Salar-Basire

دوکتۆر سالار باسیرە: سیستەمی سەرۆکایەتی تورکیاو ئایندەی بەرەو کوێ.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیستەمی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک وانەیەک
ئەو دیموکراسیەتەی سیستەمی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکان ئەمریکا پیادەی دەکات و لە ولاتانی دیکە دوبارەکراوەتەوە جگە لە دۆزەخی سیاسی شتێکی دیکەی بەرهەم نەهێناوە. باشترین نمونەش ئەزمونی ولاتانی ئەمریکای لاتین و ئەزمونی سەرۆکایەتیەکانی ولاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستە کە لە ئێستادا یەک بەدوای یەکدا هەرەس دەهێنن.
لە ویلایەتە یکگرتوەکانی ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر دامەزراوەی یاسایی هەیە کە دەبنە قەلغانێکی یاسایی لەبەردەم هەژمونی دەسەلاتخوازی سەرۆکدا. کۆنگرێس کە گوزارشت لە دامەزراوەی پەڕلەمان دەکات و لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران پێکهاتوە، دوو دامەزراوەی بەهێزو سەربەخۆن. دوو ئیسگەی سەرەکین لەبەردەم دەسەلاتەکانی سەرۆکدا. ئەمە جگە لە دادگای بالاو دادگای دەستوری، هەروەک میدیاش یەکێکی دیکە لە دامەزراوەکانی ڕاگرتنی دەسەلات لە سیستەمی سەرۆکایەتی ئەمریکادا. سەرباری ئەوانەش کۆمەلگەی مەدەنی و گروپەکانی فشارو جولانەوەی شەقام یەکێکی دیکەن لەو ڕوبەرانەی بالانسی دەسەلاتیان ڕاگرتوە لە سیستەمی سەرۆکایەتی ئەمریکادا. لێرەدا مۆدێلی سەرۆکایەتی ئەمریکی زادەی کۆمەڵگەو مێژووی سیاسی ئەمریکایەو دوبارەکردنەوەی لە کۆمەلگە تازە گەشەسەندوەکاندا موجازەفەیەکی گەورەیە بە ژیانی سیاسی کۆمەلگەوە.
ئەزمونی دیموکراسی سیستەمی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا بەپلەی یەکەم پەیوەستە بە مەسەلەی فیدرالیەت و ئەو دەستورەوە کە زیاتر لە 200 سالە بونیادی حوکمرانی ئەمریکای ڕاگرتوە. لاسایی کردنەوەی ئاکەپەی تورکیا بۆ سیستەمێکی سەرۆکایەتی وەک ئەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک ئەو مریشکە وایە کە دەیەوێت لاسایی قاز بکاتەوە.
سیستەمی سەرۆکایەتی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا یان فەرەنسا بۆیە تەندروستە چونکە ئەو دەولەتانە دەولەتی قانونین و پەڕلەمان تێیاندا خاوەن دەسەلاتەو خاوەن دادوەریەکی سەربەخۆی بەهێزن کە دەتوانن لێپرسینەوە لە سەرۆک و وەزیرەکانی حکومەت بکەن. ئەم دەولەتانە دەولەتی کۆمەلگای مەدەنین و هەروەها خاوەن میدیای بەهێزو تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆن کە توانای دروستکردنی کاریگەرییان هەیە بەسەر حکومەت و دەسەلاتی سیاسی. کەلتوری دیموکراسی مێژووی هەیەو ڕای گشتی بوونی هەیە. هەموو ئەمانە لە تورکیای ئاکەپەدا نامۆیە.

تورکیا لە سیستەمی پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی
ئەردۆگان بە هەموو تواناو هێزەوە کاری بۆ گۆرینی سیستەمی پەڕلەمانی کردوە بۆ سیستەمێکی سەرۆکایەتی. ئەوە یەکەم گۆڕانکاریە لە سیستەمی سیاسی تورکیا لە دامەزراندنەیەوە لە سالی 1923 لە سیستەمێکی پەڕلەمانیەوە بەو هەموو کەموکوڕیەوەی بۆ سیستەمێکی سەرۆکایەتی.

دەزانرێ دەنگ بە کێ دراوە بەلام نازانرێت بە چی دراوە
زۆربەی هەلبژێردەرانی ئەم سیستەمە دەزانن دەنگیان بەکێ داوە، بەلام نازانن دەنگیان بەچی داوەو گومان دەکەم لە بابەتی دەستوور وەک خۆی تێگەیشتبن کە لێرەدا ئەردۆگان بەتەنیا بەرگی دەستورو حکومەت و حیزب و ئایدیۆلۆژیاش لەبەر دەکات و لە کەسێکدا کۆی دەکاتەوە. پاشکەوتوەکانی ئەردۆگان وا تێگەیەندراوون کە تورکیا لەم کاتی تیرۆرو قەیرانانەدا کە زۆریەیان دەرئەنجامی سیاسەتە هەلەکانی دەسەلاتدارانی تورک خۆیانن ، پێویستی بە سەرۆکێکی کاریزمایی بەهێز هەیە بۆ ڕاگرتنی سەقامگیری و ئارامی ئەگەر لەسەر حیسابی دیموکراسیەتیش بێت.
زۆرێک لە تورکەکان باس لەو باری ئابوری و خزمەتگوزاریانە دەکەن کە لە سەردەمی ئەردۆگان کراوون (بێگومان ناوچە کوردیەکان ناگرێتەوە) بەلام بیرکردنەوەو هوشیاری سیاسییان کورتی هێناوە لەوەدا کە ئازادی و مافی مرۆڤ و ئازادی فکرو کەرامەتی تاک وەک هەوا وایە بۆ ژیان. نان و ئازادی دوو شتی پێکەوە گرێدراوون. زۆرێک لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان لە سەردەمی دەسەلاتدا زۆرێک شتیان بۆ ولاتەکانیان کردوە بەلام هاوکات ڕژێمی ناسیۆنالیست و فاشی و تۆتالیتێرو شۆڤێنی بوون و گەلەکەیان دواتر بەرەو قەیرانی گەورە بردوە.
سیستەمی سەرۆکایەتی لەو ولات و کۆمەلگایانەی خاوەن کەلتوری سیاسی و کۆمەلایەتی هەژارن دواجار بە دیکتاتۆریەت کۆتایی هاتوە. تیرۆر لە سەردەمی ئاکەپەدا لە بەرزبونەوەدایەو ئابوریەکەشی بەرەو سەرەولێژی دەڕوات و شوێنێک بۆ دیموکراسیەتیش نەماوەتەوەو وەبەرهێنەران سەرمایەکانیان دەکێشنەوە چونکە باری سیاسییش جێگیر نیە. دەکرێت بوترێت دەولەتی تورکیا بۆتە دەولەتێکی پۆلیسی.

هەموار کردنی هەژدە یاساکە
ئەو پاکێجەی کە 18 یاسای پێشنیاز کراوی لە خۆ گرتوە کە دەکاتە زیاتر لە 70 خال بۆ گۆڕانکاری لە دەستوری تورکیاو لەوانە 50 ی دەگۆڕدرێت و 21 شی لادەبرێت. زۆرترین گۆڕانەکانیش لە سالی 2019 دەبنە یاسا. هەموار کردنەوەکانیش بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی بریتین لە دەسەلاتەکانی سەرۆک کۆمارو دەسەلاتی یاسادانان و هەروەها دەسەلاتی بالای دادوەری و دادگای دەستوری.

سیستەمە سەرۆکایەتیەکەی ئاکەپە
ئەوەی پەیوەندی بە سیستەمی یان ڕژێمی سەرۆکایەتی هەیە لە تورکیا لە ژێر سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان هیچی تر نیە بەم ڕێگایەوە لە گەیشتنی ئەردۆگان بە دەسەلاتێکی موتلەقی دیکتاتۆری و تۆتالیتێری تاک. رێفەڕەندۆمیش بەو هەموو ساختەکاریەوە بە ڕێژەی 51% ناتوانێت سەرکەوتن مسۆگەر بکات چونکە نەک هەر یەکریزی نیشتیمانی لاواز دەکات، بەلکو بارودۆخی دوای ڕێفەڕەندۆمەکەش سەخت دەکات.
بەپێی ئەم دەستورە سەرۆکایەتیە ئەردۆگان دەبێتە بالاترین دەسەلات لە ولاتدا. بە پێچەوانەی سیستەمی سەرۆکایەتی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا یان نیمچە سەرۆکایەتی لە فەرەنسا، ئەردۆگان لە ڕاستیدا خاوەن هەموو دەسەلاتەکانەو چارەنوسی گەلانی تورکیا دەکەوێتە دەست بریاری تاکە سەرۆکێک بەبیانووی ئەوەی دەسەلاتی لەلایەن گەلەوە پێدراوە بۆیە هیچ دەسەلاتێک ناتوانێت لێپێچینەوەی لەگەلدا بکات و هیچ دەزگایەکیش ناتوانێت لای بەرێت. ئەردۆگانی ئاکەپەو بیرکەرەوە هاوشێوەکەی لە تورکیا هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی و ئاسایش و ئارامی کۆمەلایەتی. لەبەر ڕۆشنایی ڕاستیە ئاماژە پێکراوەکان ئەو دەسەلاتانەی ئەردۆگان بەخۆی داوە دەیەوێت ببێتە فیرعەونێکی نوێ، ئایدیۆلۆژیاو ڕەفتاری دیکتاتۆرێک ڕوبەڕووی جۆرێک لە قەیرانی کەسایەتی بوبێتەوە.
سەرۆک دەبێتە فەرماندەی یەکەمی گشتی هێزە چەکدارەکانی ولات لە کاتێکدا متمانەی بە سوپاش نەماوە. بوونی ئەردۆگان بە فەرماندەی سوپا دەبێتە هۆی بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکانی لە ململانێ سیاسیەکانداو سەرکووت کردنی نەیارەکانی. ئەردۆگان هەروەها سەرۆکی دەسەلاتی دامەزراندن و دیاریکردنی سەرکردەکانی سوپاو دەزگای هەوالگری لەدەست خۆیدا دەبێت. خۆی لە خۆیدا واتای ئیفلیجکردنی یەکجاری و کەمکردنەوەی دەسەلاتی دامەزراوەیی ئەمنی و سوپا دەگەیەنێت لە دەسەلاتی سیاسی و ئەمنی تورکیادا. ئەم دەستورە نوێیەی سیستەمی سەرۆکایەتی هەلوەشاندنەوەی پەرلِەمان دەبەخشێتە سەرۆک، ئەمەش خالێکی دیکەیە بۆ زیاتر گوێرایەل بوون و قۆلبەست کردنی پەڕلەمان لەبەردەم سەرۆکدا.
ئەردۆگان دەبێتە سەرۆکی حکومەت و لێرەدا سەرۆکی حکومەت وەک ئەوەی لە سیستەمی پەڕلەمانیدا هەیە بە کردار بوونی نامینێت و ئەردۆگان خۆی دەبێتە ئەنجامدەری کۆبونەوەی وەزیران و خۆی وەزیرو نوێنەرە تایبەتیەکانی خۆی، بەواتا ئەندامانی کابینەکەی هەلدەبژێرێت و ئەوانەش دادەنێت کە جیهانبینی ئەوون و سەر بە بازنەکەی خۆی بن. سەرۆک دەتوانێت بە ڕێگای دەرکردنی بڕیار وەزارەت دابنێت و هەڵی بوەشێنێتەوە یان گۆڕانی بەسەردا بکات. لە یاسا گۆڕاوەکانی تر دەرکردنی بڕیاری لە سێدارەدان دەبێت گەر بۆی بچێتە سەر، بەلام سێدارەدان بۆ کێ دەبێت؟ لەم دەولەتەدا لە مادەی دووی دەستورەکەیدا هاتوە: تورکیا دەولەتێکی دیموکراتی، عەلمانی و قانونی و سۆشیەلە کە بەختەوەری کۆمەلگەو.. عەدالەت و مافی مرۆڤ.. و بە ناسیۆنالیزمەکەی ئەتاتورکەوە بەندە.
سەرۆک بە بریاری یاسای سەرۆکایەتی حوکم دەکات و کاریگەریی تەواویشی هەیە بەسەر دەسەلاتی دادوەریەوە. بەسەر وەزیرەکان و بەرپرسە بالاکانی دەولەت و خۆی هەلیان دەبژێرێت و بۆ ئەوەش ئەردۆگان پێویستی بە بڕیارو پشتگیریی پەڕلەمان نیەو پەڕلەمانیشی لە دەستدا دەبێت چونکە سەرۆکی حیزبی ئاکەپەشە وەک گەورەترین حیزبی ناو پەڕلەمان کە زوو یان درەنگ بە ئامرازی جۆراوجۆر هەولی جێگا پێ لەق کردنی ئەوانی تری ناو پەڕلەمان دەدات و بۆی هەیە وەک سەرۆک حەلیشی بکات کە لە تورکیا بە پێچەوانەی سیستەمە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکا تەنیا لە یەک کابینە پێک هاتوە. بەوە دەولەت دەبێتە دەولەتێکی تاک حیزبییش.
هەرچەندە پەڕلەمان دەتوانێت ئەو بڕیارانەی سەرۆک بە یاساکان ڕەد بکاتەوەو لە دژی بریارەکان ڕوو بکرێتە دادگای بالا بەلام لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی کە ئەردۆگان بە هەزاران دادوەرو داواکاری گشتی و بەرپرسە دادوەریە بالاکانی لە شوێنی کارەکانی خۆیان دەرکردوەو دوور خستۆتەوەو بە کەسانی حیزبیی و وەلاو وەفا بۆ سەرۆک پڕی کردونەتەوە لێرەدا هیچ واتایەک بۆ دەسەلاتی دادوەری و پەڕلەمانیش نامێنێتەوە هەروەک مجلس وەتەنیەکەی سەردەمی سەدام حسێنی لێدێت. بۆ بەدەستهێنانی زۆرایەتی لە پەڕلەمان سیستەمە سەرۆکایەتیەکەی ئەردۆگان ژمارەی پەڕلەمانتاران لە 550 وە دەکاتە 600 کە بە کەسانی سەر بە خۆی پریان دەکاتەوە، ئەوە لەکاتێکدا ژمارەی پەڕلەمانتارانی ئاکەپە بریتیە لە 316 کورسی.
حکومەتی مەرکەزیی لەژێر سێبەری سەرۆکدایەو سەرۆک خۆی شارەوانیەکانی 81 پارێزگاکانی تورکیا دادەنێت و پێویستیشی بە ڕەزامەندی هیچ دەزگایەکی تری دەولەت نابێت. جگە لەوانە سەرۆک ڕەشنوسی بودجەش دەخاتە بەردەم پەڕلەمان.

دادوەری لە تورکیای ئاکەپەدا
ئەوەی پەیوەندی بە دادوەریەوە هەیە ئەردۆگان کاریگەریی تەواوی بەسەریەوە دروست دەکات. ئەو بۆی دەبێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ شەش لەو سیازدە ئەندامانەی ئەنجومەنی دادوەرەکان و داواکاری گشتی دەست نیشان بکات کە بەرپرس دەبن لە دانان و لابردنی دادوەرو داواکاری گشتی. حەوت ئەندامەکەی تر پەڕلەمان بڕیاری لەسەر دەدات، ئەو ئۆرگانەی کە سەرۆک وەک سەرۆکی حیزبیش کە لێرەدا ئاکەپەیە کاریگەریی تەواوی لەسەری دەبێت. سەرۆک جگە لەوە دەتوانێت دوازدە لە پازدە دادوەرەکانی دەستور دەست نیشان بکات کە ماوەکەی بۆ دوازدە سال دەبێت.

چارەنوسی 80 ملیۆن لە یەک دەستدا
تەنانەت کەمال کلیچدار ئۆغلۆ کە سەرۆکی دووەم گەورە پارتی تورکیایە (جەهەپە) لە بارەی ڕێفەڕاندۆمەوە دەلێ: بە بەلێ دەنگ نەدەن چونکە لە ئەگەری پشتیوانی کردنیان دەسەلاتێکی ڕەهاو بێ سنور دەدەنە تاکە کەسێک کە توانای هەموو شتێکی دەبێت و دەلێت: بەپێی هەمواری 18 ماددەی دەستوری تورکیا لێپرسینەوەو لێپێچینەوە لەگەل سەرۆک و جێگران و وەزیرانیش ناکرێت. ولاتێک نەتوانێت لێپرسینەوە لە دەسەلاتدارانی بکات دوچاری قەیرانی قوول دەبێتەوە. ئەم پاکێجە هەموار کراوە جگە لە پشێوی هیچ شتێکی دیکە بەدی ناهێنێت و ناکرێت چارەنوسی 80 ملیۆن کەس بخرێتە ژێر دەستی تاکە کەسێک.
لەبەر ئەوەی تورکیا دەولەتێکی فیدرالی نیەو پەڕلەمان لە دوو دەزگا پێک نەهاتوەو حکومەت لەناو پەڕلەماندا دروست نابێت و پەڕلەمان مافی قسە کردنی نیە تێیدا. ئەو پەڕلەمانەی بە زۆرینەی دەنگ رێگای بۆ ئەردۆگان کردەوە بۆ بوون بە سەرۆک و بەوەش دەنگی بۆ لاواز کردنی خودی پەڕلەمان خۆی دا.
هەلبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار و پەڕلەمانی تورکیا لە یەک ڕۆژو بەرواردا بەرێوە دەچن. بێگومان ئەوەش رێگا خۆشکەرە کە سەرۆکی یەک پارتی سیاسی لە یەک کاتدا پۆستی سەرۆک کۆمارو زۆرینەی کورسیەکانی پەڕلەمانی تورکیاش مسۆگەر بکات. لێرەشەوە پەڕلەمان دەبێتە سێبەرو گوێڕایەڵی فەرمانەکانی سەرۆک. بەلام بە پێی ڕێژەی سەدیی دەنگەکانی نەخێر ئەو ڕاستیە دەبینرێت تورکیا بووە بە دوو بەشی دژ بە یەکترو دوور نیە ئەم سیستەمە لە ئایندەدا ببێتە تەلەیەک بۆ خودی ڕژێمەکەی ئەردۆگان خۆی. بە دوریشی نازانم کە ئەردۆگان و ڕژێمەکەی لە ئایندەدا بەهۆی لاساریەکانیەوەو دژایەتی کردنی بەرژەوەندی زل هێزەکان و هەڵەی کوشندەوە ڕوبەڕووی هەمان چارەنوسی سەدام حسێن ببیتەوە.
زۆربەی سیستەمە دیکتاتۆرەکانیش خاوەن دەستورو پەڕلەمانن بەلام ئەم ئۆرگانە دەولەتیانە لێرەدا بێکاریگەرو بێ واتان و بەپێی خواستی تاک دەسەلاتدار لە قالب دەدرێن. بە پێی یاسا پێشنیاز کراوەکان ئەردۆگان بۆی دەبێت بە فەرمی سەر بە حیزبێک بێت کە ئەویش ئاکەپەیەو دەبێتەوە بە سەرۆکی. جگە لەوەش دادگا سەربازیەکان نامێنێت. بە پێچەوانەی سیستەمی پەڕلەمانی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ ولاتانێکی دیکتاتۆرو فرە نەتەوەو ئەتنیک و فرە کەلتور گونجاو نیەو نزیک یان دوور بەرەو هەلدێر دەڕوات. ئەو حکومەتەی پشتیوانی زۆرینەو متمانەی پەڕلەمان بەدەست نەهێنێت ئەوا دەکرێت هەلبوەشێتەوە، بەلام ئەم دیاردەیە ئێستە لە سایەی سیستەمی سەرۆکایەتیەکەی ئەردۆگان چیتر پێویست نیە چونکە سەرۆک سەرۆکی حکومەتیشە.
لەم جۆری سیستەمی سەرۆکایەتیەی ئەردۆگانی ئاکەپەدا سەرۆک بەم سروشتە ئایدیۆلۆژی و سایکۆلۆژیەیەوە توندوتیژتر دەبێت و کاردانەوە جەماوەریەکان و لایەنە پۆپۆزیسیۆنەکان بۆ بەلادا خستنی ململانێکان توندتر دەبێت، یان هێزە سەربازیەکان بە حوکمی هێزو کودەتا سەرۆک لابدەن وەک ئەوەی لە میسر ڕویدا بۆ لابردنی مورسی ، هاورێکەی ئەردۆگان.
ئەردۆگان لە خواستەکانی خۆی تێگەیشتوە هەربۆیە پێشوەخت پەنای بردە بەر پاککردنەوەی سوپا بەناوی کودەتاوە هەروەک دەستگیر کردنی هەزاران ئۆپۆزیسیۆن و قەدەغە کردن و دەستگیر کردنی هێزو حیزبە سیاسیەکانی وەک هەدەپەو حیزبەکەی فتح اللە گولەن، هەروەها و گروپەکانیی فشارو میدیا رەخنەگرەکان ، ئەوەش وەک رێگا خۆشکەرێک بۆ دەسەلاتە موتلەقە تاکڕەویەکەی ئەردۆگان. ئەوەی تەواوی دەسەلاتە دیکتاتۆرو تۆتالیتێرەکان پیادەی دەکەن. لەبەر ڕۆشنایی ئەم فاکتانە سیستەمی سەرۆکایەتی لە تورکیاو هاوشێوەکانی تەنیا دەتوانێت تاکڕەوی و دیکتاتۆریەت و ستەمکاری بەرهەم بێنێت و رێگر دەبێت لەبەردەم کۆمەلگەی مەدەنی و ئازادیە سیاسیەکان و ئەگەری پێکدادانی جەماوەری و کودەتاو کاردانەوەی توند زیاد دەکات.

ئیرهابی دەولەت
تەنیا ڕێگایەک بۆ رژێمەکەی ئەردۆگان ماوەتەوە ئەوەیە وەک ڕژێمی سەدام حسێن و بەشار ئەسەدو قەزافی و هاوشێوەکانی بە رێگای میکانیزمی ئیرهاب بیەوێ کۆنترۆلی موتلەقی دەولەت بکات کە دەبێتە کۆماری ئیرهاب. لەوە دەچێت ئەردۆگان و حیزبەکەی لە مێژووی ئەو مۆدێلە فاشیلانە هیچ فێر نەبوبن. بۆ زەمەنێک دەکرێ بەم میتۆدە سەقامگیری دەسەلات ڕابگرێت بەلام ئەزمونە مێژوییەکان پێمان دەلێت ئەو شێوە سیستەمە لە کۆتایدا سەری خۆی دەخوات. ئەم ڕژێمە بە رێگای بە ناسیۆنالیست (نەتەوە پەرستی) کردن و بە فاشی کردنی هەوادارانی دەیەوێت جەماوەرێک گۆش بکات هاوشێوەی ئادیۆلۆژیاکەی خۆی بێت.
ئەدۆلف هیتلەر توانی گەلێکی فاشیستانە بەرهەم بهێنێت بەلام لە ئەنجامدا تووشی وێرانی و داڕمانی کرد. هەولی ئەسەدو سەدام بۆ بە بەعسی کردنی گەلەگەیان لە کۆتاییدا شکستی هێنا، ئیمپراتۆریە سولتانیەکەی تورکیی/ عوسمانی دوای 500 سال فەرمانڕەوایی هەرەسی هێنا. ڕژێمی ئەردۆگان کار لەسەر دەولەتێکی تۆتالیتاری نوێ دەکات و دەیەوێت ببێتە خەلیفەو سولتانێکی نوێی تورکی و بچێتە مێژوەوە. بەلام کام مێژوو؟

پەل هاویشتن بۆ دەرەوەو دۆزینەوەی وێنای دوژمن
لێرەدا ئەزمونەکان ئەوەمان پێ دەلێت بوون بە سولتان ئەردۆگان دەبێت کاری پالەوانانە نیشانی گەل بدات. بۆ ئەمەش سەرکەوتن بەسەر نەیارەکانیداو جەنگ بەشێک دەبێت لەو کارانەی و پەل بۆ دەرەوەی سنورە جوگرافیاکەی خۆی بهاوێژێت و دەیەوێ ببێتە هێزێکی ئیقلیمی و ناو دەرکردن و دەگەڕێت بە دوای کارتی سیاسیداو هاوکات هەول دەدات بە رێگای جەنگ و دۆزینەوەی وێنای دوژمن وەک یەکێک لە ئامرازە باوەکانی سیاسەت ناکۆکیەکانی ناوخۆ بگوازێتەوە بۆ دەرەوە. هەمان ئەوەی هەردوو ڕژێمی بەعسی عێراق و دەولەتی ئیسلامی ئێران لە جەنگی یەکەمی کەنداودا پراکتیزەیان کردو بۆ ماوەیەکیش سەرکەوتو بوون تێیدا. ئەو جۆرە ڕژێمانە سوود لە نەبوونی هوشیاری سیاسی خەلکەکانیان بۆ مەبەستی دەسەلات بەکار دەهێنن و سیاسەتی بە گەوج کردنی کۆمەلگا دەگرنە بەرو درۆ کردن یەکێک دەبێت لە میتۆدەکان و بەشێکە لە سیستەمەکە.
بۆ ئامانجەکانی دەبێت ئەردۆگان پێش هەموو شت سەقامگیری ناو دەولەتەکەی ڕابگرێت، ئەو سەقامگیریەش بۆ کۆمەلگایەکی پلورالیستی وەک تورکیا تەنیا لە رێگای میتۆدەکانی ئیرهابی سیاسی و فیزیکی و ترس و تۆقاندن دەبێت، بەلام هیچ گەلێک ، هیچ چین و توێژێکی کۆمەلایەتی هەتا سەر کۆت و زنجیری کۆیلایەتی و ڕوتاندنەوە قبول ناکات و زوو یان درەنگ لە دژی ڕادەپەرێت.
ئایدیۆلۆژیای ئەردۆگان لەسەر بنەمای ڕەت کردنەوەی هەموو فکرێکی سیاسی ترە جگە لەخۆی. تیۆری یان لەگەلمدای یان لە دژمی پیادە دەکات. لێرەشدا بۆ ئەردۆگان حیزب ئامانجە نەک ئامراز. هەروەک ئاماژەم پێدا دەیەوێ گەلەکەی لەسەر بنەمای فکری ناسیۆنالیزم و ڕاسیزم و فاشیزم گۆش بکات دژ بە گەلانی تری غەیرە تورک و تورک بە ڕەگەزێکی سەروتر پێناسە دەکات. لە دەستوری تورکیادا تەنیا ناوی تورک بوونی هەیە (بڕوانە ماددەی 5ی دەستوری تورکیا). کەواتە دەولەتی تورک جەنگ دژی گەلێکی وەک کورد ئەنجام ئەدات کە لە دەستوری تورکیادا بوونی نیە هەروەک ئەتنیکەکانی تری ناو تورکیا. ئاشکرایە هەروەک دەسەلاتەکانی پێش خۆی بە ناوی دیموکراسیەتەوە دیموکراسیەت لەناو دەبرێت.

دین و عەلمانیەت و نەتەوەپەرستی لای ئاکەپە
پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) دوای دامەزراندنی لە سالی 2001 کە ئەردۆگان یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ، خۆی وەک حیزبێکی ئیسلامی نەناساند بەلکو مانیفێستەکەی بریتی بوو لە بڕوابوونی بە” ئازادیە ئاینی و کەسییەکان” لەگەل ڕەت نەکردنەوەی سیستەمی عەلمانیەت و ئەو بنەمایانەی کە کۆماری تورکیا لەسەری دامەزراون.
بە بیروڕای شارەزایان ئاکەپە کار لەسەر تەواوی بە ئیسلامی کردن و بە تۆتالیتاریزە کردنی تورکیا دەکات. هاوکات مەزهەبی سونەی کردۆتە ئاینی دەولەت. لە سالی 2004 حکومەتی ئاکەپە ویستی بە یاسا سزا بۆ خیانەتی زەوجیی دابنێت بەلام بەهۆی ناڕەزایی توندی ڕای گشتی لێی دوور کەوتۆتەوە. ئەم جۆری یاسایانە لە لایەن چاودێرانەوە وەک دانپیانانێکی ئاکەپە وایە بەرامبەر بە هەلبژێردەرە ئیسلامیەکانیەوە.
ئەردۆگان بەهۆی تاڕادەیەک سەرکەوتنە ئابوریەکەیەوە بەشێکی خەلکی تورکیای هێنایە بەرەی خۆیەوە ، هاوکات بەهۆی بە ئیسلامی کردنیش بەشێکی بەرچاوی لایەنە ئیسلامیە توندڕەو و کۆنزەرڤاتیڤەکانیشی بەلای خۆیدا ڕاکێشاو دەیەوێ نەوەیەکی ئاینیی پەروەردە بکات هەروەک ئیمامە سعودیەکان مندال لەدوای تەمەنی سێ سالیەوە بخرێتە بەردەم وانەی ئاینیی. نزیکەی هەزار ئیمام لە ئەلمانیا کە لە لایەن تورکیاوە نێردراوون خەرجیەکەی لەلایەن حکومەتەکەی ئەردۆگانەوە دەکرێت ئەوە جگە لەو هەموو مزگەوتە گرانانەی لە ڕۆژئاوی ئەوروپاو ولاتانی تر سەرقالی دروست کردنیەتی ، لێرەدا ئەردۆگان خەو بە خەلیفە بوونی ئیسلامەوە دەبینێت و دیارە دەشیەوێ ببێتە ڕابەری ئیسلامیەکانی جیهان.
بە پێی دەستور تورکیا هەر هێشتا دەولەتێکی سێکولارە ، بەلام ئەردۆگان هەروەک سێکولاریزم ئاینیش بۆ مەبەستێکی سیاسی بەکار دەهێنێت ، و لێرەدا پشتگیری لایەنە ئیسلامیە توندڕەوەکانیش دەکات بۆنمونە داعش. بەلام سێکولاریزم وەک سیستەمێکی سیاسی بێ دیموکراسیەت مەحالە ، ئەوەی لە تورکیا هەرگیز بوونی نەبووە. لێرەوە دەکرێت ڕوون بێتەوە کە سیاسەتی ئاکەپە لەسەر سێکوچکەی ئیسلام و “سێکۆلاریزم” و کەمالیزم (نەتەوە پەرستیی) بونیات نراوە. ئاکەپە لە پێکهاتە کۆمەلایەتی و سیاسیەکان تێگەیشتوە هەربۆیە توانیویەتی هەر یەکێک لە ئاین و سێکولاریزم و نەتەوە پەرستی ئاڕاستەی شەقامە جیاوازەکانی تورکیا بکات. ڕژێمەکانی وەک کەمال ئەتاتورک و ستالین و هیتلەرو کۆریای باکور و هاوشێوەکانی دین و دەولەتیان لە یەکتر جودا کردۆتەوەو خۆیان بە سێکولار پێناسە کردوە لە دەستوردا بەلام دەولەتی ئایدیۆلۆژی بوون و دەسەلاتی تۆتالیتاریستین ، هەربۆیە سێکولاریزم بۆ مەبەستی سیاسی بەکار هێنراوەو و هاوکات رێگاش نادەن ئاینییش دەست بخاتە ناو کاروباری دەسەلاتی دەولەتەوە. من قەناعەتم وایە کە ئەردۆگانی ئاکەپە نەک هەر کار لەسەر بە ئیسلامی کردنی کۆمەلگەی تورکی دەکات بەلکو هەنگاو بەرەو تۆتالیتاریزمێکی نوێی ئیسلامی دەنێت بەلام سیستێماتیک.

وشەی کۆتایی
تورکیایەک بە سیستەمێکی فیدرالی هەرێمایەتی کە دەسەلاتەکان بەسەر هەرێمەکاندا دابەش بن وەک مۆدێلی سویسرا چارەسەرێکی گونجاوە بۆ ئەم قۆناغە مێژوییە بەلام بۆ بە فیدرال بوون دیموکراسیەت و سەقامگیریی مەرجێکی گرنگە ئەوەی لە تورکیای ئێستەدا چاوەڕوان ناکرێت گەرنا دەولەتی تورکیا بەم شێوەیەی ئێستەی دوور یان نزیک دەبێتە سوریایەکی تر.

وانەیەک بۆ هەرێمی کوردستان
پێویستە دەسەلاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان (پ.د.ک) دوور بکەوێتەوە لە بیرۆکەی سیستەمی سەرۆکایەتی ئەویش لەبەر ئەو هۆکارانەی لەم وتارەدا ئاماژەیان پێدراوەو پیادە کردنی سیستەمێکی پەڕلەمانی تەندروست لەسەر بنەمای دیموکراسی و فرەیی گونجاوترین مۆدێلی حوکمرانیە بۆ هەرێمی کوردستان. بە ڕوکەش هەرێم خاوەنی پەڕلەمان و دەستورە ، بەلام پەڕلەمانەکی فرێدراوەتە تەنەکەی خۆلەوەو هەرێمێکی بێ دەستوریشە بەلام پیادەی دەسەلاتی سیستەمێکی سەرۆکایەتی دەکات. بەناو سەرۆکی هەرێم 42 دەسەلاتی پێدراوەو پێگەکەی لە سەروو پێگەی پەڕلەمانەوەیەو هیچ دەزگایەکیش توانای لێپێچینەوەی لە سەرۆک نیەو دادگاش بێ واتا کراوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دەکرێت بۆچی لایەنێک دەیەوێ سیستەمی سەرۆکایەتی لە هەرێمی کوردستان پێک بهێنێت لە کاتێکدا سیستەمی سەرۆکایەتی لەم شێوە هەرێم و ولاتانەدا تەنها دیکتاتۆریەت و تاکڕەویی بەرهەم دێنێت. سەبارەت بەم بابەتە نووسەر لە وتارێکی تایبەتدا شیکاری خۆی بۆ دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت