ئەرکان محه‌مه‌د: نەوشیروان مستەفا دێتەوە یان نا؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای سەفەرکردنی کاک نەوشیروان ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەساڵی ڕابردودا بۆ وڵاتی بەریتانیا. لەو کاتەوە چەندین جار هەواڵی ناڕاست و بێ سەرچاوە بڵاودەکرێتەوە لەسەر گەڕانەوەی و، لەم چوارچێوەشدا چەندین جار ڕۆژ و بەروار دیاریکراوە، کەگوایە دێتەوە. بەڵام تا ئەم چرکەساتەش کاتی گەڕانەوەی ئاشکرا نیە. لێرەدا ئاماژە بەچەند خاڵێک دەدەم، کە ئایا کاک نەوشیروان نایەتەوە یان ویستی خۆی وایە، کە سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان بخاتە ژێر تاقیکردنەوەو، تاچەند دەتوانن لەغیابی خۆی بڕیار بدەن؟.

1- لەماوەی ڕابردودا، زیاتر لەجارێک گوێبیستی ئەوەبوین، کەهەندێک لەسەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنەیان لەچۆنێتی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان هەبوو. هەندێکیشیان بۆماوەیەک لەماڵەوە دانیشتون، کە ئەو کات پێیان وابووە کاک نەوشیروان تاکڕەوانە بڕیار دەدات و پرس بەئەوان ناکات.
کاک نەوشیروان لەدوای سەفەرکردنی هەموو دەسەڵاتەکانی خۆی بەخشی بەچەند کەسایەتیەکی ناو بزوتنەوەکە تاپێیان بڵێت: ئێستا من بڕیارنادەم! فەرمون خۆتان گۆڕان ببەن بەڕێوە. بزانین گۆڕان چۆن ئاڕاستەدەکەن؟ لەماوەی ڕابردووش بینیمان، لەغیابی کاک نەوشیروان گۆڕان نەیتوانی بڕیاریی یەکلاکەرەوە بدات، بەتایبەت پاش ئەو دەنگە ناڕازییانەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بەرزکرایەوە بۆکشانەوە لەحکومەت، بەڵام دوای چەندین جار کۆبونەوەی درێژخایەن، نەیانتوانی بڕیاربدەن. ئەمەش پێمان دەڵێت: ئەستەمە گۆڕان بتوانێت لەغیابی کاک نەوشیروان بڕیاربدات.
2- جۆرێک لەبێئومێدی دیاردەکەوێت لەکاک نەوشیروان لەهەندێک لەکورسی پەرست و مۆنۆپۆل خوازەکانی دەوروبەریی، کاتێک کە زۆرێک لەوانە هەڵپەی گەیشتنیان بەدەسەڵات و پێچەوانەی بیرکردنەوەی کاک نەوشیروان بون، کە دەیویست گۆڕان بۆ چوارساڵی تریش لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن دا بێت. بەڵام هەندێک لەدەورووبەرەکانی تەنیاخەمیان لای وەرگرتنی کورسی بوو. ئەوەش ئەنجامی حکومەت، کە لە ئێستاچوار وەزیری گۆڕان نێراونەتە ماڵەوە و، حکومەتیش لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا، تەنیادووجار کۆبوەتەوە!
3- کاک نەوشیروان بەم سەفەرەی ویستی گۆڕان بەشێوەیەک هەڵسەنگێنێت، کەئایا لەغیابی ئەو کەس هەلەکە دەقۆزێتەوە و هەوڵی بەپاشکۆکردن یان بچوکردنەوە یان دابەشکردنی گۆڕان دەدات؟ بەڵام تائێستا ڕەخنە هەیە لەکاری هەندێک لەسیاسیەکانی ناو گۆڕان، کە ناتوانن قسەیەکی ڕوون و ئاشکرایان هەبێت بۆدەسەڵات.
4- کاک نەوشیروان تاڕادەیەک بێئومێدە لەجێبەجێکردنی ڕێکەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکتێتی نیشتیمانی کوردستان. گۆڕان لەئێستادا گلەیی ئەوەدەکات، کەتا ئێستا یەکێتی ئامادە نیە پابەندبێت بە جێبەجێکردنی بەندەکانی ناو ڕێکەوتنەکە.
ئەوەی لێرەداسەیرە، لێرولەوێ زۆرجار، گوێبیستی ئەو پڕوپاگەندانە دەبینەوە، کەگوایە ئەمڕۆ یان سبەی یان سەریی مانگ، یان مانگی داهاتوو کاک نەوشیروان دێتەوە. کە ئەمەش پێمان دەڵێت: ئەو کەسانەی هەڵدەستن بەدروستکردنی ئەم پڕوپاگەندانە، دەیانەوێت واپیشانی بدەن، کەنزیکن لەکاک نەوشیروان. بەڵام واقیع پێمان دەڵێت: کەسیان ئاگاداری دۆخی تەندروستی ڕێکخەرەکەیان نین و، هێندەی مەشغوڵی ژیانی خۆیانن، هێندە گرنگی بەو بابەتە نادەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت