ferydwn-abduqadir

دژوار شێخانی: چەند سەرنجێك لەسەر قسەكانی فەرەیدون عبدالقادر.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە چاوپێكەتنێكی تەلەفزیۆنیدا, فەرەیدون عبدالقادر ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چەند بابەتێكی ووروژاند, كە بە پێویستی دەزانم هەندێك سەرنجی خۆمی لەسەر بلێم, بە تایبەت لەم هەلومەرجەی كە ئێستا پێدا تێپەر ئەبێت وەكو ئەو دابڕانە سیاسییەی لە نێوان لایەنەكان هەیە و قەیرانی دارایی و دەیان قەیرانی تر كە هەندێكیان لەگەڵ درووست بوونی حكومەتی كوردییەوە درێژەی هەیە ئەمە جگە لەوەی وا خەریكە شەری ناوخۆشی دێتە سەر كە هیوادارین هەرگیز جارێكی كە لە دەرگامان نەدات , بەباشم زانی لە چەند خالێكدا وەڵامی هەندێك لە قسەكانی بەرێزیان بدەمەوە :
1- سەبارەت بە رێكەوتنی لایەنەكان بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە تایبەتی لەسەر بابەتی كارا كردنەوەی پەرلەمان , بەرێزیان وای بە باش دەزانێ كە بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕێ بەكەسێكی تر لە پێناو گەیشتن بە رێكەوتن كە لە ئەساسدا تەنها بۆ رازی كردنی پارتی دیموكراتی كوردستانە , من لێرەدا لەو بەرێزە دەپرسم ئایا كێشەكە كەسەكانە یاخود ویلایەتی سەرۆكی هەرێمە كە ماوە یاساییەكەی تەواو بووە؟ وای دابنێین سەرۆكی پەرلەمان گۆڕدرا بە كەسێكی تر، ئەی چۆن شەرعیەت بدەین بە سەرۆكایەتی هەرێم كە بەپێی یاسا كارپێكراوەكان بە هیچ شێوەیەك وادەی درێژ كردنەوەی نیە؟ یاخود ئەگەر سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان هەلبژێردرا ئەو كات فراكسۆنەكان پرۆژەی خۆیان بۆ هەموار كردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەش كرد كە فراكسیۆنی حزبەكەی جەنابت لە پێش هەموویانەوەیە و سەرۆكی پەرلەمان كردیە بەرنامەی كارەوە ئەو كات چ گرەنتییەك هەیە دووبارە پارتی رێگای چونە پایتەختی لێ نەگرێت و داوای گۆرینی نەكات؟
2- دەربارەی دەستاو دەستكردنی دەسەڵات كە كاك فەرەیدون پێی وایە تەنها گۆڕینی ناوەكانە و هیچی تر ئەمە جگە لە بێ ئومێد كردنی خەلك هیچ مانایەكی تر هەڵناگرێ ئێمە دەمانەوێت بنەماكانی دیموكراسییەت بچەسپێنین و هەوڵی بەرەو پێش بردنی ئەزمونەكەمان بدەین, بۆیە كێشەكە لەوەیە بە داخەوە لەم هەرێمەی ئێمەدا یاسای هێز پەیڕەو دەكرێت لەبری هێزی یاسا چونكە ئەگەر سەروەری یاسا هەبێت هیچ هێز و لایەنێك ناتوانێت ملكەچی دەنگدەر و جەماوەر نەبێت و دەسەڵات دەستاو دەست نەكات.
3- پێشنیاری بەرێزیان بۆ چارەسەری كێشەكان ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی بەیەكەوە لەگەل لایەنەكان گفتوگۆ بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت لێرەشدا دەبێت كاك فەرەیدون ئەوە بزانێت كە یەكێتی لە زۆنی سەوز لەگەڵ گۆڕان هاوبەشە و گۆڕان دەتوانێت كێشەی زۆری بۆ درووست بكات هەر لە بەڕێوەبردن و ئەو ئارامییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی كە لە دوای ڕێكەوتنی دەباشان لە لایەن هەردوولاوە ئیمزا كراوە ئەوە جگە لەوەی بنكە جەماوەرییەكەی یەكێتی بە هیچ شێوەیەك نایەوێت حزبەكەیان لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت لەسەر حیسابی گۆڕان چونكە لە گەرمەی ململانێی توندی نێوانیان جەماوەری یەكێتی و گۆڕان خۆیان بە یەك گیان ناسیوە لە دوو جەستەدا, دوای ئەوە نازانم بۆ یەكێتی خۆی بخزێنێتە نێو شەرێكەوە كە هی ئەو نیە و دووبارە قوربانی بە نیوەی دەنگەكانی بدات لە پێناوی پارتی و 30 حوزەیرانێكی كە دووبارە بكاتەوە.
4- لە كۆتاییدا دەمەوێت بە كاك فەرەیدون و هەموو خەڵكی كوردستان بڵێم كە شتێك نیە بە ناوی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم بەڵكو یاسایەكە كە وادەكەی تەواو بووە بەڵام پارتی و سەرۆكەكەی ئامادەنین دەستبەرداری ببن, هەروەها ئەمە وەكو بەرگریكردنیش نەبێت لە سەرۆكی پەرلەمان بەڵام بەرێزیان هەڵساوە بە كارە ئاسایی و یاساییەكانی خۆی كە پرۆژەی لە لایەن فراكسیۆنەكانی پەرلەمانەوە پێشكەش كراوە و خراوەتە بەرنامەی كارەوە و خوێندنەوەی بۆ كراوە , نە كارێكی نا یاسایی كردووە و نە وادەكەشی تەواو بووە تا دەستبەرداری بێت یا داوای گۆرینی بكەن بۆیە با سەرۆكایەتی هەرێم نەبەستینەوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان وە هەروەها با هەوڵمان بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و دەستاودەست كردنی دەسەڵات و دۆزینەوەی دەرچەیەك بێت بۆ تێپەراندنی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی ئەو خەڵكەی گرتووە, بۆیە هیوادارم كاك فەرەیدون كە تەمەنێكی دوور و درێژی لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموكراسی بووە و وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات كە قوتابی جەنابی مام جەلال بووە ئەزمونەكەی بۆ بەرەوپێشبردنی ووڵات و بە دامەزراوەیی كردنی دامودەزگاكان و سەروەری یاسا بێت نەوەكو بۆ شەرعییەت دانبێت بە كەسێك كە بە ناشەرعی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت