Hellbjardin-

هیوا ئەحمەد: ڕیفراندۆم لەژێر سایەی باری نائاسایی دیکتاتۆریەتدا!

بەپێی راگەیەندنی لیژنەی هەڵبژاردنەكانی توركیا لەپاش جیاكردنەوەی زیاتر لە %99ی دەنگەكان بۆ هەمواركردنەوەی دەستوری توركیا، دەنگی بەڵێ‌ لە %51,2‌و دەنگی نەخێر %48,66 بوە. هەروەها نزیكەی 24 ملیۆن‌و 300 هەزار كەس بە بەڵێ‌‌و نزیكەی 23 ملیۆن‌و 100 هەزار كەس بە نەخێر، دەنگیاندا. بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی و سەربازی و دەستێوەردانی دارودەستەکانی ئەردۆگان ئەم ئەنجامانە پێشبینیکراو بون و جێگای هیچ سەرسوڕمانییەک نییە!
ئەم دوو ڕێژەیە لە ئەنجامەکان زۆر لەیەکەوە نزیکن. ئەمە لەکاتێکدایە کەلە دوای کۆدتا شکستخواردوەکەی سوپا لە تەموزی ساڵی پاردا باری نائاسایی لە تورکیادا ڕاگەیانراوە و بەتاوانی لایەنگری لە بەڕێوەبەرانی کۆدتا سەدان هەزار کەس لەدامودەزگا حکومیەکاندا لە لایەن دەسەڵاتەکەی ئەردۆغانەوە دەرکراون و دەیان هەزار کەسیش لە نەیاران و هەڵسوڕاوە چەپ و ڕادیکاڵ و ئازادیخوازەکان خزێنراونەتە ناو زیندانەکانەوە، هەروەها بەشێکی زۆر لە شار وشارۆچکەکانی کوردستانی تورکیا لەژێر هێرشی فرۆکە وتانک و تۆپەکانی سوپاکەی ئەردۆغاندا کاولکراون و هەزاران کەس کوژراو وبریندار و ئاوارە و ماڵوێران بوون، ئەمە سەرەڕای دەسەڵات و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئاکەپە و سیخوڕو پیاوکوژەکانی ئەردۆغان لە هەموو کاروبارە ئیداری و حکومیەکانی کۆمەڵگەدا بە قازانجی دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان و بەم پێیەش دەستئاواڵایی تەواوی دارودەستەکەی ئەدۆغان لە ساختەکردن و گٶڕینی ڕێژەی دەنگەکانی ڕیفراندۆمدا. بەم حاڵەشەوە ئەردۆغان و ئاکەپە و شۆڤێنیستەکان بە جیاوازیەکی زۆر کەم بردویانەتەوە.
ئایا بەلەبەرچاوگرتنی ئەم هەلومەرجە نائاسایی و سەرکوتگەری و گرتن و تۆقاندنەی کە ئەردۆغان و حکومەتەکەی و دارودەستەکانی سەپاندویانە بەسەر کۆمەڵگە و خەڵکی تورکیادا دەکرێت ڕیفراندۆم و ئەنجامەکانی دەنگدانی خەڵک موسداقیەتی هەبێت و ڕاستیەکی تێدا بێت؟! بەدڵنیاییەوە وەڵامی ئەم پرسارە نەخێرە. ئەگەر ڕیفراندۆم لە کەشێکی ئاسایی و ئازاد و ئارام و بێ دەستێوەردانی دارودەستەکەی ئەردۆغان ئەنجام بدرایە بێشک دەنگی “نەخێر” زۆر زۆر زیاتر دەبوو هەروەک چۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکەمدا ئاکەپە لوتی شکا و ئەوەندە دەنگی نەهێنا کە بتوانێت بەتەنها حکومەت دروست بکات. سەڕای ئەوە هێشتا لەژێر سایەی ئەم هەلومەرجە سەربازی و سەرکوتگەری و دەستتێوەردانەدا دەنگی نەخێر %48,66 بوە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەنگیکی نەخێری گەورەیە و ئەوە نیشان دەدات کە ئەردۆغان بۆ جێگیرکردنی دیکتاتۆریەتەکەی و خەونی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕیگرێکی گەورەی لەبەردەمدایە، کە ئەویش ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخوازی تورکیایە.
هەرچەندە ئەردۆغان لە ساڵی 2014 وە کە بوە بە سەرۆک کۆمار وەک دیکتاتۆرێک ڕەفتار دەکات و سیاسەتە فاشیستی و ئیسلامیەکانی دەباتە پێشەوە بەلام هەنگاوهەڵگرتنی ئەردۆغان و ئاک پارتی و پارتە شۆڤێنیستە تورکەکان بەرەو جێگیرکردنی دیکتاتۆریەت و بە یاسایکردنی، بە پێچەوانەی زۆرێک لە بۆچۆن و لێکدانەوە ڕوکەشیەکانی میدیاکانەوە، لەبەهێزی و ئاسۆڕۆشنی ئەردۆگان و پارتەکەی و چینی دەسەڵاتداری بۆرژوازی تورکیاوە نییە و نابێتە هۆی بەهێزبونی زیاتری، بەڵکو ڕێک زیاتر و زیاتر دەکەونە بەرامبەر ڕیزی ناڕەزایەتی و ڕقی جەماوەری ئازادیخوازی تورکیا.
هەنگاوهەڵگرتن بەرەوجێگیرکردنی دیکتاتۆریەتی ئەردۆگانی و فاشیزمی ئیسلامی لەلایەن چینی دەسەڵاتدار و هەوڵدان بۆ یەکدەستکردنەوە و کۆکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی دیکتاتۆرێکدا نیشانەی بەهێزیان نییە، بەڵکو ئاکامی ئەو بنبەستە سیاسی و حکومەتی و ئابوری و کۆمەڵایەتییە کە دوچاری هاتون. داخرانی دەرگاکانی چونە ناو یەکێتی ئەوروپا و بنبەستی تەواویان لە پەیوەست بونیان بە سەرمایە و بازاڕی هاوبەشی ئەوروپی و لێرەشەوە بە سەرمایەی جیهانییەوە هەروەها گرژبون و ئاڵۆزبونی پەیوەندیەکانیان لە گەڵ ڕوسیا و سەرەگێژەیی لە هەڵبژاردنی کام بلۆکی سیاسی و ئابوری جیهانی، بنبەست و نەتوانینیان بۆ ئەنجامدانی سادەترین چاکسازی لە ژیان و گوزەرانی خەڵک و خزمەتگوزاریەکانی کۆمەڵگەدا و هەرچی زیاترخراپتربونی باری ژیان و گوزەرانی خەڵک و چونەسەری ئاستی بێکاری بەشێوەیەکی مەترسیدار، قوڵبونەوەی هەرچی زیاتری ناکۆکیە سیاسی و حکومیەکانی نێوان دەسەڵاتەکەی ئەدۆغان و سوپا و باڵەکانی تری ناو چینی دەسەڵاتدار لە دوای کۆدتای تەموزی ساڵی پار ونەبونی ئاسۆیەک بۆ دەرچون لێی، بە بنبەستگەیشتنی چارەسەری کێشەی کورد لە کوردستانی تورکیا و نائارامبون و ئاڵۆزبونی زیاتری ناوچەکە، ریسوابونی زیاتری ئەردۆغان و حکومەتەکەی و پارتەکەی لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەکە و ناوخۆ بەهۆی پشتیوانیان لە هێزێکی دڕندەی وەک داعش و هێزە ئیسلامیە تیرۆریستیەکانی تر لە ناوچەکە و سوریادا، ئەمەو دەیان کێشەی تر کە وەلامێکیان بۆیان نییە ئەو هۆکارە سەرەکیانەن کە دیکتاتۆریەت و تاکڕەوی لەدەسەڵاتدا بۆتە تاکە ڕێگەیەک کە چینی دەسەڵاتداری تورکیا دەیەویت لە ریگەیەوە دەسەڵاتی مافیاکان و سوڵتانەکان و سەرمایەدارانی تورکیا و حکومەتەکەیان دریژەپێبدەن و لە مەترسی شۆڕشی برسیەکان و جەماوەری ئازادیخواز و هەژارانی تورکیا بیپارێزن. بەڵام دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتی تاکڕەوی قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرچی زیاتر قوڵدەکاتەوە و ناتوانێت چینی دەسەڵاتدار لەم قەیرانە سیاسی و ئابوری و حکومەتیە قوڵە ڕزگار بکات و تەنها ڕێگەیەک کە بەدەستیوەیەتی سەرکوتکردنە کە ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی ململانێی هێزە سیاسیەکان و نارەزایەتی چینایەتی و جەماوەی خەڵک زۆر سنوردارە و دەستی ئاواڵا نیە، هەربۆیە ڕەوتی ڕوداوەکان و ململانێکان کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان زیاتر قوڵدەکنەوە بەمەش خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک زیاتر پەرەدەگرێت و ئەدۆغان و دیکتاتۆریەتەکەی و چینی دەسەڵاتداری تورکیا زیاتر دەکەونە بەر پەلاماری جەماوەری خەڵکی نارازی تورکیاوە.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies