111.2899 Barzani 7

شێرزاد شێخانی: ئیرهابی دەسەڵات لەهەولێردا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای روداوەكەی دكتۆر فەرهاد پیرباڵدا، لەیەكێك لەریپۆرتاژەكانیدا سایتێكی كوردیدا چەند دیدارێكی سازكردوە لەگەڵ بەشێك لەگەنجەكانی هەولێر لەسەر بێدەنگیان سەبارەت بە هێرشەكەی سەر فەرهاد. لەوەڵامدا سەرجەم ئەو گەنجانەی بەشدارییان كردوە باسیان لەوەكرد كە نەوێراون لەڕووداوەكە نزیكببنەوە چونكە یەكێك لەهێرشبەرەكان هەڕەشەی كوشتنی لێكردون. بەشێكیشیان باسیان لەوەكردوە كەوا نەیانویستووە خۆیان توشی كێشە بكەن لەگەڵ دەسەڵاتی هەولێردا، چونكە ترساون راپێچی ئاسایش و پاراستن بكرێن و دواتر شوێنبزر بكرێن.
هەڵبەت لەڕووداوی وەهادا مرۆڤ خۆی بۆ ڕاناگیرێ، كاتێك ئەبینێ بەزوڵم خەڵكانێك دووچاری هێرشی ناڕەوا ئەبنەوە، بەسروشت مرۆڤ لەم كاتانەدا بێدەنگ نابێ لانیكەم هەڵوێستێكی ئەبێ،ئ ەگەر ناوبژیوانیش بێ. تۆ بڵێی گەنجانی هەولێر ئەوەندە بێ غییرەت بن لەكارێكی ئاوادا بێدەنگی بنوێنن؟. لەگەڵ ئەوەی گلەییەكی زۆرم لەو گەنجانەی شارەكەم هەیە كە بێهەڵوێستبون و دەنگیان لێوە نەهات، بەڵام لەلایەكی تریشەوە مرۆڤ نابێ ئەوەشی لەبیر بچێ كە دیكتاتۆریەت بە مەنتیقی هێزو داپڵۆسینەوە مامەڵە لەگەڵ میللەتەكەیدا ئەكات. خودی دەسەڵاتی دیكتاتۆریش بەرهەمهێنەری كۆمەڵێك پیاوكوژو سەرسەری و شەلاتی و شەقوەشێنە كە دەست لەهیچ شتێك ناپارێزن تەنانەت كوشتنی خەڵكەكەی خۆشیان، بەمەش جۆرێك لەترس و تۆقین ئەخەنە نێو دڵ و دەرونی خەڵكەوە كە وردە وردە بێ غییرەتیان ئەكات و لەپیاوەتیان ئەخات. ئیرهاب و ستەمی سەدامی دیكتاتۆر گەیشتبوە ئاستێك تەنانەت خەڵكە جوتیارەكانی ناوچە شاخاوییەكان و زەلكاوەكانی باشوریی عیراقیش لەناو ماڵەكانی خۆیان نەدەوێران باسی دیكتاتۆرییەتی سەدام بكەن، لەبۆنەو ئاهەنگەكاندا هوتافی بالروح بالدم یان ئەهۆنیەوە. تارمایی سەدام بەسەر گشت ماڵێكدا خۆی مەڵاس دابو، بۆیە توانی بەو دەسەڵاتەوە زیاتر لە35 ساڵ حوكمی ئاگرو ئاسن بەسەر میللەتەكەیدا بسەپێنێ و بگاتە ئاستی تاوانی جینوسایدیش..
هەڵبەت پارتی كە ئێستا میللەتەكەی خۆی ترساندوەو بە هێزی میلیشیاو ئاسایش و پاراستنەكەی حوكمی هەرێم بەڕێوە ئەبا، گومان لەوەدا نیە ئەگەر چەكی كیمیاویشی هەبوایە درێغی لەبەركارهێنانی نەئەكرد دژ بەنەیارەكانی، ئەوە نیە بەچەكی ئەڵمانی هێرش ئەكاتە سەر ئێزیدیەكان و سەر فەرهاد پیرباڵیش.
ئەو قسانەی گەنجەكانی هەولێر ئەو راستیەمان بۆ دوپات ئەكەنەوە كە هەولێر ئێستا لەژێر ئیرهابی دەوڵەتدایە. دەسەڵاتی پارتی لەهەولێر لەرێڕەوی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی لایداوەو بوەتە حزبێكی فاشستی نوێی ئەم سەردەمە.
هەمو نیشانەكانی دیكتاتۆریەت و فاشیزمی لەو حزبەی پارتیدا دەركەوتوە، ماوەتەوە سەر ئەوەی خەباتی میللەت چۆن رێگری لەو دیكتاتۆریەتە بكات و بەچ شێوازێك ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە ببێتەوە لەسەر ئایندەی میللەتەكەمانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت