ئومێد كەریم: روخانی سەركردە هەولێریەكانی ناو یەكێتی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەهەیكەلەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیداو لەسەر مەبدەئی ” دەسكە گوڵەكەی” مام جەلال، نوێنەرایەتی هەولێر لەتەك ناوچەكانی تری كوردستاندا بەرجەستە كراوە، لەكۆی 15 ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێنج ئەندامی هەولێری تیایە، ئێستاش دوای یەكگرتنەوەی حزبی ئاییندەو یەكێتی كاك قادر عەزیز هاتە ناو مەكتەبی سیاسی كە ئەویش نوێنەری هەولێرە. لێرەدا قسەمان لەسەر كاك قادر نیە، كرۆكی وتارەكەمان تایبەتە بەو پێنج ئەندامەی مەكتەبی سیاسی كە بەشێكیان پێشتر و بەشەكەی تریشیان لەكۆنگرەی سێیەمی یەكێتیدا هاتنە ناو مەكتەبی سیاسییەوەو شانزە ساڵە ئەو پۆستانەیان هەیە.
هەڵبەت نابێ ئەوەمان بیر بچی كە ماوەیەك ململانێیەكی توند هەبو لەنێوان باڵی هەولێریەكان بەسەرۆكایەتی كاك كۆسرەت و، دو باڵەكەی تری یەكێتی كە باڵی مام جەلال و كاك نەوشیروان بون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لەهەولێریەكان لەگەڵ باڵی مام جەلالدا بون و نەچونە ژێر هەژمونی كاك كۆسرەتەوە، وەكو عەدنان موفتی و ئەرسەلان بایزو ئازاد جوندیانی و بەم دواییانەش سەعدی پیرە، لێرەدا كاك كۆسرەت بەتەنها مایەوە تا نەخۆشكەوتنی مام جەلال ئەم حاڵەتە بەردەوام بو. دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال ئیدی جۆرێك لەبەرەڵڵایی و ونیبونی دیسپلینی حزبی باڵی بەسەر سەركردایەتی یەكتێدا كێشا، بەتایبەتیش لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی. ئەوانەی ساڵانێك لە گۆچانەكەی مام جەلال ئەترسان دەرگایان بۆ ئاوەڵاكرایەوە هەر كەسەو بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە هەوڵی بەستنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەرامبەرەكانیدا بدات، دوور لەهەر ئیلتزامێكی حزبی وئ ۆرگانی بەپێی بەرژەوەندییە تازەكانی دوای قۆناغی نەخۆشكەتنی مام جەلال هەڵوێست وەربگرێ ئەگەر چی ئەم هەڵوێستانەشی لەدژی خودی حزبەكەی خۆیشی بێت.
نمونەی هەرە دیاری ئەم هەڵویستانە لەبەشە هەولێریەكەی مەكتەبی سیاسیدا بەرجەستە بو، كاتێك هەر پێنج ئەندامە هەولێریەكانی مەكتەبی سیاسی كەوتنە داوی پارتییەوەو، بە بریارو ئیرادەی خۆیانەوە كەوتنە خزمەتی ئەجینداكانی پارتی لەگشت بوارەكاندا.
ئەو هەولێرەی لەدوای خیانەتەكەی 31 ئابدا بەزەبری دەبابەو سوپای حەرەس جەمهوری بەعس لەدەست یەكێتی دەرهێنرا، زۆری نەبرد بە هەڵمەتی گەردەلولی تۆڵەدا بەسەركردایەتی و قارەمانی كاك كۆسرەتەوە یەكێتی زۆر نزیك ببوەوە لەئازادكردنەوەی لەدەست پارتی، بەڵام لەنزیك دیگەڵەوە هێزەكەی یەكێتی بە هەڕەشەی سەدام و توركیا ستۆپی پێكراو هێلی دێگەڵە بو بە سنوری وەهمی لەنێوان یەكێتیو پارتیدا.
ئەو ناوچانەی هەولێر كە بەخوێنی سەدان پێشمەرگەی یەكێتی لەهەڵمەتی گەردەلولدا ئازادكران، ئێستا لەسەر سێنیەكی زێرین تەسلیمی دەستی پارتی ئەكرێتەوە، تەنانەت خەریكە زۆنی سەوزیش وردە وردە بچوك ئەكرێتەوەو چارەنوسی بەشێكی زۆری لەلایەن سەركردە هەولێریەكانەوە تەسلیمی دەستی پارتی ئەكرێ.
سەیری دانیشتنی كۆبونەوە دوقۆڵییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بكەن، ئەبینن زۆرینەی وەفدی یەكێتی هەولێریەكانن، بۆیە لەو كۆبونەوانەدا زۆر بەرونی بێ ئیرادەیی یەكێتی و زوعفی وەفدەكانی بەدەر كەوتون، تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی بۆ زەلیلكردنی یەكێتی خودی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی بەشێك لەو كۆبونەوە هاوبەشانە بكات و وەفدەكەی یەكێتیش بەوە رازییە. لەسەرجەم ئەو كۆبونەوانەشدا وەفدەكەی یەكێتی زیاتر گوێگر بوە لەتەوجیهاتی پارتی، نەیتوانیوە ببێتە بریاردەرێك لەسەر مەسەلە چارەنوسسازەكانەوە، تەنانەت لەسەر دارشتنی بەلاغە كۆتاییەكانی ئەم كۆبونەوانەش كە لەلایەن پارتیەوە دەرئەكرێن وەفدەكەی یەكێتی ئیمزایان ئەخەنە سەر.
پاراستنی پارتی وەكو پییشەی موخابەراتەكەی رژێمی بەعس زۆرجار هانای بردۆتە بەر بەرتیل و پارەو، هەندێ جاریش بەكارهێنانی ئافرەت لەكاری سێكسیداو وێنەگرتنی نەیارەكانی بۆ روشاندنی ئەخلاقی، دوور نیە هەمان سیناریۆیش لەگەڵ بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتیدا دوبارە كرابێتەوە، چونكە ئێستا باس لەگرتەی ڤیدیۆیی بەشێك لەو سەركردانە ئەكرێ، نازانم تا چەند ئەمەیان راستە، بەڵام لەلایەكی تریشەوە دوور نیە ئەو سەركردانەی هەولێر لەزمەیەكی وایان بەدەستەوە دابێت، یان هەر نەبێ پارتی بەپرۆژەو پارە دەمیانی شیرین كردبێت تا بەمشێوەیە داكۆكی لەسیاسەتەكانی پارتی بكەن.
لەمڕۆژانەدا ئەرسەلان بایزی هەولێری لەلێدوانیكدا باسی لەوەكردوە گوایە خەڵكی سلێمانی دەریان كردوە، بۆیە ئەو داكۆكی لەپەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتی ئەكات و نایەوێ بەینیان تێك بچێ چونكە ئەو نایەوێ ئاوارەی سلێمانی بێتەوە، لەكاتێكدا لەسەردەمی شاخدا هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانەمان روویان لەشاخ ئەكردو لەتەك یەكێتی ژیانی كولەمەرگییەیان بەرێئەكردو دوور لەشارو كەسوكاریان درێژەیان بەخەباتی یەكێتی ئەدا، كەچی ئێستا كاك ئەرسەلان نایەوێ لەهوتێلە پێنج ئەستێرەكانی هەولێر دوور بكەوێتەوە، ئەگەر چی ئێستاش ماڵەكەی لەگەڕەكی ئاشتی سلێمانی هەر بەبەتاڵی ماوەتەوە؟.
ئەوەی لەسلێمانیدا ژیابێت، ئەو راستییەی بۆ دەرئەكەوێ كە خەڵكی سلێمانی هیچكات بەهەولێریەكانی یەكێتی و هەر حزبێكیتر قەڵس و نیگەران و نەبون، مەگەر ئەو خەڵكانەی كەخۆیان ئەسڵەن سوكو سەلیم و رەفتار ناشرینن، ئەگینا ئێستاش بەسەدان خێزانی هەولێری لەوەتەی خیانەتەكەی 31 ئابەوە هەر لەسلێمانی ماون و ژیانی ئاسایی ئەبەنە سەر. سلێمانیش لەوەتەی هەیە پەناگەی خەڵكی ئازادیخواز بوە، هەمیشە لەبەرامبەر خەڵكی خۆفرۆش و دیكتاتۆریش خاوەن هەڵوێست بوە.
كێشەی یەكیتی سەركردایەتیەكەیەتی، لەسەركردایەتیش كێشەكەی مەكتەبی سیاسییە، لەناو مەكتەبی سیاسیشدا كێشەكەی باڵی پارتییە، بەداخەوە زۆرینەی ئەو باڵەش سەركردە هەولێریەكانن كە بە هەر بیانویەك بێت ئەیانەوێ بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆیان بپارێزنو لەزمەكانیان بەدەست پارتییەوە ئاشكرا نەبێ، بۆیە سەری زمان و بنی زمانیان تێكنەچونی وەزعی كوردستان و هەولێرە، ئەمەش ئیدعایەكی چەواشەكارانەیە، چونكە لەراستیدا نایانەوێ وەزعی خۆیان تێك بچێت نەوەك وەزعی یەكێتی و میللەتەكەمان.
با چاوەڕوان بین، بزانین لەكۆتا گێمەكەدا كێ ئەیباتەوە، خەڵكی چەواشەكارو دزو درۆزن، یاخود ئەو خەڵكانەی تا دوا هەناسەیان داكۆكی لەرێبازەكەی مامی گەورە ئەكەن و لەبەرەی میللەتەكەیاندا ئەمێننەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت