت ئـارا چەمـانە
تا پارێزگای کەرکوک نەگەڕێتەوە باوەشی کوردستان، نە ئارامی و نە سەقامگیری و نە ئاشتیش لە عێراق و لە باشووری کوردستان بەرقەرار دەبێت، نە دەوڵەتی کوردستانيش سەردەگرێت.. بێگومان چارەسەری کێشەی کەرکوک کلیلی چارەسەری هەموو کێشە و قەیرانەکانە. تا چەرەسەریشی دوابخرێت، هێندەی تر کێش و ناکۆکی و ئاڵۆزییەکیان قووڵتر دەبنەوە.
برایان.. خوشکان. سەرکردەکان. پارتە سیاسییەکانی کوردستان. ئێوە و شیری پاکی دایکتان.. ئێوە خاکی پیرۆزی کوردستان. ئێوە و خوێنی ئاڵی شەهیدان. ئێوە و گزەی جەرگری دایکانی جگەرسووتاومان. ئێوە پاکی و بێتاوانی منداڵە چاوگەشەکانمان. ئێوە و گۆڕی ونی ئەنفالکراوەکانمان. ئێوە هەڵبجەی شەهید. ئێوە و. ئێوە و. بەسیەتی ناکۆکی و سێبەرکی و خۆپەرستی و خۆخۆیی و لەیەک دابڕان و ترازان. بە خۆتانا بچنەوە. کاتی ئەوەیە کە دەست بخەنە ناو دەست و یەکبگرن. یەک رەنگ و یەکدەنگ بن. یەک هەڵوێست و یەک وتار و یەک بڕیاربن. لە یەکتری و لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانتان ببوورن، بە گفتوگۆ و دیالۆگ دەتوانن هەموو کێشەکان و ناکۆکییەکانتان چارەسەربکەن. چارەنووسی کورد و کوردستان کەوتۆتە ئەستۆی ئێوە. هەمووتان زۆر باش ئەم راستییانە دەزانن. ئەی بۆ کاریان پێناکەن.؟ ئەی بۆ دڵسۆزانە و راشکاوانە و بوێرانە گفتوگۆ ناکەن. گەر بتانەوێت دەتوانن.؟!
لە ئەمڕۆدا بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردمان، لە بەردەم هەل و مەرجێکی زۆر هەستیار و چارەنووساز دایە. بە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدا تێدەپەڕێت. داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانمان. لە زۆر لاوە پیلانیان بۆ داڕشتووین. لە زۆر لاوە بۆسەیان بۆ ناوینەتەوە. دەیانەوێت هیوا و خەون و خواستەکان و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ناوبەرن و، بمان هێننەوە سەر سفر. دۆژمن دەیەوێت بەچەکی (پەرتـکە و زاڵـبە) شەڕی براکوژیمان پێبکات و، کورد سەرگەردان بکات و کوردستانش کاول بکات. نەکەن بکەونە داوی داگیرکەرانی کوردستانەوە. نەکەن بە زەردخەنەی ژەهـراوی دوژمنان بڕوا بکەن. نەفرەت لەو لایەنە بێت ـ هەچ لایەنێک بێت ـ کە ببێتە جاش و کڵاوسووری پێش لەشکری سوپای داگیرکەران. ئەوەی شەڕی برا کوژی بکات کوردستانی نییە و شایەنی ئەوەش نییە کە لە کوردستان دا بژی. چونکە شەڕی براکوژی خواست و پیلانی داگیرکەرانی کوردستانە. مەرامەکانی ئەوان دێنێتەدی.
من هەڵوێستی پارێزگاری کەرکوک (دکتۆر نەجمەدین عومەر کەریم) بەرز دەنرخێنم و بە گەرمی دەستخۆشی و ئافەرینی لێدەکەم بۆ ئەو هەڵوێستە بوێرانەی، کە دوو بڕیاری زۆر گرنگ و پێویستی دا. یەکەمیان کە لە (8ی/ ئەپریل/2017) دا دەریکردووە، کە بە فەرمی زمانی کوردی و زمانی عەرەبی لە دایرە فەرمییەکانی پارێزگای کەرکوکدا بەکاربهێنرێن. دووەمیشسیان: کە بڕیارێکی بوێرانەیەیە لە (14ی/ ئادار/ 2017) دا ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکی کردووە، تا بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە لە پاڵ ئاڵای عێراقدا، ئاڵای کوردستانیش لەسەر هەموو بینا حکوومییەکان و دامودەزگا فەرمییەکانی كەرکوک و کۆمپانییەکان و لە بۆنەکاندا هەڵبکرێت. گەرچی بەرەی تورکمانی و عەشایری عەرەبی بەم هەڵویستەی دکتۆر نەجمەدین کەریم قەرس بوون و ناڕەزاییان دەربڕی و داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن کە لەم بارەیەوە هەڵوێستی هەبێت. ئەوان ئەم هەڵوێستەی پارێزگای کەرکوک بە نایاسایی دەزانن. ئێمە لە بەرەی تورکمانی و لە کیتلەی عەرەبی دەپرسین. ئەی جێبەجێ نەکردنی ماددەی (140) ی دەستووری عێراق، دەربارەی کێشەی کەرکوک. نا دەستووری نییە. ئەی بۆ کە حکوومەتی عێراق ئەو ناڕەواییانەی بەرانبەر بە کورد دەیکات بە لایانەوە یاساییە و هیچ نارەزاییەکیان پیشان نەدا.؟ یان ئەوان بە دوو پێوەری جیاواز راستییەکان دەپێون و لێکیان دەدەنەوە؟ بۆ ئەوان هەموو شتێک رەوا و یاساییە. بەڵام بۆ کورد هەموو شتێک نادەستووری و سەرپێچی یە. ئەمەیە نادادپەروەری.
پیرۆزبێت جەژنی نەورۆز و جەژنی یادی 26 مین ساڵڕۆژی رزگارکردنی کەرکوک.
شەکاوەبێت ئاڵای رەنگینی کوردستان لەسەر قەڵا سەرکەشەکەی کەرکوکی کوردستان.
دروود و شکۆداری و نەمری و سەروەری بۆ سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت