لوقمان مستەفا: بەرەی تورکمانی یان بەرەی پیلان گێڕی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە کەرکووک شارێکی کوردستانیە، لەتەک ئەوەشدا وا ناسراوە کە شاری فرە نەتەوەو فرە ئاینیەکانە، شاری پێکەوە ژیانە، شارێکە لە چەشنی مۆم خۆی دەسوتێنێ و و دەتوێتەوەو ڕوناکی بەخشە بۆ هەمووان، بەڵام خەڵکانێک هەن خۆیان کردووە بەدەم ڕاستی کەمە نەتەوەیەکی دیاری کراوو ئەجندای ووڵاتێکی تر جێبەجێدەکەن، وەک تووتی قسەی خەڵکی تر دەڵێنەوە، بیریان دەچێت یا بە ئەنقەست خۆیان لە گێلی دەدەن و چاویان مێژووی ڕاستەقینەی ئەو شارە کوردستانیە نابێنێت.

زۆر دوور ناڕۆین تەنها دەگەڕێینەوە بۆ ئاماری ساڵی 1957 بابزانین ڕێژەی دانیشتوان وتەنانەت گەڕەکەکانی ئەوشارە چەند بووەو چۆنە:
ژمارەی دانیشتووان:
ژمارەی دانیشتووانی خەڵکی شاری کەرکوک لەساڵی 1957 بەم جۆرە بووە:
* کورد (178000) بووە.
* عەرەب(48000) بووە.
* تورکومان (43000) بووە.
* ئاشووری و کلدان (10000) بووە.
لەھەمان ساڵی 1957 دا ژمارەی کرێکارو کاربەدەستانی کورد لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوکدا لەسەدا ھەشتا (80%) بووە، بەڵام سەرژمێری کردنی کرێکاری کورد لەساڵی ( 2003) دا لەسەدا بیست (20%) بووە ئەمە بەڵگەی ئەوپەڕی شۆڤێنیستی بەعس و دەووڵەتی عێراق دەردەخات کەچۆن ساڵ لەدووای ساڵ کوردیان نان بڕاوو دەربەدەر کردووە. کارێکی تری ژێربەژێر ھەیە لەبارەی کەرکوکەوە ئەویش پەیمان و ڕێککەوتنی (تورکیا / عێراق) ە کەمن دڵنیام بەنھێنی ئەم کارە کراوە چونکە لەچەند ساڵی دووای سەربەخۆیی و دەووڵەمەندبوونی کوردستان دەترسن.
گەڕەکەکانی شاری کەرکوک:
* گەرەکە کوردنشینەکان (ڕەحیم ئاوا، ئازادی، مامۆستایان، شۆرجە، ئیسکان، بلاخ، قۆرییەشکاو، حەسیرەکە، تەپەی مەلا عەبدوڵڵا، دەروازەی باکووری کەرکوک، ئیمام قاسم، شۆراو، ئەحمەد ئاغا. خەبات)
* گەڕەکە تورکومان نشینەکان (مصلی، معلمین،ڕێگەی بەغدا، قەسابخانە، ئەڵماس).
* گەڕەکە عارەب نشینەکان (طریق بغداد، 1ی حزیران، وحدة، حریة، اشتراکیة، ممدودة، 7نیسان، حی البعث، نصروالعروبة، قادسیة، غرناطة).
* گەڕەکە کلدوئاشوورییەکان (شاطرلو، عرفە، الماس).
کەچی بەرەی تورکمانی دروشمی کەرکووک شارێکی تورکمانیەو هەربەتورکمانیش دەمێنێتەوە لەوشارەدا بەرزکردۆتەوە، خەریکی پیلان وئاژاوە گێریە و هەوڵی شێواندنی مێژووی شارەکەدەدات، پشت ئەستوریان بە ئاغاکانیان خۆیان لێبوە بەوپشیلەیەی کەلە ئاوێنەدا خۆی بەشێر دێتە پێش چاو.!
دژی هەمووجۆرە بڕیارو جموجوڵێکی کوردو هێزەکوردیەکانە لەوشارە کوردستانیەدا، لەهیچ هەڵبژاردنێکدا دوکورسیان بەتەواوەتی نەهێناوە، ئامادەن لەژێر ئاڵای نەک عێراق تەنانەت داعشدا بژین، بەڵام ئاڵای کوردستان کوێریان دەکات و هیچ نابینن ونابیسن.
لەکاتێکدا لەژێر ئاڵای کوردستاندا دەژین و پلەوپۆستیان لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستانداهەیە، ئاساییەلایان ئاڵای کوردستان بەچواردەوری کەرکوکدا هەڵکرێ بەرانبەر بەداعش، خۆیان باش دەزانن کە پێشمەرگە شەری مان و نەمان دەکات بۆ خاتری سەرجەم پێکهاتەکانی شاری کەرکوک بەبێ جیاوازی ، بێگومان ئەوەش باش دەزانن لەسایەی سەری پێشمەرگەوەیە کە ئەوان بێخەم بەبیجامەوەلەماڵەوە دەخۆن ودەخەون.
بەڵام لایان ئاسایی نیە ئاڵای شەرەف وبەرگری لەخاکی عیراق وکوردستان بەتایبەتی وکەرکوک وکەرکوکیەکان لەسەر دامامودەزگا حکومیەکان هەڵکرێت.! هەر لەژێر ئەو ئاڵایەدابوو کە هەمان ئەوتورکمانەبوون کە ئێستا دژی ئاڵای کوردستان خۆپیشاندان دەکەن پێش چەند مانگێک هاتنە بەردەم پارێزگاری کەرکوک دەپاڕانەوەوداوایان دەکرد کە پێشمەرگە شارۆچکەی بەشیریان بۆ ئازادبکات.! هێشتا خوێنی شەهیدە پێشمەرگەکان بەتەواوەتی ووشک نەبۆتەوە هەرزوو لەبیریان کردو کەوتنە پیلان گێڕان.
لەئێستادا لەڕێ ئەودوو نوێنەرەی کە لەپەڕلەمانی عێراق هەیانە ولەگەڵ هەندێ عەرەبی شۆڤێنی وبە فیتی ئاغاکانیان خەریکی پیلان گێڕانن بۆ لابردنی ئاڵای کوردستان لەسەردامودەزگا حکومیەکانی شاری کەرکوک.
بەڵام . مەخابن ئەنجامی ململانێی بیر تەسکی حیزبایەتی لە شاری کەرکوک بەرەی تورکمانی لێکردووین بەشت.
لەلایەک پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتیەکی باشیان بوو بۆ جێگیر کردنی پێنچ کورسی کۆتای پەڕلەمانی لە پەڕلەمانی کوردستان، کەچی لە پەڕلەمانی عێراق تەنها دوو کورسیان وەک کۆتا بۆداندراوەو نقەشیان لێوەنایە.!!
بەهەمان شێوە یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان لە %33 دەسەڵاتی ئیداری لەو شارەدا پێدان.!!
ئەگەر بە پێوەری مافی دەنگ دان و (استحقاق الانتخابات) بێت بێگومان ئەو ڕێژە خەیاڵاویەیان بەرناکەوێت، یاسا هەڵە قەبوڵ ناکات، بەخشین و خێروسەدەقە لە جێبەجێکردنی یاسادا جێی نابێتەوە، هاتنەسەر سفرەی حازری زیاد لە مافی خۆیان ئەم کێشەیەی لێدەکەوێتەوە کە ئێستا بەرەی تورکمانی لێکردووین بە کەڵەگا.
کورد لەم سیاسەتەدا فەشەلیهێنا وای دەزانی بەرەی تورکمانی لایەنێکی سەربەخۆن، بەڵام بەهەڵەدا چوون، ئەوان تەنها جێبەجێکارن وئەجندای دەوڵەتی تورک پیادەدەکەن. ئەمە فەشەلی دبلۆماسیەتی کوردی دەردەخات کە نەتوانرا هیچ کام لەو پێکهاتانەی شاری کەرکوک بکەن بە دۆست و هاوپەیمانی کورد.
بۆیە دەبێت چاو بەو سیاسەتەدا بخشێنرێتەوەو بیر لە سیاسەتێکیتر بکرێتەوە کەگونجابێت لەگەڵ بارودۆخی پێکەوە ژیان لەوشارەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت