محەمەد هەریری: کورە وەڵڵا ئەو مامەڵەیەی کچان و ئافرەتان شورەییە شورەیی!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر مێژووی کۆمەڵایەتی کورد بخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پیاوانی پێشوو زۆر لە گەندە پیاوی ئەو سەردەمەی ‏خۆمان بەرزتر ‏و ڕاقیتر بوون لە مامەڵەکردنی ئافرەت. لە حزوری ئافرەت دا ئەوپەڕی ڕیز و ئەدەب و ئاکاری جوانیان ‏دەنواند، نەک وەک دڕندەیەکی ‏برسی بە چاوی ڕاوچی لە نێچیر بڕوانن!‏
چیرۆکی کەسانی وام گوێ لێ دەبێت سەرم سپی دەبێت! ئەخر چۆن دەکرێت تۆ نووسەرێکی زۆر زۆر بەناوبانگی کورد ‏بیت، دەیان ‏سیمنار وکۆڕ بگریت لەسەر مافی ئافرەت، هێندە خۆت ڕاوەشێنیت لەو بوارەی مافی ئافرەتان، کەس نەوێری ‏باسی ئافرەتان بکات لە ‏حزورتدا، کەچی کاتێ ئافرەتێک سەرسام دەبێت بە نووسینێکت، بە کتێبێکت، دەستخۆشیەکت لێ ‏دەکات، تۆی نووسەری گەورە وەک ‏هەر هەرزەکارێکی فەیسبوک ئەو ئافرەتە هەراسان بکەیت و داوای پەیوەندی و ژوان و ‏وێنەی لێ بکەیت تەنها بە زەبری هەڕەشە واز ‏بهێنیت لەو کچە؟!‏
بەخوای پەیمانم داوە بەو کەسەی کە ئەو باسەی بۆ باس کردووم کە ناوی نەهێنم، دەنا من ئەوە نیم پەردەپۆشی بۆ کەس ‏بکەم، هەتا باوک ‏و برای خۆشم با پەردەم لە ڕوویان هەڵدەدایەوە. ئێستاش داوام لەو کەسە کردوە ڕوخسەت لە کچەکە ‏بخوازێت، بەڵگەکانم بۆ بنێرن تا ‏ڕیسوای دنیا و قیامەتی بکەم، ئەو فێمنستە ساختەیە!‏ بەخوای پەیمان بێت ڕوخسەتی ‏کچەکەم بۆ بێت، لەگەڵ بەڵگەکان دەبێت بە دەردی مەلا لەتیفی سەلەفی ببەم‎! ‎
توخوا عەیب نییە کچ نەتوانێت بە ئازادی کۆمێنتێک بنووسێ؟! سەدان نامە و ئاد و قسەی قۆڕی بۆ بنێرن؟!‏
لەو ڕۆژانە ئافرەتێک ئەو کۆمێنتەی بۆ ناردم، کە زۆر هەستی شەرمەزاری لا دروست کردم وەک پیاو:‏
‏” سلاو ئەو دیدارەی تۆ و پەشێو زۆر دڵی خۆشکردم. ئێمە پەشێو نابینین بەلام تۆی بەرێز پێی بڵێ کە ئەم خەڵکە ئاساییەی ‏‏ئەو میللەتە تۆیان زۆر خۆشەویت تۆ لە دلی هەموو گەنجەکانی ئەم ولاتەی خۆزگە منیش لە نزیکەوە دەمبینی ئەو دیتنەی ‏‏ئێوە وا دەزانم من بینیومە دەستخۆشی بۆ تۆ ببورە بۆیە لە کۆمینت بۆت نانوسم هەر کۆمینتێک دەنوسم هەزار نامەو ئاددم ‏‏بۆ دێ. شتی ئیزعاج دەنوسن، بیزارم دەکەن هیوام سەرکەوتن و بەختەوەریتانە سوپاس بۆ تۆی ئازیز‎.‎‏
یەک لەو شتانەی کە لە مرۆڤی خۆرئاوایی پێم جوانە زۆر ئەوەیە هەندێ جار هەست دەکەیت کوڕ و پیاوەکانیان هێندە بە ‏‏ئاسایی مامەڵەی ئەو کچ و ژنە جوانانەیان دەکەن، دەڵێی تا ڕادەی خەسان خەساون! نە پێکەنینی درۆیانە، نە شڵەژان و ‏‏هاوسەنگی تێکچوون وەک پیاوی کورد، نە خۆ دەرهێنان و نمایشکاری، وەک برادەرێکی کوڕی ئاسایی مامەڵەی کچان ‏‏وئافرەتانیان دەکەن!‏
بەڵام کە کچەکە بە ڕەزامەندی خۆی چووە ناو پەیوەندی لەگەڵ پیاوێکی خۆرئاوایی، هێندە خۆشەویستی نیشانی یەک دەدەن ‏لەسەر جادە و بانەکانیش نایشارنەوە‎!‎
پیاوان و کوڕانی ئێمە وەک مەیمونی سێرکیان لێ دێ کە مێینەیەک دەبینن، نازانن چۆن سەرنجی ئافرەتەکە ڕاکێشن! ‏گەرووییان وشک دەبێت، قسەی ‏سووک و کۆمێنتی بێ ئەدەب و حەرەکەی دزێو لێیانەوە دەردەچێت! کورە هەتا دوکاندار و ‏شوفێری تاکسی کە مەفروزە ڕیز لە پیشەکەیان بگرن، ئافرەت ‏نەترسێنن بچێتە دوکانێکەوە یان دەست لە تاکسی ڕاگرن، ‏ئەوان لە خەڵکی سەر جادەی بەڕەڵاترن لە چاوحیزکردنەوە و دەربڕینی ئەلفازی بێ ڕەوشتانە! بێگومان هەموو پیاوێک و ‏هەموو شوفێرێکی ‏تاکسی وانین، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان وان.‏
ئەوە وەڵامی من بوو بۆ ئەو خوشکەی، کە تا درەنگ هەر نەشم زانیبوو کە ئافرەتە، چونکە ناوەکەی بۆ هەردوو ڕەگەز ‏‏بەکار دێت، بشمزانیبا هیچ جیاوازیەکی لای من دروست نەدەکرد، ئەو ئافرەتانەی کە لە لیستی هاوڕێیەتی مندان، دەزانن ‏‏کە مامەڵەی من بۆ ئەوان بێ بچوکترین جیاوازی نەبووە لە مامەڵەکردنیان وەک مرۆڤ، مەگەر ڕێزێکی زیاتر لە ئاستی ‏‏دوواندن نیشان درابێت، کە ئەوەش زەرورە کاتێ پیاو ئافرەتێک موخاتەبە دەکات.  ‎لە وەڵامدا نووسیم: ‏
‏زۆر سوپاستان دەکەم خوشکی بەڕێزم، هەرجەندە ئەو دیدارەم لەگەڵ پەشێو کۆنە فەیسبوک بیری هێنامەوە، بەڵام من ‏‏زوو زوو قسە لەگەڵ پەشێوی گەورە دەکەم. ئەو قسانەم پێی گووتوە، بەڵام پێشی دەڵێمەوە: بەداخەوە پیاوان و کوڕانی ‏‏وڵاتی من، هێشتا فێری ڕیزگرتنی ئافرەت نەبوون. من لە جیاتی ئەوان شەرمەزارم، بەس هێندەم پێ دەکرێت دژی ئەو ‏‏دیاردانە بنووسم. هەر لە شادیدا بیت”‏

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت